لای هەندێک لە نەتەوەکانی دانیشتووی ئێران، لەوانە کورد و تورک و بەلووج، ئەم باوەڕە زارەکییە هەیە کە "فارسەکان نێرەمووکن"! دیارە ئەمە نەک بە مانای ڕووتی سێکسی و جۆرە ڕوانینێکی دۆگما بۆ بابەتی ڕەگەزیی نێر و مێ، بەڵکوو پەنجەدانانە لەسەر جۆرێک هەڵسوکەوتی ڕۆژانەی فارسەکان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و تەنانەت ئابووریشدا. دیارە هەر نەتەوەیەک تایبەتمەندی جیناتی و خوێنیی خۆی هەیە، ئەناتۆمی و پەیکەربەندی و ڕەنگ و جەستەی دیاریکراوی خۆی هەیە، بێگومان هاوبەشی هەیە، بەڵام جیاوازییەکان بە ڕادەیەکن، لە ڕووی بایۆلۆجیشەوە سنوور و هێڵی نەتەوەکان دیاری دەکەن و لێکیان هاوێر دەکەن.
ئیدیۆمی "فارسەکان نێرەمووکن" لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، بە زۆری مەبەستیان هەڵسوکەوتی پیاوانی فارسە، مانای ئەم ئیدیۆمە ئەوەیە پیاوانی فارس لە هەڵسوکەوتی ڕۆژانەیاندا بە زمان و ئەتەکێتێکی وەهاوە دەجووڵێنەوە کە دەشێت لە ڕوانگەی کورد یان تورک یاخۆ بەلووچێک، بە ژنانی و موونەرم هەژمار بکرێن. ڕەنگە شتێکی سەیر بێت گەر بڵێین، هەر بەم خەسڵەتە ڕەفتارییانەوە ئابووری و پێوەندی کۆمەڵایەتی و سۆزدارانەیان ڕێک دەخەن و لە سیاسەتیشیاندا شوێنپێی بە ئاسانی دەدۆزرێتەوە.
ئەگەر نموونەیەکی سادە لەم جۆرە میتۆدەی نێرەمووکی بهێنمەوە، دەتوانم ئاوا باسی بکەم، پیاوانی فارس کە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەی، جیا لەوەی بە زمانی ڕێز و حورمەتەوە لەگەڵت دەدوێن، نەوا و تۆنێکیش لە دەنگیاندا بەرهەم دێنن کە مرۆڤی نێر ئەگەر تۆزێک لە ڕووی دەروونی و سۆزدارییەوە خۆگرتوو و گەشەکردوو نەبێت، ئەژنۆی شل دەبێت. دیارە لە ڕٶژگاری ئێستەماندا باسکردنی ئەم بابەتە ساویلکانەیە، بەڵام لە ناسککاریی پێوەندییەکانی مرۆدا ئێستەیش بێ کاریگەریی نییە.
ئەمەم بۆیە باس کرد تا بڵێم، تۆڕی مامەڵە و کڕین و فرۆشتن لە وڵاتێکی وەک ئێراندا تەنیا لەناو بابەتی پارە و نرخ و قازانجە داراییەكەدا خۆی نابینێتەوە، بەڵکوو ئەگەر شارەزای یاساکانی بازاڕ و جۆری سایکۆلۆجیای فرۆشیار و زمان و ماهیەتی پێوەندییەکەی نەبی، بە دڵنیاییەوە دەستەکاسە دەبی! هەروەک هەموومان دەزانین ئێستە ئێران لە دۆخێکدایە ئابوورییەکەی بەرەو داڕمانی تەواو دەچێت و زۆر لە ئابووریزانانی خۆیان باس لە هاتنی "سەرووی هەڵاوسان" دەکەن. واتە دۆخێک كە نرخی دراوی وڵاتەکە نەک ڕۆژانە، بەڵکوو بە کاتژمێر و بگرە بە خولەک گۆڕانی بەسەردا دێت و بابەتی کۆمیدی و هاوکات تراجیدی ئەوەیە، ئەم گۆڕانە تەنیا و تەنیا بۆ ئێران گۆڕانی ئەرێنییە!
