هه‌نووکه به‌کارهێنانی ماده هۆشبه‌ره‌کان له کۆمه‌ڵگای مرۆیی‌دا بووەته به‌شێک له کو‌لتوور و خاڵی دژواز و سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه، هه‌م چینی خواره‌وه و هه‌ژاری کۆمه‌ڵگا گیرۆده‌ی ده‌بن و هه‌میش چینی زه‌نگین و ده‌ستڕۆیشتووی سه‌ره‌وه، به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه كە چینی ناوه‌ڕاست لێی بێبه‌رین، له هه‌ر کام له‌م سێ چینه‌دا، به‌کارهێنه‌ری ماده‌ی هۆشبه‌ر هه‌ن، به‌ڵام له ڕاستیدا به‌هۆی دۆخێکی جه‌سته‌یی و ده‌روونیی که ئه‌م مادانه بۆ مرۆڤدا دروستی ده‌که‌ن، زیاتر به چینی خواره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگەوه دیاره و زۆرتر ئه‌وان ده‌ستیان که‌شف ده‌بێت و گیرۆده و ڕیسوا ده‌بن.
ماده‌ی هۆشبه‌ر مێژوویه‌کی هه‌یه و له سه‌ره‌تاوه زیاتر وه‌ک ماده‌ی خاو بۆ چاره‌سه‌ری پزیشکیی کۆن یان هه‌ندێ ڕێوڕه‌سمی ئاینی کۆن به‌کار هاتووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگەی مرۆیی و شۆڕشه پیشه‌ییه‌کان و کرانه‌وه‌ی ڕێڕه‌وێکی به‌ربڵاو بۆ بازرگانیی له نێوان وڵاتاندا، بازرگانیی به ماده‌ی هۆشبه‌رەوە بوو به یه‌کێک له گه‌وره‌ترین و سامناکترین و فرهڕههندترین و پڕقازانجترین بازرگانییه‌کانی جیهان و کۆمه‌ڵێک کارتێل و ڕێکخراوی تۆکمه و به‌هێزی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌م بواره‌دا وه‌ک مافیا و سوپای تایبه‌تی، چالاک بوون و هه‌ن و هیچ کاتیش واز ناهێنن.
ئێمه له مێژووی بازرگانی به ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه ده‌خوێنینه‌وه که وڵاتانی ئه‌مەریکای لاتین به تایبه‌تی کۆلۆمبیا و مه‌کسیک، نه‌ك ته‌نیا بازرگانیی قه‌به و گه‌وره‌یان به ماده‌ی هۆشبه‌رەوە کردووه، به‌ڵکوو توانیویانه به‌و هه‌موو پاره خه‌یاڵییه‌ی له‌و بازرگانییه‌دا ده‌ستیان خستووە، ته‌نانه‌ت سیستمی سیاسیش داگیر بکه‌ن و وه‌زیر و گزیری ناو ده‌سه‌ڵاتێکی وه‌ک مه‌کسیک بکڕن و هه‌موو جۆرە ئاسانکارییه‌ک بۆ گواستنه‌وه‌ی باره قاچاخهکانینان بکرێ. پاره‌ی به‌ده‌ستهاتوو له بازرگانیی ماده‌ی هۆشبه‌ر به ڕاده‌یه‌ک خه‌یاڵییه که ده‌کرێت وڵاتێکی به شێوه‌ی زه‌نگین و پۆشته پێ ئیداره بدرێت، به‌ڵام وڵاتێک که هه‌موو ئالووده و کۆیله‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر و ئیراده‌ی چه‌ند بازرگان و کارتێلێکی مافیا بێت، به کاری چی دێت؟
ناوی پابلۆ ئیسکۆبار له مێژووی بارگانی به ماده‌ی هۆشبه‌ر و ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی له سیستمی سیاسی و ئابووری و ته‌نانه‌ت شه‌ڕه ناوخۆییه‌کانی نێوان کارتێل و گرووپه کێبەرکێکارهکانی کۆلۆمبیا و مه‌کسیک، دیار و ناسراوه. ئیسکۆبار توانی له ڕێی بازرگانیی ماده‌ی هۆشبه‌ره‌وه باری کۆمه‌ڵایه‌تیی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان و وڵاتانی ئه‌ورووپا تێک بدات، تا ئەو ئاستەی کار گه‌یشته کۆنگرێس و کۆمه‌ڵێک پلان و بودجه‌ی نهێنی و ئاشکرایان بۆ دانا، تا توانیان له‌ناوی به‌رن.
