زمانی كوردی، له‌و ڕۆژانه‌ی ڕابردوودا به‌هۆی ڕۆژی زمانی دایك، بایه‌خێكی زۆری پێ درا، له زمانه هه‌ره ده‌وڵه‌مه‌ند و به بڕشته‌كانه. زمانی كوردی له‌و زمانانه‌یه مرۆڤ بۆ وشه په‌كی تێدا ناكه‌وێت و بۆ هه‌ر دۆخێكی گوزارشتكراو، وه‌سف و نیشاندان، ده‌سته‌واژه و ده‌ربڕینی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. ئێمه كه زمانه‌كه‌مان له په‌راوێزدایه، به كه‌متر له زمانه‌كانی تری دنیا ده‌بینرێت، له‌به‌ر هه‌ژاریی زمانه‌كه نییه، به‌ڵكو ئێمه ده‌وڵه‌تمان نییه و زمانیش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ناسنامه و خاك و ئازادیی نه‌ته‌وه‌یه، به‌تایبه‌تیش زمانێك كه به‌رده‌وام له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه و نه‌ماندایه.
له زمانی كوردیدا، ئێمه ده‌سته‌واژه‌ی جۆراوجۆر و هاوواتا و واتا جیاوازمان هه‌یه و زۆرجار به‌هۆی ناشاره‌زایی، یان قووڵنه‌بوونه‌وه له زمان، نووسه‌ر و توێژه‌ران جیاوازی له نێوانیاندا ناكه‌ن.
به‌هه‌رحاڵ ئێمه نامانه‌وێت له‌سه‌ر زمان بوه‌ستین، ته‌نیا ده‌مانه‌وێت ئاماژه بۆ دیمانه‌ی په‌یامنێرێكی ده‌زگای سه‌نگینی "وشه" بكه‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌نجه‌ی ده‌ڤه‌ری سۆران كه بۆ ماوه‌ی 20 خوله‌ك به ڕووتی له‌ناو به‌فردا ماوه‌ته‌وه. كاتێ په‌یامنێره‌كه پرسیاری لێ ده‌كات بۆچی ئه‌و سه‌ركێشییه ده‌كه‌یت؟ ئه‌ویش له وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێت، با پرسیاره‌كه‌ت بۆ ڕاست بكه‌مه‌وه، ئه‌وه وه‌رزشه سه‌ركێشی نییه. به‌ڵام ئایا ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌یكات وه‌رزشه و په‌یامنێره‌كه‌ی وشه له نه‌زانییه‌وه ده‌ڵێت سه‌ركێشی؟ بێگومان نه‌خێر.
ئێمه له زمانی كوردیدا، وشه‌كانی (سه‌ركێشی، سه‌ره‌ڕۆ، بزۆز، سه‌ربزێو، سه‌رپه‌ل)مان هه‌یه و هه‌موویان بۆ باری ده‌ربڕینی تایبه‌ت به خۆیان به‌كار دێن. ئه‌وه‌ی ئه‌وه گه‌نجه ده‌یكات، سه‌ركێشییه و پێوه‌ندیی به وه‌رزشه‌وه نییه، چونكه كاره‌كه گشتی نییه وه‌ك وه‌رزش، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌و ده‌یكات و هه‌موو كه‌س ناتوانێت به ڕووتی له‌ناو به‌فر بمێنێته‌وه، له كاتێكدا وه‌رزش بوارێكی گشتییه ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه ئه‌و كاره‌ی ئه‌و نه‌ك هه‌ر سه‌ركێشی، به‌ڵكو سه‌ركێشییه‌كی گه‌وره‌یشه، چونكه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر جه‌سته و لایه‌نی ده‌روونی و پێكهاته فسیۆلۆجییه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ داده‌نێت.
هه‌موومان ده‌زانین مرۆڤ زۆرجار به‌هۆی سه‌رماوه ڕه‌ق بووه‌ته‌وه، چونكه سوڕی خوێن له ده‌ره‌نجامی كه‌شی زۆر ساردی ده‌ره‌وه، توانای سوڕانی نامێنێت و ده‌مه‌یه‌ت، به‌مه‌یش مرۆڤ ده‌مرێت. به‌هه‌مانشێوه گورچیله‌كانی مرۆڤ (خۆم نه‌خۆشیی گورچیله‌م هه‌یه) دوو له‌و ئه‌ندامانه‌ی ناو جه‌سته‌ی مرۆڤن كه هه‌ر ساردی و به‌ركه‌وتنێكیان به‌ربكه‌وێت، له كار ده‌كه‌ون، بێگومان ڕه‌نگه ئه‌م كاریگه‌رییه له‌سه‌ر ژیان به زوویی ده‌رنه‌كه‌وێت، به‌ڵام به تێپه‌ڕبوونی كات، گورچیله‌كان سست ده‌بن و توانای پاڵاوتنیان نامێنێت و له‌كار ده‌كه‌ون، بۆیه گرنگه هاووڵاتییان هه‌موو كارێك به وه‌رزش نه‌زانن. هاوكات ئه‌و گه‌نجه‌یش خۆی فێری زمان بكات، چونكه ئه‌وه‌ی په‌یامنێره‌كه‌ی "وشه" له ڤیدیۆكه‌دا ده‌یڵێت، له ڕووی زمان و زانستی پزیشكی و بواری وه‌رزشییه‌وه ڕاست و دروسته و ئه‌و كاره سه‌ركێشییه.