عێراق و رێگەی گەشە

PM:01:14:19/08/2023 ‌
یەكەم/ بیرۆکەی پڕۆژەکە
پڕۆژەی رێگەی گەشە وەک پڕۆژەیەکی جیۆپۆڵەتیکی دەردەکەوێت، دەیەوێت کەنداوی عەرەبی بە تورکیاوە ببەستێتەوە. بە مانایەکی تر، گرێدان و بەستنەوەی ئاسیا بە ئەوڕوپاوەیە. تێچووی پڕۆژەکە 17 ملیار دۆلارە و لە ساڵی داهاتوودا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا ساڵی 2050 بە سێ قۆناغ تێدەپەڕێت و دوا قۆناغی تەواو دەبێت و بە ئامانجی خۆی دەگات. 

دیارە لە چوار ساڵی یەکەمدا کار بۆ گواستنەوەی ملیۆنان کاڵا و کەلوپەل لەو رێگە جیۆسیاسی و جیۆپۆڵەتیکییەوە دەكرێ کە بە چەندان ناوچەی جیاواز، نەتەوەی جیاواز، کولتوور و ئاین و جیۆگرافیای جیاوازدا تێدەپەڕێت، ئەمەیش سەنگ و گرنگی و بایەخی پڕۆژەکە هێندەی تر زیاتر دەکات و مانای سیاسی و ئابووری زیاتری پێدەبەخشێت. 

پێدەچێت پڕۆژەکە لە ڕواڵەت و ناوەڕۆکدا لە پڕۆژەی ئاوریشم (یەک پشتێنە و یەک رێگە)ی کۆماری چینی میلی بچێت، بەڵام بەشێوەی تر و لەلایەن ئەکتەری ترەوە کە عێراق و سوریا و تورکیایە. ئەندازە و نەخشەی پڕۆژەکە سەرەتا لە پارێزگای بەسڕەوە دەست پێ دەکات و دواتر بۆ بەغدا دەچێت و ئینجا مووسڵ و دواتریش بە خاڵی کۆتایی دەگات کە تورکیایە. 

ئەم شێوە ئەندازە و نەخشەکێشانە زیاتر لە نەخشەی سەردەمی ئیمپڕاتۆری و سیستمی ویلایەتەکانی ئەوکاتی دەوڵەتی عوسمانی دەچێت، بە تایبەت کاتێک عێراقی ئەوکات بەسەر هەر سێ ویلایەتی بەسڕە و بەغدا و مووسڵدا دابەش کرابوو و وەک یەکەی کارگێڕی ناو دەوڵەتەکە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا. دیارە تورکیا ئەم جۆرە پڕۆژەیە وەک بەشێک لە یادەوەری و میراتی دەوڵەتی عوسمانی دووبارە بیری هەمووان دێنێتەوە و یادگارییەکە هەمووانی لێ ئاگەدار دەکاتەوە، سەرەڕای بایەخ و گرنگە ئابوورییەکەی بۆ تورکیا کە بەردەوام پێویستی بە بازاڕێکە بۆ ساغکردنەوەی کاڵا و بەرهەمەکانی.

دووەم/ عێراق و پڕۆژەکە 
دەوڵەتی عێراق ماوەیەکە دەستی بە جووڵە کردووە بۆ گەڕاندنەوەی پێگە دبلۆماسی و سیاسییەکەی، بەڵام پێناچێت وا ئاسان و بەبێ هیچ تێچوو و نەخشەڕێگەیەکی درێژخایەن بتوانێت بگەڕێتەوە ناو سیستمی سیاسیی هەرێمی و وەک ئەکتەرێکی سەربەخۆ سیاسەت و ستڕاتیجی خۆی دابڕێژێت و پێگە و بەها سیاسییەکەی بەدەست بێنێتەوە، بە تایبەت کاتێک لە نێوان دوو هێزی گەورەی هەرێمی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری تورکیادا خەریکە ساندویچ دەکرێت و قووت دەدرێت و هەموو دەرگاکانی بەسەردا دادەخرێت. 

