یەکێتی لەژێر سێبەری ئەواندا

AM:10:28:11/02/2025 ‌
خێمەی مانگرتوان لە سلێمانی، تا دێت ڕووە نمایشکارانە و سیاسییەکەی زیاتر ئاشکرا دەبێت، چەندان هونەرمەندی ناسراوی وەک مستەفا ئەحمەد و چەندان سیاسیی کە دیارەکانیان باڤڵ و قوبادی براین، هاتنە ژێر خێمەکەوە، یوسیف کیلابیش با بوەستێ کە ڕۆڵی پاڵەوانی گێڕا و بە باوەشێکەوە بە ئێمە و جیهانی وت، چەندە مرۆڤێکی یەکڕوو و میهرەبانە و خیانەتی بە شیرەوە نەخواردووە! 

پێم وا نییە هیچ ڕٶژنامەنووس و نووسەر و تەنانەت سیاسیەکان و هەتا پزیشکەکانمان، لەگەڵ ئەو دۆخەی بەسەر ماف و مووچەی فەرمانبەراندا هات، بۆ یەک تۆسقاڵیش کۆک بن و لەو دۆخە تووڕە نەبن! مامۆستا و فەرمانبەر ئەو دوو کۆڵەکەیەی کۆمەڵگەن کە فێرکردن و پەروەردە و هەروەها بەڕێکردنی کاروباری ئیداریی ڕۆژانەی کۆمەڵگە کە لە دوو پێکهاتەی پەروەردە و دەزگا ئیدارییەکاندا خۆی دەبینێتەوە، لەسەر شانیانە، واتە دوو جەمسەر و کەرتی زۆر گرینگ کە نەک ئێستەی دۆخی ئەوان، بەڵکوو داهاتووی پەروەردە و پێگەیاندنی رۆڵەکانمان لە خشتە دەترازێنێت و تا ئێستەیش ترازاندوویەتی! 

هیچ کات لەگەڵ ڕوانگە بەراوردکارانەکاندا نیم، بەڵام بۆ تێگەیشتن لە قووڵایی ئەم کارەساتە، دەبێت ئەم ئاماژە خێرایە بکەم، ئەویش ئەوەیە کە لە ژاپۆندا ئەگەر یەک خولەک لە کەرتی پەروەردە و دەزگا ئیدارییەکان کەموکوڕی یان مانگرتن و ... هەبێت لە ئاستی باڵادا پرۆسەیەکی توندوتۆڵی داگیرکاریی دەگیرێتە بەر و کەسی پێشێلکار خۆی بە شانازی و ئەخلاقەوە ملی لە هەمبەر لێكەوتەی ئەو کەموکوڕییەدا کەچ دەکات! 

باسەكەی من ئەوە نییە مامۆستایان داوای مافەکانیان نەکەن، بەڵکوو بە پێچەوانەوە و بە دەنگی بەرز منیش دەنگم دەخەمە پاڵیان و پێداگریی لە وەرگرتنەوەی ماف و شایستە داراییەکانیان دەکەم، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا سەرنج بۆ ئەوە ڕادەکێشم کە ئێمە وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگە لە مامۆستاوە بگرە تا نێرسێک لە نەخۆشخانە، یا دەسفرۆش و عارەبانەگێڕێک، هەموومان بەرپرسیارێتییەکیشمان لە ئاستی کۆمەڵگەکەماندا هەیە، یاسایەکی ڕوون و ڕاشکاو لە جیهاندا هەیە ئەویش ئەوەیە، لە هەمبەر کار لە کۆمەڵگەدا حکوومەتەکەت مووچە و حەقدەستت دەداتێ، ئەمە حاشاهەڵنەگرە، بەڵام ئەزموونی هەموو دنیا سەلماندوویەتی ئەم پرۆسەیە بێ گرێوگۆڵ نییە و تەگەرەی هەر تێدەکەوێت! 

لە وڵاتێکی وەک ئێران کە خاوەنی یەدەکی گاز و نەوتیی گەورەیە لە هەموو جیهاندا، بەهۆی نەزانی لە ئیدارەدان، گازی ماڵان کێشەی تێکەوتووە، بۆیە ڕۆژانێک لە هەفتەدا قوتابخانە و فەرمانگەكان دادەخەن، تا بەو شێوەیە ئاستی پێویستی گاز بگەڕێننەوە بۆ ماڵان و نەبڕێت. لەگەڵ ئەمەیشدا مووچەی کارمەندانی لە هەر ساڵێکدا بە زیادکردنێکی زۆر کەم دەستکاریی دەکرێت، لە حالێکدا کاژێرەکانی کارکردنیشیان زیادی کردووە. لە پاڵ ئەمانەدا کاتی وا هەیە فەرمانبەر دوو مانگ جارێک مووچە وەردەگرێت لە هەندێ كاردا، بەڵام چونکە لە ئێران ئەم بابەتە قبووڵ کراوە بۆ هەموو لایەک و خەڵکەکە لەگەڵ ئەوەی ناڕازین، بەڵام بۆ داهاتووی وڵاتەکەیان بەردەوام دەبن، هەرچەندە زۆریش ڕقیان لە دەسەڵاتەكەیە، بەڵام ئەمە بۆ دەسەڵات ناکەن، بەڵکوو بۆ نەوەکانیان و هاووڵاتیانیان دەیکەن، لە حاڵێکدا لە هەرێمی کوردستان حکوومەتێک بە پێوەرە دیموکراتییەکان كار دەكات. 

