ئه‌یاد عه‌لاوی له دیمانەیەكدا خاڵی گرینگ لەبارەی واقیعی کوردستانه‌وه باس ده‌کات، بێگومان شاراوه نین له‌به‌رچاو و زه‌ینی چاودێران و خه‌ڵکی بە ویژدانیش، ئه‌ویش ئه‌وه بوو گوتی "من به هه‌ندێک له‌وانه‌ی که تازه کارن له سیاسه‌تدا و له به‌غدا هاتوونه‌ته لام، وتوومه له کوردستان دوو سه‌رکرده هه‌بوون، یه‌کیان جه‌لال تاڵه‌بانی بوو به ڕه‌حمه‌تی خوا ڕۆیشت و ئه‌ویتر جه‌نابی کاک مه‌سعووده که له ژیاندا ماوه، ئێوه بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانتان ده‌بێت بچنه لای ئه‌و".
ئه‌مه‌م بۆیه گێڕایه‌وه تا هه‌ڵوێسته‌یه‌کی دیکه له‌سه‌ر ئه‌و ڕاستییه بکه‌ین که کاک مه‌سعوود ئێسته نه‌ک ته‌نیا له کوردستان، به‌ڵکوو له‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی کوردستانیش وه‌ک مه‌رجه‌ع و خاوه‌نی دۆزی کورد ده‌بینرێت، هۆکاری ئەوەی که‌سایه‌تییه‌کی سیاسیی ده‌ستی له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه داناوه، ئه‌وه‌یه سیاسه‌تکردن له کوردستاندا به‌بێ بوونی که‌سایه‌تییه‌کی کاریزمایی، ئاڕاسته‌یه‌کی نادیار و ته‌مومژاوی و بگره کاره‌ساتبار بگرێته به‌ر، گه‌واهی ئه‌م ڕاستییه‌یش ئه‌وه‌یه که ده‌توانین چاوێک بخشێنین به ئه‌ته‌کێت و هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌و به‌ناو که‌سایه‌تی و ڕێبه‌ر و سه‌رۆکه گه‌نج و هه‌رزه‌کارانه‌ی که له ماوه‌ی ئه‌م شه‌ش حه‌وت ساڵه‌ی دوایی و هه‌روه‌تر له قۆناغی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا نمایشی ئه‌دا و ئه‌ته‌کێتی خۆیانیان کرد!
له منداڵێکی فامکراو‌ی بێلایه‌نه‌وه بگره تا سیاسییه‌کی شاره‌زای لایه‌ندار، ده‌توانێت به ئاسانی مافی مه‌عنه‌ویی خاوه‌ندارێتی دۆزی کورد، واته هه‌مان کاریزما به‌پێی مێژوو، توانایی، دیسپلین و هه‌ڵوێست، ده‌ستنیشان بکات، هاشوهوشی میدیایی و به‌رهه‌مهێنانی مژاری ساخته و کۆگای جوێندان هیچ له‌م واقیعه ناگۆڕێت. بۆیه ڕۆڵی سه‌رۆکه کاریزمییه‌کان له هه‌موو قۆناغه‌کاندا به وشه‌یه‌کیش چییه، کاریگه‌ر و یه‌کلاکه‌ره‌وه و داهاتووساز یان داهاتووکوژ ده‌بێت. هه‌ر به‌م هۆیه‌وە سه‌رۆکه کاریزمییه‌کان یان قسه ناکه‌ن یان که‌م قسه ده‌که‌ین و له کاتی خۆیدا قسه ده‌که‌ن و که قسه‌یشیان کرد، له کورتی ده‌یبڕنه‌وه و خاڵه جه‌وهه‌رییه‌کان باس ده‌که‌ن.