تورکیا ئێستە کۆمەڵێک کارتی گوشاری بەدەستەوەیە بۆ گەمارۆ و دەورەدانی عێراق، لەوانە کارتی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان، وزە و نەوت و بەندەرەکانی و ... هتد، دیارە سیاسەتی دەرەوە و ناوەوەی عێراق هێشتا ناتوانێت لە ئاستێکدا بێت كە بتوانێت خۆی لە بەرانبەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بگرێت و بەرگەی گوشارەکانی بگرێت، چونکە گوشارەکان بە تەنیا لەلایەن تورکیاوە ئاڕاستە ناکرێن، بەڵکو گوشاری تری وڵاتانی وەک ئێران، هەندێکجار سعوودیە و ئەمەریکاش دەبن بە سەرچاوەی گوشار و نادڵنیایی و تەنانەت دروستبوونی هەڕەشە بۆ سەر دەوڵەت و کۆمەڵگەی عێراقی. 

پڕۆژەی گەشە ئەگەر لەلایەکەوە بۆ عێراق سودێکی هەبێت، لەلایەکی ترەوە دەبێتە ئامرازێکی خێرا بۆ گواستنەوەی کاڵا و کەلپەلی تورکی بۆ بازاڕی عێراقی و بە بەرخۆرکردنی زیاتری دەوڵەتی عێراق و کۆمەڵگەکەی. دیارە ئەم دۆخە سیمای هەموو دەوڵەتێکی کرێخۆر و ئابووری بنیاتنراو لەسەر نەوتە کە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات کە نەوتە دەبەستێت و درێژە بە سیستمە سیاسییەکەی خۆی دەدات. 

سێیەم/ رێگەی گەشە بەبێ هەرێمی کوردستان 
وا دیارە ئەم رێگەیە بەبێ هەرێمی کوردستانە، واتە بەهۆی کۆمەڵێک مەبەستی دیار و شاراوە، هەرێمی کوردستان خراوەتە دەرەوەی پڕۆژەکە و بە هیچ شێوەیەک بەلایدا تێناپەڕێت، ئەگەرچی دەکرا زۆر بە ئاسانی پڕۆژەیەکی لەمشێوەیە بە هەرێمی کوردستان و جیۆگرافیا و خاکەکەیەوە ببەسترایەتەوە و بەهایەکی زیاتر و گرنگتری بە پڕۆژەکە بدایە، بە تایبەت پێگەی جیۆئابووری کوردستان کە ناوچەکانی مووسڵ و بەغدا لەلایەک و تورکیا و عێراق لەلایەکی ترەوە، بە یەکتر دەبەستێتەوە و رۆڵی تڕانزێت و تێپەڕ لە نێوانیاندا دەبینێت و دەگێڕێت، بەڵام عێراق و بڕیاردەرانی بەغدا، بە مەبەست و ئامانجی سیاسی هەرێمی کوردستانیان خستووەتە دەرەوەی ئەم بەرنامە و ژێرخانە جیۆستراتیجییە گرنگ و پڕبایەخە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە کە دەکرێت بەمشێوەیەی خوارەوە ئاماژەیان پێ بکەین: 

یەکەم، بەغدا وا بیر دەکاتەوە کە بەشداری هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژەیە و رۆڵە کاریگەرەکەی، دەبێتە هۆی بە دەستهێنانی رەگەزەکانی هێز و باڵایی و کۆکردنەوە و گلدانەوەی هێزی زیاتر، بەهۆی ئەوەی زاڵتر دەبێت و زیاتر دەبێت بە خاوەن پانتایی بازاڕ و ئابووری و تەوەرێکی بازرگانی و لە ڕووی داهات و باج و گومرگەوە بەهێزتر و دەوڵەمەندتر دەبێت، بەغداش ئەمە بە مەترسی بۆ سەر خۆی و کیان و بازاڕ و ناوکی پڕۆژەکە دادەنێت. 

دووەم، بەغدا دەیەوێت بەبێ هەرێمی کوردستان بگات بە تورکیا و پێوەندییەکانی خۆی بەردەوامی پێ بدات، ئەمەیش وەک مانا و ئاماژەیەک بۆ گەیشتن بە دەریا و تورکیا و بەندەرە بازرگانییەکانی بە تایبەت لە پرس و دۆسیەی وزە و نەوت و قەبارەی بازرگانیدا. ئەم پەیامە زیاتر گوشارە بۆ ئەوەی هەرێم لە پرسی دانوستان و دبلۆماسی و دنیای دەرەوەی خۆی، لاواز بکات و لە جووڵەی بخات و لەلایەکی تریشەوە قووڵکردنەوەی بابەتی ناوەندگەراییە لەلایەن عێراقەوە کە ماوەیەکە بە چڕی کاری بۆ دەکرێت لەلایەن هێزە سیاسییەکانی عێراقەوە.