لە رێگەی كۆمەڵە و گرووپەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شەهیدان، ئاگاداری سەرجەم وارسی شەهیدان كراوەتەوە كە دوای جەژن بۆ لیستی مووچەی مانگی چوار، دەست دەكرێت بە داخلكردنی كۆمەڵێك زانیاری كە چیتر كێشەیان نەمێنێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 27ـی ئادار، كەریم شوانی ئەندامی كۆمەڵەی شەهیدان، بە "وشە"ـی راگەیاند، لە لیستی مووچەی مانگی چواردا، كۆتایی بەو كێشانە دەهێنرێت كە لە لیستی مووچەی كەسوكاری شەهیداندا هەبوون.
زیاتر گوتی، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی شارەكان، دوای جەژن دەست دەكرێت بە چاككردنی ئەو كێشانەی لە لیستی مووچەی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراواندا هەبوون.
هاوكات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی ڕاپەڕین، لە راگەیەنراوێكیدا دەڵێت، بۆ سەرجەم وارسی سەربەرزی شەهیدانی (سەنگەر) و هاووڵاتی و جینۆساید و ئەنفالكراوان و بەركەوتووانی چەكی كیمیایی، بەمەبەستی چارەسەركردنی كەموكورتییەكانی لیستی مووچە، دوای جەژن سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی ڕاپەڕین بكەن.
ئەم پێداویستییانەی خوارەوە لەگەڵ خۆیان بێنن:
١-كۆپییەك لە كارتی نیشتمانی وارسی شەهید
٢-ناوی سیانیی دایكی شەهید
٣-ناوی چواریی وارسی شەهید