کردنه‌وه‌ی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانیی نه‌مر، پێگه و کاریگه‌ریی ستراتیجیی و مێژوویی خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌رچی خه‌باتی بارزان و ڕۆڵی دهڤهرەكە و بارزانییه‌کان، له بزووتنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و كولتووریی و به تایبه‌تی ئه‌و ڕیفۆرمانه‌ی له سه‌رده‌می شێخ عه‌بدولسه‌لامی دووه‌مدا پراکتیزه کران، ئاشکرا و دره‌وشاوه‌ن. شۆڕشی ئه‌یلوولیش وه‌ک مانگی ئاسمانی شۆڕشی کوردایه‌تیی هه‌زاران ئه‌ستێره‌ی له ده‌ور کۆ بووه‌وه تا خۆری هیوا و ئاواتی کورد هه‌ڵبێت و دره‌وشاوه‌یی و تیشک و خه‌رمانه‌که‌ی وه‌ها بوو که نه‌ک له ئاسمانی هه‌موو کوردستانی گه‌وره، به‌ڵکوو له ئاسمانی به‌شێکی زۆری وڵاتانی جیهان بینرا و ناوی کورد و کوردستان شه‌وقی دایه‌وه.
به هه‌موو ئه‌مانه‌یشه‌وه که ناوچه و ته‌کیه و مهشایهخی بارزان له سه‌ده‌ی 19 و به تایبه‌تی سه‌ده‌ی 20دا ڕۆڵێکی بنه‌ڕه‌تی و کاریگه‌ریان له گه‌یاندنی کورد به‌م دۆخه‌ی ئه‌مڕۆ و ڕزگارکردنی به‌شێک له کوردستان و ده‌ربازکردنی دۆزی کورد له گوتاری "مان و نه‌مان" و جێگیرکردنی گوتاری مانه‌وه له جێگەیدا، گێڕا و ئێمه ده‌یزانین. به‌ڵام هێشتا پێویسته ئێمه بۆ قووڵترکردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیمان، به‌های زیاتر به سمبول و هێما نه‌مر و گه‌وره‌کانی خۆمان بده‌ین.
وڵاتان ساڵانه ملیۆنان دۆلار و هه‌زاران سەعات به چالاکی سه‌تان ڕێکخراو و کارمه‌ند له‌پێناوی بره‌ودان و په‌ره دان به گوتاری ڕێبه‌ره نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌کانیان خەرج ده‌که‌ن، ئه‌و ڕێبه‌رانه‌ی له هیچیان که‌م نه‌بووه و وا له کۆشکه‌کانیان دانیشتوون و سه‌رباز و فڕۆکه‌کانیان به‌ره‌و به‌ره‌کانی جه‌نگ و پانتایی شه‌ڕه‌کان پاڵ پێوه ناوه و به‌یانی که له خه‌و هه‌ستاون، باسی سه‌روه‌ری و شانازییه‌کانی خۆی بۆ مێژوونووسه ساخته‌چییه‌کان کردووه و ئه‌وانیش کردوویانه به واقیعێکی مێژوویی و مێژوویان شێواندووه، له‌پێناوی گه‌ردی پێی شا و له‌ره‌ی له‌نجه‌ی شابانوو و خێزانی له‌ناو نوێندا ڕاپه‌ڕیو. وڵاتی ئێران له قاجاره‌کانه‌وه تا کۆتا پاشایه‌تی په‌هله‌وی له ساڵی 1979، نموونه‌ی زه‌قی ئه‌م کۆشکنشینی و مێژووی ساخته دروستکردنه‌یه.
ئه‌م مێژووه ساخته‌یه که پاڵهوانە پهمووهکانیان لێ کردووین به قاره‌مانی ئه‌فسانه‌یی، هه‌ر ئه‌وانه بوون به پاڵپشتی هێزه بیانییه‌کان و ملکه‌چی هێزه ناوخۆییه‌کان، وڵاتانی خۆیان له‌سه‌ر کورسییه نهرموگهرمهکان پاڵیان لێ ده‌دایه‌وه و به مه‌رجی ملکه‌چی بۆ گوتاری به‌ریتانی یان ئه‌مەریکی و... ده‌سه‌ڵات و حوکمڕانیان پێ ده‌درا و وه‌ک قاره‌مانیش ناویان تۆمار کرابوو، به‌ڵام مێژوو ئهفسوونکارێکی که‌وی نه‌کراوه، هه‌میشه له کڵاڕۆژنهوهی زه‌مه‌ن و کاته‌وه تیشکی واقیع و حه‌قیقه‌ته‌کان دێنێته ژووره‌وه و به‌م شێوه‌یه هه‌م مێژوونووسه زڕ و درۆزنه‌کان ڕیسوا ده‌کات و هه‌م لاپه‌ڕه ساخته‌کانی ده‌ڕزێنێت و دهیانپووکێنێتهوه. ئەی مێژوو و پاڵه‌وانه‌کانی ئێمه چی؟
مێژووی ئێمه که سهرزهوییهکهی و پانتاییە جیۆگرافییه‌که‌ی وه‌ک هه‌رێمه ئه‌فسانه‌ییه‌کان، بوو به ڕووبه‌ری ده‌ستوه‌شاندن و دڕنده‌یی و به‌ربه‌ریه‌تی زلهێزه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه‌کان. پاڵه‌وانه‌کانی ئێمه چی که 700 کیلۆمه‌تر ڕێ به ناو بۆسه‌ی داگیرکه‌رانی ئێران و تورک و عێراقیدا تا که‌ناراوه‌کانی ئاراس ده‌ڕۆن و په‌ڕیوه‌ی یه‌کێتی سۆڤییه‌ت ده‌بن؟
قاره‌مانه‌کانی ئێمه که له‌ناو کولتووری بیانی‌دا هه‌ر یادگه‌ی کوردایه‌تی و نیشتماندۆستییهکهیان له گڕ نه‌که‌وت و وه‌ک چرای تاریکه‌شه‌وی غوربه‌ت و دڵته‌نگی ئایسا و پاش کوده‌تای 14ی تهمووز له ساڵی 1958 و گه‌ڕانه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر و هاوڕێکانی، که دواتر ئاگردانی شۆڕشی ئهیلوول به‌م چرایه نێڵ درا و گڕی گرت، چوونه ناو پانتایی نه‌مریی مێژووه‌وه. وه‌ک شێرکۆ بێکه‌س ده‌ڵێت "ئه‌گه‌ر غه‌درمان لێ نه‌کرێت، نۆبڵی مه‌رگه‌سات و بێکه‌سی هه‌ر ئه‌م کورده وه‌ری ده‌گرێت".