پێم وایه ئه‌مه هه‌موو ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه دیارانه‌ی سه‌رۆک بارزانین که نه‌ک ته‌نیا له باشووری کوردستان، به‌ڵکوو له پارچه‌کانی تریش چاوی هیوای لێیه‌تی. بۆیه قسه‌کانی بارزانی له پێنجه‌مین کۆڕبه‌ندی ئاسایش و ئاشتیی له زانکۆی ئه‌مریکی لە كوردستان / دهۆک، ده‌شێت سه‌ره‌ڕای نیگه‌رانی و په‌رۆشییه‌کی لۆجیکی و ته‌واو، وه‌ک ستراتیج و نه‌خشه‌ڕێی پێشخشتنی کوردستان و پێشگریی له مه‌ترسییه‌کانی ئێسته و داهاتوو بخوێنرێته‌وه.
من لێره‌دا له‌سه‌ر سێ خاڵی زۆر گرنگ و جه‌وهه‌ریی له قسه‌کانی سەرۆك بارزانیدا له‌نگه‌ر ده‌گرم و هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ر ده‌که‌م:
یه‌که‌م: ماده‌ی هۆشبه‌ر، ئه‌مڕۆ بۆ هه‌مووان ڕوون بووه‌ته‌وه مه‌ترسییه‌کانی ماده‌ی هۆشبه‌ر به ڕاده‌یه‌که ڕه‌نگه به‌راورد بکرێ به چه‌کی ئه‌تۆمی، جیاوازییه‌که ته‌نیا ئەوەی چه‌کی ئه‌تۆمی ده‌نگدانه‌وه و کاریگه‌رییه‌کانی ئان‌وسات و له چرکه‌یه‌کدایه، یەڵام ماده‌ی هۆشبه‌ر ورده ورده و به بێ ته‌قه، کۆمه‌ڵگە ئیفلیج ده‌کات و ده‌توانێ هێزی گه‌نج وه‌ک سه‌رمایه‌ی سه‌ره‌کیی کۆمه‌ڵگە به ته‌واوه‌تی نابووت بکات.
حیکایه‌تی ئالووده‌کردنی وڵاتی چین له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریای به‌ریتانیا و شه‌ڕی تلیاق، شایه‌تێکی زیندوو و به‌ڵگه‌نه‌ویسته بۆ ئه‌م بابه‌ته، جا به نیسبه‌ت کوردستانه‌وه بابه‌ته‌که چه‌ند قات زیاتر مه‌ترسیدارە، چونكە ئێسته‌یش کۆلۆنی و داگیرکراوێکی نێوده‌وڵه‌تییه، ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ ئاماژه‌ی باش و هه‌ڵبه‌ت لێڵ لەبارەی گۆڕانکارییه‌کانی ناوچه‌که له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ کورددا ده‌خوێنرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مانه جارێ هه‌ر ئه‌گه‌ر و شیمانەن، بۆیه به‌هۆی ئه‌و دۆخه کۆلۆنییه، ماده‌ی هۆشبه‌ر ده‌توانێت یه‌کێک له ئامرازه‌کانی ده‌ستی داگیرکه‌ران بێت وه‌ک له‌م ساڵه‌ی دواییشدا بۆمان ده‌رکه‌وتووه، ئه‌و كارگەی له دەربەندیخان /66كم باشووری سلێمانی/ هه‌بوو بۆ به‌رهه‌مهێنانی ماده‌ی هۆشبه‌ر، خۆی ده‌لاله‌تێکی سامناک و کوشنده‌یە له‌م دۆسیەدا، بۆیه هه‌ڵوێسته‌که‌ی سه‌رۆک هه‌م کێشانی هێڵێکی سووره بۆ ئه‌و مافیا و بازرگانانه، هه‌م ئاگەدارکردنه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رپرس و ده‌ر‌وه‌ستی کوردستان و حکوومه‌ته.