پابلۆ ئیسکۆبار وه‌ک ده‌وله‌منترین قاچاخچیی مێژووی مرۆڤایه‌تی ناسراوه که سه‌رمایه‌که‌ی بۆ ساڵی 2018 به 48 تا 58 ملیار دۆلار هاتە خەمڵاندن! ئه‌و له نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی بیستدا ده‌ژیا و له ساڵی 1993 له ئۆپه‌راسیۆنێکی هاوبه‌شی ئه‌مەریکا و چه‌ند لایه‌نێکی تردا کوژرا! له‌و ساڵانه‌دا ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کان به ده‌ست کارتێله بازرگانییه‌کانی ماده‌ی هۆشبه‌ری مه‌کسیک و کۆلۆمبیاوە گیری خواردبوو، ئه‌م بابه‌ته بوو به مۆته‌که‌ی سه‌ری ئه‌مەریکا و دانیشتوانه‌که‌ی.
وه‌ک له سه‌ره‌وه ئاماژه‌م پێ دا، به‌کارهێنانی ماده هۆشبه‌ره‌کان ته‌نیا چینێک له چینه‌کانی کۆمه‌ڵگە ناگرێته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر کام له‌م چینانه به شێوه‌ی جیاواز و بۆ مه‌به‌ستی جیاواز به‌کاری دێنن و به گوێره‌ی پله‌ی چینایه‌تییان لیکه‌وته‌ی جیاوازی ده‌بێت بۆیان. ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسیاره قوت بکه‌ینه‌وه و له‌سه‌ری ههڵوەسته بکه‌ین: بۆچی مرۆڤ له هه‌موو پله و چینه‌کان ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی هه‌یه تووشی ماده‌ی هۆشبه‌ر بێت؟ یاخۆ بۆچی به گشتی مرۆڤ ئاره‌زووی بۆ ماده‌ی هۆشبه‌ر هه‌یه؟ ئه‌وکات ده‌توانین تێبگه‌ین ماده‌ی هۆشبه‌ر چه‌نده مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه و گشتگیربوونی هه‌یه.
زیگمۆند فرۆید ده‌روونناسی به‌ناوبانگ و نه‌مر له کتێبی "بنه‌مای چێژ"دا ده‌ڵێت: هیچ مرۆڤێک ناتوانێت چێژ و چێژویستن ڕه‌ت بکاته‌وه، ته‌نانه‌ت دینه‌کانیش کاتێک داواتان لێ ده‌که‌ن چێژپهرهست نه‌بن، خۆیان واده و به‌ڵێنی چێژی تر له دنیایه‌کی دیکه ده‌ده‌ن. كەواتە خواستی چێژ له مرۆڤدا خواستێکی حاشاهه‌ڵنه‌گر و به‌هێزه، ئه‌مه‌یش ته‌نیا به‌مانای چێژویستی و چێژپه‌رستی نییه، به‌ڵکو به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان چێژ ئه‌ودیو دراوی ئازار و ڕه‌نج و سه‌ختی و ده‌رد و خه‌مۆکی و هه‌موو ئه‌و شتانه‌یه که مرۆڤ له بوون و ژیانیدا وه‌ک شتێکی ناخۆش ئه‌زموونی ده‌کات. واته چێژپه‌رستی ته‌نیا تامکردنی چێژ نییه، به‌ڵکوو هه‌ڵاتنه له ئازاریش!
