ژیانی مۆدێڕنی کورد یان باشتر وایە بڵێین ژیانی مۆدێڕنی سیاسی و ڕۆشنبیریی کورد بە توندی لەگەڵ دەرکەوتنی حزب لە کوردستاندا هەڵپێکراوە، ڕەنگە یەکێک لە درەوشاوەترینیان کۆمەڵەی ژیانەوە یان "ژ . ک" بێت کە کە لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەم بە شێوەیەکی ئۆرگانی و خۆڕسک و هاوکات ڕێکخراو و قووڵ، لە دڵی مێژوو و کۆمەڵگەی کوردی هاتە دەرەوە و زۆر لەو دەسکەوتە سیاسی و ڕۆشنبیریی و کولتوورییانەی دواتر دەرکەوتن، بەهۆی ئەم دامەزراوەیەوە بوون. ئەگەرچی کۆمەڵەی ژ . ک بە مانا وردە مۆدێڕنەکەی حزب نەبوو، بەڵام لە پارادایمی ئەو سەردەمەدا نەک تەنیا ڕۆڵ و ئەرکەکەی لە حزب زیاتر بوو، بەڵکوو دەورێکیشی لە ڕووداوەکاندا گێڕا کەمتر حزبێک لە قۆناغی ئێستەدا دەتوانێ یان توانیویەتی بیگێڕێت.
لە کۆماری مەهاباددا بە سەرۆکایەتیی پێشەوا قازی محەمەد، شاعیرانی میللی وەک هەژار و هێمن لە دەرکەوتە هەرە دیارەکانی ئەو ڕێکخراوە بوون لە میانەی ڕووداوەکانی جەنگی دووەمی جیهانیدا. بەهەرحاڵ پاش خیانەتی یەکێتی سۆڤیەت لە کورد و بەهۆی پەرتەوازەیی هەمیشەیی کورد و ناپاکیی ناوخۆیی، چارەنووسی کۆمارە ساوا و ئازیزەکەمان بەرەو شوێنێک ڕٶیشت، کەمتر حەز دەکەین باسی بکەین و لێی ورد بینەوە، بەڵام دەسکەوتە وێژمانی و ئەدەبی و شوناسنامەسازەکانی تا ئێستەیش زیندوو و پڕ وزەن.
پاش ڕووخانی کۆمار، هێزەکانی بارزان بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر، بەرەو یەکێتی سۆڤیەت ڕۆشتن و دواتر تا کاتی هاتنەسەر دەسەڵاتی عەبدولکەریم قاسم لەوێ مانەوە، بەڵام ئەمە تەنیا پشوویەکی ناچاریی بوو، تا هێزە سیاسی و مەعنەوی و ڕٶشنبیرییەکەی کورد خۆی زیاتر کۆ بکاتەوە و لەناو ڕووداوەکاندا دەرکەوێتەوە،
پێشینەی ئاوێزانبوون و تێکەڵاویی شۆڕشی ڕٶژهەڵات و باشووری کوردستان کە لەسەر دەستی بارزانیی نەمر باڵای کرد، کۆیادەوەرییەکی لای سیاسی و ڕۆشنبیرانی هەردوو پارچەکە دروست کرد، دواتر بوو بە هەوێنی یەکگرتووییەکی بێوێنە و لە شۆڕشی ئەیلوولدا درەوشانەوەیمان بینی.
پاش بە درۆدەرچوونی بەڵێن و سۆزەکانی عەبدولکەریم قاسم، بارازنیی نەمر بۆ پاراستنی کەرامەتی کورد و کورستان، شۆڕشی دەست پێ کردەوە، دەتوانین بڵێین نە پێشتر و نە پاشتریش نموونەی یەکگرتوویی و یەکخستن و ڕێبەرایەتیی کاریزمی لە شۆڕشی ئەیلوولدا نەبینراوەتەوە، ئەگەرچی هاوکێشەکانی هێز و زلهێزەکان داویان بۆ نایەوە، بەڵام ئەو هەرێمانەی کوردایەتیی کە شۆڕش کێڵا بوونی، پارتی دیموکراتیی كوردستانی کرد بە حزبێک لەو ساتەوە تا ئێستە، خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزی کوردە.
لەم کاروانە دوورودرێژ و هاوکات خوێناوییەدا و بەم ڕێگە پڕ هەڵەت و تووشەدا، پارتی نەریتێکی پێڕەو دەکرد، لە جیهانبینیی بارزانیی نەمر و کۆی ئەو مەعریفە ئەخلاقی و سۆفیگەرانەیەوە هەڵدەقوڵا کە کورد و بوونی نەتەوە لە هەناوییەوە هەڵدەقووڵا، ئەویش بەهادان بە سەرمایە مرۆییەکانی کۆمەڵی کوردەواری و لە سەرووی هەموویانەوە ئەدیب و نووسەر و ڕۆشنبیران بوو.
