بێ هیچ پێشەکییەکی زیادە و بێنە و بەردە، دەتوانین بڵێین شاری سلێمانیی نازار ئەو شارەی پێشوو نییە کە ئێمە وێنامان کردووە، یانی لەگەڵ ئەوەی ئەم شارە خاوەنی سەروەریی و درەوشانەوەیە لە بواری چاند و ڕۆشنبیریدا، بەڵام ئێستە ئیتر ئەو شارە نییە! بۆیە دەڵێم هەر جۆرە پێشەکیوتنێک زیادەیە، چونکە هەر لەم چوار پێنج ساڵەی دواییدا بینیمان ئەو شارە لە ڕووی خزمەتگوزاری و ژینگەیی و بازرگانی و کەرت و پانتایی گشتییەوە، چ بەڵا و موسیبەتێکی بەسەردا نازڵ بوو،
لە تێکدانی گۆیژەوە بۆ بەرهەمهێنانی ڕاستەوخۆی مادەی هۆشبەری کریستاڵ و گلان بە تۆڕێکی جیهانیی بازرگانیی هۆشبەرەوە کە دەنگی ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی و هەندێ وڵاتی عەرەبی لەوانە سووریای دەرهێنا، حوکمڕانیی خۆجێی بێ هیچ سێ و دوویەک بووەتە مەترسی بۆ سەر هەرێم و خەڵکی ئەو دەڤەرە، هێشتا هەواڵی هەڵاتنی براکەی دیکتاتۆرەكەی سووریا واتە بەشار ئەسەد لە ڕێگەی سلێمانی و حوکمڕانییەکەیەوە ڕوون نەبووەتەوە و دیزەبەدەرخۆنە کراوە، ئەمە هەواڵی بازرگانیی مادەی هۆشبەر لە ڕێگەی چەند کەسێکی بازرگانی حوکمڕانی سلێمانییەوە کە لەگەڵ گرووپەكەی ماهیری برای بەشار و دەستوپێوەندە نزیکەکانی بووە، بۆ پشتڕاست دەکەنەوە.
هەر ماوەی چەند ڕۆژێک پاش هەڵاتنی بەشار، هێزە میلیشیاییەکانی ئەحمەد شەرع دنیایەک مادەی هۆشبەریان لە هەموو کونوکەلەبەرەکانی قەسر و کەلاوەکانی ڕژێمەکەی ئەسەددا دۆزییەوە کە هەموویان لەناو برد! هەموو ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی درک بەو ڕاستییە بکەین کە سلێمانی چ جۆرە داگیرکارییەکی کۆلۆنیالیستانەی بەسەردا سەپێنراوە، ئایا لەناو وەها یاریی و هاوکێشەیەکدا، بە ڕاستی ماف و مووچەی فەرمانبەر و مامۆستا بۆ پافڵ و محامی و هاونەوا و شەریکەکانی گرینگە؟
ئەگەر گەرەکمانە لە ڕاستیی پشت مانگرتنەکان لە زۆنی سەوز تێبگەین، دەبێت بیر لەم پرسیارانە بکەینەوە تا تێبگەین چ یارییەکی قێزەون بە خەڵکی سلێمانی و بەتایبەتی مانگرتووە بەڕێزەکان و هەروەها کۆی چارەنووسی هەرێمی کوردستان دەکرێت. سیاسەتی عێراقچیتی ئەم دۆخەی دروست کرد کە لەسەر دەستی کاک بافڵ و دەستە دژە کوردستانییەکان جێبەجێ کرا! ئێمە باش لەبیرمانە کە ئەوان لە پەڕلەمانی عێراق کردیان بە هەرا و زەنا و لەگەڵ میلیشیا شیعەکان و بە چاوساغی و ڕێنوێنیی ئەربابەکانیان، دژی دەسەڵات و مافی خەڵکی کوردستان لە پرۆسەی تێپەڕاندنی بودجەدا وەستانەوە و تەنانەت جێگری سەرۆکی پەڕلەمانی عێراق شاخەوان عەبدوڵا کە لەسەر پشکی پارتی بوو، بە نیشانەی ناڕەزایەتیی هۆڵی پەڕلەمانی چۆڵ کرد، بەڵام فراکسیۆنە دژە کوردستانییەکان کە سەرپشکەکەیان یەکێتی بوو، لەگەڵ میلیشیاکاندا باوەشیان کرد بە یەکدا و تەپڵی سەرکەوتنیان لێ دا.