ئه‌مه ئه‌گه‌ر پێناسه‌یه‌کی تا ئاستێك ته‌واو بێت بۆ بابه‌تی چێژ، ئه‌وا شێوازه‌کانی تامکردنی چێژ ده‌توانێت هه‌م داهێنه‌رانه بێ و هه‌میش کاره‌ساتاوی. بۆ نموونه، چێژوه‌رگرتن له مۆسیقا مرۆڤ به‌ره‌و هونه‌ر ڕاده‌کێشێت و به ده‌روونی ئۆخژنی ده‌به‌خشێت و ئه‌گه‌ر مرۆڤه‌که تۆزێک هه‌وڵ بدات و بڕێک وزه‌ی داهێنه‌رانه‌ی تێدا بێت، ئه‌وا ده‌بێت به هونه‌رمه‌ندێک که هه‌م خۆی چێژ له هونه‌ره‌که‌ی وه‌رده‌گرێت و هه‌میش چێژه‌که‌ی له‌گه‌ڵ گوێگر و به گشتی کۆمه‌ڵگە هاوبه‌ش ده‌کات و وه‌ک شتێک یان یادگارییه‌کی مرۆیی له مێژوودا ده‌مێنێته‌وه و به‌ره نه‌مریی و مانه‌وه هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت. ئه‌مه بۆ شاعیر، ئه‌دیب، چیرۆک‌نووس و ئه‌کته‌ر و به‌گشتی هه‌ر شتێک له‌گه‌ڵ هونه‌ردا سه‌روکاری هەبێت، ڕاسته.
ئه‌مه ئاڕاسته نۆرماڵ و باوه‌که‌ی ئه‌زموونکردنی چێژه، به‌ڵام چێژ له ئاڕاسته ئاڵۆز و ناباوهکهیدا ده‌بێت به پرسگر و کێشه، ئه‌ویش له حاڵهتگەلێكدا که که‌سه‌کان چێژ وه‌ک بابه‌تێکی جه‌سته‌یی تاکه‌که‌سی ببینن. واته بازرگانێکی ده‌ستڕۆیشتوو وا بیر ده‌کاته‌وه که به ڕاده‌ی خۆی سه‌رمایه و سامان و ژن و منداڵ و خێزانی هه‌یه و ده‌شێت ئه‌و چێژه‌ش تاقی بکاته‌وه /بێگومان له‌ژێر کاریگه‌ریی و به‌هۆی پێوه‌ندییه به‌ربڵاوه‌کانی ئێسته و جیهانی ئه‌مڕۆ و هه‌روه‌ها ده‌سه‌ڵاتی کۆریدۆری بازرگانیی جیهانیی ماده‌ی هۆشبه‌رەوە/، کاتێک ئه‌م چیژه تاقی ده‌کاته‌وه، ورده ورده سه‌روماڵی تێدا ده‌چێت و ده‌بێت به کاره‌سات، چونکه چێژی ماده‌ی هۆشبه‌ر ته‌نیا بۆ ماوه‌یه‌کی کورت هه‌ستی پێ ده‌کرێت و پاش ئه‌وه ده‌بێت به ئازار و مۆته‌که‌یه‌ک که له گیانی مرۆڤ ده‌ئاڵێت و له کۆڵبوونهوهی ئاسان نابێت.
ئه‌مه بۆ سیاسی و ئه‌دیب و کرێکارێکیش هه‌ر ڕاسته، ڕه‌نگه ئه‌دیب یان سیاسییه‌ک به‌پێی لۆجیکی دۆخ و شوێنگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی، ده‌رفه‌تی گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌بێت، به‌ڵام بۆ چینی خواره‌وە به تایبه‌تی کرێکار و هه‌ژاران، ئه‌مه ڕێی مه‌رگه.
وه‌ک له سه‌ره‌وه وتم، هه‌موو چینه‌کان ده‌توانن تووشی ببن، له‌مسه‌ره‌وه چینی هه‌ژار و له‌وسه‌ریشه‌وه چینی ده‌ستڕۆیشتوو و زه‌نگین، به‌ڵام مه‌ترسیی گه‌وره بۆ سه‌ر کۆمه‌ڵگە زیاتر له‌سه‌ر چینی ناوه‌ڕاست خۆی ساغ ده‌کاته‌وه که له زۆربه‌ی کۆمه‌ڵگەکاندا زۆرینه‌ن و مه‌کینه‌ی گۆڕانکاریی و هێزی زیندوو و چالاکی کۆمه‌ڵگەن، خهسارکهوتن لەم چینه هیچ ئومێدێك بۆ کۆمه‌ڵگە ناهێڵێته‌وه و هه‌موو جه‌مسه‌ره‌کانی کۆمه‌ڵ له ماوه‌یه‌کی درێژخایه‌نی نێوان پێنج تا 10 ساڵدا له‌ناو ده‌بات. ڕاسته چینی ناوه‌ڕاست شوێنگه‌یه‌کی مامناوه‌ندی هه‌یه، به‌ڵام گه‌نجێکی سه‌ر به‌م چینه ئه‌گه‌ر بێکاریش بێت، هه‌ر هه‌ژار نییە و کاتێک ئالووده‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌بێت، داهاتوویه‌ک به ناوی خێزان و ماڵبات له دنیای ئەودا ون ده‌بێت و به خه‌یاڵیدا نایه‌ت، ئه‌مه مهترسییەكەی سەر کۆڵه‌که سه‌ره‌کییه‌که‌ی کۆمه‌ڵگەیه.
