ئه‌مین زه‌كی به‌گ له ساڵی 1930 واتا هه‌شت ساڵ دوای دامه‌زراندنی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێك، نامه‌یه‌ك ئاراسته‌ی پاشا فه‌یسه‌ڵی یه‌كه‌م پاشای ئه‌و وڵاته ده‌كات و تێیدا، ڕه‌خنه له شێواز و مامه‌ڵه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته له ڕووی كارگێڕی و خزمه‌تگوزاری و داوده‌زگاكانی ده‌گرێت، باس له چه‌ندان كێشه و گرفتی كوردستان و هاووڵاتییان و ته‌عریب ده‌كات كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دیدگه شۆڤێنییه و عه‌ره‌بییه‌ن، جیاوازیی له نێوان كورد و عه‌ره‌ب ده‌كات و ده‌یه‌وێ كورده‌كان له مافه‌كانیان بێبه‌ش بكات.
لێره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه نییه ئه‌و نامه مێژووییه گرنگه له ڕووی ناوه‌ڕۆكه‌وه هه‌ڵبسه‌نگێنین كه بۆ كاتێكی ترمان هه‌ڵگرتووه، به‌ڵام نامه‌كه ئه‌رگۆمێنتێكی مێژوویی گرنگه، تێیدا له په‌راوێزیه‌وه ماهیه‌تی سیاسیی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌و وڵاته و ڕوانینیان بۆ پرسی كورد ده‌رده‌خات. ئه‌مه‌ش ده‌رخه‌ری ئه‌و ڕاستییه‌یه كه كێشه‌ی كورد له عێراقدا، كێشه‌یه‌كی سیاسی و نه‌ته‌وه‌ییه و پێوه‌ست نییه به به‌شداریی كورد وه‌ك چه‌ند پرسێكی دیاریكراو له ده‌سه‌ڵاتدا.
به درێژایی ئه‌و مێژووه، حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق، هیچ كاتێك سڵیان له توانه‌وه‌ی كورد و له ناوبردنی له ڕێی جینۆساید و ئه‌نفال و كیمیاباران نه‌كردووه‌ته‌وه، بۆیه ئه‌و عه‌قڵه له هه‌موو كات و سه‌رده‌مێكدا، خۆی به‌رهه‌م ده‌هێنێته‌وه و ده‌یه‌وێ كورد وه‌ك خزمه‌تكار و خۆیشیان وه‌ك كوێخا و ده‌ربه‌گ ببینن. له‌و سۆنگه‌یه‌شه‌وه خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تیی گه‌لی كورد، له ڕێی شۆڕشه جۆراوجۆره‌كانیه‌وه له پێناو وه‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی، بۆ ئه‌وه بووه كورد وه‌ك هاووڵاتیی پله دوو نه‌بینرێت، به‌ڵكو وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز له عه‌ره‌ب سه‌یر بكرێت. به‌ڵام به‌رده‌وام ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی عێراق، خواستی به عه‌ره‌بكردنی ئێمه‌یان له میانه‌ی پیلانی به عه‌ره‌بكردنی كوردستان و جینۆساید و له ناوبردن هه‌بووه. وه‌ك چۆن هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی ئه‌و وڵاته‌شدا زه‌كی به‌گ له نامه‌كه‌یدا ڕه‌خنه له‌و به عه‌ره‌بكردنه ده‌گرێت.
كه‌واته مامه‌ڵه‌ی حكوومه‌تی عێراق هه‌ر له سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه ئاشكرا و دیار بووه كه مه‌به‌ست تێیدا چییه. له عێراق به ئێسته‌یشه‌وه خواستێك هه‌یه له پێناو گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئێمه بۆ سه‌ر عێراق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێم، خه‌ونی ئه‌و ئه‌قڵه شۆڤێنییه‌یه كه له به‌غدا حوكم ده‌كات. ئه‌وانه‌ی بڕوایان وایه بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر حكوومه‌تی ناوه‌ندی و قه‌واره‌ی هه‌رێم هه‌ڵبوه‌شێته‌وه، بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی جه‌ماوه‌ری و نه‌ته‌وایه‌تی و خزمه‌تگوزاریی ئێمه باشتر و گرنگتره، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وانه یان بێ ئاگان له مێژوو، یان هێشتا ماهیه‌تیی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و وڵاته‌یان نه‌ناسیوه. ئه‌وانه ده‌بێ بای ئه‌وه‌نده هوشیارییان هه‌بێت كه بزانن ئاخۆ تا ئێسته، وێڕای ئه‌و هه‌موو بارودۆخه سه‌خت و ناهه‌مواره مرۆیی و خزمه‌تگوزارییه‌ی عه‌ره‌به‌كانی فه‌له‌ستین تێیدا ده‌ژین، به‌ڵام ئاماده‌ن بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌شی ئیسرائیلی نه‌یاریان؟.
