له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستان، هاوتای ته‌مه‌نه‌كه‌ی /33 ساڵی ڕابردوو/، قسه كراوه و ده‌شكرێ، خۆشبه‌ختانه ئه‌و قسانه‌ی له‌باره‌ی كوردستان و ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی و كاره‌كته‌ره سیاسییه‌كانی كراون، بارته‌قای هه‌موو ته‌مه‌نی ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌وروبه‌رمانه كه به زه‌بری كوته‌ك و لێدان، هه‌ر جۆره قسه‌كردنێكیان له‌سه‌ر خۆیان، هه‌ناسه‌كوژ كردووه و سه‌ریان پان كردووه‌ته‌وه.
دیاره مه‌به‌ستم له قسه‌كردن لێره‌دا ڕه‌خنه‌گرتنه، بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێت گوتاری شۆڕش و سیاسه‌تی كوردی، له‌سه‌ر زه‌وینه‌یه‌كی سیاسی و مه‌عریفی وا خۆی دامه‌زراند، له‌گه‌ڵ كرانه‌وه و ڕه‌خنه له‌خۆگرتندا هاوكۆك بوو. دیارده‌یه‌كی سه‌یره هێزی سه‌ربازی بیت و ده‌یان ساڵ له شاخ بی، به‌ڵام بتوانی باسی ڕه‌خنه‌یش بكه‌یت، لانیكه‌م له ئاستی گوتار و دواتریش به‌پێی ئامرازه‌كان گوێگری ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گر بیت. بێگومان ئه‌مه به‌و مانایه نییه بڵێم دۆخی ڕه‌خنه له سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی كوردی یان نا، زیاتر له‌وه‌ش له‌ناو جڤاكی سیاسیی كوردیدا، له‌وپه‌ڕی باشی خۆیدایه، نه‌خێر. باسی من ئه‌وه‌یه وه‌ك زۆر له ڕژێم و سیستمه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه، ئێمه نه‌هاتین حكوومه‌تێكی دیكتاتۆریی ڕه‌ق و وشك و به زۆر پیرۆزكراو دروست بكه‌ین، گوتاری سیاسیی كورد ڕه‌خنه‌ی په‌سند كرد، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له خراپترین باریشدا جێبه‌جێی نه‌كردایه، ئه‌وا گوێگریه‌تی.
ئه‌مه خۆی پاساوی ئه‌وه ناداته‌وه كه ڕه‌خنه‌كان پشتگوێ بخرێن و ئه‌و به‌رچاوڕوونییه‌ی ڕه‌خنه‌ی چاودێران یان خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و جڤاكێكی كولتووری و ڕۆشنبیریی ده‌یخاته ڕوو بۆ ده‌سه‌ڵات، ته‌نیا ببیسترێن و له خه‌ڵوه‌تی ده‌سه‌ڵاتدا به‌های ڕژدی نه‌ده‌یتێ، به‌ڵام باسی من ئه‌وه‌یه ڕه‌خنه بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌ر زاری هه‌موو تاقم، توێژ، میدیا، كه‌سایه‌تی، خوێندكار و... له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ناو جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی له كوردستاندا، سه‌رۆكی حكوومه‌ت خۆی به ده‌یان جار گوێگری ڕه‌خنه‌ی خه‌ڵك بووه له‌ناو بازاڕ و له دانیشتنی تایبه‌تدا و به‌پێی توانا هه‌م وه‌ڵامی داونه‌ته‌وه، هه‌میش هه‌نگاوی كرداری بۆ بۆشاییه‌كان ناوه كه ڕه‌خنه‌كان په‌رده‌یان له‌سه‌ر لاداون.
