کورد و رووداوەکان

AM:11:35:16/02/2025 ‌
یەكەم/ پرسی کورد لە تورکیا 

دوای کۆتاهاتنی جەنگی یەکەمی جیهانی و دروستبوونی دەوڵەتی تورکیای هاوچەرخ، ناسنامەی دەوڵەت و کۆمەڵگەکە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن و رەتکردنەوەی کورد داڕێژراوە. بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا و لە ڕێگەی دەستوور و دامەزراوەکانەوە، نکۆڵی لە نەژاد و ئیتنیکی کورد کرا، بۆ ئەم مەبەستە هەموو توانا و بیرۆکراتیەت و سەرمایە و هێزی دەوڵەت خرانە گەڕ و کوردیان کرد بە تورکی چیایی و زمان و ئەدەب و جلوبەرگ و دیرۆک و مێژوو و سەرجەم سەرمایەکانی کورد لە تورکیا، بۆ زیاتر لە سەدەیەک قەدەغە و یاساغ کران و سزای بۆ دانرا. واتە قسەکردن بە زمانی دایک سزای لەسەرە و نابێت زمانی دایکت بەکار بهێنێت و پێ بئاخڤی و بخوێنی و پەروەردە بکرێی! 

ئەم سیاسەتە کاردانەوە و پەرچەکرداری بەدوای خۆیدا هێنا و دەرەنجام جەنگی کورد و تورکی کردە دیفاکتۆ و بۆ چەندان ساڵیشە هەر بەردەوامە. بنەمای ئەم ململانێ و سڕینەوەیە، رەتکردنەوەی ناسنامەی بەرانبەر و نکۆڵیکردنە، تا ئێستە سەتان هەزار قوربانی لێ کەوتووەتەوە، بە تایبەت کورد لە هەموو پارچەکان رووبەڕووی جینۆسایدیش بووەتەوە، لە باکور هەر لە شۆڕشەکەی سەید رەزای دەرسیمەوە تا دەگاتە جۆرەکانی تری لە ناوبردنی کورد، بەردەوامە. 

دیارە لەم چەند رۆژەدا دۆخێک هاتووەتە پێش بۆ ئاشتی و ئاشتەوایی نێوان کورد و تورک و دەوڵەتی تورکیا، هەنگاوێکی دڵخۆشکەرە و بەشێکی ئەم دەستپێشخەرییە پێوەستە بە دینامیکیەتی هێز و ململانێکان و دووبارە داڕشتنەوەی هێز و سەروەری و بەهاکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە تایبەت لە دوای رووخانی ئەسەد لە سووریا و سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی کاریگەریی گەورە و ستراتیجی دەبێت بۆ چارەسەری پرسی کورد هەم لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و هەمیش لەسەر ئاستی خۆرهەڵاتی ناوەڕستدا. 

دووەم/ کۆنفرانسی میونشن و کورد

کۆنفرانسی میونشن بۆ ئاسایش، لەم خولە تازەیەدا سەتان سەرکردە و داڕێژەرانی سیاسی و بڕیاربەدەست و بەرپرسانی ئاسایشی لە وڵاتانی جیهان کۆکردەوە، بۆ گفتوگۆ لەبارەی پرسە ئاسایشییەکان و کێشە گەرمەکانی جیهان، لە سەرووی هەموویانەوە دۆسیەی سووریا و گۆڕانی رژێم و ململانێ ناوخۆییەکانی، جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و ئاسۆی چارەسەرییەکان و جەنگی ئۆکڕاینا و رووسیا و رۆڵی ئەمەریکا بە سەرکردایەتیی دۆناڵد تڕەمپ لەم جیهانە پڕ پشێوییەدا، هەموو ئەو پرسانە بەشێوەیەکی رێژەیی و گریمانەیی بە یەکترەوە بەستراونەتەوە و کارلێک دەکەن و کاریگەرییان بەسەر یەکەوە هەیە، بە تایبەت خولی دووەمی تڕەمپ بۆ رابەرایەتبی ئەمەریکا و جیهان. کوردیش لە ڕێگەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بەشدارە لەو کۆنفڕانسەدا و لەم رووداوە دبلۆماسی و ئاسایشییەدا ئامادەیە. 

