لە گوتاری پیلانگێڕیدا "مەسروور بارزانی" دەکرێتە ئامانج!

PM:06:08:28/10/2024 ‌

  

گوتاری پیلانگێری (موئامەرە) لە زۆر شوێن و لە دۆخی جیاوازی وەک: "بانگەشەی هەڵبژاردن، ململانێی سیاسی و حزب، ناکۆکیی کەسی و خودی، قەیران و ململانێی کۆمەڵایەتی، تەنگژەی ڕۆشنبیری، پێوەندیی نێودەوڵەتی و ململانێی دەوڵەتەکان... تاد" بەکار دێت. لەچەند ساڵی ڕابردوودا گوتارێکی گومانهەڵگری ئامانجدار، دژی مەسروور بارزانی، سەرۆکی کابینەی پێنجەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو، بێ وەستان و بەهاندان و فووتێکردنی ئاشکرا و نائاشکرا هەیە، چ لە "گوتار و ڕاگەیاندنی فەرمی، یان گوتاری نافەرمی و سۆشیال میدیا"ی بارگاوی بە مەبەست و خواستێکی سیاسی و ئامانجداری کەسی فۆرمۆلە بووە، گوایە لەم ڕێگەیەوە "پێگە و دەسەڵات و توانای کەسی"ـی مەسروور بارزانی لەلایەن گرووپە جیاکان سنووردار دەکەن و دواتریش گوتاری فەشەلپێهێنان و شکاندن و ڕووخانی ئەم سەرکردە پراگماتیکییە دەگەیننە شوێنێک، کە حەزی پێ نەکەن، ئەگەر خودی سەرۆک وەزیرانیش نەشکێت، ئەوە ژێرخان و سەرخانی دەسەڵات و  حووکمڕانی لە هەرێمی کوردستان تێکوپێک دەدەن. بە واتایەکی دیکە، ئەگەر بەخۆشی نەوەستان، ئەوە پێلەقەیەکی کاولکاریی بەهێز لە دەسەڵات و پێکهاتە و دامەزراوەکانی هەرێم دەدەن. ئەمە گوتاری ئەم چەند ساڵە بوو.

گوتاری پیلانگێڕی لەنێو ڕاگەیاندن و ژینگەی سیاسیی ئەمەریکا و وڵاتە گەشەکردووەکانی ئەورووپاش پیادە دەکرێت، بەڵام لێرەدا ئەم گوتارە بە جۆرێکە، کە دەمارگیری و تۆڵە و پەنابردنە بەر بیرۆکە و فکرەی دەستکرد و زانیاریی فریودەری بۆگەنکردوو و ڕقهەڵگری تێدایە، لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی شتەکان پێڕەو دەکرێت، نەک پێشکەشکردنی جێگرەوەیەکی باشتر و لەبارتر. بێگومان ئەوانەی گوتاریان هەیە، یان دەیانەوێت پەیام و خواست و شتەکانیان لە ڕێگەی گوتارەکانیانەوە ڕاپەرێنن، دەبێت لە گرنگی، کاریگەری، کارتێکردن و کاردانەوەکانی خودی گوتاریش بگەن، بەلای کەمەوە لەوە بگەن گوتار کردارە و بەرپرسیاریەتی تێدایە، چونکە هەندێک جار کوردگوتنەی سەری خاوەنەکەشی دەخوات.

هیچ کاتێک و هیچ کەسێک لە پرۆسەی سیاسی جێگەی بەزەیی و بۆ پاڕانەوە نییە، مەسروور بارزانی چۆن ستایش دەکرێت، ئاساییە هەڵەش بکات و ڕەخنەشی لێ بگیرێت، چونکە سیاسەت خۆی زۆنگاوێکی تەژی لە میرۆکۆبکراوی پڕ لەکێشە و ناکۆكییە، بەڵام شیکردنەوەی گوتار و دەرخستنی مەبەست و نیازەکان، ئەرکێکی ئەخلاقی و کولتوورییە. زمانی بەکارهێنراوی گوتار، بڕیار لە زۆر شت دەدات و دەبێتە ساخکەرەوەی زۆر شتی شاراوەی نادیاریش.