ڕاستییەكەی ئه‌مه ته‌نیا بۆ کورد به مانا گشتییه‌که‌ی نییه، به‌ڵکوو ده‌شێ زیاتر بۆ هه‌موو ئه‌و پاڵه‌وانه ئه‌فسانه‌یی و نهمرانهیش بێت که حه‌قی خۆیان لە مێژوودا نه‌دراوه‌تێ و له عه‌ینی ئه‌وه‌ی که پانتایهکیان بۆ ته‌رخان کردوون له گێڕانه‌وه‌ی هه‌وڵ و شۆڕشگێڕێتی و قاره‌مانێتییان له مێژوودا، به‌ڵام که‌موکورته به باڵای دره‌وشاوه‌وه و زایه‌ڵه‌یان له مێژووی نیشتماندا.
پێش هه‌ر که‌سایه‌تی و هه‌ر شتێک ئه‌م دۆخه مه‌لا مسته‌فای نه‌مر ده‌گرێته‌وه، ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ی له‌گه‌ڵ یاوه‌ر و پێشمه‌رگه‌کانی له‌سه‌ر سفره‌یه‌ک نانی ده‌خوارد، خۆی چاودێریی ئاتاج و ماتاجی پێشمه‌رگه‌کانی ده‌کرد، له شه‌ڕه‌کاندا له پێشی ههمووانەوە بووه و ده‌یان تایبه‌تمه‌ندیی تر گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن که نموونه‌ی ئه‌م سه‌رکرده‌یه له جیهاندا ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین بێ وێنه‌یه، ئه‌وا که‌م وێنه‌یه. به‌ڵام ئایا به ڕاده‌ی ئه‌و هه‌موو ئه‌خلاق و ڕه‌وشته باڵا و واڵایه، ئه‌م سه‌رۆکه و جیهانبینی و جیهان-ژینی به ئه‌رشیڤ کراوه و له بوار و ژانره جۆراوجۆره‌کانی هونه‌ر و مێژوونووسیدا جێگه و پێگه‌ی دراوه‌تێ؟
پێم وانییه که‌سێک واته هه‌ر که‌سێکی کورد که له‌سه‌ر ورده‌کاریی ژیانی شۆڕشگێری و هه‌ستانه‌وه‌ی بارزان له 100 ساڵی دواییدا و سه‌رپشکیی مسته‌فا بارزانیی نه‌مر له بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازیی کوردی‌دا ئاگادار بێت، وه‌ڵامی به‌ڵێ به‌و پرسیاره‌ی سه‌ره‌وه بداته‌وه. ئه‌مه به‌و مانایه نییه که ڕۆڵی کاریگه‌ر و مێژووسازانه‌ی دامه‌زراندنی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانی به‌رز نه‌بینین، به‌ڵکوو به‌و واتایه‌یه که ژیانی بارزانیی نه‌مر و هاوڕێ و پێشمه‌رگه‌کانی و زێدی بارزان، هه‌وێنی سه‌تان گێڕانه‌وه و نواندن و مۆزهکردنهوهن.
بیرۆکه‌ی دامه‌زراندنی یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانیی له 2005ه‌وه گه‌ڵاڵه بووه و تا کاتی کرانه‌وه‌ی کاری بۆ کراوه و زه‌حمه‌تی زۆری له‌گه‌ڵدا کێشراوه، به‌هۆکاری جیاواز له‌وانه سه‌رهه‌ڵدانی داعش و دواتر په‌یدابوونی کۆرۆنا، دوا که‌وت. پێویسته به چاوێکی به‌رز و پیرۆزه‌وه سەیری زه‌حمه‌تکێشان و دامه‌زرێنه‌رانی بکرێت که دنیایه‌ک یاده‌وه‌ریی و بووژاندنه‌وه و زیندووکردنه‌وه‌ی مێژوویی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵگرتووه و ههنگاوێکی پته‌و و قایمی دیکه‌یه، بۆ قووڵترکردنه‌وه‌ی یاده‌وه‌ری نیشتمانیی هاوبەشی نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان.
پێویسته بۆ ناساندنی ورده‌کارانه‌ی زیاتری ئه‌م یادگه‌یه که جیاواز له مۆزه‌خانه و گه‌له‌ریی هونه‌رمه‌ندان، له هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان و چه‌ندان شوێنی یادهوهریسازیی تر هه‌وڵ بدرێت، چونكە به قووڵی ئاوڕی له ئه‌نفالی کورد وه‌ک کاره‌ساتێکی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی داوه‌ته‌وه و هه‌ر ئه‌مه جیهانبینیی پشت ئه‌م یادگهیهیه بۆ نه‌ته‌وه‌سازی و نیشتماندۆستی و ڕۆح و مه‌عریفه و جیهانبینیی بارزانیی نه‌مر، مانیفێست و ناسێندراو ده‌کات.