سەردەمی خەزان و پاشەکشێ

PM:01:55:24/06/2023 ‌
ماوەیەکە بە شێوەیەکی دراماتیکی ئاستەنگ و ئاڵنگاریی لە بەردەم کورددا، روویان لە زیادبوون کردووە و لە هەموو لایەکەوە کێشە و قەیرانی نوێ سەر هەڵدەدەن. سەرەتا گریمانەیەک هەبوو پێداگری لەسەر ئەوە دەکردەوە گوایە: ئەمە شتێکی کاتییە، ئاڵنگارییەکان کۆنتڕۆڵ دەکرێن و پاش ماوەیەک کۆتاییان پێ دێت و دەگەڕێنەوە دۆخی جاران.

هەرچی زیاتر دەچینە پێشەوە گومان لەم گریمانەیە دەکرێت، ئاڵنگارییەکان نەک کۆنتڕۆڵ ناکرین و چارەسەر نابن، بگرە دیو و رەهەندی تریش پەیدا دەکەن، یان بە خێرایی گەشە دەكەن. ئەگەر هەندێ روانینی واقعبینانە بخەینە پاڵ ئەم بارودۆخە، دەتوانین گریمانەیەکی تر دابڕێژین كە تا ئاستێكی زۆر پێچەوانەی گریمانە سەرەتاییەکە بێت. 

ئەم گریمانەیە بڕوای بەوەیە: ئاڵنگارییەكان ئاسایی نین، بە پێچەوانەوە پێ دەچێت سەرەتاکانی پاشەکشێی گەورەی کورد بن و هیچ دوور نییە نیوچە خەزانێکیش بەرۆکمان بگرێت. بەڵام چێ وا دەکات ئەم گریمانە رەشبینانەیە گەڵاڵە ببێت؟ سێ هۆی دەرەکی سەرەکیی، یارمەتیدەری بەهاری کوردیی بوون. 

یەکەمیان: داتەپین و لاوازبوونی دەوڵەتی ناوەندی لە ناوچەکە، بەتایبەت لە عێراق و سووریا، ئەم داتەپینە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ کورد کردەوە تا هەناسەیەک هەڵمژێرێت و لە دوای لۆزانەوە دوو دوڵەت لەو چوار دەوڵەتەی کوردستانیان کۆنتڕۆڵ کردووە، کوردستانیان لەدەست دەربچێت و نەشتوان هیچ بکەن.

 
لاوازی دەوڵەتی ناوەندی رێگەی بۆ ئازادبوونی هێز و وزەی پەنگخواردووی کورد و کوردایەتیی کردووە. کورد دۆخەکەی بە باشی قۆستەوە و زیاتر لە جاران گەشەی کرد، بە گشتی لاوازی دەوڵەتی داگیرکەر یەکسانە بە گەشەی زیاتری کورد. ئەم فۆرمەلەیە پێچەوانەکەیشی راستە. 

دووەم: نەزمی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت ئەو نەزمە دژە کوردەی چوار دەوڵەتەکە پێکیان هێنابوو، تووشی جۆرێك لە داڕمان هاتبوو. عێراق و سووریا وەک دەوڵەتی بەزیو و شکستخواردوو (Failed state) هیچیان پێ نەدەکرا. تورکیا و ئێرانیش لەوپەڕی ململانێدا بوون و روانگە و بۆچوونیان بۆ زۆر پرس و بابەت، لەوانە بەرەوڕووبوونەوەی کورد جیاواز و بگرە دژیەک بوو.
ئەم نەزمە بە پێچەوانەی جارانەوە، نەیدەتوانی پلان دژی کورد دابنێت و خێرا جێبەجێی بکات. ئەمە بە جۆرێک دەرگای نەزمی هەرێمیی بۆ کورد کردەوە، یان هەر هیچ نەبێت ئاڵنگارییەکانی بەردەمی کاڵتر کردووە. 

سێیەم: لەو قۆناغەدا ئاستی پشتیوانی نێودەوڵەتی لە کورد گەیشتە بەرزترین، ئەمەریکا و رۆژئاوا ئاستێکی بێ وێنەی پاڵپشتییان پێشکەش بە کورد کرد. هەرچەند بۆ کورد و بۆ دەرچوون لە دۆخی لۆزان کەم بوو، بەڵام لە چاو ئەوەی کورد لە ماوەی 100 ساڵدا هیچ پاڵپشتییەکی ئەوتۆی نێودەوڵەتی وەرنەگرتبوو، زۆر و بەرچاو بوو. 
دەرگای  ناوەندە دیپلۆماسییە جیهانییەکانی بۆ كورد کرایەوە. قسە و پەیامی خۆی دەگەیاند و بەردەوام پێشوازی لە شاندە باڵا جیهانییەکان دەکرد، پاڵپشتی سەربازی و هەواڵگری وەردەگرت. 
کۆی ئەمانە وایکرد کورد بچێتە قۆناغی بەهاری کوردییەوە، پرسی کورد زیاتر بە نێودەوڵەتی کرا و نزیکیش بوو بگاتە دوا ئامانجەکانی خۆی. بەڵام ئەم سەردەمەی ئێستە زۆر پێچەوانەوەی قۆناغی پێشووە. بۆچی؟

