به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستیى سۆران له‌ ته‌ندروستیى هه‌ولێر نیگه‌رانه‌

:: AM:09:45:23/01/2017 ‌
به‌پێى فه‌رمانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستیى هه‌ولێر، ساڵێك به‌ر له‌ ئێسته‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئاشتى و له‌دایكبوون خرانه‌ سه‌ر میلاكى ته‌ندروستیى هه‌ولێر و نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى سۆرانیش كرا به‌ به‌شێك له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئاشتى، ئه‌وه‌ش ته‌ندروستیى سۆرانى نیگه‌ران كردووه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كێشه‌ى كه‌مى پزیشك له‌ نه‌خۆشخانه‌كانى شارۆكه‌كه‌دا هه‌یه‌.

كاروان جه‌مال به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی ئاشتی له‌ سۆران به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، دوو مانگ پێش ئێسته‌ وه‌زیری ته‌ندروستی به‌ڵێنی دامه‌زراندنی به‌ ژماره‌یه‌ك پزیشكانی سنووری سۆران داوه‌ و پێیان راگه‌یه‌نراوه‌ كه‌ ده‌وام بكه‌ن و خزمه‌تیشتان بۆ ئه‌ژمار ده‌كرێت.

ئه‌و ده‌ڵێ، "تا ئێسته‌ ئه‌و پزیشكانه‌ دانه‌مه‌زراون و دوو مانگه‌ به‌شێوه‌ی خۆبه‌خش رۆژانه‌ ده‌وامیان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی فریاكه‌وتن، ئاشتی، له‌دایكبوون له‌ سۆران كردووه‌، ئێسته‌ به‌هۆی دانه‌مه‌زراندنیان ده‌وامیان جێ هێشتووه‌ و به‌وه‌ش بۆشایییه‌كی گه‌وره‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی سۆران دروست بووه‌ و ئومێد ده‌كه‌ین وه‌زیرى ته‌ندروستى چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ بكات".

د. مه‌قسوود ئیسماعیل به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستیى سۆران بۆ "وشه‌ "ى روون كرده‌وه‌، "هیچ مانایه‌كى نییه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستى له‌ سۆران بوونى هه‌بێت و سێ نه‌خۆشخانه‌ى گه‌وره‌ى ئه‌و شاره‌ به‌ میلاك بخرێنه‌ سه‌ر ته‌ندروستیى هه‌ولێر، ئه‌و بڕیاره‌ به‌ پله‌ى یه‌كه‌م خه‌ڵكى ده‌ڤه‌رى سۆران لێى زیانمه‌نده‌ و بچووككردنه‌وه‌ى شارۆكه‌ى سۆرانیشه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستیى سۆران ئاشكراى كرد، "ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ له‌ ئێسته‌دا دنیایه‌ك كێشه‌یان هه‌یه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى سه‌ر به‌ هه‌ولێرن، ناتوانرێ به‌ زوویى چاره‌سه‌رى كێشه‌ و گرفتیان بۆ بكرێت، رۆژانه‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌كانى ئه‌و نه‌خۆشخانانه‌ و پزیشكه‌كان گله‌یى له‌ هه‌ولێر ده‌كه‌ن، نازانین ئه‌و بڕیاره‌ چ سوودێكى هه‌یه‌ كه‌ سه‌ر به‌ هه‌ولێر بن".

زیاتر ده‌ڵێ، "له‌ جیاتى ته‌ندروستیى سۆران بكرێته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى ته‌ندروستى، نه‌خۆشخانه‌كانیان كردووه‌ته‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى و راسته‌وخۆ بۆ سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستیى هه‌ولێر گواستراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش كێشه‌ى بۆ ئێمه‌ و ئه‌وانیش دروست كردووه‌". 

به‌ڕێوه‌به‌رى ته‌ندروستیى سۆران ده‌ڵێ، "بۆچى له‌ سه‌نته‌رى شارۆكه‌كانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى ته‌ندروستى بوونى هه‌یه‌، وه‌ك راپه‌ڕین، هه‌ڵه‌بجه‌، گه‌رمیان و چه‌ند شارۆكه‌یه‌كى تر، به‌ڵام له‌ سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى ته‌ندروستى له‌ شارۆكه‌كان بوونى نییه‌ وه‌ك سۆران، چۆمان، ره‌واندز، مێرگه‌سۆر، شه‌قڵاوه‌ و هتد".

له‌لاى خۆشیه‌وه‌ دكتۆر رێكه‌وت حه‌مه‌ڕه‌شید وه‌زیری ته‌ندروستیی حكوومه‌تی هه‌رێم به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، "له‌ هه‌وڵی رژدداین له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و ده‌ركردنی فه‌رمانی دامه‌زراندنی ئه‌و پزیشكانه‌ كه‌ به‌هۆی دانه‌مه‌زراندنیان مانیان گرتووه‌".

وه‌زیری ته‌ندروستیی هه‌رێم له‌باره‌ى بایكۆتكردنی ده‌وام له‌لایه‌ن ئه‌و پزیشكانه‌ى كه‌ تا ئێسته‌ به‌ خۆبه‌خش كاریان كردووه‌، روونى كرده‌وه‌، له‌ خانه‌قین و گه‌رمیانه‌وه‌ تا زاخۆ ئه‌و پزیشكانه‌ بایكۆتی ده‌وامیان كردووه‌، ته‌نیا پزیشكانی شارۆكه‌ی سۆران نییه‌ و هه‌موو كوردستان ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌وان داوا ده‌كه‌ن به‌ فه‌رمی دابمه‌زرێن.

وه‌زیرى ته‌ندروستیى حكوومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى گواستنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ گه‌وره‌كانى سۆران بۆ سه‌ر میلاكى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستیى هه‌ولێر روونى كرده‌وه‌، "ئه‌وه‌ بڕیارێكى مه‌ركه‌زى بوو، ته‌نیا پێوه‌ست نییه‌ به‌ سۆران، به‌ڵكو هه‌موو شارۆكه‌كان ده‌گرێته‌وه‌ و نه‌خۆشخانه‌ گه‌وره‌كان به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتیى ته‌ندروستى ده‌به‌سترێنه‌وه‌". 

به‌گوته‌ى وه‌زیرى ته‌ندروستى، "مه‌به‌ست له‌و بڕیاره‌، باشتركردن و پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارییه‌ به‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ و بۆ سوودى هاووڵاتییانه‌".

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى ته‌ندروستیى سۆران دوو نه‌خۆشخانه‌ و 46 بنكه‌ى ته‌ندروستى له‌ سۆران و ده‌وروبه‌رى به‌ڕێوه‌ ده‌بات.

سۆران - موڕشید برادۆستى


وشە - تایبه‌ت