لەبیرمە پێش پێکهێنانی کابینەی نۆیەم بە ئاشکرا دەیانگوت ئەوانەی بە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی قایل نەبوون، ئەوە کاک مەسروور بارزانی دەبێتە سەرۆک وەزیران، خۆ بگرن ئینجا دەبینن، چ دەقەومێت ئەو پیاوێکی توند و ڕەقەکارە و ڕێگە بە سەرپێچی و گەندەڵی و دوو ئیدارەیی و خۆفەرزکردنی حزبی نادات، هەندێک دەیانگوت پێکەنینیشی نییە. ئەمە گوتارێک بوو دوو ئامانجی لەخۆ گرتبوو:

یەکەم: دەرخستنی بەهێزیی کەسایەتی سەرۆک وەزیران و ڕژدێتی لە کار و بڕیار و لێپرسینەوە و پێداگری لەسەر بەڕیوەچوونی بەرنامەکانی لە حووکمڕانی.

دووەم: ترساندنی لایەنەکانیش بوو، بەوەی کاک مەسروور بارزانی کەسێکی توندە، ئیدی بواری سازش و مانۆڕی سیاسی و کلکبادان بۆ هیچ کەسێک نامێنێت.  

لەگەڵ ساتی یەکەمی ڕاگەیاندنی کابینەی نۆیەم، گوتاری پیلانگێڕی دژی کابینەکە و خودی سەرۆک وەزیران بە ئاشکرا و شاراوە، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەلایەن ئەو گرووپ و لایەنانە دەستی پێ کرد، کە ئامانجیان هەر لە سەرەتاوە ڕووخانی مەسروور بارزانی بووە. ئەمەش لەکۆتایی هەندێک گەیشتنە ئەوەی کە "ناتوانن سەرۆک وەزیران تێک بشکێنن و سنوورداری بکەن"، بۆیە لەگەڕان بەدوای ئەلتەرناتیڤی ئەم "تێکنەشکانە"، بیریان لە بەکارهێنانی "کارتی بەغدا" و شتی دیکە کردەوە. کارتی بەغدا لەململانێی نێوەخۆییش ئەنجامێکی بە ئازار و سەخت و پڕکێشەیە، بەڵام یەکلاکەرەوە نەبوو، بەپێچەوانەوە زاراوەی "خیانەت"ی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەو هێرش و سووکایەتی و بەرنامە  گومانهەڵگرانەیان گەیاندە لووتکە، بێ ئەوەی بتوانن شوێن پێ و پلە و کەسایەتی و دونیابینی و تێڕوانینەکانی ئەم سەرکردە نەلەقیوە بۆ حووکڕانی بگۆڕن. تەنیا گوتارێک پێیان کرابێت ڕێگری بووە لە نەهێشتنی گەندەڵی، درێژەدان بە ئاژاوەی سیاسی و دروستکردنی ترس و نیگەرانی لای هاووڵاتییان و ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکی باش و خراپ. 

 گوتاری ئەمجارەشیان بریتی بوو لە "شەرعیەتدان بە بەغدا و حەشد و دەستوەردانی دەرەکی، تاکو هەرێمی کوردستان لە ڕقی پارتی و سەرۆک وەزیران" تێک بشکێنرێت، ئەم ڕقە بە ئاشکرا لەگوتاری پیلانگێڕیدا هەیە و ناشاردرێتەوە. لەمەش خراپتر لە پێش دەنگدانی هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ ڕاشکاوانە هەموو ئەو لایەنانەی خۆیان بە دژی حکوومەتی هەرێم و "پارتی بەپلەی یەکەم" و "سەرۆک وەزیران" دەزانی، چەند شتێکیان کرد و ڕاشکاوانە لە ڕێگەی ڤیدیۆ و ڕاگەیاندنەوە ئەم شتانەیان ڕاگەیاندن، لەوانە:

