حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری ئەوانە دەكات دەگەڕێنەوە شارەكانیان

:: PM:02:28:24/06/2020 ‌
بەڕێوەبەری فەرمانگەی هاوئاهەنگی و قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری داوە هەر پەنابەرێكی رۆژئاوای كوردستان بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان، هاوكارییان دەكەین. تا ئێستە 100 خێزان گەڕاونەتەوە و ئەوانەی گیریشیان خواردووە هەفتەی دوو رۆژ دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان.

ئەمڕۆ چوارشەم 24ـی حوزەیران، هۆشەنگ محەمەد بەڕێوەبەری فەرمانگەی هاوئاهەنگی و قەیرانەكان لە هەرێمی كوردستان بە  "وشە"ـی ڕاگەیاند، كۆمەڵێك خێزان لە رۆژئاوای كوردستان هاتبوونە هەرێمی كوردستان و گیریان خواردبوو، ئێستە رێیان پێ دەدرێت بگەڕێنەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان و هەفتەی دوو رۆژ رێیان بۆ دەكەرێتەوە تا بگەڕێنەوە.

تا ئێستە 100 خێزان لە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان گەڕاونەتەوە
 بەڕێوەبەری فەرمانگەی هاوئاهەنگی و قەیرانەكان گوتی، تا ئێستە 100 خێزان لە پەنابەرانی رۆژئاوای كوردستان گەڕاونەتەوە، هەر خێزانێكیش بیەوێت بگەڕێتەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكارییان بۆ دەكات تا بگەڕێنەوە، بۆیە گەڕانەوەی پەنابەران ئارەزوومەندایە و بەزۆر نییە.

باسی لەوەش كرد، ئەو ئاوارانەی ناوخۆی هەرێمی كوردستان 85 خێزانی شنگال گەڕاونەتەوە، ئەوانیش ئێستە راوەستاوە و جارێ هیچی تر نەگەڕاونەتەوە .

ئێستە لە هەرێمی كوردستاندا نزیكەی 900 هەزار ئاوارە هەن و لە كەمپەكان و ناو شارەكان دەژین.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - رامیار جەواد