ئەگەر سرنجی ئێستەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی بدرێت، هەر هەموویان لە ڕووی پەروەردە و فێرکارییەوە ئەگەر کۆڵەوار نەبن، ئەوا بە دەست قەیرانی گەورەوە دەناڵێنن، قەیرانگەلێک تا دێت پێوەندیی ئۆرگانی و خۆماڵیانەی فێرخواز یا قوتابی لەگەڵ کولتوور و زمانی خۆی و هەروەها مەعریفە و زانستی سەردەم، قووڵتر و ئاڵۆزتر دەکات. سەرباری هەبوونی ئەم کێشە گەورەیە، هاوکات جۆرێک خۆگێلکردن و پشتگوێخستن بە نوێکردنەوەی پێکهاتە و سیستمی پەروەردەوە بەدی دەکرێت.
بێگومان کوردستان بە هەموو کێشە و قەیرانەکانەوە کە مێژوو باری کردووە بەسەریدا، هەم تا ئاستێك سەرکەوتوو بووە لەم بوارەدا و هەمیش لە قۆناغی ئێستەدا لەگەڵ کۆمەڵێک قەیراندا دەستەویەخەیە. ئەگەر نموونەیەکی سادە و ڕەنگە تۆزێکیش نەگونجاو بهێنمەوە، باسی ئەو گرتە ڤیدیۆییە دەکەم کە جارێک مایکی یەکێک لە كەناڵەكان دەچێتە بەردەم گەنجێک و لێی دەپرسێت چی لە ولیام شکسپیر فێر بووی؟ ئەویش دیارە بە ترس و دڵەڕاوکێ و هاوکات داماوییەوە، دەڵێت: باسی ولیام ئەکەیت کە دەیەوێت بڕوات بۆ لای شکسپیر، بەڵام ڕێک ناکەوێ و... بێگومان ئەمە بە ڕواڵەت کۆمێدیا دەنوێنێت و ئەو گەنجە هاوکات دەشێت، تەمەڵ بێت و کاتێکی ئەوتۆ بۆ خوێندنەوە دانەنێت، قوربانیی سیستمی پەروەردە و فێرکاریش بێت.
ڕەنگە ئەگەر پرسیار لە قوتابییەکی ئەمەریکایی بکرێت لەبارەی شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس کە چەندان ساڵە لە کتێبەکانی ئەدەبیاتی قۆناغی دواناوەندیدا گونجێنراون، لانیکەم وەڵامێک بداتەوە کە هێندە دوور و کۆمێدی نەبێت. دیارە پەروەردە هەر فێرکاریی وانەکانی ئەدەب و شاعیر و زۆر شتی پێوەست بە زانست و مەعریفەوە نییە، بەڵکوو ڕاهێنانیشە لەسەر واقیعی کولتوور و زمانی ئەو کۆمەڵگایەی بڕیارە سیستمی پەروەردە تێیدا جێبەجێ بکرێت.
بێگومان حوکمڕانیی کوردی لە 1991 بەملاوە، لەگەڵ زۆر کێشە و تەنگژە دەستەویەخە بووە و ئەوەی پێی کراوە کردوویەتی و ئەوەیشی کەموکورتیی هەبووە لەلایەن نووسەر و ڕۆشنبیرانەوە وەک ڕەخنە، بە چاویدا دراوەتەوە و دیسان هەوڵی پڕکردنەوەی بۆشاییەکان دراوە، بەڵام پەروەردە سیستمێکە بەردەوام پێویستی بە نوێبوونەوە و ڕاستکردنەوەیە، بۆ ئەمەیش نەک لە سیستمە جیهانییە سەرکەوتووەکان، بەڵکوو لە ڕۆشنبیر و نووسەرانی خۆیشمان دەبێت کەڵک وەربگرین تا هاوتای توانا و پۆتانسێلی زانستیی سەردەم، ڕۆحی کولتووری کۆمەڵگەی خۆیشمان بپارێزین.
