ڕۆژئاوای کوردستان پارچه‌یه‌که له خاکی دایک، واته کوردستانی گه‌وره. بێگومان ئه‌م هه‌ست و نیگای زۆرینه‌ی کوردانی پارچه‌کانی دیکه و ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیشه، ئه‌م هه‌سته ته‌نیا بۆ ڕۆژئاوا نییه، به‌ڵکوو زۆربه‌ی کورد خۆی به په‌رۆش و هاوچاره‌نووسیی دۆخی کورد له هه‌موو کوردستانی گه‌وره ده‌زانێت.
ڕاستییه‌که‌ی ڕه‌نگه ئه‌م قسه‌یه تۆزێک زیاده‌ڕۆیی و خۆشباوه‌ڕانه بێت، به‌ڵام واقیعی بابه‌ته‌که ئه‌وه‌یه، کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی دابه‌شکراو له دۆخێکی هوشیاریی باش و پێشکه‌وتوودا ده‌ژی، ئه‌گه‌ر هه‌موویشی نا، به‌ڵام زۆرینه‌ی کورد خه‌ونی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆی له سه‌ردایه، له خه‌یاڵدانیدا کرماشان و هه‌ولێر و دیاربه‌کر و قامیشلوو، له‌سه‌ر یه‌ک نه‌خشه‌ن و ڕۆژێک ده‌بێت یه‌کتری له ئامێز بگرن. ڕه‌نگه ئه‌و به‌شه‌ی کورد له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ئینتیما و گۆشه‌نیگایه‌ن، ته‌نیا له‌و تیپه که‌سایه‌تییانه‌ی وه‌ک ته‌ها محێدین مه‌عرووف و مه‌لای خه‌تێ بن، واته یان بێ شوناسن یان خڵه‌فاو.
بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت، ئه‌م پوازه له‌لایه‌ن داگیرکه‌ری به‌عسی و ئێرانی و تورکییه‌وه به‌رده‌وام کاری له‌سه‌ر کراوه و ئێمه به‌هۆی ئه‌م پوازه‌وه هه‌میشه خه‌سارمان به‌رکه‌وتووه، به‌ڵام ڕاستییه‌که‌ی تیپێکی تری کوردمان هه‌یه ئه‌گه‌رچی هیچ کات کوردستانی له دڵ نه‌ڕه‌ویوه‌ته‌وه و پشتی نه‌کردووه‌ته کوردستان و خه‌ونه‌کانی، كەچی زویر و دڵشکاوه. بۆیه زۆرجار ته‌نیا له چاویلکه‌ی ڕه‌شبینی و تووڕه‌ییه‌وه هاوکێشه‌کان ده‌بینێت و هه‌ڵیانده‌سه‌نگێنێت، ڕه‌نگه تا ئاستێكیش حه‌قیان بێت.
ئه‌گه‌ر بڵێم جۆری هاوپه‌یمانێتیی کورد له‌گه‌ڵ لایه‌نگەلی به‌رانبه‌ر خۆی و دۆخی جیۆپۆڵه‌تیکی ئاڵۆزی کوردستان، دوو هۆی سه‌ره‌کین، به‌دڵنیاییه‌وه دوو خاڵی زۆر ورد و ئاڵۆزمان ورووژاندووه. هه‌ردووکی هۆکار پێکه‌وه گرێدراون، واته دۆخی جیۆپۆڵه‌تیکی جیۆگرافیای کوردستانی گه‌وره وایکردووه له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئێمه جۆرێک له پێوه‌ندیی و ڕایه‌ڵه‌ی هاوپه‌یمانێتیی دروست بکه‌ین که مه‌رج نییه له قازانجی پارچه‌یه‌کی تر بووبێت، بیرمانه د. قاسملوو به هه‌موو لێهاتوویی و شایسته‌یی حۆیەوە که تا ئێسته‌یش جێی سه‌رسووڕمانی ناوخۆ و ده‌ره‌کیشه، له جه‌رگه‌ی شۆڕشی کوردستاندا له ڕۆژهه‌ڵات و باشوور، کۆمه‌ڵێک پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ به‌عس و سه‌دام هه‌بووه، هه‌ندێ سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌که‌ن، سه‌دام ڕێزێکی تایبه‌تی بۆ شه‌هیدی نه‌مر داناوه و به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان د. قاسملوویش له دانانی پلان و نه‌خشه‌ڕێی ئابووریدا هاوکار و ڕاوێژکاری حکوومه‌ته‌که‌ی سه‌دام بووه و له‌و سۆنگه‌یه‌وه هاوکاریی بۆ شۆڕشی ڕۆژهه‌ڵات وه‌رگرتووه.