یەکەم: گوتاری ڕووخان و وەستاندن و سزادان و لەسێدارەدان و هاوپەیمانی حەشدی شەعبی و خۆبەستنەوە بە ئێران بە کارێکی ڕەوا و مۆدیرن لە سیاسەت نمایش بکەن، ئەمەش یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان لەڕقی کەسێک و لایەنێک، یان بۆ شاردنەوەی فەشەلەکانیان بەرانبەر مانەوە و بە‌هێزبوونی پتری سەرۆک وەزیران، لەدروشم دەرچن و بچنە سنووری کردار و بەکردەوە گوتاری پیلانگێڕی بکەنە گوتاری ڕووخاندنی هەرێم. لە کردەوە وەکو هەندێک دەڵێن "سیاسەتی کەری دیزە پیادە بکەن" و لە ڕقی "مەسروور بارزانی و پارتی" ئەگەر خۆشیان لەناو بچن گرنگ نییە، تەنیا ئەوان لەناو ببەن و پێیان وا بێت بە کەوتنی پارتی و سەرۆک وەزیران کێشە کۆتایی دێت. لەکاتێکدا گوتاری لەمجۆرە خۆی لە خۆیدا بریتییە لە چاندنی دووبەرەکی و کێشە و ئاژاوەیەکی درێژخایەن. 

دووەم: ئەوانی دیکە تەنیا پارتی و بەرپرسە یەکەمەکانی پارتی نەبێت دەیانگوت، ئەم هەڵبژاردنە زۆر باش و پاک و  بێگەرد دەبێت، چونکە:

-        کۆمیسۆنی بەغدا سەرپەرشتی دەکات.

-        لیستی دەنگدەران پاک دەکرێتەوە.

-        دەنگدەری مردوو نامێنێت.

-        تەزویر ناکرێت.

-        نیازیشیان ئەوە بوو، کە ئەم هەڵبژاردنە زەمانی ئەوەی تێدایە کراوە و نەخشەی بۆ دانراوە ئەوان چەند کورسی بەدەست دەهێنن، واتە دڵنیابوون لەوەی دەزانن چەند کورسی بەدەستی بهێنن و ئەمەشیان بەدەنگی بەرز وەکو تۆڵەکردنەوە لە پارتی دەردەبڕی.!!

واتە گوتاری پیلانگێڕی دەکرێت لە هەموو سەردەمێک و بۆ هەر بابەتێک و بەهەر پاساوێک بێت بەکار بهێنێرێت، بەڵام دیسان فەشەلیان هێنا، گوتارەکە بەسەر خۆیاندا شکایەوە و ئێستا دەبێژن ئەمە خراپترین و تەزویرترین دەنگدان بووە و ئەنجامەکان پێشتر دیزاین کراون.

دەگەڕێمەوە سەر گوتاری پیلانگێڕی دژی مەسروور بارزانی، من پێم وایە لەتەک نیەتی دوژمنکارانە، ڕق و تۆڵەسەندنەوە و پڕکردنی گوتار بە "فیشەکە وشە"ی هێرشکەر، ڕاگەیاندنی توند کە لایەنە نەیارەکان بەڕێوەیان بردووە، لەنێو ڕاگەیاندنی پارتیش بەلای کەمەوە دەرهەق بە سەرۆک وەزیران دوو هەڵەی پێشوەختە کراوە، لەوانە:

