پێشمەرگە بە پاڵپشتی تەکتیکی ئەمەریکا یەک ناخرێتەوە

AM:10:20:05/07/2023 ‌
ساڵانێکە باس لە یەکخستنی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە دەکرێت، ناو بەناو ئەم بابەتە گەرم دەبێت گوایە ئەمەریکا زۆر رژدە و دەیەوێت پێشمەرگە یەک بخات. هەندێ جاریش باس لەوە دەکرێت ئەمەریکا تووڕەیە لە یەکنەخستنەوەی پێشمەرگە و دەستبەرداری هاوكارییەكان دەبێت. لەم رۆژانەیشدا لە راگەیاندنەکانەوە بیستنمان كە ئەمەریکا سەرلەنوێ هەڕەشەی کردووە كە تا چەند مانگی تر، یارمەتییەکانی بۆ پێشمەرگە رادەگرێت لەبەرئەوەی هێزەکە یەکناخرێتەوە، بەڵام ئەمە بە فەرمی پشتڕاست نەكراوە. 

لەم نێوانەدا کەس نییە ئەم بابەتە بورووژێنێت و ئەوە بە ئەمەریکاییەکان بڵێت: پێشمەرج و پێشەکی یەکخستنی پێشمەرگە، کۆتایی هێنانە بە دابەشبوون و کەرتبوونی سەروەری (Sovereignty) کوردستان. بە دیوێکیتردا یەکنەبوونی پێشمەرگە دەرئەنجام و بەرهەمی نەبوونی، سەروەرییەکی یەکگرتووە لە هەرێمی کوردستاندا. 

لە نێوانیاندا پێوەندییەکی هۆکار و دەرهاویشتە هەیە، یەکنەبوونی پێشمەرگەی دەرئەنجامە، هۆکارەکە یەکنەبوونی سەروەرییە. ناکرێت بێ چارەسەرکردنی هۆ و هۆکار، چاوەڕێی چارەسەری دەرهاویشتە بکەی، ئەمە بنەمایەکی لۆجیکی هەیە و لۆجیک ئەمە دەڵێت.   

سەروەری لە سادەترین پێناسەیدا ئەوەیە: دەسەڵاتێک بە دیاریکراوی حکوومەتێک، لە چوارچێوەیەکی جیۆگرافیدا دەستی بە هەموو کون و قوژبنێکی خاکەکەی بگات و کەس نەتوانێت بۆ ئەم مافە بەربەستی بۆ دروست بکات. واتە هەموو جیۆگرافیاکەی لەژێر کۆنتڕۆڵیدا بێت. ئەمە مافی پاوانکراوی ئەوە. 

دیارە لە دوای ساڵی 1998ـەوە بە فەرمی سەرەوەری لە هەرێمی کوردستان کەرت بووە و بە ستوونی لە سەرەوە بۆ خوارەوە دابەش بووە. لە کاتێکدا سەروەری نابێت کەرت ببێت. ئەمە واتە سەروەری نەماوە و هەر دوو زۆن نیمچە سەروەرییان بۆ خۆیان هەیە. 

لەو ساڵەوە تا ئێستە و بەتایبەت دوای ساڵی 2005 و پێکهێنانەوەی کابینەی هاوبەشی پێنج، هەوڵ دەدرێت سەروەری یەک بخرێتەوە، بەڵام ناکرێت. بۆ؟ هەولێر یان باشترە بڵێین حکوومەتی هەرێم دەیەوێت ئەم کارە بکات و دەستی بە هەموو وڵاتەکەی ژێر دەسەڵاتی بگات، بەڵام لە خوار دێگەڵەوە ناهێڵن ئەمە سەربگرێت. 

حكوومەت دەیەوێت ئەمە بە ئاشتی یان تەنانەت نائاشتیانە چارەسەر بکات، نەک زۆنی خوار دێگەڵە، تانەنەت هەموو ئەوانەی لەم دابەشبوونی سەروەرییە رازین، رێگە نادەن ئەم کارە سەربگرێت. تاران و بەغدا و جارجار ئەنقەرە و لەندەن و زۆر شوێنی تریش، بەربەستن و لەمپەڕ دروست دەکەن، بگرە لە چوارچێوەی رێنوێنییەکانی هاوسەنگی هێزدا، یارمەتی خوار دێگەڵە دەدەن بۆ ئەوەی سەروەرییەکی یەکگرتوو لە دایک نەبێت.

