ئه‌گه‌ر چاوێك به مێژووی ڕوون و دیاری كورد له 100 ساڵی ڕابردوودا بخشێنین، به ئاسانی له‌وه تێده‌گه‌ین ده‌ستی داگیركه‌ران له كوشتنی كورد و قڕكردن و ڕاگواستن و قه‌ڵاچۆكردندا، چه‌نده خوێناوی بووه. ڕه‌نگه هه‌ندێك كه‌س ئاخێزگه‌ی ئه‌م هه‌موو دڕنده‌ییه بگه‌ڕێننه‌وه بۆ سه‌رچاوه ئایدۆلۆجییه ئاینییه‌كانی چوار وڵاتی ئێران، عێراق، سووریا و توركیا، به‌ڵام بابه‌ته‌كه به‌م یه‌كڕه‌هه‌ندییه ناوه‌ستێته‌وه. ئه‌گه‌ر چاو له هه‌ڵسوكه‌وتی عوسمانییه‌كان و دواتر كه‌مالییه‌كان له‌گه‌ڵ كورد له دوو پارچه‌ی باكور و ڕۆژئاوادا بخشێنین، به ڕوونی بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت وڵاتێكی وه‌ك توركیا له‌گه‌ڵ خه‌ڵقكراوێك به ناوی "كورد" كێشه‌ی هه‌یه، جا ئه‌مه چ وه‌ك مرۆڤێك بێت یا چیایه‌ك ناوی كوردی بێ یاخۆ یان ئاژه‌ڵێك، بۆ ئه‌و بابه‌ته‌كه هه‌ر یه‌ك شته.
بۆیه ئه‌گه‌ر له ڕٶژئاوا ئێزیدییه‌كان له ژێر فه‌رمانه جۆراوجۆره‌كان له دوو سه‌رده‌می جیاوازی سیاسی‌دا قڕ ده‌كات، ئه‌ی خۆ كوردانی باكور زۆرینه سوننه‌ن و زۆرینه‌یشیان به‌رده‌وام ده‌نگیان به ئه‌ردۆغان داوه، بۆچی دۆخی ئه‌وانیش به‌ده‌ر نییه له پاكتاو و سڕینه‌وه و ته‌نانه‌ت نكۆڵی‌كردن؟
توركیا له 100 ساڵی ڕابردوودا توانی ئه‌و میراته‌ی عوسمانییه‌كان له چه‌ند سه‌ده حوكمڕانی بۆیان جێهێشتووه، بیگوازێته‌وه بۆ خه‌یاڵدانی فاشیستیی نه‌ته‌وه‌ی تورك و به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه توانی ئاین و ناسیۆنالیزمی فاشیست موتوربه بكات، نموونه كاریگه‌ره‌كه‌ی له ژێر ناوی "ده‌وڵه‌تی سێبه‌ر" ده‌وڵه‌ت باخچه‌لییه.
به دڵنیاییه‌وه باخچه‌لی یه‌كه‌م بانگه‌وازی بۆ ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی ئاشتی نه‌دایه، ئه‌سته‌م بوو ئه‌ردۆغان ده‌ستپێشخه‌ریی ڕیسكێكی وه‌ها بكات، ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی ناسیونالیزمی فاشی و هاوكات ئیماندارانه له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی توركیدا ده‌گه‌یه‌نێت كه به‌داخه‌وه ئێمه وه‌ك تێگه‌یشتنێكی باو و ئاسایی، ده‌بێت جیاوازی له نێوان حكوومه‌ته‌كان و خه‌ڵكه‌كانی ژێر حوكمڕانیی ئه‌و حكوومه‌تانه‌دا بكه‌ین، به‌ڵام مه‌كینه‌ی به‌رهه‌مهێنانی ڕق له ئه‌ویتر، به ئامیان و ماكی ناسیۆنالیزمی فاشی، وایكردووه پاقلاوه‌فرۆشێكی ئه‌نكه‌ره و ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی وه‌ك یه‌ك ببینین. ئه‌گه‌رچی ئه‌مه تێڕوانینێكی لێبڕاوانه و ڕه‌ها نییه، به‌ڵام ڕاستییه‌كی ترسناكیشه، ئه‌گه‌ر له به‌رچاوی نه‌گرین، هه‌ر جۆره پرۆسه و پڕۆژه‌یه‌كی ئاشته‌وایی وه‌ك فێڵ یان بۆمبێكی ته‌وقیتكراو ده‌بێت و له كاتی خۆیدا ده‌ته‌قێته‌وه و هه‌موو هه‌وڵه‌كان پرزۆڵه ده‌كات.