یەکەم: لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی "مەسروور بارزانی" وەکو سەرۆک وەزیران گوتیان ئەو دەتوانێت هەموو کێشەکان چارەسەر بکات و سوپەرمانە و ئەوەی کەسی پێی نەکراوە ئەو دەیکات، ئەمە هەندێک دوور کەوتنەوە لەواقیعی تێدایە، ئەرکی ئەویشیان لەهەنگاوی یەکەم قورستر کرد، چونکە هەندێک کێشە هەن سی ساڵە بەهێز و قووڵ ڕۆ چووەتە نێو كولتوور و سیاسەت و کەسایەتی و ئەخلاقی کۆمەڵگە، بە چەند ساڵێک و بە بڕیارێک و تەنیا هێزیک چارەسەر ناکرێن. نموونەی گەندەڵی وەکو كولتووری لێ هاتووە، لایەنێک بەتەنیا ناتوانێت کۆتایی پێ بهێنێت و بیوەستێنێت. یەکخستنی هێزی پێشمەرگە کە ئەمەریکا و ئەورووپا داوای دەکەن و هاوکارن. پەروەردە، یەکخستنەوەی ئیدارەکان، پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێزی بچووک.  

دووەم: پێش بانگەشەی هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ ڕایانگەیاند سەرۆک وەزیرانی داهاتوو کاک مەسروور بارزانییە ئەمەش دوو بۆچوون و لێکدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا:

یەکەم: پارتی براوەی یەکەم دەبێت و حکوومەت پێک دەهێنێت و بێ ڕکابەرە، واتە لایەنەکان ناتوانن و توانای پاشەکشە پێکردنی پارتیان نییە. لەهەمان کاتدا بەکارهێنانی ناوی "مەسروور بارزانی" وەکو هێما و نیشانەیەکەی سیاسی بەهێز دژی ڕکابەرە سیاسییەکانی دیکە گوزارشتی لێکرا، کە لەکردەوەدا کەسایەتییەکی خۆڕاگرە و دەتوانێت ڕووبەڕووی قەیران و کێشەی گەورە ببێتەوە.

دووەم: لایەنێکی دیکەی پەیامی ئەم گوتارە ڕەنگە نەرێنی بووبێت، چونکە دەرفەتێکی خراپی بە ناحەزانی مەسروور بارزانیدا، ئەم لێدوان و گوتارە ئیستغلال بکەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی فراوان و ڕاستەوخۆ و بەشێوازێکی هەندێکجار نزم ناوی بهێنن و هێرشی بکەنە سەر و نەیشارنەوە کە دەیانەوێت و دەمێکە کار دەکەن  تێکی بشکێنن و داوای ڕووخاندنی ئەو و حکوومەتەکەیان کرد، ڕەنگە ئەگەر ئەم لێدوانە نەبووایە، نەیانتوانیبایە ڕاستەوخۆ ئاماژە بەناو و ڕۆڵی مەسروور بارزانی بکەن، وەکو ئەوەی ڕووی دا. ئەنجامەکان دەریانخست ئەم چەشنە قسەکردن و گوتارە سەرکەوتنیان تێدا نییە. مرۆڤ پێویستی بە دانانی نەخشە و بەرنامەیە بۆ دروستکردنی گوتاری سیاسی و هەڵبژاردن، یان هەر جۆرە گوتارێکی دیکە.   

گوتاری پیلانگێری نەیتوانی سەرکەوێت، نەیتوانی نیەتی "ڕووخان و کۆتاییپێهێنان و شکاندن و تێکدان" بەدی بهێنێت، بەڵام ئەم گوتارە زەمینەیەکی یەکجار خراپی بۆ تێكدانی "متمانە و لێکگەیشتن" دروست کردووە.

گوتاری پیلانگێڕی هەمیشە پشت بە زمانێکی خراپ و ئابڕووبەر و سوککردن و بچووکردنەوە و قەبەکردنی کێشە و شتی دروستکراوی درۆزنانە و تێکدان و ئاژاوە و یاریکردن بە دەروونی گوێگرەکانی و هاووڵاتییان دەبەستێت، لای ئاساییە لەکاتی گوتاردان خاوەنی گوتارەکە چاوی بنوقێنێت، وەکو ئەوەی کەس لەبەردەمی نەبێت و تەمسیل بکات و هەمیشە شتە بچووکەکان بەقەبارەی گەورەتر لە هەقیقەتی خۆیان ئاماژە پێی بکەن. مشکێک دەکەنە گامێشێک.  