هه‌ندێکیش ده‌ڵێن، هه‌ر له‌و هاوکارییانه‌ی له به‌عسی وه‌رگرتووه، یارمه‌تیی شۆڕشی باشووریشی به نهێنی داوە. به‌ڵام ئه‌م پێوه‌ندییه ناچارییه وایکرد دواجار کۆمه‌ڵێک قسه و باس بدرێنه پاڵ د. قاسملوو که دڵی هه‌ر کوردێکی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەر بریندار ده‌کات، ئه‌ویش ئه‌و قسانه بوو که ده‌درایه پاڵ ئه‌و ڕێبه‌ره، گوایه وتوویه‌تی بۆردمانکردنی هه‌ڵه‌بجه ده‌ستی ئێرانی تێدا بووه و عێراق بێتاوانه!
که‌س ناتوانێت شه‌ره‌فی کوردانه و ئینتیمای ڕێبه‌رێکی وا به سووسه‌یه‌کیش بباته ژێر پرسیار، به‌ڵام ئێمه له جیهانێکی ڕیالدا ده‌ژین و دواجار به گوێره‌ی بینراو و بیسراو و خوێنراوه‌کان، قسه ده‌که‌ین و حوکم ده‌ده‌ین. لێره ده‌توانین بپرسین، ئایا له‌و سه‌رده‌مه‌دا هیچ ڕێگاچاره‌یه‌کی تر هه‌بوو تا شه‌هید قاسملوو له‌و جۆرە پێوه‌ندییه خۆ ببوێرێت؟ ڕه‌نگه به‌هه‌ر بارێک‌دا لێکی بده‌ینه‌وه وه‌ڵامه‌که نه‌رێنی بێت، چونکه زیاتر له 30 ساڵ پێش ئێستە، هه‌م پێوه‌ندیی دیپلۆماسیی له جیهاندا به‌م شێوه‌یه نه‌بوو، هه‌میش کورد پێگه‌یه‌کی ناسراو و دانپێدانراوی ئه‌وتۆی نه‌بوو، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه بۆ قۆناغی ئێسته ڕاست نییه.
ئه‌گه‌ر قاسملوو له سه‌رده‌می ئێسته‌دا بژیایە، ده‌یتوانی کۆمه‌ڵێک کۆریدۆر و ڕێڕه‌وی دیپلۆماسیی جیاواز و نوێ بکاته‌وه، به‌هه‌مانشێوه که له ده‌ره‌وه پێگه‌ی خۆی و حزبه‌که‌ی قایم کردبوو. ئه‌مه ئیمتیاز و توانای ئه‌و ڕێبه‌ره بوو، سیاسه‌تکردنی وه‌ک دنیای ئه‌گه‌ر و شیمانه‌کان ده‌بینی، بۆیه تا ئێسته‌یش زۆرینەی هه‌ڵوێسته‌کانی زیندوو و به‌رز و دروست ده‌نرخێنرێن.
ئه‌م دیمه‌نه‌م له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان باس کرد، تا پارچه خۆشه‌ویسته‌که‌ی دیکه، واتا ڕۆژئاوا، تۆزێک بده‌ینه به‌ر سه‌رنج. هه‌موومان ده‌زانین ڕۆژئاوای کوردستان ئایدۆلۆجیایه‌ک پێڕه‌و ده‌کات ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین ماوه‌ی به‌سه‌ر چووه، ئه‌وا ئیتر بۆ کورد وه‌ک زه‌هری کوشنده وایه. یانی ده‌مێکه ئێمه تاڵاوی ئه‌و زه‌هره ده‌چێژین. هێڵه گشتی و نه‌گۆڕه‌کانی ئه‌م ئایدۆلۆجیایه وایکردووه ئێرانی داگیرکه‌ر له پله‌ی سیستمێکی ئایدۆلۆجی ئاینی و سته‌مکارەوە، ببێت به هاوپه‌یمانێکی نه‌ک ته‌نیا پراکتیکی، به‌ڵکوو مه‌عنه‌ویش، ئه‌مه ته‌نیا به یه‌ک هۆکار، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ئێران دژی ئیمپریالیزمی ئه‌وسا و سه‌رمایه‌داریی ئێستەیه که ئه‌مەریکا و ئیسرائیل نوێنه‌ره دیار و ڕاسته‌قینه‌کانین، له ڕوانگه‌ی ئه‌مانه‌وه. واته دژایه‌تیی سه‌رمایه‌داری (ئیمپریالیزم) له هه‌موو سه‌رده‌مه‌کاندا!
