دەبێت لەسەر ڕووداوەکەی کەرکووک و گوندەكانی سەرگەڕان، ئەو دۆخەی بۆ کورد بە گشتی و بۆ جووتیاران بە تایبەتی، هاتە ئاراوە، سەرنجی چەند خاڵێك بدەین.
یەکەم، دەبێت لە خۆمان بپرسین ئەو دۆخە بۆچی بۆ کورد و بە تایبەتی بۆ جووتیاران درێژەی هەیە؟ دیارە دەبێت بیری خۆمان بهێنینەوە، ئەم گوژم و گەلەکۆمەیەی سوپای عێراق جاران بە ماشێنی جامڕەش و ڕەقەمی حکوومییەوە دەیانکرد و ئێستە بە هێزی لەشکرییەوە دەیکەن، شتێکی نوێ نییە، بەڵام شێوەیەکی نوێیە، شێوە نوێیەکە ئەوەیە بەبێ هیچ دوودڵییەک و بێباکانە دێنە سەر ماڵ و موڵک و زەوی کورد و باپیرانی و نەک تەنیا خاک کە تاقانە سەرمایە و گرینگترین و پیرۆزترین سەرمایەی جووتیارانی هەر وڵاتێکە، دەیانەوێ داگیری بکەن، بەڵکوو سڵ لە کوشتن و بێکەرامەتکردنیشی ناکەنەوە، ئەگەرچی هەر جارەو قەبۆزی خۆیان بە خاکی پیرۆزی کوردستاندا خۆڵماڵین کراوە.
کرۆکی ئەم شێوازە نوێیە ئەو گرێ یاسایی و لێڵییە دەستوورییەیە کە ڕاوێژکارانی پشتەوەی سوپای عێراقی لە پشتە، بەڵام خۆشبەختانە ئەمجارەیان سەریان دای لە بەردی زەویوزاری جووتیارانی کورد.
خاڵی دووەم ئەوەیە، کێ بەرپرسە لە بەڕێوەبردنی ئیداری و شێوازی حوکمڕانی؟ ئایا هەموومان نازانین یەکێتی نیشتمانی پارێزگارێکی سەر بە خۆی داناوە لەوێ؟ ئەی بۆچی هیچ گۆڕانکارییەک لە ئاداب و ئەتەکێتی عەرەبی هاوردە و سوپادا ڕووی نەداوە؟ ئایا شتێکی شاراوە هەیە ئێمە نەزانین، لە نێوان یەکێتی و عەرەبە هاوردە و شیعەکاندا؟ یا دانیشتنەکەی هوتێل ڕەشید ئەم درز و کەلێنەی دروست نەکردووە کە تا ئێستە هیچ ئەندامێکی یەکێتی نەهاتووەتە دەنگ و دەڵێی کەرکووک شاری کۆریای باکورە و خۆیان لێ گێل کردووە؟
سێەم، مەگەر زۆرینەی دەنگەکان بە حیساب هی کورد نین لەوێ؟ ئەدی چۆن یەکێتی ڕەوایی یاسایی نییە پێش بە سوپا بگرێت؟ مەگەر پارێزگار هەڕەشە و گوڕەشەی نەدەکرد کە دەبێت شارێکی نوێ دروست بکەمەوە و سیستمێکی بوروکراتیک پێڕەو بکەم کە نموونەی تا ئێستە نەبووە؟ بۆچی دەبێت لە باتی پارێزگار میدیاکارانی هەولێر ڕووماڵی ڕووداوەکە بکەن و هەر ئەوان بوونە هۆی دروستبوونی ئەو كۆدەنگی و سۆزە لای ڕای گشتی كورد، تا سوپای دڕندەی بەعسی نوێ زیاتر لەمە نەیەتە پێشەوە؟ ئەگەرچی هیچ کات مەترسییان بۆ سەر ئێمەی کورد کەم نابێتەوە و دەبێت هەمیشە ئاگادار بین.
