ڕه‌شه‌بای گۆڕانكاریی به‌ڕێوه‌یه، ڕه‌شه‌باكه هه‌ڵیكردووه و سه‌رزه‌وینی كه‌ونینه‌ی مێزۆپۆتامیای ته‌نیوه‌ته‌وه، ڕۆحانهته كهوناراكان پێده‌چێت دووباره هه‌ستنه‌وه و سه‌رده‌می نوێ بێته ئاراوه و كۆی نه‌زمی ناوچه‌كه تێكبچێت، مه‌سیحی پێغه‌مبه‌ر له ئینجیلی پیرۆزدا ده‌ڵێت: باكان هه‌ڵده‌كه‌ن نازانین له كوێوه هه‌ڵده‌كه‌ن و به‌ره‌و كوێ ده‌ڕۆن. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه بای گۆڕانكاری كه تا ئێسته ڕه‌ش و خوێنین بووه له وڵاتی ئۆرشه‌لیمه‌وه هه‌ڵیكردووه، له سه‌رزه‌وینی پێغه‌مبه‌رانی وه‌ك داود و یاقووب و مووسا و... ئێسته پرسیار ئه‌مه‌یه ئایا ده‌زانین ئه‌م بایه به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات؟.
ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌و گوزارشته ڕه‌مزییه‌ی ئینجیل و گرێدانی به‌م هاوكێشه سیاسییه نوێیه‌وه، به‌ده‌ر نییه له واقیعی جیهانبینیی ئاینی و ئایدۆلۆجیی هێزه‌كانی ناوچه‌كه، بۆیه شایسته‌یه زیاتر به ده‌قه پیرۆزه‌كانی سێ ئاینی جوو، مه‌سیحی و ئیسلامدا بچینه‌وه، تا سه‌ره‌داوی كرده‌وه‌ی سیاسی و سه‌ربازی و ئه‌و دۆخه ئاخرزهمانئاسایه زیاتر تێبگه‌ین.
دیاره كاتێك باسی دۆخی ئاخرزه‌مان ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان حه‌تمه‌ن دۆخێك نییه كه ژیان و مرۆڤ به‌ره‌و كۆتایی ده‌ڕۆن، ئه‌م ڕوانگه ئاخرزهمانییهی كه چاوه‌ڕوانی هاتنی ده‌جال و مه‌هدی و هاوكات عیسای پێغه‌مبه‌ر ده‌كات تا هه‌موو كێشه‌كانی دنیا یه‌كلا بكاته‌وه، ته‌نیا گێڕانه‌وه‌یه‌كی ئاینییه و ناتوانین به‌پێی پێوه‌ری عه‌قڵ و لۆجیكی سه‌رده‌م هیچ ددانێكیان پێدا بنێین، به‌ڵام وه‌ك باوه‌ڕی ئاینی و ئایدۆلۆجیی ڕاستییه‌كی سامناك و تۆقێنه‌ره و له بنه‌ماشدا ختووكهدهری به‌شێكی زۆری ئه‌و شه‌ڕانه بووه كه هه‌ر له سه‌رده‌می ئیمپراتۆریی ڕۆمه‌وه تا هاتنی مه‌سیح و كوشتنی به فیتی جووه‌كان( به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی ته‌ورات) و دواتر سه‌رهه‌ڵدانی ئیسلامی و شه‌ڕی سه‌لیبی یان خاچپه‌رستان و تا تاڵیبان و داعش و تا ئه‌م ساته‌ش شۆڕ بووه‌ته‌وه.
كه‌واته باوه‌ڕدارێتیی ئاینی ده‌شێت كرۆكی به‌شێكی زۆر ئه‌م ململانێیه‌ی ناوچه‌كه بێت. فارسه‌كان فه‌رمووده‌یه‌ك ده‌هێننه‌وه كه گوایه قودسییه و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌شی ئه‌مه‌یه كه "پیاوانێك له فارس ده‌ستیان به زانست ده‌گات ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له هه‌ساره‌ی سوره‌یاش بێت"، بابه‌ته‌كه ته‌نیا به‌مه‌وه ناوه‌ستێته‌وه، له درێژایی چه‌ندان سه‌ده فارسه‌كان وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی باوه‌ڕدار به ئیسلام، هێڵی ئاینی خۆیان له كۆی دنیای ئیسلام جودا كردووه‌ته‌وه و هاوشێوه‌ی جوو، ئاین و نه‌ته‌وه‌ی پهستاوتووهته ناو تره‌وه و وه‌ها تێكه‌ڵی كردوون كه جوێكردنهوهیان له زۆر حاڵه‌تدا ئاسان نابێت، له داهاتوودا به‌هۆكاری جۆراوجۆر ئه‌گه‌ری ئه‌مه هه‌یه كه شیعه هاوته‌ریب فارسبوون و فارسیش هاوته‌ریبی شیعه‌بوون بكرێت.