ئەگەر قووڵتر بگەڕێینەوە بۆ بنەوانی مێژووی پەروەردە، دەبێت باس لە چەمکی پایدیا (Paedeia) بکەین کە بە ڕەچەڵەک وشەیەکی یۆنانییە بە مانای پەروەردەکردن و فێرکاریی منداڵ یان پەروەردە دێت، لە فۆرمی داڕشتنی وشەی encyclopediaدا دەردەکەوێتەوە. لە شاری ئەسینای کۆندا پایدیا بە سیستمێکی پەروەردە دەگوترا کە بەپێی ئەو سیستمە خوێندکار دەکەوتە بەر فێرکاریی و جۆرێک لە پەروەردە، لەژێر ناوی پەروەردەی کولتووریی چڕوپڕدا باس دەکرێت و کۆمەڵێک بابەت و تەوەری وەک شێوەی دەربڕین، ڕێزمان، بیرکاری، مۆسیقا، فەلسەفە، جیۆگرافیا، مێژووی سروشتی و تەنانەت جیمناستیکی لەخۆ دەگرت. پایدیا لە ڕاستیدا پرۆسەی پەروەردەکردن و ڕاهێنانی مرۆڤە بەرەو گەشە و باڵاکردنی تەواوەتیی و گەڕاندنەوەی بووە بۆ تاوەرۆكی ڕاستەقینە و ڕەسەنی مرۆڤ.
ئەم تێڕوانینە بۆ جیهانی کۆن تەواو و گونجاو بووە، بەڵام سەردەمی ئێستە گەشەی زۆروزەوەندی زانستە جۆراوجۆرە نوێکانە، پسپۆڕییەکان هێندە زۆرن، مرۆڤ هەموو تەمەنی دابنێت پێیان ڕاناگات، بەڵام ئەو تێڕوانینەی پایدیا بۆ قۆناغی سەرەتایی یان ناوەندەی، دەشێت ئیلهامبەخش بێت و قوتابی بخاتە بەر شەپۆلی کۆمەڵێک زانیاریی گشتییەوە کە لە پەروەردە و فێرکاریی بە مەبەستی پێگەیاندنی مرۆڤێکی باڵا، ڕۆڵێکی باش و زەوینەساز بگێڕێت.
کوردستان وڵاتێکە خەساری زۆر بەرکەوتووە لە هەموو ڕوویەكەوە، ئەگەرچی ڕۆشنبیر و نووسەر و سیاسەتوانی کورد هەر لە بەدرخانییەکانەوە تا ئێستە، هەوڵی زۆریان داوە، ئێمە ئەمەمان هەبێ، بەڵام لەم ڕووەوە دەکرێت بڵێین هێشتا کۆڵەوارین، پرۆژەی گەورەی کولتووری-ڕۆشنبیریمان دەوێت کە هاوکات دەسەڵاتی کوردی بە گەرموگوڕییەوە پشتیوانیی لێ بکات.
ئەزموونی سەرۆک وەزیران لە کابینەی نۆیەم و هەموو هەوڵەکانی لە بواری گەشەپێدانی بزۆز و هاوسەنگدا، وایکردووە هیوامان زیاتر بێت بەوەی لە کۆمەڵێک کێشەی مێژوویی-دەروونی تێپەڕین و وەک نەتەوەیەک بگەینە هەواری ئارامی.
لە ڕۆژانی ڕابردوودا هەواڵێک لە ماڵپەڕی "وشە" بڵاو کرایەوە کە بەداخەوە کۆمەڵەی میدیایی پۆپۆلیستی کوردستان لەناو یاریی ڕۆژانەی لایک و کۆمێنتدا پشتگوێیان خست، ئەویش کردنەوەی پرۆسەی سیستمی خوێندنی ژاپۆنی لە چەند قوتابخانەیەکی هەولێر بوو. وەک ڕاپۆرتەکە باسی دەکات، چەند ڕۆژی ڕابردوو شاندێکی ژاپۆنی سەردانی مەسروور بارزانی سەرۆک وەزیرانیان کردووە و بارزانی پێشنیاری جێبەجێکردنی پرۆژە و سیستمێکی پەروەردەی هاوچەرخ و سەردەمیانەیان بۆ خزمەتکردنی زیاتر بە قوتابیانی کوردستان کردووە.
ئەم هەواڵ و پرۆژەیە، ئەگەر ڕٶشنبیر و پسپۆڕان هاوکار بن و حکوومەت زەوینەیان زیاتر بۆ خۆش بکات بۆ دانوستان لە ناو پرۆژەکەدا، دەتوانێت سەرەڕای گواستنەوەی ئەزموونی باڵای ژاپۆنییەکان لە بواری پەروەردە و فێرکاریدا، گەشەپێدەری کولتوور و زەین و مەعریفەی کوردیش بێت و دەیان و سەتانی وەک کۆچەر بیرکار پێشکەشی کورد و جیهان بکەن،
ئەم هەوڵە لە درێژەی پرۆژە حەکیمانە و دووربینانەکانی سەرۆک وەزیرانە و هیوادارم زیاتر هەڵوێستەی لەسەر بکرێت.