ساڵێک زیاترە باسی هەڵبژاردن دەکرێت، خوار دێگەڵە بە ناڕاستەوخۆ دەڵێت: ناهێڵم هەڵبژاردن بکرێت. ئەوەتا ساڵێکە نەکراوە، هەولێر گوشار دەكات بەڵام هەموو ناوچەکە و دۆستەکانی خوار دێگەڵە، خاوی دەکەنەوە و ناهێڵن. ئەم چیرۆکە بۆ هەموو پرسە گرنگ و چارەنووسسازەکانی تریش راستە و شۆڕ دەبێتەوە و ئەوانیش دەگرێتەوە، لەوانە پێشمەرگە.

ئەمەریکا کاتێک دەتوانێت پێشمەرگە یەک بخاتەوە کە ئەوەندە پاڵپشتی و یارمەتی پێشکەش بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردبێت، کۆتایی بە کێشەی سەروەری هێنابێت. واتە ئاستی پاڵپشتییەکەی ئەوەندە بەرز کردبێتەوە، زیاتر بێت لەو پاڵپشتییە هەرێمی و نێودەڵەتییەی بۆ خوار دێگەڵە دەکرێت. بەم جۆرە هاوکێشەکە دەگۆڕێت. دەرفەت بۆ لەدایکبوونی سەروەری یەکگرتوو خۆش دەبێت و لەو ساتەوەختەشدا دروستکردنی پێشمەرگەی یەکگرتوو، ئۆتۆماتیکی لەبەردەستە و بە زەحمەتێکی زۆر کەم ئەنجام دەدرێت.

لێرە با کەوانەیەک بکەمەوە، کورد یان حکوومەتی هەرێم ئەمە بۆ بە ئەمەریکا ناڵێن؟ وەڵامەكەی من نایزانم، بەڵام ئایا ئەمەریکا خۆی ئەمە نازنێت؟ بەڵێ زۆر چاک دەزانێت، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک نایەوێت ئەم راستییە لەبەرچاو بگرێت. هۆکارەکانیش بە زۆری ئەمانەن:

یەکەم، لە نەوەدەکان، ئەمەریکا لەبەر ناوچەکە بەدیاریکراویش لەبەر ئەنقەرە و تاران و وڵاتانی عەرەبی، نەیدەویست یان نەیدەوێرا ئەو ئاستە پێویستەی یارمەتی و گەرەنتی مانەوە، پێشکەش بە کوردستان بکات، تا کوردستانێکی یەکگرتووی خاوەن سەروەری لەدایک ببێت. لەبەرئەوەی کوردستانێکی یەکگرتووی خاوەن سەروەری، واتە مەترسی بۆ وڵاتانی ناوچەکە. بۆیە ئەوان گوشاریان لە ئەمەریکا کرد و خستیانە دووڕیانێکەوە: یان ئێمە یان کورد؟ 

ئەمەریکایش ئەوانی هەڵبژارد، بەڵام نەیهێشت کورد بە تەواوەتی بخنکێت، یارمەتییەکانی بەشی ئەوەی کرد کورد ببێتە خاوەن دوو نیوچە حکوومەت و چاوی لەوە نووقاند کوردیان دابەش کرد. ئەو هەلومەرجەی جاران، ئێستەیش بە نەگۆڕاوی هەر هەیە، ئەمەریکا ئەگەر ئەو ئاستە پێویستە پێشکەش بکات، هەموو ناوچەکە لە بەرانبەریدا دەوەستێت، بەڵام بۆ ئەوەی ئەوانی لێ نەتۆرێت، کورد دەکاتە قوربانی. 

هاوکێشەکە زۆر سادەیە: ئەمەریکا دلۆپ دلۆپ هەندێ ئاو دەدا بە کورد بۆ ئەوەی نەمرێت، بەڵام ئەوەندەی پێ نادات لەسەر پێی خۆی بووەستێت، لەبەرئەوەی كە وەستا هەموو ناوچەکە دەبن بە دژی ئەمەریکا. 

