بە پێوەری کوردەواری و بە لۆجیکی سەردەمیانەش دەرئەنجامی کارەکانت لە کۆتایی بەدیار دەکەوێت، کورد دەڵێت: "جووجکە لە ئاخیرێ پایزێ دەژمێردرێن".
لۆجیک و زانستی سەردەمیانەش ئەوە بە دەستەواژەی تر دووبارە دەکەنەوە: "ئەنجام گرنگە".
ئەوەی مەسروور بارزانی لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەم گوتی، دەرئەنجامەکەی ئێستە بەدیار دەکەوێت، مەسروور بارزانی گوتی: "یەک هەرێمی کوردستان و یەک حکوومەتی کوردستان". ئەو دروشمە ڕووبەڕووی زۆر ئاڵنگاری بووەوە، تا ئەو ڕادەیەی چەند جارێک شاباشی کۆتایی هاتنی حکوومەت و هەڵوەشانەوەی قەوارەی دەستووریی کوردستان دەکرا. زۆر جاری تریش حوکمڕانیی مەسروور بارزانی بە تاکڕەو و سەردەمی تاریک و دەستی ئاسنینی ئەمنی پێناسە دەکرا. بەڵام دەرئەنجامەکەی چییە؟
دەرئەنجام ئێستە لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی دەیەم بە تەواوی ڕوون و دیارە وەک ڕۆژی ڕووناک. ڕکابەرە سیاسییەکانی مەسروور بارزانی بە تایبەتی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەڕێز بافڵ تاڵەبانی و کاک قوبادی برای کە جارێکی تر دەبێتەوە جێگری مەسروور بارزانی، هاتبنەوە سەر هەمان باوەڕ و بۆچوون، کە پارتی بەدیلی یەکێتی نییە و یەکێتیش بەدیلی پارتی نییە، بەڵکو هەردووکیان تەواوکەری یەکترن. نەک بە دابەشکردنی کوردستان بۆ دوو زۆن، نەک بە دابەشکردنی کوردستان بەسەر دوو ئەجێندای ئیقلیمی و نێودەوڵەتی. بەڵکو بە یەکخستنی قەوارەی دەستووریی کوردستان بە هەموو پێکهاتە سەربازی، ئابووری، دارایی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکانییەوە. خۆشبەختانە ئەو دیسکۆڕسەی مەسروور بارزانی بووەتە دیسکۆڕسی ئێستەی بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای. ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەست پێ کردنی قۆناغێکی تازە و گەش لە کوردستان ئاماژەی بۆ دەکرێت، کە ئومێدی گەڕانەوەی هەیمەنەی کوردستان بۆ سەر کەرکووک و ناوچەکانی تری دابڕاو لە کوردستان دەکرێت.
هەموو ئەوانە گرەوی مەسروور بارزانی بوون لەگەڵ سەختترین و دژوارترین ئاڵنگاری، کە بەدیهێنانیان بەبێ کۆدەنگی و یەک گوتاریی کوردستانی ئەستەم بوو، کە ئێستە ئاماژەکان پێچەوانە دەڵێن و ئەگەری بەدیهێنانیان مومکینە، چونکە کوڕانی تاڵەبانی بەخۆیان بانگەشەی هەمان شت دەکەن. بۆیە دەتوانین بڵێین مەسروور بارزانی گرەوەکەی بردەوە، بەبێ ئەوەی بەرانبەرەکانیشی بدۆڕێن.