لەنێو گوتاری پیلانگێڕی دەیانەوێت زۆر شت وەکو "شتی ترسێنەر، خۆسەپێن، بەهێز تا دەگاتە سەرکوتی بەرانبەرەکەی" نیشان بدەن، ڕێک بۆ هێرشکردنە سەر کەسایەتی و توانای مەسروور بارزانی ئەم سیاسەت و گوتارەیان پیادە کردووە، لەکاتێکدا من پێم وایە هەرێمی کوردستان، کە ئێستا تەنیا چوار پارێزگایە، دەبووایە بەهێز یەکبخرابایە و هیچ حووکمەتۆکەیەک لە دەرەوەی ئیدارە و یاساکانی فەرمی هەرێم ڕێگەی پێ نەدرابایە.

گوتاری پیلانگێڕی لە جیاتی پەرەپێدان و خزمەت و بەهێزکردنی وڵات، بانگەشەی ئەوە دەکات، نابێت ئەم پێشکەوتنە لە هیچ ناوچەیەک هەبێت، چونکە ناوچەی ژێردەسەڵاتی خاوەنی ئەم گوتارە گەشەی پێ نەدراوە و ئەمەشیان دەبەستەوە بە "سیاسەتی جیاوازیکردن!" ئەمە بەکردەوە گوتارێکی پیلانگێڕانەی پیس و گەمژانەیە لەسەر بنەمای "گەمژەیی و نەزانین بۆ ناساندنی زانین بینا کراوە" بۆ؟ ئەگەر گوتارەکە پیلانگێڕانە و بۆ موئامەرە نەبێت، دەبێت داوا بکرێت ناوچەکانی ئەوانیش گەشە بکەن، وەکو چۆن هەولێر و دهۆک گەشەیان کردووە، نەک گەشەکردنی هەولێر و دهۆک ڕابگیرێت وەکو ناوچەکانی ئەوانی لێبکرێت، چونکە ئەوان هیچیان بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان نەکردووە.

گوتاری پیلانگێڕی وەرگر و گوێگر بە گەمژە دەزانێت، یان ڕکابەرەکەی بە نەزان و نزم و لاواز و تاوانبار نیشان دەدات، لەکاتێکدا گوتارەکەی خۆی بریتییە لە "تاوانکاری بە قسە"، چونکە ژمارەیەک دەستەواژە و زاراوە و وشەی نەگونجاوی تۆقینەری دەروونی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنێت، کە بەکردەوە بەپێی شیکاری زمانەوانی ڕاپەراندنی کردەیەکە و کردەکەش بڕیاردانە لە شتێک کە بەڕاستی و دروستی باسی هەقیقەتی شتەکان ناکرێت، ئەمەش شیاوی کۆمەڵگەیەکی ئارام و تەندروست نییە. واتە:

یەکەم: خەڵک و  جەماوەر بە گەمژە دەبینێت، ئەمەش سووکایەتی و جۆرێکە لە تاوانی بەهەڵە هەڵسەنگاندنی خەڵک.

دووەم: ڕکابەرەکەی بە نەزان و تاوانبار و نزم نیشان دەدات، بێ ئەوەی بەکردەوە ئەوە بسەلمێنێت خۆی لە ڕکابەرەکەی باشترە و خۆی گەمژە نییە، کە جەماوەر بە گەمژە دەبینێت.

سێیەم: قسە لەسەر بێهیواکردنی خەڵک دەکرێت، لە کردەوەدا بەشی زۆری ئەو گوتارانەی دژی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بوون، گوتاری لەبەریەک هەڵوەشاندنەوەی ڕەسانەیەتی، ئیلتزام و ئینتمای خەڵک بۆ کوردستان و نەتەوە بوو. بۆیە بەرانبەر ئەم گوتارانە، گوتارێکی دیکە کاری خۆی کرد، کە پێوەندی بەمانەوە و پەرەپێدانی کەسایەتی کوردستان و بیناکردنی وڵات بوو.

