هەڵەبجە بە بڕیارەکانى مەسروور بارزانى دەگۆڕدرێت؟


مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، تەنیا لە ماوەى ئەمساڵدا دوو جار سەردانى پارێزگاى هەڵەبجەى کردووە كە بۆ دانانى بەردى بناغەى دوو پڕۆژەى گەورەى ستراتێژیى ئابوورى بوون بۆ پارێزگاکە.

سەرۆكی حكوومەت لەگەڵ سەردانەکانىدا بۆ هەڵەبجە، دەستى ئاوەدانى و خزمەتگوزاریى فراوانى بۆ هەڵەبجەییەکان پێ بوو، دەبینین ئێستا هەڵەبجە لە هەموو سووچ و قوژبنێکیدا  پڕۆژە هەیە و بازاڕ جووڵەى تێ کەوتووە و دەستى کاریش فراوان بووە.

مەسروور بارزانى جگە لە پڕۆژەى ستراتێژیى ڕێگا و پردى تووەقووت و سایلۆى هەڵەبجە، دەیان پڕۆژەى وەستاوى ساڵانى ڕابردووشى بەگەڕ خستەوە و پارەى پێویستى بۆ دابین کردن. پرۆژە لە شارۆكە و شارەدێ و گوندەکانیش دەستى پێ کردووە یان لە تەندەریندان و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست پێ دەكەن.

بارزانى جگە لە پڕۆژەکان، بڕیاری دا 20%ی داهاتى ناوخۆى هەڵەبجە بۆ خزمەتکردنەوەى شارەکە بێت، هەورەها 614 کوڕ و کچى شارەکەی بە گرێبەست بۆ فەرمانگە کارگێڕییەکان دامەزراند، ئەوەش دڵخۆشى لاى هاوشاریانى هەڵەبجە لێ کەوتووەتەوە.

ئێستا زانیتان بۆ ساڵانێکى زۆرە ڕێگرى لە هاتنى سەرۆكی حكوومەت دەكرێت بۆ هەڵەبجە؟ زیاتر لە 32 ساڵە لە هەڵەبجە حوکمڕانن، نەیانتوانیوە خزمەتى چەند مانگێکى مەسروور بارزانی بە هەڵەبجە بگەیەنن، كاتێك هەڵەبجەییەکان دەدوێنىت دەڵێن ئێستا دەزانین ئەگەر ڕێگرییەکان نەبوایە ئەوە ئاوەدانى و پێشکەوتنى هەڵەبجە لە قۆناخێکى تردا دەبوو.

لە دوایین بڕیارەکانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمی کوردستان بۆ هەڵەبجە، ئەوەندە جێگاى ئومێدن، بەرپرسانى ئیدارى شارەکەی هێنایە سەر خەت و بە فەرمى سوپاسییان كرد و باسى گرنگیى بڕیارەکانیان كرد كە ساڵانێکە بە هۆى ململانێی حزبییەوە پشتگوێ خرابوو، ئەمەش وای كردبوو دانیشتوانەکەى کۆچیان دەکرد. بەڵام پشتبەستوو بە متمانە لەسەر ئەو بڕیارانەی سەرۆكی حكوومەت، لێرە بەدواوە پێچەوانە دەبێتەوە و هەڵەبجەییەكان دەگەڕێنەوە بۆ شاری خۆیان.

بارزانى لە ڕێگاى نووسینگەکەیەوە بە وردى چاودێریی پڕۆژەکان دەکات، ڕێگرییەکانى بەردەم پڕۆژەکان لا دەدەن و ڕێگە نادەن حزب بۆ مەرامى خۆى دەست لە کاروبارى پڕۆژەکان و دامەزراندنەکان وەربدات کە ساڵانێکى زۆر بوو حزبى دەسەڵات هەموو جومگەکانى بۆ خۆى قۆڕخ کردبوو، جیا لەوەی دامەزراندنەکان تەنیا بۆ ئەندامانى خۆیان بوو.

وەک هاوپەیمانى بۆ چاودێریى بەڵێنەکانى حکوومەت پێک هێندراوە، دەڵێن ئەمساڵ بە فەرمانى بارزانى نزیکەى هەزار کەس دامەزرێندراون، بەڵام ناشەفافى هەبووە لە دامەزراندنەکان لە ئیدارەى شار، بۆیە داوا دەکەن ئەو دەستە حزبییە ڕابگیردێت و کوڕان و کچانى هەڵەبجە سوودمەند بن و سەرۆک وەزیران چاودرى فەرمانى دامەزراندنەکان بکات.

مەرزى سازان، داواکارییەکى لەمێژینەى هەڵەبجەییەکانە، قۆناخەکانى بە فەرمى کردنەوە و کردنى دەستى پێ کردووە، ئەوەش دەبێتە دەروازەیەکى گرنگ بۆ هەڵەبجە لەگەڵ کۆمارى ئیسلامیى ئێراندا و هەزاران هەلی کار دەڕەخسێنێت و درگایەکى فەرمیى بازرگانى بە ڕوى پارێزگاکەدا دەکاتەوە.