كورد تێچوویەکی زۆری داوە تا ئەم حکوومەتەی پێکەوە ناوە و شەهید و قووربانی زۆری داوە، لە سەرێکیشەوە بەهۆی دۆزی کورد لە ناوچەکەدا، بە ئاسانی تەگەرە دەخرێتە بەردەم هەر جۆرە پێشکەوتنێکی کورد، عێراق و ئێران ئێستە بە هەموو توانایانەوە هەوڵ دەدەن دۆخی هەولێر تێک بدەن، لە حاڵێکدا هەولێر خۆی تاقە داکۆکیکاری ڕاستەقینەی ماف و مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایانە. بۆیە دەشێت بڵێین ئەم ماستە موویەکی تێدایە و ئەم نمایشکارییە دەرهێنەرێکی هەیە و ئەکتەرە سەرەکییەکانیشی باڤڵ و قوباد و کیلابین و خەزعەاین و دەرهێنەرەکەبشی ئەو خواستەی پیلان و هەلپەرەستییە کە جەماعەتێک دەستیان داوەتێ! 

بە دڵنیاییەوە نەک ئێستە، بەڵکوو لە ڕۆژانی خەباتی شار و شاخیشدا، مامۆستایان و فەرمانبەران نەک پارەی گیرفان و نانی خوانیان، بەڵکوو گیانی خۆیشیان بۆ کوردستان دەدا، ئێستە چی گۆڕاوە جگە لەوەی جەماعەتێک بە پارە و قووتی ئەوان میدیای گەورە دەکەنەوە و یارییەک ڕێکدەخەن کە تەنیا قازانجکەرەکانی خۆیانن و زیانلێکەوتوانیشی هاووڵاتی و لە سەرووی هەموویشیانەوە مامۆستایان و فەرمانبەرانن! 

هەر ئەمانە بوون قووتی خەڵکیان ڕادەستی بەغدا کرد، کەچی بە خۆڵکردنە چاوی خەڵک سیاسەتی یەک بان و چەند هەوایان گرتە بەر! کاک باڤڵ مەگەر جەنابت ناتەوێ مووچەیان وەربگریتەوە؟ دەی خۆ هەموو شتێکی سلێمانیت ڕادەست کرد، بۆچی بەغدا ناکەی بە ئامانجی ناڕەزایەتییەکان؟ ئەمە ئەگەر یاریی و ڕقێک نییە لە هەمبەر پارتی و خەڵکی کوردستان، چییە؟ مەگەر کاتێک مووشەکی بالیستی ئێران ماڵەکەی مەرحووم پێشڕەو دزەیی کردە ئامانج هەر میدیاکەی تۆ و بەرهەم ساڵح نەبوون نووسییان: سوپاسی پاسداران بنکەیەکی ئیسرائیلی لە هەولێر کردە ئامانج؟ دیارە مەبەستی ئەم میدیا بێلایەنانە! ئەوە بوو بڵێن سوپای پاسداران، بەڵام لە خۆشیاندا ئەوەندە پەلەیان بوو سوپایان كردبوو بە سوپاسی پاسداران! ئەمە مەهزەلەیەکە کە دۆخی تراجیدی ئێمە دەرفەت نادات بیکەین بە دراما و فیلم! 

زیگمۆند فرۆید دەروونناسی مەزنی نەمسایی، دەڵێت "هەر هەڵەیەکی زمانی ئاماژەیەکی قووڵە بۆ نیازێکی زەینی ناهوشیار". دیارە لێرەدا چ نیازێکی خەمخۆرانە و سوپاسگوزارییەکی ڕایەتانە بۆ ئەرباب هەبووە! 

ئەم باسە هێندە کراوە سواوە، باشترین چارە ئەوەیە هەموو میدیاکان ئەم پرسیارە لە جەماعەتی ڕادەستکار بکەن، بۆچی تەنیا حکوومەتی هەرێم بە تاوانبار دەزانن لە حاڵێکدا ئەمە قوڕێک بوو خۆتان شێلاتان؟ بۆچی بێ بەڵێنییەکانی بەغدا بۆ خۆتان باس ناکەن؟ ئایا ئەمە هەمان حیکایەتی حیز و خاڵۆی خۆ نییە؟ 

نە من و نە هیچ کەسێکی دیکە حەدی ئەوەی نییە هەوڵ و هەڵوێستی شەرعیی مانگرتووان بباتە ژێر پرسیار، بەڵام مافی ئەوەمان هەیە بپرسین ئەم نمایشکردنە بە چ سیناریۆ و بە کام دەرهێنەر، دەیەوێت دۆخێکی ناسەقامگیر و گێرەشێوەنانە لە کوردستان ساز بكات.