هونەرمەند داریوش ئیقباڵی پشتیوانی بۆ رۆژئاوا راگەیاند

:: AM:10:42:13/10/2019 ‌
هونەرمەندی بە رەگەز توركی ئێرانی "داریوش ئیقباڵی" پشتیوانی خۆی بۆ رۆژئاوای كوردستان راگەیاند و گۆرانییەكی خۆی پێشكەش بە رۆژئاوا كرد.

ئەمڕۆ یەكشەم 13ی تشرینی یەكەم هونەرمەند داریوش ئیقباڵی لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، گۆرانییەكی پێشتر تۆماركراوی كە لەگەڵ هونەرمەندی كورد رۆژان فەیزی بە هاوبەشی لەبارەی شۆڕگێڕانی كوردەوە تۆماریان كردبوو بەناوی "300 گوڵی سوور، یەك گوڵی نەسرانی" بڵاو كردووەتەوە و پێشكەش بە بەرگریكارانی رۆژئاوای كردووە.

سەیری هەر شوێنێك دەكەم خوێنی لێ دەچۆڕێت

ئەو هونەرمەندە لە پۆستەكەیدا نووسیویەتی، "سەیری هەر شوێنێك دەكەم خوێنی لێ دەچۆڕێت" و لەگەڵ دانانی كلیپەكەی بە بەكارهێنانی هاشتاگی رۆژئاوا پشتیوانی خۆی بۆ رۆژئاوای كوردستان لە بەرانبەر هێرش و پەلامارەكانی توركیا دەربڕیوە.

ئەو هەڵوێستەی داریوش ئیقباڵی دوای ئەوە دێت رۆژی هەینی گەورە هونەرمەندی كورد، كەیهان كەلهوڕ لە كۆنسێرتێكی گەورەدا لە لەندەن رای گەیاند، بڕیاربوو هەفتەی داهاتوو لە ئیستانبوڵ كۆنسێرتێكم هەبێت، بەڵام بەهۆی ئەو هێرشانەی سوپای تورك بۆ سەر رۆژئاوای وڵاتەكەمی كردووە، ئەو كۆنسێرتە هەڵدەوەشێنمەوە و دوا گۆرانی خۆی پێشكەش بە منداڵانی رۆژئاوا كرد.
 
هونەرمەند داریوش ئیقباڵی یەك لە هونەرمەندە ناسراوەكانی ئێرانە كە گۆرانی بە زمانی فارسی دەڵێت، بەڵام بە رەگەز ئازەرییە و لەكاتی پرۆسەی ئازادی عێراق و چەسپاندنی فیدڕاڵی بۆ كوردستان، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە گەلی كورد كرد و لە زۆر بۆنە و رووداوێك كە بەسەر كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان هاتبێت، هەڵوێستی نواندووە و هاوخەمی و پشتیوانی خۆی بۆ كورد دووپات كردووەتەوە.



وشە - هیدایه‌ت جان