ئه‌مە نه‌ک به‌سیره‌ت و پوخته‌بوونی سیاسیی تێدا نییه، به‌ڵکوو ڕێک ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دۆگماتیزم و چه‌قبه‌ستوویی سیاسییه، بۆیه له‌م ده‌لاقه‌یه‌وه ده‌توانین به‌شێک له وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره وەرگرین، بۆچی تا ئێسته پارتی کرێکارانی کوردستان یه‌ک گوندی له باکور ئازاد نه‌کردووه؟
ئایدۆلۆجیای پێڕه‌وکراوی پەكەكە لە باكور، ئه‌و سیستمه داخراوه‌یه له ڕۆژانی تاسووعا و عاشوورادا بۆ ئیمام حوسێن شین ده‌گێڕێ و له‌گه‌ڵ ئاخونده‌کانی تاران و قومیش له ئامێزی یه‌کدا سته‌می مێژوو دەگێڕنەوە، که‌چی لە بانگەشەكانیاندا که‌مترین هه‌ڵوێست و پشتگیری‌یان له به‌ندی و لێقه‌وماو و قوربانیانی شۆڕشی ژینا هه‌بوو. ئێسته‌یش له ڕۆژئاوا هه‌مان تاس و حه‌مامە.
دیسان وه‌ک کاتی هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر عه‌فرین، خه‌ریکن کۆمه‌ڵێک کلیپ و ڤیدیۆی حه‌ماسیمان بۆ به‌رهه‌م دێنن تا کورد خوێنی بێته جۆش و به چاوی نووقاو و کوێرانه‌وه خۆی بداته به‌ر گوله‌ی نه‌یاران، له حاڵێکدا ئه‌م هه‌رێمه ده‌یتوانی له‌م ماوه‌ی چه‌ند ساڵه‌دا له باتی خه‌ونی پووچه‌ڵی برایه‌تیی گه‌لان، سیاسه‌تی کراوه و نه‌رم له ئاستی جیهان و ناوچه‌که‌دا پێڕه‌و بکات، ده‌یتوانی له بازنه‌ی ئه‌و کوردایه‌تییه‌ی بانگەشەی بۆ ده‌کات، سیاسه‌تێک داڕێژێت هه‌م پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی هه‌رێم و ئه‌زموونی باشووری کوردستان قووڵتر و ستراتیجیتر بێت، هه‌میش درک به واقیعی نه‌زمی نوێی ناوچه‌که و ڕۆڵی تورکیا بکه‌ن له گۆڕانکارییه‌کانی به‌رده‌مدا.
تا ئه‌م کاته که ئه‌م ڕستانه ده‌نووسم، میدیای فه‌رمی ڕۆژئاوای کوردستان ڕای گه‌یاندووه که له حه‌له‌ب پاشه‌کشێی نه‌کردووه، که‌چی دوو کاژێر دوای ئه‌وه هێزه‌کانی ته‌حریرولشاممان بینی فڕۆکه‌خانه‌ی حه‌له‌ب و شوێنه ستراتیجییه‌کانی ئه‌وێیان هه‌موو گرتووه!.
پێم وایه ڕۆژئاوا ته‌نانه‌ت له کاتی سفریشدا ده‌بێت واز له‌م ئایدۆلۆجیا ڕه‌ق و به‌سه‌رچووه بهێنێت و واقیع ببینێت، واقیعیش ئه‌و هێزانه‌ن له ناوچه‌که‌دا، هه‌رێمی کوردستان و پێگه‌ی جیۆپۆڵەتیکی هه‌رێمه له ئاراسته‌کردنی ڕووداو و گۆڕانکارییه‌کاندا، ده‌توانێت که‌ڵک لەوانە وه‌ربگرێت، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، سڕبوون به‌هۆی ئه‌م ئایدۆلۆجیایه‌وه که‌ی له مێشک و جه‌سته‌یان ده‌ڕه‌وێته‌وه؟