لێکه‌وته و کاریگه‌رییه‌کانی ڕیفراندۆمی گشت‌پرسیی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان تا ئێسته‌یش له‌لایه‌ن دژبه‌رانه‌وه ڕووبه‌ڕووی هێز و ئیراده ڕه‌سه‌نه‌که‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازی ده‌بێته‌وه، هه‌ر به‌م هۆیه‌وه گه‌وره‌ترین دژبه‌ری سه‌ربه‌خۆیی و ڕزگاریی کوردستان، واته کۆماری ئیسلامیی ئێران، به پلان و پیلان له هیچ تەڵەنانه‌وه و گێره‌شێوێنییه‌ک سڵ ناکاته‌وه. هه‌ر له‌و سه‌ره‌تایه‌وه بگره که بڕیاری ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتیی بارزانی ده‌رچوو، تا ئێسته‌یش، له ڕێگه‌ی هێزه چه‌ته و میلیشیاکانی حه‌شدی شه‌عبی و عه‌سایبی ئه‌هلی حه‌قه‌وه گوشار ده‌خه‌نه سه‌ر کورد له شاری که‌رکووک و ئارامیی و سه‌قامگیریی ئه‌و شاره.
ئه‌مه‌ی که کۆمه‌ڵێک لایه‌نی دژبه‌ری کورد حه‌ز ناکه‌ن پارتی به‌شێوه‌ی شۆڕشگێڕانه و ڕه‌سه‌نی خۆی له که‌رکووک ئاماده بێت، ده‌رئه‌نجامی چه‌ندان شته: یه‌که‌میان ئه‌وه‌یە پارتی له‌سه‌ر مافه‌کانی کورد سازش ناکات، ئه‌گینا ده‌یان باره‌گای یه‌کێتی هه‌ر له پاڵ باره‌گا چۆڵه‌کانی پارتیدان و بچووکترین گرفتیان بۆ نایه‌ته پێش.
دووه‌م، ئه‌وه‌یه که ده‌ریده‌خات ئه‌و شاره هیچ گوتارێکی کرده‌کی کوردی و کوردستانیی تێدا زاڵ و باڵاده‌ست نییه و ئه‌وه‌ی هه‌یه به ده‌ستی میلیشیا شیعه‌کان و به تایبه‌تی حه‌شدی شه‌عبی که ئامێر و دارده‌ستی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه، به‌ڕێوه ده‌برێت. واته وه‌ک برایانمان له یه‌کێتی ده‌فه‌رموون، به‌ڵێ که‌رکووک شارێکی ئارامه، به مه‌رجێک که‌س فزه‌ی لێوه نه‌یه‌ت و به‌رگریی له ماف و شوناسی دانیشتوانی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و شاره و کوردستانیبوونی نه‌کات!
سێیه‌م، ئه‌وه‌یە که پارتی وه‌ک هێزی تێکده‌ری هاوسه‌نگیی نادادپه‌روه‌رانه و زاڵمانه و هه‌روه‌ها کاریگه‌ر و بگۆڕ داده‌نرێت، بۆیه ئاماده‌بوونی له که‌رکووک به کۆماری ئیسلامیی و حه‌شد قووت نادرێت!
چواره‌م، ئه‌و دۆخه‌ی کۆمه‌ڵێک چه‌ته‌ی ئایدۆلۆجی سه‌ربه ئێران له‌سه‌ر شه‌قامێک دروستی ده‌که‌ن و ژیانی خه‌ڵکی ئاسایی تێک ده‌ده‌ن و پۆلیس و سوپا له‌مبه‌روئه‌وبه‌ریانەوە وه‌ستاون و فزه‌یان لێوه نایه‌ت، پێشانده‌ری ئه‌وه‌یه كە به‌غدا ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر زۆر جومگه و میکانیزمی جیبه‌جێکردنی بڕیار و یاساکانی خۆیدا نییه. ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی هه‌بوایه پۆلیس و سوپای عێراقی زۆر ئاسان دەیانتوانی چه‌ند دز و چه‌ته‌یه‌کی حه‌شد به شه‌ق کۆ بکه‌نه‌وه، بۆیه ئه‌مانه له به‌غداوه فه‌رمانیان پێ نه‌کراوه، به‌ڵکوو له ئێرانه‌وه فه‌رمانیان پێ کراوه و هاوپه‌یمانه‌کانیشیان هاوکار و هاده‌نگیان ده‌بن.
