چاوپیسی و ئیرەیی لە نێوان راستی و ترسدا

PM:01:26:12/08/2023 ‌
بەو پێیەی كۆمەڵگەی كوردی كۆمەڵگەیەكی مسوڵمانە، تا ئەم ساتەیش زۆر لە بیروباوەڕە كۆنە كۆمەڵایەتییەكان وەك خۆیان ماونەتەوە، بۆیە سەرنج دەخەمە سەر بابەتێكی گرنگی گۆمەڵگەكەمان كە ئاوێتەیەكی بیروباوەڕە كولتووری و ئاینییەكانە، ئەویش "چاوپیسی و حەسوودی/ئیرەییە"، لە نێوان ڕاستی و ترسێكدا كە لە قەبارەی خۆی گەورەتری كردووە، ئەم چەمكانە لە باوانمانەوە نەوە دوای نەوە گوازراونەتەوە و پێشکەوتنی شارستانیەت و گەیشتنی تەکنەلۆجیایش بە تاك بە تاكی هاووڵاتییان، نەبووەتە هۆی کاڵبوونەوەی ئەم بیركردنەوانە، بگرە لەگەڵ بەرەوپێشچوون و زیادبوونی دەسکەوتەکانی مرۆڤ و ئەقڵ لەم سەردەمەدا لەچاو سەدەکانی ڕابردوو، ترس لە نەفەسی و چاوی پیس زیاتر بووە، واتە لەگەڵ ئەوەی دەسکەوتەکانی مرۆڤایەتیی گەورەتر دەبن، ترسەکەیش گەورەتر دەبێت.
 
هۆکارێکی تر کە زیاتر ئەم باسەمان لا زەق دەکاتەوە، بیروباوەڕە ئاینییەکانە، لە قورئاندا لە چەند ئایەتێک و حەدیسیشدا كاریگەریی "چاوپیسی" ددانی پێدا نراوە، بەڵام ئەو دەقانە ئاگادارمان دەکەنەوە لە بوونی بابەتێکی وەها و داوای خۆپارێزی دەکەن، نەك ئەوەی هەمیشە لە ترسێکی گەورەدا بژین بەرانبەریان.

حەسوودی/ئیرەیی: بریتییە لە نیاز یان حەزێک کە کەسی حەسود پێیخۆشە کەسی بەرامبەر ئەو شتە باشانەی خاوەنیەتی نەیمێنێت، جا هەر شتێک بێت لە ماڵ، سامان، تەندروستی، منداڵ و خێزان، تەنانەت کەسی حەسود ئیرەیی بە کارە باشەکانی بەرامبەرەکەی دەبات هەتا ئەگەر چاەكەی لەگەڵ خۆیشی بكات، بەڵام پێویستە ئەوە ڕوون بێت كە ئیرەیی لە سروشتی هەموو مرۆڤێکدا هەیە و ئەوە مرۆڤەکانن لە دەروونیاندا سەرکوتی دەکەن یان گەشەی پێ دەدەن، بەڵام کە ئیرەیی گەیشتە سنوورێک کەوا حەز بکات لە هەموو کەس باشتر و لە هەموو شتێکدا باشترین بێت، ئیتر کوشندەیە و بەرەو ڕق و کینە سەر دەکێشێت و یەکەم کەس زیان بە خۆی، پاشان دەوروبەرەکەی دەگەیەنێت، بەوەی دەروونی وێران دەکات و خۆشبەختی لە دەستی خۆیدا نامێنێت و لە گەشەکردنی دەوەستێنێت، چونکە ئیرەکار/حەسود ئەوەندە سەرقاڵە بە ژیانی ئەوانیتر و بەراوردی خۆی و ململانێی ناوەكی، دەرفەتی تێڕامان لە خۆی و هەوڵدان بۆ ژیانێکی ماناداری نابێت . 

بەپێی زانستی دەروونزانی و توێژینەوە زانستییەكان و تەنانەت هەندێك كات ئەزموونی ژیانی خۆیشمان لە مامەڵەكردنمان لەگەڵ كەسانی حەسوود، تێدەگەین ئیرەییكارەكان بەهۆی ئەزموونی تاڵی ڕابردوویانەوە چ لە خۆبەراوردكردن، هەستكردن بە كەمیی خۆیان و ڕێزنەگرتنیان وەك پێویست یان كەمتوانایی، تا ئەوەی دەرفەت نەدراوە خۆیان بسەلمێنن لە تەمەنێكدا كە خۆسەلماندن بۆ گەشەی سروشتی كەسایەتی پێویستە، یان هۆكاری تر، وایكردووە ڕق و ئیرەییەكی لە ناخیاندا گەشە بكات.