دووەم، ئەمەریکا ئەوەش چاک دەزانێت ئەگەر پاڵپشتی زیاتر لە کورد بکات و بکەوێتە سەرپێی خۆی، نەزمی ناوچەکە تێکدەچێت. نەزمی لۆزان دادەڕووخێت، کورد ئیدی ئەو چەوساوەیی و بندەستییە قبووڵ ناکات.
کوردستان بە دوو نیوچە حکوومەتەوە مایەی گەورەترین سەرئیشەیە بۆ بەغدا و گەورەترین هەڕەشەیشە بۆ دەوروبەر. خۆئەگەر ئەمە یەکگرتوو بێت و خاوەن یەک سەروەری بێت، داوای زیاتر دەکات، مافی زۆرتری دەوێت، نەک بەغدا، زۆربەی ناوچەکەیش بە ئاسانی ناتوانن بیوەستێنن. 

لێرەدا دوو مەترسی روو لە ئەمەریکا دەکەن، یەکەم داڕووخانی نەزمەکەیە و دووەم رەنگڕێژکردنەوە و بیناکردنەوەیەتی. 

ئەمەریکا بە هیچ شێوازێک و بەتایبەت لەم قۆناغەدا نایەوێت خۆی لەم دوو ئاڵنگارییە بدات، لەبەرئەوەی زۆر لەسەری دەکەوێت و تێچووی یەکجار قورسی بۆ دادەتاشێ. لە کاتێکدا هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە جارێکی تر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تووشی قەیرانی وا نەبێتەوە. ئەمە لە لیستی ئەولەویاتەکانی ئەمەریکادا نین، ئەمە هێڵی سووری نوێی ئەوانە، نابێت ببەزێنرێت. 

ڕاستییەكەی ئەمەریکا دەیەوێت بێ ئەوەی ناوچەکەی لێ بئاڵۆزكێت و نەزمەکەی تێکبچێت، هەندێ هەنگاو بنێت، تۆزێ بەربەستەکانی بەردەمی لە هەرێمی کوردستاندا کاڵ بکاتەوە. واتە بە هەنگاوی تەکتیکی هەندێ دەستکەوتی ستراتیجی مسۆگەر بکات، بەڵام ئەوەتا بینراوە لە ساڵی 2014ـەوە تا ئێستە، هیچ بەرەوپێشچوونێک نییە. بۆیە بەم ژینگەیە و بەم سیاسەتە، ئەمەریکا ناتوانێ پێشمەرگە یەک بخاتەوە. 

ئەمەریکا ناتوانێت بە هەنگاوی تەکتیکی و بێ پێدان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی و پابەندبوونی گەورە بە کورد، دەستکەوتی ستراتیجی بەدەست بهێنێت. با ئەمەریکییەکان ئەمە روونتر بزانن.

وەک دواخاڵیش، وا باس دەکرێت: زۆر کار بۆ کورد کراوە و پارەیەکی زۆر بۆ پێشمەرگە خەرج کراوە، بەڵام لە ماوەی ئەم ساڵانەدا یارمەتی پێشمەرگە کۆی هەر هەمووی ناگاتە دوو ملیار دۆلار. بەڵام کورد بەو پارە کەمە، شەڕی داعشیشی کردووە. ئەوە لە کاتێکدا ئەمەریکا سەتان و بگرە هەزارن ملیار دۆلاری بۆ سوپاکانی تری ئەم ناوچەیە خەرج کردووە. 

بۆ نموونە لە ساڵی ١٩٤٧ تا ٢٠٢٠ ئەمریکا بەس بۆ سوپای ئیسراییل زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلار پارەی خەرج کردووە. بە ئێستاشەوە بۆ سوپای میسر، تورکیا، ئۆردن، لوبنان، عومان .... پارەی گەورە و بودجەی زۆر خەرج دەکات. 

تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٠، ئیسراییل ٣ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلار یارمەتی سەربازی لە ئەمریکا وەرگرتووە. میسر زیاتر لە یەل ملیار و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. ئۆردن زیاتر لە پێنجسەد ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. لوبنان ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە. جا بۆ کورد چی کراو؟!