پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆچەلان سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکاران، لەگەڵ ئەوەی بە زۆری و لە نیگای یەکەمدا ڕوون و ڕاشکاو و بێ گرێوگۆڵ بوو، هاوکات چەند لێڵی و پێچ و پەنایشی تێدایە کە بە یەک نیگا و لە گەرمەی ڕۆژانی یەکەمی بڵاوبوونەوەی نامەکەدا لەلایەن شاندەکەی ئیمرالییەوە زۆر نەبینرا، لێرەدا ئەو پێچوپەنایانە لە ڕوانگەی منەوە دوو خاڵن، یەکەمیان باسی چەکداماڵینی پارتی کرێکاران (هەلبەت هەڵوەشادنەوەیشی) دەکات، باسی "هێزە چەکدارەکان"یش دەکات کە ئەمە وردە وردە وا دەردەکەوێت، ئەگەر مەبەستی هەسەدە نەبێت، ئەوا بیانکەیەک بۆ لایەنی تورکی یان لانیکەم لایەنە توندئاژۆ ڕاسیستەکانی تورک دروست دەکات تا بابەتەکە بگلێین بە ڕۆژئاوایشەوە.
هەڵبەت لە پاڵ ئەم خاڵەدا، پەیامەکە لە کۆتاییدا باسی زەوینەسازیی یاسایی و دیموکراسیی دەکات کە دەشێت ئەمە جۆرێک مەرجی لێل بێت لە پەیامەکەدا و لایەنی بەردەنگ و ئاراستەكراو بە باشی ئەمە بخوێنیتەوە.
بەدەر لەم دوو خاڵە کە زۆر لێکدانەوەی بۆ كرا و بۆمان ڕوون بووەتەوە پەیامەکە بە تەواوەتی ڕوون و ئاشکرایە، خواستی سەرۆکی پارتی کرێکاران لەسەر چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارتەیە.
بێگومان هەموومان نیگەرانی ئەوەمان بەرکەوتووە کە پرۆسەکە سەر نەگرێت و تەگەرەی تێ بکەوێت و کورد دووبارە تووشی جۆرێک فێڵلێکردن و دەسبادان ببێتەوە، بەڵام نابێت ئەوە لە بیر بکەین، پرۆسەی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا پرۆسەیەکی وەهماوی و تراویلکەئاسایە، واتە باس دەکرێت و دەستەکانی ئاشتیش بۆ یەکدی درێژ دەبنەوە، بەڵام لە پڕ فاکتەرێکی تازە یا گومان و ناپاکیەک دەردەکەوێت و کۆی پرۆسەکە لە خشتە دەبات. بۆیە دەبێت ڕەوتی پرۆسەکە پارێزگاریی لێ بکرێت و ژیرانە مامەلەی لەگەڵدا بکرێت. واتە ئەم ئیشە کاری سیاسییەکانە بە تایبەتیش کاری سیاسییە کوردەکانە. با لەم قۆناغەدا بەناو چاودێر و شیکارانی حەماسیی و چەکدارئاسای پەكەكە واز لە بەرهەمهێنانی شتی سواو و دووبارە و پیرۆزکردنی سەرۆکەکەیان بێنن.
ڕاستە وەک لە پەیامەکەدا هاتووە، ئەم حزبە لە کەشوهەوایەکی پڕتەنگژە و توندوتیژیی سیاسی و ئایدۆلۆجیدا دامەزرا، بەڵام ئیتر سەردەمی بەسەر چووە، بگرە تا ئێستەیش بەردەوامیی ئەم ڕەوتە لە قەوارەی ڕەوتێکی چەکداری و عەسکەرتارییدا کە بەداخەوە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی بە "تیرۆریست" هەژمار دەکرێن، خەسار و زیانێکی زۆری بە دۆزی کورد گەیاندووە.
تازە ئەمە بەپێی لانیکەمی ئەو شتە نهێنی و بڤانەیە کە ئەم هێزە لە ماوەی چەندان دەیە لە تەمەن و چالاکیی خۆیدا بە باشی و سیاسەتی میدیایی توندوتۆڵەوە شاردبوونیەوە و بە زەحمەت دزەی کردووەتە دەرەوە و لێرەولەوێ ئێمە لە زاری ئەندامە دابڕاوەکانیانەوە بیستوومانە و دەیبیستین.
