وه‌ک پێشتر له چه‌ند نووسینی تردا لە "وشه" ئاماژه‌م پێ دابوو، ئه‌و دۆخه‌ی ئێسته پارتی کرێکاران تێیدا ده‌ژی، دۆخی خۆکوژییه! ئینجا دروستتر ئه‌وه‌یه بڵێین کوردکوژییه، چونکه ئه‌م پارته ئێسته شوناسێکی دیاریکراوی کوردیی نییه و هێنده‌ی هه‌یه ته‌نیا له توخمه کوردییه‌کان و دۆزی کورد و جیۆگرافیای کوردستان که‌ڵک وه‌رده‌گرن، له‌م حاڵه‌ته‌دا ده‌کرێت ئه‌م پارته به دۆڵپایهک بچووێنین که دیواری سه‌ری کورد بووه و قاچه‌کانی وه‌کوو دهواڵ و قائیشێکی درێژ به گه‌ردنی کورد ئاڵاندووه و ده‌یه‌وێت به هه‌ر جۆرێک بووە، به سواری سه‌ری کورد خۆی بگه‌یه‌نێته بوار و به‌ره‌و وشکانیی ده‌ربازی ببێت! ئینجا له وشکانیی چ ده‌کات؟ دیسان له وێزه‌ی کورد یان کوردشێوهیهکی دیکه داده‌نیشێت و هه‌مدیس به سواری سه‌رییه‌وه به‌ره‌و بوار و وشکانیی تر ده‌په‌ڕێته‌وه!
دۆڵپا له‌و بوونه‌وه‌ره ئه‌فسانه‌ییانه‌یه که له په‌ناو و په‌سیوی کێو و چیاکان‌دا خۆی حه‌شار ده‌دا و له شێوه‌ی پیره‌پیاوێکی دانکهوتووی په‌ککه‌وته، داوای هاوکاریی له ڕێبوار یان هه‌ر که‌سێک به‌وێدا گوزەر بكات، ده‌کات و ئه‌ویش به ناچاری له ڕووی سۆز و دلۆڤانییه‌وه به سواری پشتی هه‌ڵیده‌گرێت و دواجار ئه‌وه‌ی ڕوو ده‌دات وا له سه‌ره‌وه باسم کرد! ئه‌مه سرووشتی دۆڵپایه.
بێگومان ئه‌م به‌راورده پێویستی به ڕوونکاریی زیاتره و نامه‌وێت خراپ تێگه‌یشتن دروست بێت و ناشمه‌وێ به‌م جۆره به‌راوردکردنه هیچ برین یان دڵئێشهیهک له‌ناو لایه‌نگر یان ئه‌ندامانی ئه‌م پارته دروست بکه‌م، بۆیه گرینگه به هه‌ڵوێسته و دوور له ده‌مارگرژی و پێشداوه‌رییه‌وه بابه‌ته‌که بخوێنرێته‌وه. بێگومان ئه‌م به‌راورده مه‌رج نییه ته‌نیا هه‌ر بۆ پارتی کرێکاران بێت، به‌ڵکوو هه‌موو ئه‌و سیستمانه ده‌گرێته‌وه که له سه‌رده‌می جیهانگیریی سه‌ره‌ڕۆیانه و گه‌شه‌ی بێسنووری جیهانی پێوه‌ندییه‌کان و ته‌نانه‌ت سه‌رهه‌ڵدانی شوناسه مه‌جازییه‌کان له تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی هه‌ریه‌ک شێواز و میتۆدی هه‌ڵبژاردووه.
خاڵی هاوبه‌شی نێوان دۆڵپا و پارتی کرێکاران ئه‌وه‌یه، ئامانجیان ته‌نیا گوستنهوهیه له کێوێکه‌وه بۆ کێوێکی دیکه، مانه‌وه‌یه له بازنه‌ی ئه‌و شێوه‌ژیانه‌ی خوویان پێوه گرتووه، شێوه‌ژیانێک که ده‌کرێت گۆڕانکاریی تێدا دروست بکرێت، گۆڕانکارییه‌کی نه‌رم و هێمنانه و له‌و پنتهیشهوه سه‌ره‌تایه‌ک بۆ تێکه‌ڵبوون به شێوه‌ژیانی سه‌رده‌میانه.
خاڵی هاوبه‌شی تر تەنیایی ئه‌م هێزه‌یه، دیاره ته‌نیایی وه‌ک هاوپه‌یمان ناڵێم، چونکه ئه‌م هێزه له سوپای پاسدارانه‌وه تا حزبوڵای لبنان و بگره چه‌ندان و چه‌ند ڕێکخراوی چه‌پی ئه‌ورووپی و ئه‌مەریکیی هه‌ن، به‌ڵکوو مه‌به‌ستم له‌و شێوازه خه‌باته‌یه که وا ده‌زانێت ته‌نیا ئه‌وه ده‌یگه‌یه‌نێت به ئه‌نجام و ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌و شته‌ی خۆی ده‌ڵێت ده‌مه‌وێت!