به‌ڵام به‌و حاڵه‌یشه‌وه بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكور و ڕٶژئاوای كوردستان، هه‌ر له سه‌رده‌می شێخ سه‌عید و سه‌ید ڕه‌زاوه تا ئێسته، به‌هێز بووه و دانه‌مركاوه. ئه‌گه‌رچی به بچووكترین ئامانجه‌كانی خۆی نه‌گه‌یشتووه، هۆی ئه‌مه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ی نێوان "خود" و "ئه‌ویتر".
له توركیا هێڵی خه‌ستی نێوان تورك و كورد زۆر تۆخ و جێگیره، كورد هیچ هاوبه‌شییه‌كی زمانی، كولتووری و یاده‌وه‌ریی مێژوویی له‌گه‌ڵ توركدا نییه، ده‌زانێ بێگانه‌یه‌كی ته‌واوه و توانه‌وه‌ی نه‌رم نایه‌ته ئاراوه و به‌رده‌وام شه‌ڕی ڕه‌قوته‌قه. به پێچه‌وانه‌ی ئێرانه‌وه كه كورد له ڕووی زمان و كولتوورییه‌وه یاده‌وه‌رییه‌كی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فارس‌دا هه‌یه، ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی مه‌كینه‌ی تواندنه‌وه و داگیركاری شێوازێكی جیاواز له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی تورك به‌خۆوه ببینێت.
سیاسه‌تی ئێرانی هه‌ر له سه‌رده‌مانی كۆنه‌وه تا ئێسته، له ئامێزگرتن و داگیركردن بووه، یان كوشتن و له داره‌دان، لێره‌دا بۆیه باسی لایه‌نی ئامێزگرتنه‌وه و نه‌رمی ده‌كه‌م، چونكه له پاڵ زه‌بروزه‌نگی سیاسی و سه‌ربازیدا، پلانی كولتووری و ڕۆشنبیریشی به‌هۆی ئه‌و هاوبه‌شێتییه‌وه باشتر سه‌ری گرتووه. ئه‌مه لایه‌نێكی كه‌متر باسكراوی چه‌وساندنه‌وه و داگیركراوی و تواندنه‌وه‌ی كورده له‌ناو ئێرانیزمدا كه ده‌شێت زیاتر له‌سه‌ری بوه‌ستین.
هه‌رچی عێراق و سووریایه، هه‌مان هاوكێشه‌ی تورك و كورد زاڵه، به‌و جیاوازییه‌وه كه كورد زیاتر له سۆنگه ئاینییه‌كه‌وه ملكه‌چ بووه، زمانی عه‌ره‌بی لانیكه‌م پاش هاتنه سه‌ر كاری ئه‌مه‌وی و عه‌باسییه‌كان، له شام و به‌غدا بوو به زمانی پیرۆز و عه‌ره‌بیش وه‌ك نه‌ته‌وه‌ی پیرۆز جاڕی پله و پێگه‌ی درا و نه ئایه‌ته‌كانی قورئان و نه حه‌دیسه‌كانی پێغه‌مبه‌ر له‌سه‌ر سه‌رێتی، مرۆڤه‌كان ته‌نیا له ته‌قوا و نه‌بوونی جیاوازی له نێوان عه‌ره‌ب و عه‌جه‌مدا پشتگوێ خران، هه‌ر له‌وكاته‌وه قڕانكردنی كورد ده‌ستی پێ كردووه و له سه‌ده‌ی دووه‌م و سێیه‌مدا به‌تایبه‌تی كۆی سامانی كولتووری و زمانیی كوردی، بۆ نموونه له سه‌رده‌می حه‌سنه‌وییه‌كان و پاش و پێش ئه‌وانیش، به‌شێكی زۆری شاعیرانی كورد به زاراوه‌ی گۆرانی شیعریان گوتووه و بانگه‌شه‌ی ئاینی كوردی یارییان كردووه، نموونه‌كان سه‌رهه‌نگی ده‌ودانی، بابه لوڕه‌ی لوڕستانی، دایه په‌روێز هه‌ورامانی و زۆریتر.
