دوای ماوه‌یه‌ک ساردیکه‌وتنە نێوان یه‌کێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و زیز بوون و تۆرانی ده‌سته‌ی وه‌زاریی یه‌کێتی له کابینه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له یادگه‌ی نیشتمانیی بارزانی و به ده‌سپێشخه‌ریی سه‌رۆک بارزانی و بڕیاره بوێرانه و به‌خشنده‌کانی مه‌سروور بارزانی و دواتر گۆڕینی ئانوساتی گوتاری یه‌کێتی له هێرشه‌وه بۆ ستایش و حه‌په‌سان.
دیسان به‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی له ئارادابوو بۆ کاراکردنه‌وه‌ی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی، به وته‌ی جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان له دانیشتنه‌کەی چه‌ند ڕۆژ پێش ئێسته‌ی په‌ڕله‌مانی کوردستان، (22ی ئه‌م مانگه) سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان به ئه‌جێندای حزبه‌که‌ی و به مه‌به‌ستی ئاڕاسته‌کردنی فرمان و به‌رنامه‌ی حزبی، ویستی کۆبوونه‌وه‌که دوابخات بۆ ئه‌وه‌ی کۆمیسیۆن کارا نه‌کرێته‌وه، له حاڵێکدا یه‌کێک له ئه‌رکه‌کان و ده‌توانم بڵێم تاقانه ئه‌رکی جه‌وهه‌ریی هه‌ر پەڕله‌مانێک سه‌ربه‌خۆبوون و پێڕه‌ویکردنه له پێڕه‌وه‌ی ناوخۆیی و یاسا، نه‌ک ئه‌جێندای ده‌ره‌وەی په‌ڕله‌مان و حزب، به‌ڵام به ده‌سپێشخه‌ریی و وریابوونی جێگری سه‌رۆکی په‌ڕله‌مان و تێگه‌یشن له گرینگیی جه‌وهه‌ریی و چاره‌نووسسازی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم بۆ کوردستان و ناوچه‌که و ته‌نانه‌ت زلهێزه جیهانییه‌کان، له ڕێگه‌ی 58 ده‌نگه‌وه بڕیاری کاراکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی په‌سند کرا.
هه‌ر پاش ئه‌مه له ماوه‌ی یه‌ک دوو ڕۆژێکدا ئه‌ندامه‌کانی یه‌کێتی له‌ناو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقدا، ده‌نگیان ده‌خەنه پاڵ ده‌نگی میلیشیاکانی شیعه و له دژی سه‌روه‌ریی هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تەكەی ماده‌کانی 13 و 14ی پرۆژه‌یاسای پێشنیاركراوی بودجه له وه‌زارەت په‌سند ده‌که‌ن.
ڕه‌نگه له‌م چەند دێره‌ی سه‌ره‌وه‌دا کۆی سیاسه‌تی یه‌کێتی یان لانیکه‌م یه‌کێک له نۆرم و پاتێرن یان سه‌رنموونه‌کانی سیاسه‌تی ئەو حزبە له هه‌موو مێژووی دامه‌زراندنییه‌وه تا ئێسته به‌دی بکه‌ین. کێشه‌ی گه‌وره‌ی یه‌کێتی ئه‌وه‌یه ململانێ و شه‌ڕی سیاسی و نه‌رمی ناوماڵی خۆمان، ده‌باته لای داگیرکه‌ر و به شوێن به‌زه‌ییدا ده‌گه‌ڕێت، ئه‌ویش له داگیرکه‌رێک که ئه‌نفال و هه‌ڵه‌بجه و پاکتاوکردنی کورد هێشتا وه‌ک شانازی باس ده‌که‌ت له کارنامه‌ی خه‌باتی ئومه‌ی عه‌ره‌بیدا!
ڕه‌نگه یه‌کێتی لای خۆی وا وێنای بکات ئەگه‌ر ستراتیجیی خۆی وه‌ک هه‌میشه (چوونه ئامێزی داگیرکه‌ر) پێڕه‌و بکات، له دواجاردا ده‌توانێت به‌سه‌ر ئه‌و قه‌یران و شلوشۆڵیه‌ی شیرازه و جومگه ناوخۆییه‌کانی خۆیدا زاڵ بێت. فەرەیدون عەبدولقادر سەركردەی كۆنی یەكێتی زۆر ورد بۆی چوو كاتێك وتی منیش له باتی بافڵ تاڵه‌بانی بم به‌م دۆخه‌ی كه هه‌مه ناچمه ناو ده‌نگدانه‌وه.