خاڵی گرینگتر ئەوەیە، بەشێکی زۆر لە خەڵکی گوندەکان کە لێدوانیان دەدا، باسیان لەوە دەکرد لە پاش 16ی ئۆکتۆبەرەوە دۆخەکە بەرەو خراۆی چووە، یان عەرەب تەعەدای ئاشکرا دەکەن و ئەمە خۆی ئاماژەیەکی ڕوون و ئاشکرایە بۆ شکۆمەندیی بیری سەربەخۆیی و ڕیفراندۆمە مەزنەکە لە زەین و زاکیرەی کەرکووکییەکان و کۆی ئەو قەیرانانەیش کە بووەتە هۆی ئازار و پەژارەی کورد لە کەرکووک و گەرمیان، بەو هۆیەوەی سیاسەتی یەکێتی کوردستانی نییە، بە پێچەوانەی خواست و داواکاریی خەڵکەکە، ئەمە وردە وردە زیاتر دەریدەخات بەڵێن و کردار دوو شتی جیاوازن و دەکرێت لە داهاتوودا لە ڕووی سیاسییەوە دەرئەنجامی چاوەڕواننەکراوی بۆ یەکێتی هەبێت.
پێوەست بەم خاڵەی کۆتاییەوە، دەبێت بڵێم ئەوەی ئەم ڕووداوانە لە پاش 16ی ئۆکتۆبەر تا ئێستە بۆ ئێمەی سەلماندووە، زاڵبوون و باڵابوونی گوتاری کوردستانی لە یادگەی کەرکووکییەکان و ئینتیمایان بۆ کوردستانێکی ئازاد لە دەرەوەی دەسەلاتی عەرەب هەیە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئایا حەزی یەکێتی بۆ برایەتیی گەلان لە شارێک کە مێژوو و ناسنامەیەکی تەواو کوردیی هەیە، چاوی ئێمە بەسەر واقیعی داگیرکاری و دژبەرایەتیی عەرەبی شۆڤێنیی سوننە و شیعە دژی بە حیساب برا کوردە ڕەسەنەکانی کەرکووک دادەخات؟ وەڵامەکە ڕوونە.
هەر ئەو گوتاری کوردستانییە بوو لە زووترین کاتدا هاتە سەر خەت و هێڵی سووری بۆ سوپای شۆڤێنی و سیاسەتی بە ڕواڵەت نەرمئاژۆی بەغداد کێشا! خەڵکی کەرکووک ئێستە و لە داهاتووی دوور و نزیکیشدا بە بیری خۆیان دەهێننەوە کە کێ هات بە دەمیانەوە و کێ لەسەریان وەجواب هات. ئەگەر چاوێک لە لێدوانی هەموو ئەو جووتیار و هاووڵاتییە کوردانە بکەین، بە ئاسانی بۆمان دەردەکەوێت ئەوان عێراقچێتی ڕەت دەکەنەوە، داوای یەکگرتوویی کورد و سەربەخۆیی دەکەن،
تێناگەم یەکێتی چۆن لەو سنوورە دەنگی هێناوە لە کاتێکدا هەموو شتێکی دژی خواست و داواکاریی خەڵکی ئەو شارەیە؟ هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت حاشا لە ڕۆڵی قارەمانانەی تاک بە تاکی کەرکووکییەكان و هەموو ئەو ناوچانەی دەوروبەر و خواروویشی بکات، سەردەمێک بە ئینتیمای کوردایەتییەوە خزمەتیان بە یەکێتی کردووە و قوربانی و شەهیدیان داوە و ئەمانە لەسەر سەرمانن، قوربانی و شەهیدی کوردستانن نەک حزب و هێزێکی دیاریکراو، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆچی یەکێتی کە لەوێ دەسەڵاتی ئیداری و چەکداری هەیە، هێشتا ئەڵێی کێچێک نەیگەستووە و دەیەوێت بە هەندێ ڕێکەوتنی لێڵ و پێڵی ئیداری و یاسایی جووتیارانی کورد بنێرێتەوە بۆ ماڵەوە و خودا دەزانێت چ مامەڵەیەک لەسەر زەوییەکانیان بکرێت؟.
کەس بۆی نییە ئەم باس و ڕووداوانە بگلێنێت بە ململانێی حزبییەوە، چونکە لە بنەڕەتدا ئەمە ململانیی نێوان گوتارێکی کوردستانی و گوتارێکی عێراقچییە، ئێمە شکستی عێراقچێتیی و داگیركاریمان بە حەماسی جەمەدانییەکی پتەو و بەشكۆوە بۆ دەرکەوت، نوێنەرایەتیی گوتارێکی کوردانە و کوردستانیی دەکرد! ئەوە جەمەدانی شکۆ و سەربەستی و سەربەخۆییە، لە هەمبەر عەگالی کۆیلەیی و بۆینباخی لارەملی سازان و ڕێکەوتندا!