نموونەی هەرە دیاری ئەمە مامۆستا هەژار موکریانی نەمر بوو، پێوەندیی هەژار لەگەڵ بارزانیی نەمر، ئەوەندە قووڵ و تۆکمە بووە، لە ڕاوێژە هەرە تایبەتەکانی بارزانیدا هەژار ئامادە بووە، خۆشەویستیی هەژار بۆ بارزانی و کوردپەروەریی بارزانی لە چەندان کتێب و بەرهەمیدا ڕەنگی داوەتەوە، هەژار موکریانی لە ژیاننامەکەیدا "چێشتی مجێور" لە لاپەڕە ٧٤دا دەڵێ: "دەمانبیستەوە لە کوردستانی عێراق مەلا مستەفا بارزانی شۆڕشی کردووە دەگەڵ عێراق و ئینگلیس شەڕیەتی. دۆعای بەخێرمان دەکرد و بەدڵ دەگەڵی بووین، میرحاج دامەزرێنەری (ژ-ک) و ئەفسەرێکی تر کە ناوی مستەفا خۆشناو بوو، لە سوپای عێراق دەرچووبوون و چووبوونە لای بارزانی و لەوێوە بۆ پەیوەندیی دەگەڵ ئێمە هاتبوونە سابڵاغ و تەواو دەگەڵیان مابەینمان خۆش بوو.
بە کورتی باسی شەڕەکەی بارزانی و ئینگلیس و عێراقم لە دوای چاپی دووەمی شەڕەفنامەدا نووسیوە. پاییز بوو، باران دەباری، گوتیان بارزانییەکانی ئاوارە هاتوونەتە گوندی قونەقەڵا لە نزیک سابڵاغ، بەپەلە دەگەڵ (حەمەی مەولوودە چرچە)دا دوو ترۆمبیلی باریمان خواستەوە و چرپی بڕاومان لە مێشەیەک لێ بار کرد و بۆ بارزانیانمان برد.، زۆری نەبرد بارزانی هاتنە شارەوە. خەڵکی سابڵاخ ورد و درشت بۆ پێشوازییان دەرکەوتن. خۆراک، جل و پێڵاو، لە هەموو ماڵانەوە باربوو دەهات. خۆم دیتم منداڵێک کە کۆمای جلکانی دیت، کەوشەکانی خۆی فڕێ دا و پێخاوسی ڕای کردەوە ماڵ. بارزانیی ئەوی چەکدار بوون لە سەربازخانە دامەزران، ماڵ و منداڵ و پاتاڵیش لە دێهات جێگەیان دانێ. بۆ یەکەم جار کە چاوم بە بارزانی کەوت زۆرم خۆشویست. ئەویش لەسەر قسەی میرحاج و مستەفا خۆشناو کە باسی منیان بۆ کردبوو، زۆرم دەگەڵ ڕووخۆش و بە ئیلتیفات بوو، ئیتر ئەو خۆشەویستییە دەوامی کرد تا بارزانی چوونە وڵاتی ڕووسیا، کە هاتیشنەوە عێراق، تا بارزانی وەفاتی کرد، هەر زۆر لوتفی دەگەڵما بوو."
بەختەوەرانە ئاستی هوشیاری و دەربەستیی بارزانی بە هۆنەر و ئەدیبانی گەلەکەی بە ڕادەیەک بووە، لە مێژووی مۆدێڕنماندا ئەگەر نەڵێین بێ وێنەیە، ئەوا بە دڵنیاییەوە کەم وێنەیە.
ئەم ڕٶژانە کە بە بیانووی ڕۆژی زمانی دایکەوە و یادکردنەوەی کۆچی دوایی هەژار موکریانی، "دیداری هەژار" ساز کرا، زیندوویی و نەمریی نەریتێکمان بە بیر هاتەوە کە بۆ شوناسنامە و داهاتووی ئەدەب و زمان و مەعنەویاتی کورد یەکلاکەرەوە و چارەنووسسازە، هەروەتر ئەو وێنانەی لە ڕیوڕەسمی بە خاکسپاردنی هەژاردا و زیاتر لە 30 ساڵ پێش ئێستە لە مەهاباد بڵاو کرانەوە و بەشداریی سەرۆک بارزانی و کۆمەڵێک بەرپرسی پارتی تێدا بینرا، مزگێنیدەری دروستبوون و باڵابوونی ڕێباز و ڕێگەیەکە، کورد و کوردستانی بەلاوە گرینگە و هەر ئەو خاوەندارێتی دەکات.