یەكەم/ هەڵبژاردن و بە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگە
دیموکراسی و هەڵبژاردنیش وەک رۆحی دیموکراسی، ئەگەرچی لە یۆنانی کۆن و دایکی دیموکراسی لە دایک بووە و گەشەی کردووە، بەڵام لە دنیای ئێستەدا بووەتە یەکێک لە پێداویستییەکانی تاک، گرووپە کۆمەڵایەتییەکان، کۆمەڵگە و سیستمی حکومڕانی بەشێوەیەکی گشتی. ئەمڕۆ بۆ هەڵسەنگاندن و پێوانەکردنی هەر سیستمێکی سیاسی و حکومڕانی لە جیهاندا، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ پرسی هەڵبژاردن و شێوازی بەڕێوەچوون و چۆنیەتی پرۆسەكە و دداننان بە دەرەنجامەکانیدا وەک بەشێکی گرنگ و دانەبڕاو لە پڕۆسەی گەشەپێدانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت ئابووریش. بە تایبەت کاتێک هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد و دادپەروەرانەیە Free and fair election و دەرەنجامەکانی دەبنە بنەمای دووبارە دابەشکردنەوەی هێز و بەها و هاوکێشەکان لە کۆمەڵگەدا.
ئەمڕۆ لە جیهاندا هەموو ئەو یەکە سیاسی و ئەکتەرە سیاسییانەی لەسەر نەخشەی سیاسی و دبلۆماسی پێگە و رۆڵیان هەیە و لە ڕووی دبلۆماسییەوە بەرزن و لە جڤاتی نێودەوڵەتیدا وەک خاوەن سەنگ و هێز مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، ئەوانەن کە پابەندن بە پڕۆسەی دیموکراسی و لەناویشیدا هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد و یەکلاکردنەوەی ململانێکان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە، وەک ئامرازێکی مەدەنی و شارستانی بۆ گەیشتن بە بنەماکانی حکومڕانی باش لە لایەک، تازەکردنەوەی شەرعیەتی سیستمی سیاسیش لەلایەکی ترەوە.
دیارە بۆ ئەو وڵات یان یەکانەی لە قۆناغی بنیاتنانی ئاشتیدان و لە قۆناغی دووبارە بوژاندنەوەی کۆمەڵگە و راگواستندان، بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا، رۆڵێکی یەکجار گرنگ و یەکلاکەرەوە دەبینێت بۆ دروستکردنی زیاتری متمانە لە نێوان هاووڵاتی و هێزە سیاسییەکاندا و لە نێوان کیان و دەوڵەتەکە لەگەڵ دنیای دەرەوەی خۆی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. لێرەوە هەڵبژاردن دەبێت بە تاکە کەناڵی پێوەندی و دروستکردنی متمانە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و جیهانی دەرەوە.
دووەم/ هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردن
هەرێمی کوردستان لە دوای راپەڕینەوە لە قۆناغی بە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگە و بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چوونە ناو پڕۆسەی دیموکراسی و داڕشتنی پایەکانی دیموکراسییە. دیارە هەڵبژاردن یەکێکە لە پێدراوە بەهێزەکان بۆ چوونە ناو پڕۆسەی دامەزراوەسازیی و بەدەستهێنانی پاڵپشتی نێودەوڵەتی و وڵاتە زلهێزەکانی ئەمڕۆی ناو سیستمی سیاسی جیهانی.
لە دوای رووخانی یەکێتی سۆڤیەت و دیواری بەرلین و گۆڕانی سیستمی سیاسی جیهانی لە جووتجەمسەرییەوە بۆ تاکجەمسەری، دوو دیاردە لە وڵاتانی دوای کۆمۆنیزم و دوای کۆلۆنیالیزم بوونە پێداویستییەکی هەرە سەرەکی و بنەڕەتی، ئەوانیش:
یەکەم، بە دیموکراتیبوونی کۆمەڵگە لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە.
دووەم، خۆگونجاندن لەگەڵ بەها و بنەما تازەکانی سیستمی نوێی جیهان کە خۆی لە دیموکراسی، رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکاندا دەبینێتەوە.
