ژینگەی خۆمان خۆش دەوێ

PM:01:10:25/02/2024 ‌
وەك مرۆڤ كە لە شوێنێكی زەویدا دەژین، هەموومان بەرپرسیارین بەرانبەر پاراستنی ژینگە و پاكڕاگرتنی. چونكە هەر تاكێك دەبێت ئەوەندە بەرپرسیارێتی بخاتە سەر خۆی كە نەوەكانی داهاتوویش لە ژینگەیەكی گونجاودا بژین، كەواتە هۆشیاریی ژینگەیی رۆشنبیرییە و هەتا جوانتر ژینگە بپارێزی، رۆشنبیرتری و كەسێكی گرنگی بۆ سروشت و كۆمەڵگە.

بۆچی هۆشیاریی ژینگەیی گرنگە؟

هۆشیاریی ژینگەیی دڵنیایی دەدات لە بەكارهێنانی بەردەوامی سەرچاوە سروشتییەكان بێ ئەوەی زیانی پێ بگەیەنی، چونكە كێشەكانی وەك پیسبوونی ئاو و خاك و هەوا، هاوسەنگیی سروشت تێك دەدەن و كاریگەریی خراپیان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەبێت. ئەم مەترسییانە بە ڕوونی دەركەوتوون و چەند ساڵێكە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە چڕی كاری لەسەر دەكەن و ئاماژە بە ترسناكی خێرای گەرمبوونی زەوی دەدەن. بەڵام ئەمە كورت بكەینەوە بۆ ئاستی ژیانی تایبەت و گەڕەك و شارەكانیش هەر گونجاوە بۆ ئەوەی تێبگەین ئێمە ڕووبەڕووی كێشەی گەورە دەبینەوە لە گۆڕانی كەشوهەوای جیهاندا، كەواتە نابێت وا بیر بكەینەوە مادام كۆنگرەی جیهانیی ژینگە لە پاریس دەكرێت و وڵاتە پیشەسازییەكان ئەركی زۆرتریان دەكەوێتە سەر، خۆمان بێخەم بكەین.

پاكڕاگرتنی ژینگە:

پاراستنی ژینگە هەنگاوێكی سادەیە و تاك بە تاكمان رۆڵمان هەیە تێیدا، بەڵام تكایە كەمتەرخەمی مەكە، مەڵێ بە قونكەجگەرەیەك هیچ نابێ، با دەبێت و زۆریش كاریگەرە. لە ژیانی ڕۆژانەدا گرنگە پاشماوەكانمان بە دروستی بخەینە شوێنی گونجاو و دواتریش لایەنی پێوەندار بە پیشەیی جیای بكانەوە و دووبارە بەكاریان بهێننەوە، لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك دەچین بۆ پیاسەیەك لە سروشتدا، پێویستە ئەگەر مرۆڤی زۆر هوشبار بین، ئەو شوێنپێیانە پاك بكەینەوە كە لە دوای خۆمان بەجێمان هێشتوون و سروشت بەو شێوەیە بهێڵینەوە كە هەیە.

بەكارهێنانی سەرچاوە سروشتییەكان:

بەكارهێنانی سەرچاوە سروشتییەكانمان بەشێوەیەكی بەردەوام، گرنگە بۆ جێهێشتنی دنیایەكی گونجاو بۆ نەوەكانی داهاتوو. هەنگاوەكانی وەك پاشەكەوتكردنی وزە و پاراستنی سەرچاوەكانی ئاو و بەكارنەهێنانی مادە كیمیاییە زیانبەخشەكان، بۆ ژینگە لەم ڕووەوە گرنگن.

بەشداریی كۆمەڵگە:

ئەگەر كەسێك لە ڕووی ژینگەییەوە هۆشیاریی باشی هەبێت، كاریگەرییەكەی زۆر گەورەیە. بەرپرسیارێتییەكی كۆمەڵایەتییە بۆ بەشداریی لە چالاكییە ژینگەییەكان، هەڵبژاردنی بەرهەمی دۆستی ژینگە. پێویستە كورد لەم بوارەدا پێشەنگ بن و ڕۆڵێكی چالاك بگێڕن لە پاراستنی ژینگەدا.