لە نوێترین کتێبم بەناوی (چاوگی هێز، بارزان بیر و فەلسەفە و ڕێباز) کە لەو نزیکانە چاپ دەکرێ و بڵاو دەکرێتەوە، باسم لە فەلسەفەی هەژاران کردووە لە ناو عەقیدەی بارزاندا. کڕۆکی ئەو فەلسەفەیە، هاندانی خەڵک نییە بۆ ئەوەی ڕێگای هەژاری و پەڕپووتی هەڵبژێرن بۆ ئەوەی لە خوای پەروەردگار نزیک ببنەوە، بەڵکو لە عەقیدەی بارزاندا، ئەو فەلسەفەیە تەواو پێچەوانەیە و بەگژداچوونەوەی هەژارییە و هاندانی خەڵکە بۆ ئەوەی تێ بکۆشن لە پێناو ژیانێکی خۆشتر. بەشێکی دیکەی ئەو فەلسەفەیە لە عەقیدەی بارزاندا خۆدانەبڕاندنە لە خەڵکی سادە و هەژار، گوێ لێگرتن و گرنگیپێدانیانە.
ئەوەی لەو دیمەنانەی ئەمڕۆی سەردانیەکەی مەسروور بارزانیدا بۆ بازاڕی قەیسریی شاری هەولێر بینیم، بە تایبەتی دانیشتنی لەگەڵ نازمی عەمبار و لە ڕێگای ئەوەوە گوێگرتن لە ڕاستەقینەی ژیانی خەڵک و گلەیی و گازندە و پێویستی و پێداویستییەکانیان، ئەو دڵنیاییەی دامێ کە هێشتا ژیان خێری تێدا ماوە و ئەو ڕێباز و عەقیدەیە زیندوو و بە گڕ و تینە. چونکە مەسروور ڕێگای لە خۆمەزنترەکانی بزر نەکردووە و ئومێدێکی مەزن هەیە کە سبەینێمان لە ئەمڕۆ گەشتر و باشتر بێت.