دووه‌م، ئاشتی و برایه‌تی، سیاسه‌تی برایه‌تی و لێکتێگه‌یشتن، یه‌کێک له‌و ڕچه ستراتیجیانه‌یه که تا ئێسته کوردستانی له په‌رته‌وازه‌یی زیاتر و چه‌ندده‌نگیی نه‌رێنی پاراستووه، ئه‌م سیاسه‌ته له بنه‌مادا به‌شێکی سه‌ره‌کیی بووه له گوتاری پارتی له مێژه‌وه، ڕاستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه پێکهاته‌ی فره‌ڕه‌نگ و فره‌ده‌نگی کوردستان هه‌م له ڕووی نه‌ته‌وه‌سازییه‌وه نیشانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی و کولتووری به پیت و پاراوی کورده و هه‌میش ده‌توانێت مه‌ترسی بێت، ئه‌م سیاسه‌تی لێکتێگه‌یشتن و گقتوگۆ، هه‌م بۆ ناوخۆی کوردستان و هه‌میش بۆ دەره‌وه، کوردستانی له شه‌ڕ و هێرشی زیاتر پاراستووه و ئێسته‌یش ده‌لاله‌تێکی ئه‌م گوتاره بۆ ئه‌و دۆخه‌یه که خه‌ریکه ورده ورده و به خێرایی! ناوچه‌که ده‌گرێته‌وه و ده‌بێت کوردیش له ئێسته‌وه خۆی ئاماده بکات بۆ ئه‌م گۆڕانکاریانه.
پێم وایه به‌شێک له‌م ده‌لاله‌ته بۆ ئه‌و گۆڕانکاریانه‌یشه که بڕیاره له دۆخی کوردانی باکوردا بێته ئاراوه و تورکیا ڕۆڵێکی گه‌وره بۆ سه‌رۆک بارزانی داده‌نێت له پرۆسه‌که‌دا، بێگومان ئه‌مانه ئه‌گه‌رن و پێده‌چێت له داهاتوودا ئێمه نیشانه‌ی ڕوونتر و زیاتر ببینین.
سێیه‌م، کو‌لتوور و ئاین، خاڵێکی دیكەی گرینگ لە قسه‌کانی بارزانیدا، كولتوور و ئاین و پاراستنی بەهاكان بوو، ئه‌مه خۆی ئاماژه‌یه به‌و پێکهاته فڕه‌ڕه‌نگ و ده‌نگه‌ی کوردستان له ڕووی ئاینی و کولتووری و ته‌نانه‌ت ئایدۆلۆجییه‌وه هه‌مانە، دیسانیش كێشانی هێڵێکی زه‌قه له هه‌مبه‌ر ئه‌و ڕه‌وت و لایه‌نانه‌ی کوردستان وه‌ک مه‌کۆی ته‌رانتێنی کولتووری و هه‌ژموونی فه‌رهه‌نگیی خۆیان ده‌بینن. پێم وایه داوده‌زگا کولتووری و ڕۆشنبیرییه‌کانی کوردستان ده‌بێت زیاتر و قووڵتر ئه‌م بابه‌ته بخوێننه‌وه و له پارێزگاریکردن و هاوکات په‌ره‌پێدانی به‌ها کولتوورییه‌کانی کوردستاندا ڕژدتر و مکوڕتر بن.
ئه‌م کولتوورسه‌نته‌رییه له نه‌زمی نوێ‌دا بابه‌تێکی پشتیوانکراوه به ئایدۆلۆجیا و خه‌یاڵی جیهانیش، ئه‌و کولتوورانه‌ی تا ئێسته زاڵبوون له جیهاندا، ئیتر به ڕاده‌ی خۆیان بوون له گپڕه‌پانه‌که‌دا و ئێسته نۆره‌ی ئه‌و کولتووره زه‌نگینانه‌یه که به‌هۆکاری زۆر هه‌لی شیاویان له ئاستێکی به‌ربڵاوی جیهانیدا بۆ خۆنواندن بۆ نه‌ڕه‌خساوه، ئه‌گه‌رچی به‌و حاڵه‌یشه‌وه کو‌لتوور و ئه‌ده‌بی کورد له ئاستێکی باش‌دا له جیهان ناسراوه و له دوای راپه‌ڕینه‌وه تا ئێسته زیاتر و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زۆرتر له ئه‌ده‌ب و کولتووری داگیرکه‌ران ناوی ده‌رنه‌کردبێت، ئه‌وە به دڵنیاییه‌وه که‌متر نییه، ئه‌گه‌رچی ێم وایه له‌و ڕووه‌یشه‌وه باڵای کورد زیاتر و به‌رزتره.