یاره بابه‌ته‌که به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی هاشوهووشیان بۆ ده‌کرد له میدیاکانیاندا و ده‌یانوت ده‌بێ هه‌ڵبژاردن بکرێت و پارتی نایه‌وێت، ئه‌مه ده‌رخه‌ری ئه‌و قه‌یرانه گه‌وره‌یه‌ی ناو یه‌کێتی و ئه‌و نمایشه میدیایه خاو و ساویلکانه‌یه که مه‌ترسییه گه‌وره‌که ئاشکرا ده‌کات. مه‌ترسییه گه‌وره‌که‌یش له مێژووی یه‌کێتیدا هه‌میشه ئه‌وه بووه که ناگه‌ڕێته‌وه بۆ دۆخی ناوخۆ و ڕاپرسی له‌ناو خۆیدا، به‌ڵکوو هه‌میشه له ده‌ره‌وه‌ی هاوکێشه واقیعی و ڕاسته‌قینه‌کانی خۆی بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کان ده‌گه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر چاوێک به مێژوودا بخشێنین و له زمانی خۆیانه‌وه به دوای ئه‌م ئه‌ته‌کێت و ئاکاره لاده‌رانه‌دا بگه‌ڕێین، ئه‌وا شایسته‌یه هه‌ندیک دێڕ له کتێبی (پشکۆیه‌ک له خۆڵه‌مێشدا) که وتووێژێکه له‌گه‌ڵ عومه‌ر شیخ مووس یەكێك له دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ره‌کیی یه‌کێتی نیشتیمانیی کوردستان هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنییه‌وه، که له‌لایه‌ن نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌د كراوە.
کتێبه‌که له دوو به‌شی سه‌ره‌کی واته ده‌ق و به‌ڵگه‌نامه پێکهاتووه و له لاپه‌ڕه‌یلی 199 بۆ 210 به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه ده‌یخوێنینه‌وه و له وه‌ڵامی پرسیاره‌کانی نه‌وزاد عه‌لی ئه‌حمه‌ددا، عومەر شێخ مووس له‌باره‌ی ده‌سپێکردنی گفتوگۆی نهێنیی یه‌کێتی و به‌عس و سه‌دام حسێن له ساڵی 1983 ده‌ڵێت:
"من و که‌مال فوئاد وه‌ک دوو ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسیی له ده‌ره‌وه بووین، ئێمه پشتیوانیمان له ناردنی هێزی پشتیوانیی کرد (مه‌به‌ست ناردنی هێزی پشتیوانه بۆ کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵات) و له‌گه‌ڵ گفتوگۆش بووین وه‌ک شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کانی خه‌بات، به‌ڵام بۆ ئاگاداریت ئێمه ئاگاداری سه‌ره‌تاکانی گفتوگۆی به‌عس و یه‌کێتی نه‌بووین".
ئه‌و له درێژه‌دا ده‌ڵێت: "له ڤیه‌ننای پایته‌ختی نه‌مسا سه‌باره‌ت به گفتوگۆی نێوان یه‌کێتی و حزبی به‌عس کۆنفرانسێکمان بۆ ئه‌ندامانی ڕێکخستنه‌کانی ده‌ره‌وه ڕێکخست، له کۆنفرانسه‌که‌دا ڕه‌خنه‌مان لێگرتن که بۆچی پێشتر ئێمه‌تان سه‌باره‌ت به گفتوگۆ ئاگادار نه‌کردووەته‌وه؟. ئێمه له دژی گفتوگۆ نین، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌مان له‌به‌رچاو بێت که ئه‌و گفتوگۆیه زیاتر له ساڵێک ناخایه‌نێت".
عومەر شێخ مووس باس له زیانه‌کانی ده‌سپێکردنه‌وه‌ی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حزبی به‌عس له‌و قۆناغه هه‌ستیار و چاره‌نووسسازه‌دا ده‌کات و له لاپه‌ڕه‌ی 204ی کتێبه‌که‌دا ده‌ڵێت: "له ڕووی سیاسییه‌وه زیانمان لێکه‌وت، چونکه چه‌ندان هێز ته‌واوی ئیمکانیاتی خۆیان خستبووه گه‌ڕ بۆ دوژمنایه‌تیی ئێمه و ته‌کاندنه‌وه‌ی دۆسته‌کانمان، به تایبه‌تیش حزبی شیوعی عێراقی له ڕێگەی حزبه شیوعییه‌کانی جیهانه‌وه، هه‌روه‌ها زیانێکیتری ده‌سپێکردنه‌وه‌ی گفتوگۆ تێکچوونی پێوه‌ندییه‌کانمان بوو له‌گه‌ڵ وڵاتانی سوریا و لیبیا".
