چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان، دیاردەیەك لەژێر ناوی وەرزشیی شاخەوانی سەری هەڵداوە، لە ڕاستیدا شوێنكەوتن و لاساییكردنەوە و جۆرێك لە مۆدی كۆمەڵایەتییە، نەك شاخەوانی بە مانا تەكنیكی و وەرزشییەكەی. وەرزش وەك هەر بوارێكی تری ژیان، تایبەتمەندیی خۆی هەیە و وەك چۆن ناشێ هەموو كەسێك شاعیر، ڕەخنەگر، وەرزشوان و داهێنەر بێت، بەو شێوەیەیش ناشێ هەر كەسێك پێڕۆییەكی بۆ شاخ و بەردەڵانێك كرد، ناو لە خۆی بنێت شاخەوان، بەبێ ئەوەی هیچ لەو بوارە شارەزا بێت.
لە دنیادا، سەتان هەزار وەرزشوان هەن، بەڵام چەندییان بوونە ڕۆناڵدۆ، زێدان، محمەد عەلی كلای؟ ئایا ئەگەر هەر كەسێك ئەو وەرزشانەی كرد، مانای وایە ئیتر وەك ئەوانە شوناسی وەرزشی هەڵگرتووە؟ بۆیە شاخەوانی وەرزشێكی هەستیار، ورد و مەترسیدارە و ئەوەی لای ئێمە هەیە، فڕی بەسەر دنیای شاخەوانییەوە نییە.
شاخەوانی، تەنیا چوونە شاخ و ناو ژینگەی شاخاویی نییە، بەڵكو چێژوەرگرتنە لە جوانی سروشت، ژینگە، ڕامان و میدیتایسۆنە، ئاوێزانبوونێكی ڕۆحییە و جۆرێكە لە یۆگای دەروونی و هزرییانە. شاخەوانە، بۆ ئەوە وەرزش ناكەن گەیشتنە هەر بەرد و هەرد و لووتكەیەك، سێڵڤییەك بگرن، ئەوان بۆ خەڵكی و بۆ سۆشیال میدیا شاخەوانی ناكەن، بۆ حەز و دەرووندروستی و تەندروستی و چێژ دەیكەن، هوشیارییەكی گەورەی وەرزشی و شساخەوانییان هەیە و بە ئاسانی هەڵنادێرێن.
شاخەوانی ڕاستەقینە و پیشەگەر بە دەست تەپۆلكەیەكەوە گیر ناخوات، لە بەرد و زنار و تولەڕێی شاخەكاندا گیر ناخوا، لافاو نایبات وەك ئەو بە ناو شاخەوانانەی قەرەداغ، چونكە شاخەوان دەبێ بزانێ لە كاتی بارانی بە خووڕ، شیو و چەم و دۆڵەكان، پڕ دەبن لە ئاو و لافاو دروست دەبێت و نابێ بچنە ئەو شوێنانە. شاخەوانان، بە ئاسانی بەر مین ناكەون، چونكە تەكتیك و هونەری پێڕۆیی و شاخەوانی دەزانن.
لەو ڕۆژانەی ڕابردوودا، لە چیای زۆزك بە داخەوە شاخەوانێك هەڵدێرا، ئەو چیایە بەراورد بە هەر شاخێكی دیكەی كوردستان، شاخێكی زۆر ئاساییە و سروشتێكی ئەوتۆی سەختی شاخاویی نییە، ئاسۆیی هەڵكەوتووە، دەتوانی بۆ هەر شوێنێك مەبەستت بێت، بچیت، بەڵام چونكە شاخەوانانی ئێمە تەنیا وەرزشەكە دەكەن و هوشیاری و تەكنیكی شاخەوانی نازانن، ئیدی بە ئاسانی هەڵدەدێرێن.
بە پێی زانستی پزیشیكی، ئەو كەسانەی نەخۆشی سیستی گورچیلە، ڕەقبوونی ماسوولكە، نەخۆشی دڵ، شەكرە، بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە، نابێ ماندوو بن، دەتوانن وەرزشێكی ئاسایی ڕۆژانە بكەن، كەچی لە هەرێمی كوردستان هەزاران كەس ئەو نەخۆشییە جۆراوجۆرانەیان هەیە و دەشچنە شاخ و گوایە شاخەوانی دەكەن، لەوێش بە نۆرەی دڵ، وەستانی گورچیلە، دابەزینی شەكری خوێن، دەمرن.
ئەمانە هەمووی نیشانەی نەشارەزایی، تێنەگەیشتن و نەبوونی هوشیارییە لەبارەی وەرزشی شاخەوانییەوە. ناكرێ هەر كەسێك كۆڵەپشتێكی لە پشت و دوو داری گرتە دەست، بەرەو چیایەك سەركەوت، ناو لە خۆی بنێ شاخەوان. ئومێدەوارم كۆمەڵگەی ئێمە، لەبری ئەوەی مۆدەخواز و شوێنكەوتە بێت، ئەوا پەرە بە كولتووری خوێندنەوە بدات، كتێب بكاتە هاودەمێكی هەمیشەیی خۆی، بۆ ئەوەی كۆمەڵگە هوشیار بێتەوە، بە كتێب هوشیار دەبینەوە و پێشدەكەوین، بەڵام بە شاخەوانی و بەند و جوێنی ناو سۆشیال میدیا نا.
سەردەمانێك، مارادۆنا لە لووتكەی وەرزشی جیهاندا بوو، كەچی دواتر تلیاكخۆرێكی لێ دەرچوو ئەوسەری دیار نەبێت، بەڵام ئایا تا ئێستە سوكرات، بۆدلێر، گۆران، شێخ ڕەزاو لەیلا قاسم و عەبدولخالق مەعرووف هەر زیندوو نین؟ ئەمە بەو مانایە نییە ئێمە دژی وەرزش و شاخەوانی بین، نەخێر تەنیا مەبەستمان ئەوەیە لەگەڵ عامێ مەچۆ شامێ، چونگە ڕەنگە نەگەڕێیتەوە.