ئێمه له ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌ك له مێژووی دروستبوونی عێراق، له‌م وڵاته‌دا ده‌ستكه‌وتمان چی بوو؟ چیمان بینی جگه له ئه‌نفال و كیمیابارانكردن و هه‌ڵه‌بجه و جینۆساید. دوای ئه‌و هه‌موو قوربانیدانه، خوێن و تێكۆشان و شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه‌كان، ئاخۆ كارێكی نالۆجیكانه نییه كه‌سانێك خواستی ئه‌وه‌یان هه‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر عێراق؟ له‌لایه‌كی تریشه‌وه ئه‌گه‌ر گریمان قه‌واره‌ی هه‌رێم هه‌ڵوه‌شایه‌وه و ئێمه بووینه‌وه عێراقی و خاكه‌كه‌شمان وه‌ك پارچه‌یه‌كی ئه‌و وڵاته‌ی لێ هات، ئایا هه‌موو شتێك چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟ یان دواتر به ته‌واوه‌تی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و خاكیشمان له بۆته‌ی عێراقی عه‌ره‌بی ده‌توێنرێته‌وه و ده‌گه‌ڕێینه‌وه چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م و هه‌مان سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عسی فاشی.
بۆیه مه‌به‌ستی عێراق له كۆنترۆڵكردنی نه‌وتی هه‌رێم، پتر سیاسییه له‌وه‌ی ئابووری بێت، چونكه له سیاسه‌تدا تیۆرییه‌ك هه‌یه هه‌ر كاتێك توانیت شاده‌ماری ئابووری وڵاتێك ببڕیت، ئیتر له ڕووی سیاسییه‌وه ئه‌و وڵاته كۆنترۆڵ ده‌كرێت. عێراق به‌رهه‌می نه‌وتی 100 به‌رابه‌ری هه‌رێمه و بڕوا ناكه‌م به چه‌ند 100 هه‌زار به‌رمیلێكی هه‌رێم، بتوانێ ئه‌و وه‌رچه‌رخانه دراماتیكییه له بواری داهاتی نه‌ته‌وه‌یی و خزمه‌تگوزاریی گشتی دروست بكات، ئه‌گه‌ر داهاتی نه‌وتی هه‌رێمیش چووه خه‌زێنه‌ی ئه‌و وڵاته‌وه. پاشان له‌مه مه‌ترسیدارتر ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر سه‌رچاوه‌ی داهات و بودجه و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له به‌غداوه بنێرێت، چ گره‌نتییه‌ك هه‌یه هه‌مان ئه‌زموونی عه‌بادی و مالیكی دووباره نابێته‌وه و جارێكی تر مووچه و بودجه‌ی كورستان نابڕێت؟.
سێ مانگه نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ڕاگیراوه و هیچ داهاتێكی نه‌وتی نییه، كه‌چی حكوومه‌تی عێراق جگه له چه‌ند سه‌د ملیار دینارێك، هیچ بودجه و شایسته‌یه‌كی دارایی بۆ هه‌رێم نانێرێت، به‌مه‌ش گرفت بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دروست بووه. به دوای ڕاگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وت، په‌رله‌مانی كوردستان به بڕیارێكی دادگای فیدراڵی هه‌ڵپه‌سێرا. دوای ئه‌مه، ماده‌یه‌ك بۆ یاسای بودجه‌ی عێراق زیاد كرا، بڕگه‌كانی دژ به‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ی نێوان هه‌ردوو سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێم و عێراق بوو كه له ئاداری ڕابردوو واژوو كرا. هه‌موو ئه‌م هه‌نگاوانه‌ی حكوومه‌تی عێراق، به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه ده‌یانه‌وێ هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبوه‌شێته‌وه و پارێزگاكانی هه‌رێم، وه‌ك كه‌ربه‌لا و به‌سره و میسان ببینرێن و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرێت.