یەکەم: دەوڵەتی عێراق و سووریا نەکەوتن، تەنانەت هەوڵێک هەیە دەوڵەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیندوو بکرێتەوە، بە جۆرێک بیبووژێنەوە و بینای بکەنەوە، ئەوەتا سەرەتاکانی دەرکەوتوون. 
دەوڵەتی عێراق رۆژ دوای رۆژ گەشەی زیاتر دەکات، ئاستی متمانە بەخۆبوونی گەشەی کردووە. دوای ئەوەی لە قۆناغی 2003 تا 2022 عێراق لەوپەری لاوازیدا بوو، بەڵام ئێستە بەشێک لە چاودێڕان وای دەخوێنەوە قۆناغی 2023 بەدواوە زۆر جیاواز دەبێت. خۆی لە بەهێزبوونەوەی دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتانی ناوچەکەدا دەبینێتەوە. ئەم قۆناغە لەوانەیە 20 ساڵ بخایەنێت.   

دووەم: نەزمی هەرێمیی دوای بەریەککەوتنێکی دوورودرێژ، چووەتە ئەو قۆناغەی سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە و پێناسە بکرێتەوە. ئێستە عێراق و سووریا خواستێکی زۆریان بۆ بەشداری کاراتر هەیە. تورکیا و ئێرانیش لەسەر ئەوە کۆکن بەشداری بەم دووانە بکەن و لەڕێگەی ئەوانەوە دەرگاکانی بەردەم کورد، زیاتر دابخەن. تاران و ئەنقەرە بۆ خۆیشیان روانگە و بۆچوونیان بەرانبەر بە کورد زۆر گۆڕاوە. 

جاران ئەم چوار وڵاتە سەرەڕای ناکۆکییەکانیان، بەپێی مۆدێلی دۆستایەتی و دوژمنایەتی، کوردیان بە سەرچاوەی هەڕەشە و ترسی هاوبەش دەزانی و دەبێت رووبەڕووی ببنەوە. بۆ ماوەی ساڵانێک ئەم مۆدێلی دۆستایەتی و دوژمنایەتییە کاری پێ نەدەکرا، بەڵام ئێستە دۆخەکە گۆڕاوە و سەرەتاکانی کارکردن بە مۆدێلەکەی جاران دەرکەوتووەتەوە. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت لە ئاستی هەرێمیشدا ئەو پەنجەرەیەی بۆ کورد کرابووەوە، ئێستە کەم کەم کپ دەکرێتەوە.

لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دۆخەکە زۆر گۆڕاوە، بە ئارامی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پارادایمی لێبراڵی (Liberal Paradigm) جاران کاڵ بووەتەوە. هەر لە شەڕی قەرەباغەوە لە ئەیلوولی 2020، ئەم راستییە دەرکەوت، کاتێک جیهانی رۆژئاوا پشتیان لە ئەرمینیا کرد و رێگەیاندا ئازەربایجان بەپێی لۆجیکی هێز خۆی بەسەر ئەرمینیادا بسەپێنێت. 
دەرکەوت ئیتر ئەوان زۆر گرنگی بە مافی کەمینەکان نادەن و دیموکراسی و مافی مرۆڤ ئەولەویتی جارانی نەماوە. 

ئەمەریکا لەم دۆخە تازەیەدا زیاتر باری سەرنجی یان لەسەر ناوخۆیەتی و کار بۆ بووژانەوەی ناوخۆیی دەکات، یاخۆ گرنگی بە رۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ئەورووپا دەدات، بۆیە کەمترین باری سەرنجی لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لەم چوارچێوەیەدا ئەوەی لە ناوچەکە بە گشتی و لە عێراقدا دەگوزەرێت، بەلایەوە زۆر بابەتی سەرەکی نین، دەکرێت بڵێین جارێ بابەتی لاوەکین. 

ئەمەریکا لەم قۆناغەدا لاری نییە دەوڵەتانی ناوچەکە خۆیان بگرنەوە و نەزمێکی هەرێمیی تازە دروست ببێتەوە. پاڵپشتی جارانیش لە کورد ناکات، زیاتر سیاسەتی تێکەڵکردنی کوردستان و عێراق جێبەجێ دەکات.  

کۆی ئەمانە چیمان پێ دەڵێن؟ 
گریمانەی پاشەکشێی کوردی و بگرە دەرکەوتنی جۆرێک لە خەزانی کوردستان، زۆر دوور و ناواقیعی نین، ئەو هۆکارانەی وایان دەکرد کورد بەهار بە خۆیەوە ببینێت، ئێستە هەر هەموویان گۆڕاون. ئەگەری ئەوەش هەیە دژ بە قازانج و بەرژەوەندی کورد زیاتریش بگۆڕێن. 
کورد ناتوانێ ئەم دۆخە هەڵبگەڕێنێتەوە لەبەرئەوەی لە دەرەوەی ئیرادە، ویست و هێزی ئەوە. لە هەلومەرجی وادا ئەکتەرەکان دەبێت بۆ خاوکردنەوەی گوشارەکان بۆ خاوکردنەوەی هاوپەیمانییەکان، فێری کات کڕین لە ڕێگەی دانووستانەوە بن. دیپلۆماتی بە ئەزموون و پشوودرێژ کە توانای دەستی دەستی بە رکابەر یان دوژمن زۆرە، دەتوانن یارمەتیدەری ئەم قۆناغە بن.