دیارە ئەم بنەمایانە بۆ دووبارە داڕشتنەوەی ئەو کۆمەڵگەیانەن کە لەژێر ستەمی رژێمە دکتاتۆر و ستەمکار و تۆتالیتارەکاندا دەربازییان بووە و چوونەتە ناو قۆناێکی تازەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە.
هەرێمی کوردستان، لە دوای رووخانی سۆڤیەتەوە، دەرفەتی ئەوەی هەبوو بگات بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ستاتۆیەکی دیفاکتۆ بۆ خۆی بنیات بنێت و سیستمی سیاسی نێودەوڵەتی و ئەکتەرەکانی ناویشی پارێزگارییان لێ کرد و پەناگەیەکی ئارامیان دروست کرد، بۆ ئەوەی بتوانن وەک ستاتۆیەکی ریزپەڕ بمێنێتەوە و درێژە بە ژیانی سیاسی خۆی بدات.
هەڵبژاردن یەکەم قۆناغی بناتنانی هەرێمەکە بوو لە ساڵی 1992، بەمەش ناسنامەیەکی تایبەتی بۆ خۆی دیزاین کرد، بۆ پارێزگاری لەو ستاتۆ و وێنەیە، هەڵبژاردن جارێکی تر باشترین دەرفەتە بۆ بەهێزکردن و پاراستنی هەرێمەکە لە هەڕەشەکان.
سێیەم/ تازەکردنەوەی شەرعیەتی سیاسی
سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆژی 25ی شوباتی 2024ی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری كردووە و بڕیار وایە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی بکات و بەڕێوەی ببات. ئەگەرچی کۆمسیۆن خۆی لە سەرەتای ساڵدا وادەکەی تەواو دەبێت، بەڵام کۆدەنگییەک هەیە تەمەنی درێژ بکرێتەوە و ئەم بۆشاییە یاساییە چارەسەر بکرێت.
ناوەندە دبلۆماسییەکانی وڵاتان لە هەولێر و بەغدا، بەتایبەت کونسولگەی ئەمەریکا، بەریتانیا، باڵیۆزی یەکێتی ئەوڕوپا لە بەغدا و کونسولگەی هۆڵەندا لە هەولێر، پێشوازییان لەو هەوڵە کرد و دووپاتیان کردەوە کە هەڵبژاردن بۆ هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی یەکجار دروست و لە پێشینەیە.
دیارە دوو ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بەریتانیا و ئەمەریکان. هانی هەرێم دەدەن بۆ هەڵبژاردن وەک سەرەتایەکی تازە بۆ نوێکردنەوەی شەرعیەتی سیاسی و یەکلاکردنەوەی ناکۆکیی و ململانێکان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە کە پێداویستی و ئاماژەیەکی بە نرخە بۆ بە دیموکراتیبوونی کۆمەڵگە و دەربازبوون لە کێشەکان.
هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پاڵپشتیان بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، دوو مانای بنەڕەتی دەبەخشێت:
یەکەم، هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی فیدڕاڵ لە عێراق و ناوچەکە، جگە لە هەڵبژاردن و قووڵکردنەوەی پڕۆسەی دیموکراسی و دامەزراوەسازیی، هیچ رێگە و بژاردەیەکی تری نییە و دەبێت ببێت بە هەرێمێکی جیاواز و دەستپێشخەر بۆ ئەم مەبەستە.
دووەم، هەرێمی کوردستان بەپێی پێگە جیۆسیاسی و ئابوورییەکەی، نابێت بەدوا بکەوێت و پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی دوا بخات، بەڵكوو دەبێت کەناڵی هەڵبژاردن و دیموکراسی ببێت بە سەرچاوەی یەکلاکردنەوەی ململانێکان و کۆتاهێنان بە ناکۆکی و تەنگژەکان.
هەڵبژاردن یەکێکە لە کارە لە پێشینەکان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی کوردستانیش دەتوانێت لە ڕێگەیەوە وەبەرهێنانی سیاسی خۆی پێ بکات.