بۆ زانیاریی زیاتر چاو له كتێبی "مێژووی وێژه‌ی كوردی" به‌رگی یه‌كه‌م نووسینی سدیق بۆره‌كه‌یی، بڵاوكراوه‌ی ئاراس، هه‌ولێر ساڵی 2008 بكه‌ن. به‌ڵام به‌هۆی ئه‌م ڕوانگه‌یه‌وه زۆر له سامانه كولتووری و زمانییه‌كانی كورد له‌ناو بران و هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال وه‌ك ئایدیایه‌كی به‌عسی له ساته‌وه‌ختێكی مێژوویی دیاریكراودا ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌م تێڕوانینه بووه.
دیاره له سووریا هه‌ر هه‌مان دۆخی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی كورد باڵاده‌ست بووه، به شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو و یاسایی كورد ڕه‌ت كراوه‌ته‌وه، ڕه‌نگه میتۆده‌كه جیاواز بووبێت، به‌ڵام كوردبوون هاوشێوه‌ی باكوری كوردستان، له‌ناو بازنه‌ی نكۆڵی و نه‌بووندا خۆی بینیوه‌ته‌وه.
ئێسته عێراق هه‌ر له‌م ڕه‌وته به‌رده‌وامه، بڕینی مووچه‌ی كورد و شێواندنی دۆخی گشتی له هه‌رێمی كوردستان، سیاسه‌تێكی حزبی و ده‌وڵه‌تیی نییه به ته‌نیا، به‌ڵكو تێگه و تێڕوانینێكی ئایدۆلۆجیی مێژووییشه، كه‌س ناتوانێت كه‌مكاری و كه‌مته‌رخه‌می ده‌سه‌ڵاتی كوردی له یه‌كنه‌گرتوویی و دابین نه‌كردنی خواستی هاووڵاتییان ڕه‌ت بكاته‌وه، به‌ڵام ڕه‌گوڕیشه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی كێشه‌كه له شوێنێكی تره و له مێژوویه‌كی دوورتره‌وه هاتووه.
باسه‌كه‌ی من باسی كێشه‌ی سیاسیی هه‌نووكه و له‌مپه‌ری ساخته‌ی ئیداریی مووچه‌ناردن نییه /له به‌رانبه‌ر مافی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستان ده‌بێت هه‌موومان ملكه‌چ بین/، به‌ڵكو ئه‌و یاده‌وه‌رییه فاشیسته‌یه كه له مێژوویه‌ك له داگیركاری و ڕه‌تكردنه‌وه‌وه هه‌ڵقوڵاوه، ئێسته‌یش تۆپه‌كه فڕێ ده‌ده‌نه زه‌ویی ئێمه‌وه و به ئاستی خۆیشیان سه‌ركه‌وتوو بوون له‌وه‌ی خه‌ڵكی كورد به‌رانبه‌ر به‌هاكانی نیشتمان و ڕاپه‌ڕین و شۆڕش و... گوماناوی بكه‌ن، لانیكه‌م به‌شێوه‌ی ڕووكه‌ش و له ئاستی ده‌ربڕینی تووڕه‌ی زمانی‌دا، توانیان په‌روه‌رده په‌كبخه‌ن و ته‌گه‌ره‌ی تێ بخه‌ن، توانییان باوك ڕه‌نگزه‌ردی منداڵ بكه‌ن و فرمێسك بهێننه خوار له چاوی دایك، خوێندكارانی ئێمه نا‌ئومێد و ڕووزه‌رد بكه‌ن.
به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه كاتییه و داینامیزمی كۆمه‌ڵایه‌تیی له‌وه به‌هێزتره مل به‌مانه بدات، به‌ڵام با بیرمان بێت ئێمه له كام سه‌نگه‌ره‌وه ته‌قه‌مان لێ ده‌كرێت و بۆ دوای سه‌تان ساڵ هێشتا خوێن و ڕوندكمان بۆ عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م و شیعه و سوننه حه‌ڵاڵ و چێژبه‌خشه؟.