بۆچی وا ده‌ڵێین؟ زۆرمان له‌م ساڵانه‌ی دواییدا له‌باره‌ی جیۆپۆله‌تیكی شیعه‌وه و هیلالی شیعی بیستمان و خوێندمانه‌وه، ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه به‌ر له‌وه‌ی واقیعێكی جیۆگرافی یان ئاینی بێت، پڕۆژه‌یه‌كی سیاسی و ئایدۆلۆجیك بووه كه كۆمه‌ڵێك فاكته‌ری واقیعی ناو ئه‌و جیۆگرافیایه‌ی هیلاله‌كه پشتگیریی لێ ده‌كات، بۆشمان ده‌ركه‌وت تا پێش ڕووخانی ئه‌سه‌دیش، به‌شێكی تۆخ له‌م هیلاله له‌لایه‌ن ئێران و هێزه پرۆكسییه شیعه‌كانه‌وه كه له پاكستان و ئه‌فغانستانه‌وه تا عێراق و كوردستان ئه‌ندامیان هه‌بوو، دیاری كرابوو، به‌ڵام ئێسته هاوكێشه‌كه ته‌واو گۆڕاوه.
ده‌بێت ئاگامان له‌مه بێت كه پڕۆژه‌ی هیلالی شیعی په‌رچه‌كردار یان با بڵێین ململانێكردنێك بوو كه له هه‌مبه‌ر پڕۆژه‌ی "له نیل تا فورات"ی جووه‌كان و دامه‌زرێنه‌رانی وه‌ك تیۆدۆر هێرتسێل هاته ئاراوه. خۆی كاتێك شوێنپێی ئه‌م پڕۆژانه ده‌گریت، به‌شێوه‌ی كرداری وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌مێكه له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌یه بێده‌نگن، ئه‌گه‌رچی چاوزیت و وریان و هه‌میشه هێڵه‌كانی خۆیان له ڕێگه‌ی جۆراوجۆره‌وه ده‌كێشنه‌وه، ته‌نیا ئێران وه‌ك سیستمێكی سیاسی و ئایدۆلۆجیكی ئیسلامی كه باوه‌ڕی به شه‌ڕی ئاخرزه‌مان هه‌یه، خه‌ونباز و په‌یدۆزی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ی شه‌ڕ و له‌ناوبردنه.
به‌پێی گێڕانه‌وه‌ی كتێبه‌كانی مه‌رجه‌عه شیعه‌كان، لقی وا هه‌یه له ناو ته‌شه‌یوعدا كه باوه‌ڕی وایه ده‌بێت دنیا پڕ بكرێت له گه‌نده‌ڵی، چونكه ته‌نیا به‌م شێوه‌یه‌یه كه ئیمامی مه‌هدی له غه‌یبه‌تی كوبرا دێته ده‌ره‌وه و ئێمه ده‌توانین هاوكاری بین له شه‌ڕێك كه دژی ده‌جال ئه‌نجامی ده‌دات، هه‌ڵبه‌ت به هاوكاریی حه‌زره‌تی مه‌سیح كه به گێڕانه‌وه‌ی هه‌ردوو ئاینی شیعه و سوننه، ته‌نیا ئه‌و و گۆچانهكهین كه ده‌ره‌قه‌تی ده‌جال دێن و هه‌ر ئه‌وه ده‌جال ده‌كوژێت و حكوومه‌تی عه‌دلی ئیسلامی له شێوه باڵاكه‌یدا به‌رقه‌رار ده‌كات.
مه‌به‌ستم له‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه له گێڕانه‌وه كۆن و نوێیه‌كان ئه‌مه‌یه بڵێم، له ناو ئاوه‌ها ڕهشهبایهكدا ئێمه‌ی كورد چیمان به‌سه‌ر دێت؟ ڕاستییه‌كه‌ی ده‌كرێت ئاوا پرسیاره‌كه دابڕ‌ێژین، ئایا ئه‌م سه‌ده‌یه سه‌ده‌ی ئێمه‌یه یان سه‌ده‌یه‌كه له نێوان گه‌رده‌لوولی ڕه‌شه‌باكانی دوو یان چه‌ند لایه‌نی ئاخرزهمانیدا لوول ده‌درێین؟ نابێت هیچ سڵهمینهوهیهكمان له‌م پرسیاره هه‌بێت، چونكه پرسیارێكه نه‌ك ته‌نیا زیانی نییه، به‌ڵكوو زیت و وریامان ده‌كاته‌وه له هه‌مبه‌ر سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م شه‌ڕه و ئامراز و ئامانجه‌كانی و هاوكات توانایی و پێگه و هێزی خۆشمان وه‌ك كورد.
واته ئێمه لاریمان له‌وه نییه دۆزه‌كه‌مان ڕه‌وایه، پرسه‌كه‌مان به ئاستێكی زۆر جیهانی بووه‌ته‌وه و ئێسته‌ش ناوه‌ندی گۆڕانكارییه‌كان گۆشه‌یه‌كی گرنگ و چاره‌نووسسازی لای ئێمه‌یه، به‌ڵام خستنه‌ڕووی ئه‌و پرسیاره‌ش به‌م شێوه‌یه به‌و مانایه دێت له هه‌ر حاڵه‌تێكدا، ده‌بێت به دڵخۆشییه‌كی ساده‌وه چاو له هه‌ڵكردنی ئه‌م ڕه‌شه‌بایه‌ی گۆڕانكارییه‌كان نه‌كه‌ین، له بیرمان نه‌چێت ئه‌مه سیاسه‌ته و هه‌زار پلان و بڕگه‌ی ژێروژووری هه‌یه، به قسه و شانتاجی میدیایی نابێت چاوبه‌ست بكرێین، بۆیه ده‌بێت بپرسینه‌وه ئایا ئه‌م سه‌ده‌یه سه‌ده‌ی كورده و بۆچی ئه‌گه‌ر وایه؟