مەسروور بارزانی و بنیاتنان

PM:12:27:28/07/2021 ‌
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی و بە دروشمی كوردستانێكی بەهێز، لە ماوەی دوو ساڵی تەمەنیدا كە ماوەیەكی زۆر نییە بەراورد بە چوار ساڵی خولی هەڵبژاردن، بەڵام بینیمان ئەم كابینەیە "كوردستانێكی بەهێز"ی كردە راستی و هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوەدا، پێگەی هەرێمەكەی جێگیرتر كرد، چەندان پڕۆژەی ستراتیجیشی لە سەرانسەری كوردستان خستە خزمەتی كوردستان و هەندێكیشیان ئەوەندە گرنگن، نەوەكانی داهاتوویش لە سایەیاندا دەحەسێنەوە.

لەو هەموو تەحەدی و دژە بەهێزانەی دەرەوە و نەیارانی ناوخۆدا، حكوومەتەكەی مەسروور بارزانی بەبێدەنگی و بێ هەڵای میدیایی و خۆسەرقاڵكردن بە وەڵام و وەڵامكاری ئەوانەی كە كۆسپیان دروست دەكرد، هەندێكیشیان دەیانویست بە یاسا و لەڕێی بەغداوە هەرێمەكە هەڵوەشێننەوە، بەڵام هەموو ئەو پیلانانە مایەپووچ بوون و خواستەكانی كوردستان لە یاسای بودجەی عێراقدا چەسپێنرا، هاوكات لە ڕووی ئیداریشەوە بە توندی رووبەڕووی گەندەڵی و گەندەڵكاران وەستاوەتەوە و هەنگاوی باشی بڕیوە لە كەمكردنەوەی بەهەدەردان.

لەلایەكی ترەوه،‌ هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات و گرنگیدان بە كەرتی پیشەسازیی و كشتوكاڵ و دابینكردنی مووچە و باشكردنی ژیان و گوزەرانی خەڵك، كاری لە پێشینەی كابینەی نۆ بووە، راستە تۆ رەنگە بڵێی ریزكردنی ئەمانە ئاسانە، بەڵام دوو ساڵی رابردوو بخە بیری خۆت چەند قەیران و كێشە رووبەڕووی كوردستان بوونەوە، ئینجا دڵنیا دەبیت كە كاركردن لەو ژینگەیەدا چەند سەخت بووە، سەرۆك وەزیرانێكی چەند لێهاتووی ویستووە بەرگەی ئەو هەموو پەستانە بگرێت، خەریكی بنیاتنانیش بێت. 

سروشتی زۆر پڕۆژەی گرنگ و گەورەش وان كە راستەوخۆ و خێرا بەرهەمەكەیان دەرناكەوێ، ئێمەی كوردیش لەو جۆرانەین كە حەزدەكەین بەردی بناغە دانرا، ئێوارەكەی باڵەخانە و كارگەكە ببینین، بەڵام لە ساڵانی داھاتوودا ئەنجامەكان دەردەكەون. ئەوكات دەزانین مەسروور بارزانی چی بە كوردستان بەخشیوە، بەڕاستیش بەو شێوەیەیە دەریخست كە بە پەرۆشەوە كار بۆ داهاتوو و سەقامگیری ژیان لە كوردستانێكی بەهێزدا دەكات. 

بێگومان بەهێزیی هەموو گەل و وڵاتێكیش بەندە بە بەهێزیی ژێرخانە ئابوورییەكەی، سەرۆك وەزیرانیش بە وردی لەمە تێدەگات كە كار دەبێت چارەنووسساز بێت، نەك رووكەش و موزایەدە، وەك هاووڵاتییەك لەم دوو ساڵەدا ئەوەم بینی لە جووڵەكانی مەسروور بارزانی كە دەیەوێت هەرێمی كوردستان لە بەكاربەرەوە بكات بە بەرهەمهێن لە داهاتوودا، نەك تەنیا پێداویستی ناوخۆ پڕ بكاتەوە، بەڵكو كوردستان بكات بە سەبەتەی خۆراك بۆ هەموو عێراق و كشتوكاڵی پێشكەوتووی هەبێت، بەرهەمەكانیش هەر لە كارگەی ناوخۆیی و بە دەستی كاری ناوخۆیی ساغ بكرێنەوە، بۆ ئەمە دەیان كارگە لە قۆناغی بنیاتناندان و هەندێكیشیان كەوتنە كار، لە هەولێر بینیمان سەتان هەزار تۆن گەنمی جووتیاری كورد دەكڕنەوە، ساڵی داهاتوو كارگەكانی هەمان بوار لە سلێمانی و دهۆكیش پێدەگەن، ئەوە نموونەیەكی روونە بۆ تێگەیشتن بە هەنگاوی گەورەی مەسروور بارزانی.

یەكێكی تر لە سەركەوتنەكانی كابینەی نۆ، كۆتاهێنان بە سیاسەتی برسیكردنی خەڵكی كوردستان بوو لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، ئەوان كە بە هاوكاری هەندێك زۆڵە كورد، بەردەوام خەریكی شكاندنی كەرامەتی گەلی كوردبوون و لە شوباتی 2014ـەوە بودجەكەیان بڕیبوو، بەردەوامیش گوشاریان لەسەر حكوومەتی هەرێم دروست دەكرد بۆ خۆبەدەستەوەدان و رازیبوون بە هەموو خواستەكانی بەغدا، مووچەی گەلێكیان بە سیاسی كرد، بەڵام سەرۆك وەزیران لەگەڵ ئەو شەڕە دەستوورییەدا كە كۆتاكەی لە بەرژەوەندیی كوردستان كەوتەوە، كاری لەسەر داهاتی ناوخۆ كرد و بە رێكخستنەوەی باج و بەفیڕۆنەدانی داهاتی گشتی، كەمكردنەوەی خەرجی حكوومەت و نیو مووچەیی پلە باڵاكان و هەندێك چاكسازی لە فەرمانگەكان و گرێبەستەكان، توانی لە 2021 مانگانە و لەكاتی خۆیدا مووچە دابین بكات، ئەمە ئەوپەڕی هێزی كوردستان بوو كە یەكەمجارە لە مێژووی حوكمڕانیی ئەم هەرێمە بە ملیۆن فەرمانبەرەوە، پشت بە خۆی ببەستێ بۆ بەڕێوەچوون. 

كارێكی تری ئەم كابینەیە، دادپەروەرییە لە خزمەتگوزاری و روونی پڕۆژەكان، دۆخێكیان هێناوەتە ئاراوە لە هەركوێ پڕۆژە بكرێت، بە فەرمی رادەگەیەنرێت و هەموو خەڵك دەیزانن، بودجەكەیشی قازانجی زەبەلاحی تێدا نەماوە بۆ كۆمپانیا و بەشێوەیەكی ئسوڵی و كارگێڕی كارەكان بەڕێوە دەچن، خەڵكیش هەست دەكەن گەندەڵیی گەورە نەماوە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكاندا.