لە رۆژی حەوتی ئۆکتۆبەری 2023وە تا ئێستە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە بە ناوەندی رووداوە دراماتیکیەکانی جیهان. ئەو هێڵە سوورانەی جاران شکاندیان بە خەیاڵی کەسدا نەدەهات و بڤە و تابۆ بوون، ئێستە زۆر بە ئاسانی لەلایەن جەمسەرە ناکۆکەکانەوە دەبەزێنرێن و وەک بوومەلەرزە ناوچەکە دەهەژێنن. لە دوا ئەڵقەی ئەم بەریەککەوتنە خێرایانەیشدا، سەرکردەیەکی ناسراوی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستین، تیرۆر کرا.
لەم قۆناغەدا ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە و گریمانەی ئەوە هەیە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هاوشێوەی رۆژهەڵاتی ئەورووپا، بخزێنرێتە ناو شەڕێکی کلاسیکی فرەجەمسەری قورسەوە. چی رووی داوە؟ بۆ ناوچەکە گەیشتە ئەم بارودۆخە مەترسیدارە؟ ئایا دەکرێت لەبەر رۆشنایی لێکدانەوەی ئەم هەلومەرجە، چاوێک لە داهاتوو بکەین؟
پێش هەموو شتێک دەبێت ئاماژە بەوە بدرێت رووداوەکانی ئەم وردە سیستمە (subsystem) ناکرێت لە کۆی رووداوەکانی سیستمی جیهانی جیا بکرێتەوە، بە پێچەوانەوە بارودۆخی سیستمی جیهانی /سیستمی دایک/، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سیستمی بچووک هەیە. واتە بەشێکی گەورەی هەلومەرجی ئێستەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەرئەنجامی گۆڕانکارییەکانی سیستمی سیاسی و ئابووری نێودەوڵەتییە و سروشتییە لێرەو لەم ناوچەیەشدا رەنگدانەوەی هەبێت.
سیستمی سیاسی و ئابووری جیهانی هەرچەند دەیە جارێک تووشی ناسەقامگیری و لێکترازان دەبێت و پاش ماوەیەک بەریەککەوتنی قورس، سەرلەنوێ خۆی رەنگڕێژ دەکاتەوە. بەم قۆناغە کە لە نێوان ناسەقامگیری و لەرزۆکبوونی سیستم، تا بنیاتنانەوەی روو دەدات، دەڵێن قۆناغی راگوزەر (Transitional).
کاتێک جۆری دابەشبوونی هێز لە سیستمەکەدا گۆڕانکاری بەسەردا هات، سیستم دەکەوێتە قۆناغی راگوزەرەوە. بۆ نموونە، لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی، جۆری دابەشبوونی هێز جیهانی کردە دوو جەمسەرەوە. لە ڕاستیدا ئەمەریکا و سۆڤیەت هەرکامەیان نیوەی هێزیان لا بوو. سروشتی بوو دوو جەمسەر یەکێکیان لە رۆژهەڵات و ئەویتریان لە رۆژئاوا لە دایک ببن. ئەو سیستمە 45 ساڵ درێژەی کێشا، بەڵام کاتێک هێزی سۆڤێت رووی لە داکشان و ئاوابوون کرد، سیستمەکە کەوتە قۆناغی راگوزەرەوە، ئەمەریکا ئیدی ئامادە نەبوو وەک جەمسەرێکی بەهێز و هاوشێوەی خۆی، ددان بە سۆڤیەتدا بنێ. دواجار سۆڤێت رووخا و ئەمەریکا زۆرترین هێزی جیهانی لا بوو، ئەوەبوو نەزمی نوێ رەنگدانەوەی ئەو جۆری دابەشبوونی هێزە بوو، جیهانێکی تاکجەمسەری لەدایک بوو، ئەمەریکا بە جۆرێک بوو بە ئیمپراتۆری جیهان و نەزمی (Order) نوێی جیهانی راگەیاند.
هێز تایبەتمەندییەکی داینامیکی هەیە، بزۆزە و بۆ هەمیشە لە شوێنێکدا نامێنێتەوە، کەوابوو سروشتییە بۆ هەمیشەیش هەر هەمووی یان تەنانەت زۆربەی هەرەزۆری، لای ئەمەریکا نەمێنێتەوە. ئەو سیستمەی ئەمەریکا دوای هەرەسهێنانی سۆڤیەت رەنگڕێژی کردبوو، ئێستە زۆر گۆڕاوە. هێزی ئەمەریکا رووی لە داکشان کردووە و هێزی نوێ لەدایک بوون. ئەوەیە سیستمەکە جارێکیتر کەوتووەتەوە قۆناغی راگوزەرەوە. ئەمەریکا دەیەوێت پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات و وەک تاکە جەمسەری هێز خۆی وێنا بکات، هێزە تازەکانیش هەڵپەی ئەوەیانە لە جەمسەربەندی تازەدا رێز لە پێگە و هێزیان بگیرێت. ئێستە ئەم دوو جەمسەرە فرەڕەنگە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کەوتوونەتە گیانی یەکەوە و جیهان ئێستە لە سەرەتاکانی ئەم ململانێ درێژخایەنەدایە.
ئەم پێشەکییە خێرایە پێویست بوو بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ چیرۆکی سەرەتای نووسینەکە: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پریشکی ئەم ئاگرە جیهانییە ئەم ناوچەیەیشی گرتووەتەوە، لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا هێزە تازەپێگەیشتووەکانی وەک دۆمینە یەک لە دوای یەک، قەڵا جیۆپۆڵەتیکییەکانی ناوچەکەیان خستە ژێر رکێڤی خۆیانەوە. بەشێکی گەورەی عێراق، سووریا، لبنان، یەمەن و زۆر شوێنیتر لە بەردەستی ئەوانن.
ئەم هێزە تازەپێگەیشتوانە پاڵپشتییەکی بەرچاوی نێودەوڵەتیشیان هەیە و مۆسکۆ و پەکین بە نهێنی و ئاشکرا یارمەتیان دەدەن. ئەم واقعە وایکرد هەوڵ بدەن زیاتر شوێنپێی ئەمەریکا لێژ بکەن و پاڵ بە هەژموونی ئەو وڵاتەوە بنێن. بە تایبەت کە ئەمەریکا بەردەوام ئەو پەیامانەی دەگەیاند ئیتر گرنگی و بایەخی کەمتر بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و زیاتر مەیلی بەرەو رۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ئەورووپایە.
ئەم تێڕوانینە هێزە تازەپێگەیشتووەکانی زیاتر بوێر کرد، ئەوەبوو دەستیان بۆ هاوپەیمانە نازدارەکەی رۆژئاوا، واتە ئیسراییل برد و ویستیان لەم ڕێوە نەزمی ناوچەکە تا ئاستێك لە بەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕن. پاش جەوتی ئۆکتۆبەری 2023، نەزمی ناوچەکە هاوشێوەی نەزمی جیهانی گورزێکی گەورە و راستەقینەی بەرکەوت، راستە نەڕووخاوە، بەڵام ئیتر هیچ لە پێش حەوتی ئۆکتۆبەریش ناچێت.
ئێستە دوای 10 مانگ لەو رووداوانە، دوو لایەن کەوتوونەتە قۆناغی قۆڵ بادان و دەستشکاندنی یەکەوە و لەم رێگەیەدا و بە بۆنەی بەزاندنی هێڵە سوورەکانەوە، رۆژ دوای رۆژ لە شەڕێکی گەرمی راستەوخۆ، نزیک دەبنەوە.
لەم چوارچێوەیەدا چەند راستییەکی مێژوویی هەن دەبێت وەک خۆیان بخوێنرێنەوە:
یەکەم، قۆناغی راگوزەر زۆربەی جار بە شەڕ یەکلا کراوەتەوە. ئامرازی سروشتی ئەم ململانێیە شەڕە، هەربۆیە روودانی شەڕ بە تایبەت شەڕی گەورە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زۆر دوور نییە. پێدەچێت ئەم شەڕە بچووکانەی ئێستە ژانی شەڕە گەورەکان و لەدایکبوونی سیستمە تازەکان بن.
دووەم، پێکهەڵپژانی جەمسەرە ناکۆکەکان ئەوەندە بەردەوام دەبێت تا لە شوێنێکدا کۆڵ دەدەن، ئەو خاڵە کاتی لە دایکبوونی سیستمی تازە و فۆرمی نوێیە. جیهان جارێ لەو قۆناغەوە زۆر دوورە.
سێیەم، تا ململانێی جیهانی لەسەر رۆژهەڵاتی ئەورووپا بە دیاریکراوی شەڕی ئۆکراین و رووسیا و رۆژهەڵاتی ئاسیا و چیرۆکی چین، بە لایەکدا نەکەوێت، ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش کۆتاییان نایەت.
چوارەم، ئەم خاڵە بۆ کوردە، هەمیشە پاش قۆناغی راگوزەر و شەڕ و بەریەککەوتنەکان، نەزمی جیهانی رەنگڕێژکراوەتەوە. بۆ نموونە، نەزمی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاش شەڕی جیهانی یەکەم بنیات نراوە و تا ئێستەیش بێ کەمترین دەستکاری بەردەوامە. کورد دەمێک ساڵە داوای گۆڕانی دەکات، بەڵام بە قسەی ناکەن. لەبەرئەوەی نەزمەکە لە دایک بوو تا قۆناغی راگوزەری داهاتوو و لەدایکبوونی نەزمی نوێ، تا ئاستێكی زۆر بێ گۆڕان دەمێنێتەوە.
کەواتە ئەم قۆناغە لە پاڵ هەڕەشە گەورەکاندا، دەرفەتێکی یەکجار گەورەیشە بۆ کورد. لەبەرئەوەی نەزمی داهاتووی جیهان بە تایبەت لەم ناوچەیەدا، ئەگەری زۆرە بگۆرێت و سەرلەنوێ رەنگڕێژ بکرێتەوە. هەربۆیە کورد دەتوانێت ئەم قۆناغە بقۆزێتەوە و بەشدارییەکی کاراتری ئەم جمووجۆڵانەی ئێستە بکات. ئەگەر کورد ئەم قۆناغەیشی لە کیس بچێت، ئیتر لەوانەیە بۆ سەدەیەکی تر دەرفەت و هەلی وای دەست نەکەوێتەوە.