نوێنەری دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی داخستنی پاڵاوگە
نایاساییەکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، مۆڵەتی
داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان تەواو بووە و نووسراو دراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ
ئەوەی فەرمان بدەن دەست بە داخستنیان بکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی نیسان، ئەنوەر
عەبدوڵا نوێنەری دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە لیژنەی داخستنی پاڵاوگە
نایاساییەکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند،
دوو مانگ مۆڵەت درابوو بە پاڵاوگە نایاساییەکان لە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی
دابخرێن، لە ئێستادا مۆڵەتەکە تەواو بووە و ئێمەش نووسراومان بۆ ئەنجوومەنی
وەزیران کردووە بۆ ئەوەی بڕیاری داخستنیان بدات ودەست بە داخستنیان بکرێت.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ھەموو رێکارەکان تەواو بوونە و لیژنەکەی ئێمە
کاری خۆی تەواو کردووە و راپۆرتی خۆمان نوسیووە، ئێستا پرسەکە لە ئەنجوومەنی
وەزیرانە.
"لە سنوری ھەولێر نزیکەی 150 پاڵاوگەی
نایاسایی ھەیە و ژمارەیەک داخراون و ژمارەیەکیش ھێشتا کاری خۆیان دەکەن، بۆیە
پێویستە ئەوانیش دابخرێن، چونکە ناکرێت بەردەوامبن لەکاتێکدا بڕیاری داخستنیان
دراوە، لەبەر ئەوەی کاریگەری زۆر خراپی کردۆتە سەر ژینگەی ھەرێمی کوردستان" ئەنوەر
عەبدوڵا وای گوت.
هەولێر/ بڵند ئیبراھیم