ئێستە ڕه‌وایه بپرسین مادام یه‌کێتی نیشتمانیی له‌وێ بنکه و باره‌گای وه‌ک ڕه‌شماڵانی جاف هه‌ڵداوه و به قسه‌ی هه‌ندێک له کادر و موحه‌لیله‌کانیان، له که‌رکووک له هه‌موو ڕوویه‌که‌وه باڵاده‌ستن، بۆچی ناتوانن پێشگری له‌وه بکه‌ن که پازده بیست که‌سی چه‌ته شه‌ڕ به خه‌ڵک نه‌فرۆشن؟ ئه‌گه‌ر ڕێکه‌وتنێکی نهێنیی له ئارادا نییه؟
دیاره ئه‌م دۆخه‌ی ئه‌وێ که کاتی هه‌ڵبژاردن دیاری کراوه، نه‌خشه‌یه‌کی بۆ داڕێژراوه تا گوتاری کوردستانیی که‌رکووکپارێز ئاسته‌نگی بۆ دروست ببێت (ئه‌گه‌رچی بێگومان ئه‌مه ته‌نیا هاشووهووشێکی هه‌رزه‌کارانه و شەلاتییانەیە و هه‌ژموونی گوتاری کوردستانی پارتی هێشتا له‌و شاره‌دا چاوه‌ڕوان و تامه‌زرۆی زۆره و چاویان له گه‌ڕانه‌وه‌ی شکۆمه‌ندانه‌یه‌تی)، ئه‌م نه‌خشه‌یه ته‌نیا و ته‌نیا له نه‌خشه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ده‌چێت، وه‌ک چۆن به‌کارهێنانی مه‌لا ئه‌حمه‌د که‌رکووکی وه‌ک به‌ربژێر له‌سه‌ر لیستی یه‌کێتی، یاریی و تاکتیکی کۆماری ئیسلامییه!
له‌م ڕۆژانه‌دا هاوڕێیه‌ک پرسیارێکی زۆر به‌جێ و مایەی تێڕامانی ورووژاندبوو، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو کاتێک قاسم سلێمانی گوتی، ئێوه‌ی یه‌کێتی هاوکارمان بن، ئێمه که‌رکووکتان ڕاده‌ست ده‌که‌ین، بۆ که‌ستان نه‌تانپرسی جه‌نابت کابرایه‌کی فارسی ئێرانی، به چ مافێکه‌وه ده‌توانی که‌رکووک ڕاده‌ست یان داگیر بکه‌یت؟ لە كاتێكدا كه‌رکووک شارێکی کوردستانییه و موڵک و خاکی کوردانه.
دیاره هه‌ڤاڵانی یه‌کێتی ئه‌و هێزه‌یان وه‌به‌ر خۆیان نه‌داوه پرسیارێکی وا ڕوون و ئاسان و هه‌ڵبه‌ت بنه‌ڕه‌تی له مێشکیاندا به‌رهه‌م بێننن، یان ڕه‌نگه نه‌یانویستبێت، بۆیە وا دێته پێشچاو ئه‌م گێره‌شێوێنیانه به‌ر له‌وه‌ی پێوه‌ندیی به به‌غدا و ده‌سه‌ڵاته فشۆڵه‌که‌یه‌وه هه‌بێت، پێوه‌ندی به پلانی کۆماری ئیسلامی و یه‌کێتییه‌وه هه‌یه، تا له هه‌ڵبژاردانی داهاتوو یه‌کێتی له‌مه زیاتر تووشی داڕمان و شکست نه‌بێته‌وه. له‌ملایشەوە ده‌زانن ئیراده‌ی سیاسیی و تێگه‌یشتنی یاسایی و ڕێوشوێنه‌کانی پارتی به شێوازێکه هه‌ر هه‌وڵێک بده‌ن له ئه‌نجامدا خواستی خۆیان مسۆگه‌ر ده‌که‌ن.
