پاش حەوت مانگ و 20 رۆژ لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، دواجار پۆستی پارێزگای کەرکووک و تا ڕادەیەکی زۆر نەخشەی بەڕێوەبردنی ئەم پارێزگایە یەکلا کرایەوە. ئەم نووسینە نایەوێت پێشوەختە پێشبینی سەرکەوتن یان شکستی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە بکات، بە پێچەوانەوە دەیەوێت سەرنج بخاتە سەر چەندان راستی گرنگ، ستراتیجی و چارەنووسساز کە لەبەر هەڵکشانی تای ململانێکانی کەرکووک، نابینرێن یان لایەنەکان بە ئاسانی پشتگوێی دەخەن و ئامادە نین بیانخوێنەوە، ئەم خاڵانە دەتوانن دیمەنی تابلۆی سیاسی پڕ لە تەمومژی کەرکووکمان تا ئاستێك بۆ روون بکەنەوە.
یەکەم: کەمێک کەرکووک بەجێدێڵین و دەچینە خوارووتری ئەو پارێزگایە. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، بەغدا وەک پایتەختی سیاسی عێراق لەم سەردەمەدا میوانداری زیاتر لە 600 پۆستی باڵای کورد دەکات. واتە 600 پۆستی باڵای عێراق بەدەست کوردەوەیە، هەر لە سەرۆک کۆمارەوە بگرە تا وەزیری دەرەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمان، چەندان وەزیر و بریکاری وەزیر، باڵوێز، فەرماندەی باڵا .... تاد. بەڵام ئەم هەموو بەرپرسە ئاستبەرزە، لە زۆربەی پرسەکانی پێوەست بە کورددا ناتوانن هیچ بڕیارێکی گرنگ بدەن، یان کاریگەرییەکی ئەوتۆیان هەبێت.
ساڵانێکە بودجە و مووچەی کوردستان بڕاوە، گەمارۆ خراوەتە سەر پێشمەرگە، کوردستان کەوتووەتە بەر شاڵاوێکی تازەی تەعریب، گوشاری سیاسی و تەناهیش با بوەستن. لە کامەیاندا بەدەر لە هەڵوێستێکی کاتی، بەرپرسێکی کورد لە رەوتێکی درێژخایەندا توانیویەتی کاریگەریی لەسەر ئەم قەیرانانە دابنێت؟ ئەوەی دیارە هیچ بەرپرسێکی باڵای کورد بە سەرۆک کۆماریشەوە نەیتوانیوە هیچ بۆ ئەم بابەتانە بکات، لەبەرئەوەی لەم عێراقە نوێیەدا راستە بەپێی پشک پشکێنەی نەتەوەیی و ئاینی، پۆست و پێگە بە کورد دراوە، بەڵام ئەمە بۆ پرسی هەستیاری داڕەشتن و دیزاینی سیاسەتی عێراق، شۆڕ نەبووەتەوە.
سیاسەتی باڵای عێراق و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ئەم وڵاتە لە ناوەندێکی ترەوە دادەڕێژرێ، یان وەک عەرەب دەڵێت، لە مەتبەخێکی ترەوە ئامادە دەکرێت و کورد لەوێ هیچ رۆڵ و ئامادەییەکی نییە، هەر رێگا بە کورد نادرێت بچێتە ئەو قۆناغەوە. کوا رۆڵی کورد لە سیاسەتی ئابووری عێراقدا؟ کوا رۆڵی کورد لە بابەتی ئەمنی و سیاسەتی دەرەوەدا؟ .... تاد.
لە ڕاستیدا لەم بوارەدا هەر پرس بە کورد ناکرێت، وای لێهاتووە هاوبەشی کورد لەگەڵ ناوەند، وەک پێوەندی نێوان خاوەن بەڵێن و بەڵێندەری لێهاتووە. خاوەن بەڵێنەکە بە دڵی خۆی پڕۆژەکەی ئامادە بکات، پاشان ئەو پڕۆژەیە پێشکەش بە بەڵێندەر دەکات و ئەویش جێبەجێی دەکات. لە هەرکوێیش کاری بەڵێندەرەکەی بە دڵ نەبوو، کارتی سووری بۆ بەرز دەکاتەوە و لە کۆی پرۆسەکە دەیکاتە دەرەوە.
نموونەی هەرە زەقی ئەم پرۆسەیە، دەرکردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو. بەشێک لە هێزە شیعەکان وایاندانا محەمەد حەلبووسی دەتوانێت مەترسیدار بێت بۆ پڕۆژەکانیان، ئەوەبوو بینرا چی بەسەر هات.
دووەم: لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بەرەی تاران لە ڕێی بەغداوە کۆنترۆڵی کەرکووکی کردووە. ئەم ئاڵوگۆڕە بە گڵۆپی سەوزی ئەمەریکا و بە پیرۆزبایی ئەوان كراوە. لەم دەستاودەستکردنەدا، کورد بێ رۆڵ کراوە و بەرەکەی تری ناوچەکە بە سەرۆکایەتیی تورکیا و چەند وڵاتێکی تری عەرەبی، لە دوورەوە وەک هاندەر سەیری یارییەکە دەکەن، لە کاتێکدا هیچیان پێ ناکرێت.
