پارتە سیاسییەکانی کوردستان دوای شەڕی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران)، تێگەشتن بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان، پێویستە کۆتایی بە ناکۆکییەکانی نێوانیان بێنن، هێزەکانیان یەک بخەن، بۆ ئەمەیش بڕیاری دامەزراندنی بەرەی کوردستانی درا کە پێکهاتبوو لە: پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، حزبی شیوعی کوردستان، پارتی سۆسیالیستی کورد (پاسۆک)، پارتی دیموکراتی گەلی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان و بزووتنەوەی دیموکراتی ئاشووری، لە (٣/٨/١٩٨٨)دا بەرە دروست بوو.
ئەو بەرەیە سەرەڕای دژایەتیی لەلایەن ئێران و نەیارانی کوردەوە، بەرەیەکی فراوانی سیاسی بوو، توانی بۆ ماوەی دوو ساڵ ئاشتی لە نێوان حزبە کوردییەکاندا دروست بکات. ئەم یەکڕیزییەی باشووری کوردستان بووە هەوێنی ڕاپەڕینی (١٩٩١)، دواتریش پرسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانبی کوردستان لە (١٩ی ئایاری ١٩٩٢)دا و بەدوایدا یەكەم حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لە ١٤ی تەممووزی ١٩٩٢)دا پێكهات.
ڕاپەڕینی ناوچەکانی خوارووی عێراق پاڵنەرێکی سەرەکی بوو بۆ ڕاپەڕینی باشووری کوردستان، ئەمە لە کاتێکدا بوو لە ئەنجامی جەنگی هەشت ساڵەی لەگەڵ ئێران، ئابووری عێراق لاواز بووبوو، ئەمەیش ڕێگربوو لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی بنیاتنانەوە، بە تایبەتیش بەهۆی بەرهەمهێنانی ڕێژەیەکی زۆری نەوت و خستنەبازاڕی لەلایەن حکوومەتی کوێتەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهاندا شكا، لە کاردانەوەی ئەوەدا لە ٢ی ئابی ١٩٩٠، حکوومەتی بەعس پەلاماری کوێتی دا، داگیری کرد و وەک نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق ناساندی. سەدام بە مەبەستی ڕەوایەتیدان بە داگیرکارییەکەی، ڕای گەیاند کە لەسەر بانگهێشتی هێز و ئۆپۆزسیۆنی کوێت ئەم کارە دەکات و دەیەوێت ئازادی و یەکسانی بوونی هەبێت. بەڵام ئەمە مەترسی بوو بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و تێكدانی نەخشە، بۆیە کاردانەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەدوادا هات، وڵاتانی جیهان کۆک بوون لەسەر کشانەوەی عێراق لە کوێت، بەڵام سەرەڕای گوشاری وڵاتانی هاوپەیمان، عێراق پاشەکشەی نەکرد، لە ئەنجامدا وڵاتانی هاوپەیمان بە سەرکردایەتیی ئەمەریکا لە کردەوەیەکی سەربازیدا بەناوی (ئۆپراسیۆنی گەردەلوولی بیابان)، عێراقیان لە کوێت دەرکرد، گەمارۆی ئابوورییان بەسەردا سەپاند و لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی دایانبڕی.
کاتێک سوپای عێراق پاشەکشەی کرد بۆ شاری بەسڕە، بەهۆی مامەڵەی خراپی ڕژێم لەگەڵیاندا بەرەنگاربوونەوە و سەرئەنجام ڕاپەڕین لە ناوچەکانی خوارووی عێراق دەستی پێ کرد، لەوکاتەدا بەرەی کوردستانی و هێزە کوردییەکان سەرقاڵی ئامادەکاریی بوون بۆ ڕاپەڕینێکی جەماوەری دژی ڕژێم، کاتێکیش هەواڵی ڕاپەڕینەکانی باشووری عێراق گەیشتە کوردستان، لە پێنجی ئازاری ١٩٩١، كڵپەی ڕاپەڕین لە ڕانیەوە دەستی پێ کرد، ڕۆژانی دواتر سەرجەم شار و شارۆکە و ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە.
بەمجۆرە لە سەرانسەری کوردستان گەل و پێشمەرگە دژی ڕژێم ڕاپەڕین، لە ماوەیەکی کەمدا توانییان چەندان ناوچە ئازاد بکەن و بۆ ماوەیەک کوردستان ئازاد بوو، بەڵام ئەوەندەی نەبرد هێزەکانی ڕژێم خۆیان ڕێکخستەوە و دووبارە ناوچەکانی خوارووی عێراق و کوردستانیان داگیر کردەوە.
بەڵام کورد ڕازی نەبوو دووبارە بکەوێتەوە ژێر دەسەڵاتی ڕژێم و کۆڕەوێکی جەماوەری بەرەو سنوورەکانی ئێران و تورکیا ملی ڕێی گرت، ئەم كردە جەماوەرییە ملیۆنییە، بە خێرایی دۆزەكەی بە نێودەوڵەتی کرد، هەرزوو بە دەنگهاتنی وڵاتانی دژی زۆرداری و داگیرکارییەکانی سەدام حسێن لێكەوتەوە. کوردانی هەندەرانیش لە ڕێگەی خۆپێشاندانەوە پشگیری خۆیان دەربڕی، بە تایبەتیش لە وڵاتی سوید چەند خۆپێشاندانێک كرا بۆ بەردەم باڵوێزخانەی ئەمەریکا، دژی بێدەنگی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بەرانبەر بە چەوساندنەوەی کورد لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە.
بەڵام فڕەنسا مەردانە و خێرا كۆدەنگییەكی لەناو زلهێزەكان دروست كرد كە دەبێت بە پەلە كورد بێتە پاراستن، بەهۆی ئەم گوشارانەوە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە پێنجی نیسانی ١٩٩١دا بڕیاری (٦٨٨)ی دەرکرد. ئەم بڕیارە بووە بنەمای پارێزگاری لە كورد و وەرچەرخانێکی گرنگ بوو بۆ دۆزی نەتەوەیەكی ستەملێكراو، یەكەم سات بوو كورد هەست بكات جیهان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ دەگرێت و سنوور بۆ زاڵم دادەنێ، لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا (ناوچەی ئارام) بۆ کوردستان دیاری کرا و کۆتایی بە دەسەڵاتی حکوومەتی بەعس لە بەشێکی زۆری خاکی کوردستانی باشووردا هات و لە (٢٣/١٠/١٩٩١)دا، حکوومەتی عێراق بڕیاری کشانەوەی دامەزراوەکانی خۆی لەو ناوچانە دا.
لەم کاتەدا بۆشایی کارگێڕی لە كوردستان دروست بوو، بەهۆی کشانەوەی داودەزگا ئیدارییەکانی عێراق و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر كوردستاندا لەلایەن حکوومەتی ستەمكاری عێراقەوە، لە هەندێ شوێنی ئازادكراو پەرەسەندنی خراپی و تاڵانی دەستی پێ كرد، بۆیە بەرەی كوردستان بڕیاری دامەزراندنی ئەنجوومەنی نیشتیمانی دا و كورد توانی لە ماوەیەكی كەمی یەك ساڵییدا خۆی ڕێك بخاتەوە و هەڵبژاردن بكات و پەرلەمان و حكوومەت بنیات بنێ.