له ڕووی ئه‌م به‌راوردکارییه به ئاسانی له دوو تایبه‌تمه‌ندی هه‌لپه‌رستی و هاوکات گۆشه‌نشینی ساغ ده‌بینه‌وه. ئه‌مه‌م بۆیه وت، تا بگه‌م به‌و ده‌رئه‌نجامه‌ی که هه‌لپه‌رستی و گۆشه‌نشینی له چ جۆره هێزێکدا کۆ ده‌بنه‌وه؟
بێگومان ئه‌وه‌ی تۆزێک شاره‌زای هزر و ڕه‌وته سیاسییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌م بێت، ڕاسته‌وڕاست ده‌زانێت هێزه سه‌له‌فی و توندئاژۆکان ئه‌م دوو تایبه‌تمه‌ندییه جهوههرییهیان له‌گه‌ڵ خۆیان هه‌ڵگرتووه. هه‌موومان ده‌زانین سه‌له‌فییه‌ت چ چه‌پ یان ڕاست یان ئاینی، گرێدراوێتییهکی قووڵ و قودسییانهی هه‌یه به ڕابردوویه‌کی دوور یان نزیکه‌وه و له ئه‌گه‌ری به ڕۆژنهبوونهوهیاندا ناتوانن له جیهانی سه‌رده‌مدا هه‌ناسه هه‌ڵکێشن و بژین.
دیاره لێره‌دا مه‌به‌ستم نییه هه‌ر ڕه‌خنه‌ی پارتی کرێکاران بکه‌م و ئه‌مه دووره له ویژدان و هاوکات عه‌قڵی شیکارانهوە، ئێمه ده‌زانین کولتووری پانتورکیزم مێژوویه‌کی دوورودرێژی هه‌یه و له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی تورکه‌وه خۆی به تایبه‌تی به‌سه‌ر کورددا پراکتیزه ده‌کات و کردوویه‌تی. ده‌شزانین گوتاری "ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه له‌گه‌ڵ تیرۆر" گوتارێکی جیهانگیره و ده‌یان و سه‌تان وڵاتی زلهێز و لاوەكی پشتگیریی ده‌که‌ن، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئێمه له بنه‌مادا ده‌توانین ئه‌م گوتاره‌مان هه‌ر قبووڵ نه‌بێت و ڕێک به میسداق و نموونه‌ی تیرۆریزمی بزانین! به‌ڵام دنیا و هاوکێشه سیاسی و جیۆپۆڵەتیكیهکان به‌م شێوه‌یه ئیش ناکه‌ن، ڕیال پۆڵه‌تیک یان ڕووانین واقیعییە بۆ سیاسه‌ت که ده‌توانێت پێگه و چاره‌نووسی ئێمه دیاری بکات، له‌م ڕووه‌وه باسی ئه‌وه نییه کێ به‌رهه‌قه و کێ ناهه‌ق، به‌ڵکوو باسی ئه‌وه‌یه کێ ده‌توانێت باشتر یاریی بکات له‌ناو ئه‌و یاسایه‌دا؟
پارتی کرێکاران دوای زیاتر له سێ ده‌یه ئه‌زموون و شه‌ڕی چه‌کداری و تۆڕی ئابووریی له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینه‌وه بۆ ئه‌ورووپا و ده‌یان و سه‌تان دۆسیە و حاڵه‌تی ئاسایی و نائاسایی، له کاتێکدا هێرشه‌کانی له ئه‌نقه‌ره ئه‌نجام ده‌دات که توركیا (به درۆ یان ڕاست به یاریی یان نه‌یاری!)، خه‌ریکە پێشنیازی ئاشتیی ده‌خاته ڕوو. ئه‌گه‌ر ئه‌م پارته لانیکه‌م به‌م چه‌ند که‌سه‌وه که ڕوخساریان به ئه‌نقه‌ست نوساندبوو به کامێراکانی چاودێرییه‌وه تا هه‌موو دنیا ئه‌و کورده ببینێت که پارتی کرێکاران پێناسه‌ی ده‌کات! ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ی ئه‌نجام نهدایە، ئه‌وا ڕه‌نگبوو ڕۆژئاوا له درێژماوه‌دا زیاتر گوشار بخاته سه‌ر تورکیا و هه‌ر ئێسته‌یش ڕۆژئاوا له‌ژێر بۆردمانی چڕی فڕۆکه و هاژه‌که‌کانی تورکیادا نه‌ده‌بوو!
که‌واته ئێمه ده‌بێت یه‌خه‌ی کێ بگرین؟ یه‌خه‌ی مێژوو بگرین و بناڵین و بکڕووزێینهوه که کورد هه‌ر به‌ختی نه‌بووه و که‌وتووه‌ته به‌ر نه‌فره‌تی مێژوو؟ یان دان به‌و ڕاستییه‌دا بنێین که هێزێکی وه‌ک پارتی کرێکاران که له سه‌رده‌م و سه‌ره‌تاکاندا ئه‌گه‌رچی وه‌ک ده‌رفه‌رتێک ده‌رکه‌وت و کوردی له‌و که‌شه میلیتاریزه و تۆقێنه‌ره هه‌ستانده‌وه، به‌ڵام ئێسته جگه له هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر کورد و کوردستان، هیچیتر به‌رهه‌م ناهێنێت، کاتێک ده‌ڵێم کوردستان له پله‌ی یه‌که‌م باکور و دۆخی کورد له‌وێ و دوای ئه‌ویش به ڕوونی و ڕاشکاوی له‌سه‌ر باشوور و ڕۆژئاوا کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانی کرده‌وه‌کانی ئه‌م هێزه ده‌بینین. ئایا کاتی نه‌هاتووه هه‌ڤاڵانی ئه‌وروپانشین و ئێره و ئهوێنشین، له باتی سه‌رزنشتی هێزه‌کانی باشوور و هه‌ر که‌سێک که وه‌ک خۆیان بیر ناکاته‌وه، بیرێک له‌م بنبه‌سته چه‌ندان ساڵه‌یه بکه‌نەوە که پارتی کرێکاران هه‌م خۆی تێیدا گیری خواردووه و هه‌میش کوردی تێدا تووش کردووه؟
باسی تێروته‌سه‌لی ده‌وێت و له به‌شەكانی داهاتوودا دێمه‌وه سه‌ری.