به‌رپرسێك بۆ ئاراس جه‌نگی: به‌ 36 ملیاره‌كه‌ كه‌مێك خزمه‌تی سلێمانی بكه‌ن

:: PM:10:59:18/06/2020 ‌
په‌رله‌مانتارێكی كوردستان له‌باره‌ی ئه‌و قسانه‌ی كه‌ ئاراس جه‌نگی له‌ میدیایه‌كی حزبه‌كه‌ی كردوویه‌تی هاته‌ ده‌نگ و ده‌ڵێ، با ئاراز جه‌نگی وه‌كچۆن كه‌ركووكیان ته‌سلیم كرد، ئێسته‌ بچن كه‌ركووك ڕزگار بكه‌نه‌وه‌ و پارێزگارێكی بۆ دابنێن.

ڕێبوار بابكه‌یی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنی پارتی به‌ "وشه‌"ی ڕاگه‌یاند، حزبه‌كه‌ی ئاراس جه‌نگی كاتێك حكوومه‌ت كارێكی باش بۆ ده‌ڤه‌ری سلێمانی بكات و بودجه‌یه‌كی بۆ ته‌رخان بكات، ده‌ڵێن به‌ هه‌وڵی مامی بچووك بووه‌، به‌ڵام له‌ ته‌نگژه‌كان خۆیان ده‌دزنه‌وه‌، پارتی دوو كابینه‌یه‌ هاوبه‌شێكی ڕاسته‌قینه‌ی له‌ حكوومه‌ت له‌گه‌ڵ نه‌بووه‌، شان بداته‌ به‌ر به‌رپرسیاریه‌تییه‌كان، هه‌میشه‌ له‌ كاتی ته‌نگژه‌كان حزبه‌ به‌شداره‌كانی حكوومه‌ت پشتیان له‌و حكوومه‌ته‌ كردووه‌ كه‌ خۆیشیان تێیدا به‌شدارن.

زیاتر گوتی، ئاراس جه‌نگی با بچێ پارێزگارێك بۆ كه‌ركووك دابنێ، كه‌ له‌ دوای ته‌سلیمكردنی كه‌ركووك باسی له‌ پارێزگار ده‌كرد كه‌ ناوی له‌ گیرفانیدایه‌، ئێمه‌ خوازیارین كه‌ركووكی داگیركراو ڕزگار بكه‌ن، نه‌ك كێشه‌ بۆ كوردستان دروست بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئاراس خه‌می خه‌ڵكی سلێمانیش ده‌خوات، با حزبكه‌ی له‌و 36 ملیار دۆلاری له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆیان هات و له‌و 80 تۆن زێڕ و 27 ده‌فته‌ر دۆلاره‌ی له‌ په‌یجی ساخته‌ خه‌رجیان كرد، ئاوڕێك له‌و خه‌ڵكه‌ بده‌نه‌وه‌ و مووچه‌یان بۆ دابین بكه‌ن.

ئه‌گه‌ر 36 ملیاره‌كه‌ و 80 تۆن زێڕ و 27 ده‌فته‌ره‌كه‌تان بخستایه‌ته‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی سلێمانی ئێسته‌ دۆخیان به‌مشێوه‌یه‌ نه‌ده‌بوو
عوسمان گولپی چاودێری سیاسی و گوته‌بێژی پێشووی هاوپه‌یمانی بۆ "وشه‌" گوتی، ئه‌ركی حكوومه‌ته‌ خزمه‌تی خه‌ڵك بكات و چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌كان بكات و به‌ قسه‌ و لێدوان و هێرشكردنه‌ سه‌ر یه‌ك و دژایه‌تی و تۆمه‌ت دروستكردن دۆخه‌كه‌ خراپتر ده‌بێ و له‌ كۆتاییش دا هه‌موو ئه‌و حزبانه‌ی به‌شدارن له‌ حكوومه‌ت به‌رپرسیارن له‌ دۆخه‌كه‌ و ده‌بێ شان بده‌نه‌ به‌ر به‌رپرسیاریه‌تی.

زیاتر گوتی، دۆخی ناوچه‌كه‌ له‌ گۆڕاندایه‌، له‌لایه‌ن گفتوگۆی ئه‌مه‌ریكی و عێراقی له‌ به‌غدا هه‌یه‌ و ناوچه‌كه‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای تێدا بڵاوبووه‌ته‌وه‌ و له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندندایه‌ و پێویسته‌ یه‌كڕیزی ناوخۆیی بپارێزرێ و هه‌مووان پشتیوانی یه‌كتر بن.

سلێمانی/هه‌ستیار عه‌بدوڵا. 



وشە - باز ئه‌حمه‌د