چوارەم: ئەوانی دژی پارتی بوون "یەک گوتاری" هاوشێوە و لەیەکچوو، نزیک و تەواوکەری یەکتریان هەبوو، بەڵام دابەشی سەر چەندین هێزی ناکۆک و دژ بەیەکتر بوون و کەسایەتی خۆیان دابەشی سەر "کاردانەوە و حزبایەتی و هێرشی دوژمنکارانە و  ڕق، ستایشی بێگانە پتر لەستایشی  خۆیان" کردبوو. گوتاری پارتی چەند هێزێک و کاریزمایەکی وەکو "سەرۆک بارزانی ڕێبەری نەتەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی هەرێم" بەڕێوەی دەبرد، بەڵام یەک ئامانجی هەبوو ئەویش "دروستکردن و مانەوە و  ئاوەدانی" بوو. ئەم گوتارە پشتی بە خۆی بەستابوو.

پێنجەم: گوتاری مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیران و پارتی گوتارێکی خۆماڵی بە زمان و ستایلی سادە و سروشتی خەڵک بوو، شتیان پێشکەش دەکرد لەڕووی سیاسی و ئاسایش و ئابووری. ئەوانی دیکە گوتارێکی هاوردە بەستایلێکی توندی چاولێکەرانە و دروستکراو بوو، تەنیا خاوەنی ڕەخنەبوون، خاوەنی پێشکەشکردنی هیچ شتێک نەبوون.

شەشەم: دەتوانم بێژم گوتاری مەسروور بارزانی گوتاری ئیش و کردەوە و ڕاپەڕاندنی بەکردەوەی بەرنامە و شتەکان بوو، گوتاری ئەوانی دیکە گوتاری قسەکردن و تاوانبارکردنی بێ بەڵگە بوو.

لەبیری نەکەیەن تیۆری پیلانگێری و گوتاری پیلانگێڕی هاوبەشییەکی توند و زۆریان بەیەکەوە هەیە، ڕاستە لە زاراوە و شێوازدا لێکجیاوازن، بەڵام هەردووکیان دەیانەوێت "بڵاوبوونەوەی هوشیاری سیاسی لەنێو خەڵک و دەستەبژێردا تەمومژاوی بکەن"، هەر کاتێک زانیاریی و هوشیار لەبارەی قەیرانەکان کەمتر بێت، ئاستی چارەسەریش نزمتر دەبێت. لەهەمان کاتدا ئەم جۆرە گوتارە پشت بە "توندڕەویی و فشار و ئاژاوە" دەبەستێت. بڕوای وایە بە هێرشی بەردەوام، سەرکەوتنی بەردەوام بەدەست دەهێنێت.

لە چەند ساڵی ڕابردوو، بەتایبەتیش لە بانگەشەی ئەمجارەی پەرلەمان (ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٢٤) گوتاری پیلانگێڕی بەجۆرێک زەق بوو، کەس ناتوانێت هەستی پێ نەکات. لەوەس تێپەڕی جۆرێک لە کۆمیدیا و تڕۆکردنی بەرنامە و پڕۆژە جدییەکانی لەخۆ گرتبوو، بۆ؟ وەکو گوتمان "تەمومژاویکردنی هوشیاری" و "توندڕەوی و فشار و ئاژاوە" بنەمای سەرەکین بۆ ڕاپەڕاندنی ئەم جۆرە گوتارانە، کە لەبنەڕەتدا پشت بە "هێرش و بچووکردنەوەی ئەوانی دیکە و سڕینەوەی بەها کۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەکان دەبەستێت و پڕە لە هاتوهاوار و پچڕپچڕبوون و بەیەک نەبەستنەوەی قسەکان."