هەر ئەمەی کە هێزێک بە چەندان دەیە چالاکییەوە ئامادە بێت بە پەیامێکی سەرۆکەکەی کە 26 ساڵە خەبەرێکی ئەوتۆی ڕاستەقینەیان لێی نییە، ئامادە بێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دانێ، لەگەل ئەوەی بۆ پرۆسەی ئاشتیی جێی خۆشحاڵییە، نیشانەی ئەو ناتەندروستییە ئایدۆلۆجی و پیرۆزکردنەیشە کە لە هەناوی ئەم هێزەدا هەیە. بەڵام با ئێمە بە نیازپاکییەوە بڕوانینە پرۆسەکە و دۆزی کورد لە ڕووبەرێکی گەورە و بەریندا ببینین و تەنیا لە ئیمرالی و تورکیا و قەندیلدا کورتی نەکەینەوە.
بە دڵنیاییەوە ئەم پرۆسەیە بەبێ ڕۆلگێڕانی باشووری کوردستان و لە سەروویشەوە سەرۆك بارزانی، هیچ داهاتوو و دەرئەنجامێک بەخۆوە نابینێ، بۆیە باشتر وایە لایەنگر و هۆگرانی ئەو حزبە هەر لە ئێستەوە فێری مەدەنیەتی زیاتر و سیاسەتی سەردەمیانە لە پانتایی تۆڕەكانی کۆمەڵایەتی و میدیاکاندا بن، با دۆخەکە لەمە زیاتر لێڵتر و بشێوتر نەبێت.
ئێمە وەکوو کورد بە سەرنجدان لەو مێژووە ناخۆشەی بێ بەڵێنی و دڵڕەقی داگیرکەران، وەک وتم ئاساییە نیگەران بین و بە ترس و بێ متمانەییەوە بجووڵێینەوە، بەڵام لە پاڵ ئەمەیشدا دەبێت سەرنجی کارتەکانی خۆمان بدەین. لەم قۆناغەدا دوو کارتی بەهێزی سیاسیی دەشێت کەڵکی بۆ كورد هەبێ، ئەوانیش:
لۆبی سیاسییە کە باشووری کوردستان ئیدارەی دەدات و ئەو ڕۆڵە مێژووییەیە کە بە درێژایی چەندان دەیە لەناو یارییە سیاسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکاندا بۆ خۆی مسۆگەری کردووە. واتە کارتی یاریی سیاسەتی هەولێر دەکرێت وەک دەلاقەیەکی بەهێزی هیوا بە ڕووی پرۆسەی ئاشتیدا بکرێتەوە.
کارتی دووەم ڕۆژئاوای کوردستانە کە لە دۆخێکی دووڕیاندا هەڵکەوتووە، واتە هاوکات دەکرێت کارتێکی یاریی بەهێز بێت و دەروازەیەکی ترسناکیش بێت بۆ هاتنەژوورەوەی بای ئەهریمەنیی لە باکورەوە و تێکدانی کۆی پرۆسەکە. بەڵام تا ئێستە دۆخەکە تا ڕادەیەکی زۆر بە هاوکاریی ئەمەریکا و هەندێ هاوپەیمانی کورد لە ڕۆژئاوا، خراپ نەچووەتە پێشێ، بەڵام بە هاتنەئارای ئەم شەڕەی دوایی پاشماوەکانی هێزەکانی ئەسەد لەگەڵ هێزەکانی شەرع، دەتوانین پێشبینیی دۆخێکی لێڵ بکەین، بەڵام با بە هیوا بین ئەو ڕێككەوتنەی عەبدی و جۆلانی جارێ زووە بۆ هەڵسەنگاندن، داهاتوویەكی یاسایی لە دەستووری سوریادا بۆ كورد مسۆگەر بكات.
بۆ دۆخی ڕۆژئاوایش دبلۆماسیەتی باشووری کوردستان ڕۆڵی سەرەکی و یەكلاكەرەوەی گێڕا بە كاریگەریی هاوپەیمانان بەتایبەتی فڕەنسا و ئەمەریكا، عەبدی و پەكەكە بە باشی ئەمە دەزانن، بۆیە گرنگە كورد لەم كاتانەدا بە جیاوازییەكانیشەوە، پشتی یەكتر بگرن و هاوكار بن لە پێشخستنی دۆزەكەماندا.
هیوادارم بە هەر تێچوویەک بووە، ئێمە بڕۆینە ناو پرۆسەیەکەوە ئیتر قوربانیکردنی ڕۆڵەکانمان لەسەر هەرد و بن بەرد کۆتایی بێت و کڵاوڕۆژنەیەکی نوێ بە ڕووی دۆزی کورددا بکرێتەوە، کرانەوەی پاش ئەم شەپۆلە نوێیەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و تێکچوونی جیۆپۆڵەتیکە، دوور لە چاوەڕوانی نییە.