دیاره لێره‌دا مه‌به‌ستمه جۆری مه‌ترسییه‌که بۆ سه‌ر چینه جیاوازه‌کان ڕیزبه‌ندی بکه‌م، ئه‌گینا ماده‌ی هۆشبه‌ر بکه‌وێته هه‌ر وڵات و ناو هه‌ر کۆمهڵگەیهکەوە، ژه‌هر و ماده‌یه‌کی ئه‌تۆمیی کوشنده‌یه که گه‌ڕانه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگە بۆ رێگە ڕاستەكەی ئه‌سته‌م ده‌کات.
ئه‌مانه هه‌موو له لایه‌ک، له‌لایه‌کی ترەوە ئالووده‌بوون به ماده‌ی هۆشبه‌ر هاوتایه لەگەڵ دهسشۆردن له هه‌موو به‌ها و نۆرم و تێڕوانینه باوه‌کانی کۆمه‌ڵگە و مرۆڤ، که‌سێک که ئالووده‌ی ماده‌ی هۆشبه‌ر بێت بۆ په‌یداکردنی ئه‌و ماده‌یه سڵ له فرۆشتن و مه‌زادكردنی ژن و کچی خۆیشی ناکاته‌وه، سڵ له کوشتن ناکاته‌وه، تێکه‌ڵی کۆمه‌ڵێک کاری نادروست و تاوانی قهرهبوونەكراو ده‌بێت، تێکه‌ڵی تاوانی ڕێکخراو و باند و مافیابازی ده‌بێت، له دواجاریشدا مه‌رگ چاوه‌ڕوانی ده‌کات.
کوردستان وڵاتێکی ده‌ڵه‌مه‌یه به نیسبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی ساڵانێکه سه‌ربه‌خۆن و پلان و ستراتیج و سوپا و کیان و شوناسی سه‌ربه‌خۆ و پارێزراوی خۆیان هه‌یه، ئه‌م وڵاتانه‌یش هه‌ر تووشی ئالنگاری و قه‌یران و مه‌ترسییه دەبنەوە، چ بگات به کوردستانێک که ڕۆژێک به‌غدا پلانی بۆ داده‌نێت، ڕۆژێک ئێران و تورکیا و ڕۆژێک زلهێزه‌کان پشتی تێده‌که‌ن. ئه‌مه پێمان ده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئێمه ناوه‌ندی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌ره‌نگاریمان دژی ئەو مه‌ترسییە کوشنده و ماڵوێرانکهرە نه‌بێت، ئاسانتر له هه‌موو وڵاتانی دنیا و ده‌وروبه‌ر کیان و کۆمه‌ڵگەکه‌مان ده‌که‌وێته مه‌ترسییه‌وه.
ڕۆژانه ده‌خوێنینه‌وه که له سنووره‌کانی کوردستان کۆمه‌ڵێک قاچاخچیی ماده‌ی هۆشبه‌ر به کریستاڵ و تریاك... له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه ده‌گیرێن، به‌ڵام ئه‌مه به‌س نییه و ته‌نیا کاری ئاسایش نییه، به‌ڵکوو هه‌ره‌وه‌زییه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، کولتووری، نیشتمانی و مرۆیی له هه‌موو ئاسته‌کاندا پێویسته، با ئه‌وه‌ش له بیر نه‌که‌ین له‌ناو کۆمه‌ڵگەی کوردستاندا هیوادارخوازی ئاستێکی به‌رزی نییه.