ترسی کۆماری ئیسلامی له ئاماده‌یی پارتیی له که‌رکووک، بۆ گوتاری کوردستانیی ئه‌و حزبە ده‌گه‌ڕێته‌وه که سه‌ربه‌خۆخوازی و ڕزگاریی کورده و له‌و ڕووه‌یشەوە هیچ شه‌رم و ڕووپاماییه‌کی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌ن و که‌س و هێزێکدا نییه، خواوڕاسان ئه‌م ترسه‌ی کۆماری ئیسلامی به قازانجی یه‌کێتی که‌وتووه‌ته‌وه، تا پشتگیریی ئه‌و بۆ خۆی مسۆگه‌ر بکات و له‌و بۆشایی و دۆخه سه‌پێنراوه‌ی سه‌ر که‌رکووکدا، له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بێ دڵه‌ڕاوکێ و ترس بجووڵێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه هه‌ر له سه‌ره‌تادا پرۆژه‌یه‌کی شکستخواردووه، چونكە ده‌ستی ئه‌م دوو هێزه بۆ ڕای گشتیی کورد (جگه له لایه‌نگر و ئه‌ندامه ده‌مارگرژه‌کانیان)، به ته‌واوه‌تی ڕوون بووه‌ته‌وه.
هه‌وڵی خستنه‌ڕێی حه‌شدی کوردی به هاونه‌وایی ئه‌م دوو هێزه، واته یه‌کێتی و کۆماری ئیسلامییه و مه‌به‌ستیشی لێدان له بنه‌ما کۆمه‌ڵایه‌تی و شوناسمه‌نده‌کانی کوردایه‌تییه له ڕێگه‌ی ئابووری و ئه‌منییه‌وه، ئه‌مه‌یش هه‌مان کار بووه که کۆماری ئیسلامیی له پاش چۆڵبوونی شاره‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له پێشمه‌رگه و هێزه کوردییه‌کان، به‌ره به‌ره له ڕێگه‌ی مزگه‌وت و بنکه‌کانی به‌سیج و سوپای پاسدارانەوە له گه‌ڕه‌ک و شاره بچووکه‌کان هێزی "پیشمرگان مسلمان کورد" واته "پێشمه‌رگه مسوڵمانی کورد"ی دامه‌زراند و له هه‌ژاری و نه‌داری کورد که‌ڵکی وه‌رگرت و کۆمه‌ڵێک که‌سی دژ به بزووتنه‌وه‌ی کوردایه‌تیی و هێزه کوردییه‌کان ڕێکخست.
فۆرمی ناودانانی ئه‌و هێزه‌یش به جۆرێکه که ده‌لاله‌تی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئێمه دوو جۆر کوردمان هه‌یه، کوردی مسوڵمانی پێشمه‌رگه و کوردی نامسوڵمانی پێشمه‌رگه، واته له‌م ڕێگه‌یه‌وه هێزه نامسوڵمانه‌کانی پێشمه‌رگه (چه‌پ، ڕاست و هه‌ر کوردێک که سه‌ربه کۆماری ئیسلامی نه‌بوایه)، دژه دین و بێ ئه‌خلاق و ...بوو، ئه‌مه‌یش سه‌رباری کێشه‌ی دارایی و مه‌عیشه‌ت، خه‌ڵکانێکی له ڕووی ده‌روونی و باوه‌ڕه‌وه هان ده‌دا پێوه‌ست بن به‌و هێزه‌وه، ئه‌گینا ناویی سه‌ره‌کیی ئه‌م هێزه له جه‌وهه‌ردا هه‌ر جاش و مسته‌شاره که له‌لایه‌ن به‌عسیشه‌وه له فۆرمی خۆیدا لە باشووری كوردستان ڕیکخرابوون کاتی خۆی.
بۆیه وه‌ک خۆر ڕوونه که ئه‌مه پلان و نه‌خشه‌ی کۆماری ئیسلامییه و نه‌فه‌سی دوژمنی هه‌میشه‌یی کورد و کوردستانه! یه‌کێتی ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وێت ڕابێته‌وه یان لانیکه‌م له‌م هه‌لا هه‌لابوون و داڕزانە یه‌ک له دوای یه‌کانه تۆزێک تێپه‌ڕێت، ده‌توانێت (با به هه‌ڵه‌ش بێ) خۆی به‌رنامه‌ی هه‌بێت و خۆی ئاڕاسته‌کانی دیاری بکات، ئه‌گینا ئه‌مانه‌ی ئێسته ته‌نیا یاریین و دواتر نازانێت له ناو چ کایه‌یه‌کدا چاره‌نووسی کوردستان له‌سه‌ر چی خستووەتە ناو قوماره‌وه.