ئەگەر ئەم ڕاستیانە نابینرێن با هەر لەو سەروبەندەدا و لە کاتی پرۆسەی تێپەڕاندنی ئەو بودجەیەی ماف و مووچە و قووتی خەڵکی بڕی، با لێدوانەکانی دوو کەسایەتیی سیاسیی دیکە کە سەربە ئیسلامییەکانن، واتە سۆران عومەر و موسەنا ئەمین لێدەینەوە. ئەوان کە ڕەخنەگری بەردەوامی حکوومەتی هەرێمیشن، پێمان دەڵێن چ پیلانێک کرا لەلایەن یەکێتی و شەریکەکانی و میلیشیاکانەوە دژی خەڵکی کوردستان و مووچە و قووتەکەی! ئەوان بە دڵتەنگی و بڕێک پەشیمانیشەوە گێڕایانەوە، کاتێک لەسەر ئەم شیوازە تێپەڕاندنە ناڕەزایەتی دەربڕا، پەڕلەمانتارانی شیعە و سوننە پێکەوە بە لەقە ڕٶشتنە سەر مێزەکان و ڕوخساری فاشییانەی خێڵ و دەستە و تاقمەکانیان بۆ دەرخستووین!
لێنەدانەوە و سڕکردنی ئەم هەواڵ و ڕاستییانە هەمان ئەو ئامرازەیە کە حوکمڕانانی خۆجێیی سلێمانی کەڵکی لێوەردەگرن، تا دۆخی هەرێم تێک بدەن، بۆچی لێدوانێکی یاسایی و بەجێی پارێزگاری هەولێر بۆ پاراستنی دۆخەکە لە سووچی عاباکەیان دەدات؟ بەڵام گاڵتە و یاریکردنە قێزەونەکەی کیلابیی دیار نییە؟ هیچ کەسێک لاریی لەوە نییە مافی مووچەخۆر و مامۆستایان دەبێت لە سەرووی هەڕەمی پێداویستییەکانی کۆمەڵگە بێت، بەڵام ئەم یارییە ترسناک و دیماگۆجیانە جگە لەوەی قەڵشت و دابڕانی زیاتر لە نێوان سلێمانی و هەولێر بە فیتی کۆمەڵێک بازرگان و دەستە و حزبی هەلپەرەست دروست دەکات، هیچیتری لێ شین نابێت!
ئەگەر چاو لە سیاسەتەکانی دوو سێ ساڵی ڕابردووی یەکێتیی نیشتمانی بکەین، دەبینین لە باری پانتایی گشتیدا دەستی داوەتە ڕاکێشانی هەندێ سیمای هونەری و میدیایی بە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە، ئیتر یان ڕێزگرتنێکی ڕەمزیی بە پاداشتەوە بێت یان لێرەولەوێ گیرفان پڕکردن! ئەمانەی هێناوەتە ناو ساحەکە تا ڕەوایی زیاتر بە هەڵوێستی مانگرتووان ببەخشێت، جا ئەمەی بۆچییە؟ مانگرتووان مافی خۆیان و کردەوەکەیان ڕەوایە و دەبێ دەسخۆشیشیان لێ بکرێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە لەناو یارییەکدا پەرداراون نە خزمەتی مافی خۆیان دەکەن و نە هی هەریمیش!
کام خائین بوو یەکەم جار ئەو شەکرەی شکاند کە مووچە لە کەرامەت گرینگترە؟ مەگەر کیلۆیەک چا و شەکر و ڕۆن بەراورد دەکرێن بە شەرەف و کەرامەتی مرۆڤ و نەتەوە؟ مەگەر ساڵڕٶژی داگیرکرانی ئەمنەسوورەکەمان بیر نییە کە هەر خەڵکی سلێمانی و شۆڕشگێڕانی شار و پیاوە ژیر و بە تەمەنەکانیان دەیانگوت لە سەردەمی بەعسدا کەس خاوەنی شەرەفی خۆی نەبوو لەم شارەدا.
باشە مانگرتووان بۆ دەبێت بیانەوێت ئارامی و سەقامگیریی پایتەختی کوردستان تێک بدەن، ئەگەر ئەجێندایەکی دیاریکراو و پیلانگێڕ لە پشت یارییەکەوە نەبێت؟ با بیر بکەینەوە تەنانەت بە زگی برسیشەوە هیچ کاممان نییە برسێتی و گیرفانی خاڵیمان نەچەشتبێت، بەڵام بۆ دەبێت بکەوینە یارییەکەوە کە کەسانی بازرگان و هەلپەرست قازانجی لێ دەکەن و ئێمە بەكار بێنن؟