له درێژه‌ی باسه‌که‌ی شێخ مووسدا ده‌رده‌که‌وێت، یه‌کێتی بۆ ده‌سپێکردنه‌وه‌ی گفتوگۆکان پاره‌یه‌کی دیاریکراوی زۆری ئه‌وکاتی وه‌رگرتووه و ده‌ڵێت: "وابزانم بڕیار بوو که مانگانه دوو ملیۆن دینارمان بده‌نێ. من سه‌باره‌ت به چۆنێتی به‌کارهێنانی ئه‌و پاره‌یه پێشنیارم کرد، له‌و دوو ملیۆنه هه‌وڵ بده‌ین مانگانه ته‌نیا ملیۆنێک به‌کار بێنین و ملیۆنه‌که‌یتر پاشه‌که‌وت بکه‌ین، هه‌روه‌ها به براده‌رانم گوت ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ چه‌ند کاردار و بازرگانێکی کوردی عێراقی ڕێک بکه‌وین و به ڕێگەی ته‌حویلی ده‌ره‌وه پاره‌که بۆ ده‌ره‌وه بنێرین هه‌ر ملیۆنێک دینار ده‌بێت به سێ ملیۆن دینار.
بێگومان گرتنه‌به‌ری هه‌ندێک تاکتیک له قۆناغی هه‌ستیاردا بۆ هه‌ر ڕه‌وت و هێزێک، ده‌شێت پاساوهه‌ڵگر بێت، به‌ڵام له‌م نموونه‌یه‌دا تاکتیکه‌که به ڕاده‌یه‌ک هه‌ڵه و گوماناویی بووه که یه‌کێک له سه‌رکیترین ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسی‌یان هه‌ر نەیزانیوە و لادانێکی گه‌وره ڕووی داوه له‌و گوتاره‌ی که له به‌یانی دامه‌زراندنه‌که‌ی خۆیشیاندا ئاماژه‌ی پی کراوه.
هه‌وراز و نشێوه‌کانی حزبه‌کان له کوردستان له دۆخ و قۆناغی شۆڕشدا زۆر بوون، به‌ڵام چ سه‌رده‌می شۆڕش و چ پاش راپه‌ڕین و به‌رقه‌راربوونی حوکمڕانی له کوردستان و بوونی حکوومه‌تی کوردستانی، یه‌کێتی به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر هه‌م له گوتاری کولتووری و هه‌م له گوتاری سیاسی‌دا و به گوێره‌ی ئه‌وه‌ش له کرداردا (به نهێنی یان ئاشکرا) ئاره‌زوو و مه‌یلی بۆ ئامێزی داگیرکه‌ر زۆر بووه و ئێسته‌یش به‌داخه‌وه ئێمه نموونه‌ی 16ی ئۆکتۆبه‌رمان له‌بیره که هێشتا وه‌ك زامێکی ته‌ڕ له یاده‌وه‌ریی کوردانی هه‌ر چوار پارچه‌دا خوێنی لێ ده‌چۆڕێت.
به‌شداریی دوو ئه‌ندامی یه‌کێتی له پیلانەكانی لیژنەی دارایی پەرلەماندا، هه‌مان سه‌رنموونه و پاتێرنی لادانه له گوتاری کوردستانی و ئاره‌زوویه‌کی ئاڕاسته‌کراوه بۆ ئامێزی داگیرکه‌ر، من به ڕاستی هیوادارم پارتی ئه‌م ئاره‌زووه‌ی یه‌کێتی بخاته ژێر ڕکێفی خۆیه‌وه و ئه‌و زیاتر ئاراسته‌ی بکات و به‌ره‌و ئامێزی خۆی بیگه‌ڕێنێته‌وه، چونكە ئه‌م ئاره‌زووه‌ی یه‌کێتی کاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێ دەكەوێتەوە و دیارە هیچ بەهایەكیان نەماوە و هەموو شتێك بۆ مامەڵەیە.