بەهۆی ئەوەی ئیرەیی هەڵگری ڕقوكینەیە، وزەی خۆشەویستی بەتاڵ دەكاتەوە، بۆیە باشترین ڕێ بۆ ئەوەی ڕقی كەسی حەسوودمان بۆ نەگوازرێتەوە و وزەی خۆمان لەو كەسانەدا بەفیڕۆ نەدەین، ئەوەیە دوور بكەوینەوە لە بەركەوتنیان، لە بارودۆخی پێویستدا نەبێت، چونكە كەسی حەسوود تا باشتر و جوانتر مامەڵەی لەگەڵ بكەیت، ئازاری زیاتری پێ دەگات و حەز دەكات باشییەكان هی خۆی بن. 

چاوپیسی: بوونی سەرنجی زۆری كەسی چاوپیسە بۆ سەر شتێك كە بەلایەوە باش و ناوازە و گەورەیە، رەنگە حەسوودیشی پێ نەبات، بەڵام چاوی لە دوایەتی و هەیە تووشی هەر زیانێك ببێت، دەیبەستێت بەو كەسەوە كە خراپ سەیری كردووە، یان لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكاندا گرووپەكانی خەڵك بڕیاریان لە كەسێك داوە كە چاوی پیسە. ئیتر ئەمە بەسە بۆ رەتكردنەوەی كەسەكە و خۆشاردنەوە لێی، هەروەها جۆرێك لە نەفرەتی راگەیەنراو بەرانبەری دروست دەبێت كە زۆرجار ئەوەندە زەق دەبێتەوە كەسەكە خۆیشی هەستی پێ دەكات.

لێرەدا بۆ ئەوەی باسەكە بەو ئاراستە نەكەوێتەوە كە من پشتیوانی دەكەم یان دژیم، ئەرکمە هەردوو دیوی بابەتەکە بخەمە ڕوو، دیوی یەکەم سەرچاوەکانە کە بەپێی زانستی دەروون ئیرەیی بابەتێکی سەلمێنراوە و لە دەقە ئاینیەکانیشدا چاوپیسی باس کراوە، بەڵام دیوی دووەم ئەو نموونانەن كە ڕۆژانە دەیبینین چەندان کەسی سەرکەوتوو خاوەن دەسکەوت هەن هەرگیز بیر لە چاو ناکەنەوە و لەسەر ڕێڕەوی ژیانێکی جێگیر و باش بەردەوامن.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەندان کەس هەن باوەڕی پتەویان بە چاوپیسی هەیە و هەمیشە لە شاردنەوەی بچووکترین دەسکەوتیشدان و ترسیان لە مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵک زۆرە و بووەتە بەشێك لە ژیانیان، بەڵام تا دێت بێ دەسکەوتتر و لە دواترن، (تەنیا ئەوەیە شکستەکانیان دەخەنە ئەستۆی خەڵک) بۆیە ڕەنگە ترسی زیاد لە پێویستی خەڵک لە چاوپیسی و ئیرەیی، جگە لەوەی سەرچاوەکەی دنیابینییەك بێت کە لە ڕێگەی کۆمەڵگە و ئاین و خێزانەوە چەسپاوە لە نەستماندا و بووە بە فۆبیا، لەگەڵ ئەوەیشدا بووەتە دەرمان بۆ هەندێک کەس كە تەمبەڵی و شکستەکانی خۆیان دەدەنە پاڵ چاو و نەفەسی ئەوانیتر، لە کاتێکدا هەڵەکە خۆیانن. بۆیە پێویستە بابەتەکان وەک خۆی وەربگرین و هەمیشە بیرمان لای ژیان بێت نەك هیچیتر، چونكە بۆ هەر کێشە و خوویەکی خراپ چارەسەرێک هەیە، كەواتە با خۆمان نەخەینە ژێر باری ترسێکی گەورەکراو کە لە راستیدا دروست كراوە و لە چاوپیس و حەسوودەكە زیانبەخشتر و کوشندەترە بۆ كەسایەتیی و ژیانمان.