ئەوەی لە حەوت ساڵی رابردوودا لە کەرکووک کراوە، بەرهەمی بیر و سیاسەتی تەوەریی بەغدایە نەک تەنیا کەسێکی شۆڤێنی وەک راکان جبووری پارێزگای کەرکووک. لەم قۆناغەیشدا شتێک نەگۆڕاوە تا ئەوان ناچار بن بە سیاسەتی خۆیاندا بچنەوە، تەنیا دەیانەوێت مۆدێلی بەغدا و پارێزگا سوننەکان لە کەرکووکیشدا دووپات بکەنەوە. چۆن لە بەغدا بەشدارییەکی بێ کاریگەری کورد و سوننە هەیە، چۆن لە پارێزگا سوننەکان پارێزگار سوننەیە، بەڵام بڕیار و راسپاردەکانی دەسەڵاتی ناوەندی جێبەجێ دەکات، ئەمەیش لە کەرکووکدا کۆپی دەکەنەوە.
بەم جۆرە هەم ناڕەزایی کورد لە دۆخەکە خاو دەکەنەوە، هەم بڕیار و سیاسەتە ناڕەواکانیان بەدەست کورد خۆی، شەرعیەتی پێ دەدرێ. بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەڵێن کورد خۆی حوکمی کەرکووک دەکات و ئەوەی باس لە گۆڕینی دیموگرافیا دەکرێت، دوورە لە راستییەوە و پڕوپاگەندای هەندێ لایەنی کوردە و بنەمای نییە.
سێیەم: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە تایبەت لەو وڵاتانەی دەسەڵات کەوتووەتە دەست میلیشیا و حکوومەتی مەدەنی کاری پێ ناکرێت، ئەوەی قسەی کۆتایی دەکات، هێزی چەکدارە. لە ئەرزی واقیعدا لایەنێک چەکی پێ نەبێت کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتی تەناهی و سەربازی لەدەست نەبێت، ناتوانێ کۆنتڕۆڵی دۆخی سیاسی شوێنەکە بکات. لەم هاوکێشەیەدا پێوەندییەکی راستەوخۆ لە نێوان بوونی چەک، چەکدار و هێزی سەربازی لەگەڵ توانای سیاسیدا هەیە. ئەمە راستییەکی حاشاهەڵنەگرە و بۆ خەڵکی ئەم ناوچەیە هەست پێکراوە.
بیهێنە پێش چاوی خۆت، بڕیار لە بەغدا ئەوەیە درێژە بە سیاسەتی پاش 16ی ئۆکتۆبەر بدرێت، عەرەب وەک حەشیمەت هاوتای کورد بکرێت و لە ڕووی سیاسییەوە بکرێتە دەمڕاستی کەرکووک، هێزی چەکدار و دەسەڵاتی ئابووریشیان بە دەستەوەیە، باشە پارێزگارێکی لاوازی کورد کە دیارە چۆنیش کراوەتە پارێزگار، بە بێ پاڵپشتی پێشمەرگە چۆن دەتوانێت بەرپەرچی ئەمە بداتەوە؟ سەرۆک کۆمار و بەرپرسە باڵاکانی کورد بەو هەموو دەسەڵاتەوە لە بەغدا ناتوانن بەرپەرچی ئەمە بدەنەوە، جا پارێزگاری کەرکووک چۆن دەتوانێت ئەمە بکات؟
چوارەم: هەڵەی ستراتیجی کورد بە تایبەت لایەنی پارێزگاری ئێستەی کەرکووک، پێدەچێت ئەوە بێت كە لە باتی سەرنج خستنە سەر دانانی سیاسەتی کەرکووک و چەسپاندنی هەندێ واقع، تەنیا کاری بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار کرد، بابەتی کۆتاهێنان بە تەعریب و داهاتووی ئەم پلانە، دەبوایە کرۆکی داخوازی کورد بوایە. باشە گریمان ئەم پارێزگارە هەموو بڕیارەکانی پاش 16ی ئۆکتۆبەری هەڵوەشاندەوە و تەعریبی وەستاند و تەنانەت پێچەوانەیشی کردەوە. پاش دوو ساڵی تر دەبیت شوێنەکە بۆ عەرەبێک چۆڵ بکات، ئەو پارێزگارە عەرەبە بە ئاسانی دەتوانێت هەموو بڕیارەکانی ئەم رەت بکاتەوە و کۆتایییان پێ بێنێت و گەڕێکی تری ماڵوێرانی کورد دەست پێ بکاتەوە.
پێدەچێت ئەمە هەڵەیەکی زۆر ستراتیجی بێت بەسەر کورددا سەپاوە و بەپێی پێویست بیری لێ نەکراوەتەوە، لە باتی تابۆکردنی تەعریب و هەوڵدان بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بکرێت بە هێڵی سوور، هەم لە کەرکووک و هەم لە بەغدا کەس نەوێرێ دەستی بۆ ببات، تەنیا داوای پۆستی کرد، پۆستیش لە سەرەوە باس کرا چی و چەندی پێ دەکرێت.
کاتێک سەیری کۆی ئەم خاڵانە دەکرێت، زەحمەتە بە گەشبینییەوە ئەم دۆخە بخوێنینەوە. تای رەشبینی زۆر بەهێز و قورسترە، بەڵام سەرەڕای ئەم راستیانە، باشترە چاوەڕێی کات بکەین و بەهیواوە بڕوانین. بۆ ئەوەی بزانین داهاتووی کلیلی چارەسەری پرسی کورد، بە کوێ دەگات.