به‌ڵام ئایا پرسی ئێمه كارگێڕییه؟ بێگومان نه‌خێر، هه‌رێمی كوردستان تایبه‌تمه‌ندیی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌ستووریی خۆی هه‌یه و به هه‌موو پێوه‌رێكی سیاسی و نه‌ته‌وه‌یی، جیایه له عێراقی عه‌ره‌بی. به پێی ماده‌ی 117ی ده‌ستوور، هه‌رێمی كوردستان یه‌كه‌یه‌كی دیمۆگرافی و كارگێڕی و جیۆگرافی و یاسایی یه‌كگرتووه، وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵ له چوارچێوه‌ی عێراقدا بوونی هه‌یه. ئه‌م فیدراڵییه له‌سه‌ر بنه‌مای هه‌رێمایه‌تی و كارگێڕی نییه وه‌ك ئه‌وه‌ی له وڵاتانی دنیا ده‌بینرێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌مای دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاوازه له هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه له یه‌كتر. ئه‌زموونی سیاسی و حوكمڕانی وڵاتانی عه‌ره‌بی، به كردار ئه‌وه‌یان ده‌رخستووه كه هه‌رگیز ناوه‌ندایه‌تی بۆ دوو نه‌ته‌وه‌ی جیاواز له چوارچێوه‌ی وڵاتێكی عه‌ره‌بیدا، سه‌ركه‌وتوو نابێت به بێ جیابوونه‌وه له یه‌كتر.
ده‌كرێ لێره‌دا نموونه به سوودان بێنینه‌وه. ئه‌م وڵاته بۆ ساڵانێكی درێژ بوو دژ به مافی گه‌لی باشوور بوو. باشووری سوودان به تیره و هۆز و پێكهاته‌ی ئه‌تنیكی، ئه‌فه‌ریقین و عه‌ره‌ب نین، به ئاین مه‌سیحین و مسوڵمان نین، به زمان و كولتوور و هه‌موو بنه‌ما فه‌رهه‌نگییه‌كان، جیاوازن له عه‌ره‌به‌كانی سوودانی ئیسلامی، كه‌چی وێڕای ئه‌و هه‌موو جیاوازییانه، هێشتا ڕژێمه یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی سوودان، ئاماده نه‌بوون ددان به مافه‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه بنێن، تا دوای خه‌باتێكی دوور و درێژ و له ڕێی ڕیفراندۆمێك، به فه‌رمی جیابوونه‌وه و ئێسته خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیانن.
ئه‌گه‌ر عه‌ره‌به‌كان به‌گشتی و به‌تایبه‌تیش شیعه‌كان، بڕوایان وابێت له ڕێی بودجه‌وه جارێكی تر ئێمه ده‌گێڕنه‌وه چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م و ده‌مانكه‌نه‌وه به عێراقی، ڕاستییه‌كه‌ی وه‌هم و خه‌یاڵپڵاوییه. بێگومان به زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و له ڕێی بڕگه‌یه‌كه‌وه، ئه‌وان ده‌توانن وا پێشانی بده‌ن كه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پارێزگایه‌كی باشوور مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت، به‌ڵام له زه‌وینه‌ی واقیعدا، تۆزقاڵێك ئه‌م بڕیارانه له دیفاكتۆی سیاسی و جیۆگرافی ئێمه ناگۆڕێت و پرسی ئێمه، پرسی نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاوازه له عه‌ره‌بی عێراقی كه خاوه‌نی هه‌موو به‌ها و بنه‌مایه‌كی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ی خۆیه‌تی، به‌ڵام سته‌می مێژوو و بێ هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، ڕێگره له‌وه‌ی وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر، ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆی هه‌بێت.
ئێمه ناگه‌ڕێینه‌وه چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م، ئه‌گه‌ر ده‌یان هه‌نگاوی شۆڤێنییانه‌ی تریش به دوای ئه‌و هه‌نگاوانه‌وه بنرێن، ئه‌وا هیچ له‌و ڕاستییه ناگۆڕێت كه له عێراقدا، نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیاواز به ناوی كورد هه‌یه كه 30 ساڵه قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆی كارگێڕیی هه‌یه و له ئاستی ناوده‌وڵه‌تیدا ددانپێنراوه. ئه‌وانه‌شی پێیان وایه گۆڵیان له كورد كردووه، هیوادارم هێنده كاڵفام نه‌بن و ئاوڕێك له مێژووی دوێنێیان بده‌نه‌وه و بزانن نووری سه‌عید و هه‌ردوو عارف و كه‌ریم قاسم، سه‌دام و به‌عسییه‌كان و زه‌عیم سدیقی خوێن‌ڕێژ و به‌دره‌دین عه‌لی جه‌لاد و عه‌لی كیمیایی، چاره‌نووسیان چی بوو؟ مه‌گه‌ر نه‌چوونه زبڵدانی مێژوو، شاخه‌كانی كوردستانیش هه‌ر به‌پێوه مانه‌وه و كوردیش له ناو نه‌چوو.