پرسی ئاسایش لە جیهانی ئەمڕۆدا یەکجار هەستیار و پڕمەترسی و ستراتیجی و گۆڕاوە، بە تایبەت بۆ ئەکتەرێک کە هێشتا دەوڵەت نییە و مامەڵەی دەوڵەتی لەگەڵدا ناکرێت، بە تایبەتریش بۆ کورد لە هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا کە هێشتا وەک دەوڵەت و یەکەیەکی تەواو سەربەخۆ مامەڵەی ئاسایشی لەگەڵدا ناکرێت، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەیشدا گرنگە کورد لە ڕێگەی ئەم جۆرە کۆنفرانس و سەکۆ نێودەوڵەتییانەوە لەگەڵ جیهان لە گفتوگۆدا بێت و ناسنامەی سیاسی و ئاسایشی خۆی بەوانیتر بناسێنێت و گفتوگۆیان لەگەڵدا بکات، بە دیاریکراویش لەم دۆخەی ئێستەدا کە جیهان لە بەردەم گۆڕانکاری گەورە و خێرا و چاوەڕواننەکراودایە. 

سێیەم/ کۆنگرەی پاریس بەبێ کورد

لە گۆشەیەکی تری جیهانەوە و لە پاریسی پایتەختی فڕەنسا، سەرکردەی چەندان وڵاتی جیهان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەبارەی دۆخی سووریا و چۆنیەتی بنیاتنانەوەی و زاڵبوون بەسەر ئاریشە ناوخۆییەکاندا بە تایبەت حکومڕانی و تیرۆر، کۆبوونەوە، بەڵام بەبێ نوێنەری کورد لە رۆژئاوای کوردستان. 

ئەم دیمەنە کۆنگرەی ئاشتی لە پاریس لە دوای جەنگی یەکەمی جیهان دێنێتەوە بیر، کاتێک جەنگ کۆتایی هات و ناوچەکە و میراتی ئیمپڕاتۆری عوسمانی دابەش کرا، کورد بەشداری پێ نەکرا و دواتریش کوردستان خۆیشی دابەش کرا بەسەر چوار دەوڵەتی تردا کە گەورەترین دەرگای ململانێ و کوشتوبڕ و تەنانەت جینۆساید و کۆمەڵکوژیشی بەسەر کورددا کردەوە لە هەر چوار پارچەکەدا. 

ئەمجارە دوای کۆتاهاتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد و رژێمە تۆتالیتارەکەی، باس لە بنیاتنانەوەی سووریا و بە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگەی سووری و قۆناغی دوای ئەسەد دەکرێت، بەڵام بەبێ کورد و بەشداری کورد، لە کاتێکدا کورد لە جەنگی دژ بە تیرۆر و داعشدا هەم لە باشوور و هەمیش لە رۆژئاوای کوردستان رۆڵی بەرچاوی بینیوە و ئەکتەری سەرەکی لەناوبردنی تیرۆر بووە. 

ئەگەرچی فڕەنسا و سەرۆک ماکرۆن باس لە ئازایەتی و رۆڵی کورد لە جەنگی دژ بە تیرۆر دەکەن، بەڵام هەموو ئەو چیڕۆک و گێڕانەوە و باسکردنانە، ناگاتە ئامادەبوونی راستەوخۆی کورد لەو سەکۆ و رووداوە نێودەوڵەتییانەدا کە بەشێکی زۆری گفتوگۆکان پێوەستە بە کورد و ناسنامە و ئاسایش و کیان و جیۆگرافیای سیاسی خۆیەوە، بە تایبەت لە قۆناغی دوای جەنگدا. 

دیارە بەشێکی زۆری ئەم پەراوێزخستن و بێ رۆڵکردنەی کورد لە سیستمی سیاسی جیهاندا، پێوەندی بەوەوە هەیە کە کورد هێشتا دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆی نییە و سیستمی جیهانی هێشتا مامەڵە لەسەر بنەمای دەوڵەت لەگەڵ ئەکتەرکاندا دەکات.