لەبەر ئەوە بینیمان مەسروور بارزانی کە سەرۆکایەتی حکوومەت دەکات لە سەردەمی سەخترین قەیران و ئاڵۆزیی سیاسی و کۆمەڵایەتی و فشاری هەمەجۆری ناوەخۆیی و دەرەکی، لەبەرچاو بوو پارتی جارێکی دیکەش لەجیاتی پاشەکشە بووەوە براوەی یەکەم. ئەو هۆکارانەی بوونە سەرچاوە بۆ ئەوەی خەڵکێکی زۆر متمانەی بە قسە و گوتاری مەسروور بارزانی هەبێت، لەبەر چەند هۆکارێکە بوو، لەوانە:

یەکەم: سەرۆک وەزیران چووە نێو خەڵک و ڕاستەوخۆ پێوەندی بە هاووڵاتیان و کۆمەڵگەوە کرد. واتە بایەخی بەگرنگی پێوەنیدکردنی ڕاستەوخۆ دا، دەکرێت لەمەو دوا لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانیش ئەم کرانەوە و لەگەڵ دەستبەژێر و کەسانی خودان پڕۆژەی فکریی و سیاسی و ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتی هەمان شت درێژە پێ بدات.

دووەم: پارتی براوەی یەکەم بوو.

سێیەم: گوتاری سەرۆک وەزیران گوتاری "کارکردن و پڕۆژە و دوور لە خۆدەرخستن و سووکایەتی" بوو. لە هەمان کاتیشدا گوتارەکەی متمانەبەخۆبوونێکی بەهێزی نیشان دا.

چوارەم: ئەگەر پارتی پێشتر بیرۆکەی دیکەشی بۆ پێکهێنانی حکوومەت هەبووبێت، ئێستا لەبەرکاردانەوەی خاوەنەکانی گوتاری پیلانگێڕی و ئەو لایەنانەی بەئاشکرا و ستراتیژیانە کاریان بۆ ڕووخاندنی سەرۆک وەزیران کرد، نیشانیان دا ئەوانە لە مەسروور بارزانی ترساون، بۆیەشە پارتی هەر خودی ئەوی وەکو کاندێدی ئایندەی حکوومەت بەربژێر دەکاتەوە.  

پێنجەم: مەسروور بارزانی بە زمانێکی فەرمی و بەرز، دوور لە هەڵچوون و کاردانەوەی سلبی ئیدارەی گوتار و گفتوگۆ و قسەکانی خۆی کرد، ئەو تەنیا گوتی "ناتوانن"، ناتوانن بووە ڕەمز و هێمای بانگەشەی پارتییەکان، ئەم گوزارشتە هیچ سووکایەتی و هەڕەشە و بچووکردنەوە و سنووربەزاندنێکی سروشتی تێدا نییە، بەڵام بە ڕکابەرەکانی دەڵێت: "ئێوە هێزی ئەوەتان نییە، ئێمە پاشەکشە پێ بکەنن و بشکێنن و بڕوخێنن"، فەرموون خۆتان تاقی بکەنەوە.

شەشەم: گوتاری فەرمی مەسروور بارزانی گوتاری کارەکتەرێکی سیاسی متمانەدار و بڕوابەخۆ و بەرنامەدار بوو. ئەم چەشنە گوتارە پشت بە "هوشیاری و ژینگەیەکی ئارام و ستراتیژی سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی" دەبەستێت.

یەکێتی ئەورووپا و دەزگا جیهانییەکان چەند ساڵێکە لێکۆڵینەوە لەبارەی تیۆری پیلانگێڕی ئەنجام دەدەن، کە پێوەندییەکی توندی بە سیاسەتی پۆپۆلیستییەوە هەیە.  منیش ئەمە بە دەرفەتێکی گونجاو دەزانم لێکۆڵینەوە لە گوتاری پیلانگێڕی و ئاژاوە بکەم، تاکو لەو پێوەندیی و هاوسۆزییە بکۆڵینەوە کە شتەکان دەبەستێتەوە بە ڕەفتاری پۆپۆلیستی و ئاژاوەگێڕی و تێکدان و وێرانکردن.