واتە ئەم وڵاتە خولەک بە خولکە بەهای پارەکەی دادەبەزێت، لەگەڵیشیدا نرخی شتومەکە سادە ڕٶژانەییەکان هەر لە نانەوە بگرە تا ئاو زیاد دەبێت، گۆشت تازە خەریکە بۆ بەشێکی زۆری خەڵک دەبێتە خەون و خەیاڵ، لێرەولەوێ لە تۆڕەكانی کۆمەڵایەتیی ئێراندا دەبینین خەڵکی ڕەشوڕووت بە دوای قاچە مریشکدا دەگەڕێن تا شۆربایەکی لێ دروست بکەن بۆ منداڵەکانیان! یان تەنانەت لەم یەک مانگەی ڕابردوودا چەندان ژن لەناو شەقامدا خۆیان ڕووت کردەوە و جاڕی سۆزانیبوون و لەشفرۆشیی خۆیانیان دا و سەیریش ئەوەیە حکوومەت حەقی بە سەریانەوە نییە!
ویستم سەرنجی خوێنەر و بەتایبەتی باشووری کوردستان بۆ ئەوە ڕاکێشم، لە کەشێکی ئابووری و پڕتەنگژەی مەعیشەت لە ئێراندا، ئایا سەرمایەدار و کاسبکارانی ئێرانی بە تایبەتمەندیی "نێرەمووکانە" و بازارگەرمیی خۆیان، چارەنووسی خەڵکی ڕەشووڕووت و دەستنەڕۆشتوو گرینگە بەلایانەوە؟ بێگومان هەموومان دەتوانین مەزندە بکەین بەڵێ لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا مرۆڤی باش و خێرخواز هەن و چاوێکیان لە دۆخی خەڵکی داماو و دەستنەڕۆیشتووە، بەڵام ئەمە تا سنووری نەمان لە ئێراندا کاڵ بووەتەوە.
سەبارەت بە مامەڵەی بازرگانیی ئێرانییەکان لەگەڵ کوردستاندا، بە دڵنیاییەوە نەک هیچ جۆرە ویژدانێکی مرۆیی و ئابووری لە زۆربەیاندا (نەک هەموویان) نابینینەوە، بەڵکوو وەک دژ چاو لە هەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە دەبێت خەڵکی باشووری کوردستان بە ئاگا بن لەو کاڵا هاوردە ئیکسپایەر و ماوەبەسەرچووانە، لەوانە فاسۆلیای تەڕ کە هۆی ڕاستەوخۆی شیرپەنجەیە، جەرگی بەستووی مریشک، گۆشتی بەستووی ئەم ڕۆژانە کە گوایە دەستیان بەسەردا گیراوە.
کاتێک باسی ئێرانییەکان دەکەین، مەبەست کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نییە، چونکە ئەوانیش خۆیان لەناو کەوانەی قوربانیبوونی کەسابەت و بازرگانیی ناوەندا دەژین کە هەموو جومگەکانی بە دەست فارس و تورکەوەن. بۆ ئەوان بابەتەکە ڕەهەندی ئابووری و بە دڵنیاییەوە ئایدۆلۆجیشی هەیە، ئەوان قینی ئەو ئازادییەیان لە دڵدایە، هاوکات بەو باوەڕەوە ژیان و دەژین کە شوناسی کورد و هەر جۆرە بوون و کیانێکی کورد، هەڵوەشێنەرەوەی شوناسی ساختە و درۆینەی ئەوانە، بۆیە یارییەکە تەنیا بازرگانی و پارە نییە.
لە لایەکی ترەوە دەبێت بپرسین، مادام ئێمە دوژمنێکی ئاوا باوەکوشتەمان هەیە، ئەم خواردەمەنییە بەسەرچووە کوشندانە چۆن بە ڕۆژی ڕووناك دەگەنە سلێمانی و بە ناو بازاڕدا بڵاو دەبنەوە؟
بەداخەوە چڵێسیی هەندێک لە بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی بۆ پارە و سامان و کەوتنەداوی ئەو نێرەمووکییەی فارس، وایکردووە تا ڕادەیەکی زۆر پرۆژەی ئابووری-سیاسیی ئەوان سەر بگرێت و خەسارەکەی بەر کورد بکەوێت، ئەمە بۆ بابەتی مادەی هۆشبەریش هەر ڕاستە و هەر بە هەمان میکانیزم لە کۆریدۆری سیاسەت-بازرگانی تاران-سلێمانییەوە دڵی خەڵک و تەندروستیی ژیانی کورد دەکاتە ئامانج!