ئه‌مه ده‌ستكه‌وته و باشه، به‌ڵام كه‌مه. بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه ده‌بێت گه‌وره‌تر مسۆگه‌ر بكرێت. بۆیه چاوه‌ڕوانیمان له حوكمڕانی كوردی زیاتره. ئه‌م چاوه‌ڕوانییه‌یش خۆی ده‌رهاوێشته‌ی هه‌مان ڕه‌خنه‌ته‌وه‌رییه وه‌ك كولتووری سیاسی و گشتیی ئێمه. ده‌شێت هه‌ردوو ئاسته‌كه‌ی ڕه‌خنه بكرێت و لاوازی و سستییه‌كانی به ناوچاوی هه‌مووماندا بدرێته‌وه، تا كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی به‌هێزی سه‌رده‌میانه بنیات بنێین، به‌ڵام له پاڵ ئه‌م كه‌شه ئاڵۆز و ڕه‌خنه‌هه‌ڵگره گشتییه‌دا، كه‌شێكی ناته‌ندروست و فیگه‌رێكی ده‌عیه‌داری فیزل سه‌ری هه‌ڵداوه، به‌ناوی ڕه‌خنه‌وه جوێن و ڕه‌تكردنه‌وه به‌رهه‌م دێنن. ئه‌مه ئه‌و لایه‌نه ناشیرینه‌ی كه‌شی دیموكراسییه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی دیموكراسییه‌كه له ڕووی یاسایی و جێبه‌جێكردنیه‌وه هێشتا كاری ماوه، ڕێگه بۆ هه‌موو كه‌سێك خۆش ده‌كات هه‌رچی پێ خۆشه به زاریدا بێت و كۆمه‌ڵ و زه‌ینی خه‌ڵك بشێوێنێت.
ڕاستییه‌كه‌ی خۆم كه‌شی ڕه‌خنه‌كاریم زۆر پێ باشه له هه‌ر ئاستێكدا، ته‌نانه‌ت بێڕێزییه‌كی ژیركه‌ره‌وه‌یش هه‌ر وه‌رده‌گرم (به تۆزێك دڵئێشه‌یشه‌وه)، حه‌ز ده‌كه‌م هه‌م ده‌سه‌ڵاته‌كه‌مان و هه‌م كولتووری گشتیمان ئه‌م جۆره كراوه‌ییه بكه‌ن به پێوه‌ر، بێگومان به‌شێكی زۆری خه‌ڵكی ئێمه ئه‌و كراوه‌یی و وشیارییه‌یان تێدایه و حكوومه‌تیش هه‌روه‌ها، به‌ڵام پرسیارێك هه‌یه لێره‌دا ده‌بێت بیكه‌ین، چ شتێك به ڕه‌خنه هه‌ژمار ده‌كرێت كه خۆی له بنه‌مادا وابه‌سته و گرێدراوی ئه‌م پرسیاره‌یه كه ڕه‌خنه چییه؟ ئه‌مه باسێكی زۆر هه‌ڵده‌گرێت و دایده‌نێم بۆ كاتی تر، به‌ڵام له درێژه‌دا و له دووتوێی باسه‌كه‌مدا، هه‌وڵ ده‌ده‌م تیشكهاوێژانه ئاوڕێكیش له‌م پرسیارانه بده‌مه‌وه.
چه‌ند ساڵێكه لێره‌وله‌وێ، له‌لایه‌ن هه‌ندێ لایه‌ن و هێز یان كه‌سایه‌تیی سیاسی، به‌تایبه‌تی ڕٶژئاوا و باكور و (تا ئاستێكیش ڕٶژهه‌ڵات) باسی ئه‌وه ده‌كه‌ن، ئێمه نابێت ئه‌زموونی باشووری كوردستان دووباره بكه‌ینه‌وه!
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌م قسه‌یه به زایه‌ڵه‌یه‌كی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه ده‌كرێت، به‌ڵام له سه‌رزه‌وینێكی مه‌عریفیی بۆش و به‌یاردا ده‌گوترێت. باشوور ڕه‌خنه‌ی له‌سه‌ره؟ به‌ڵێ، سه‌تان و هه‌زاران. كێشه هه‌یه؟ به‌ڵێ و ته‌نانه‌ت قه‌یرانیش هه‌یه، به‌ڵام ئایا هه‌موو دنیا هه‌ر ئه‌مه نییه؟ ئایا ئه‌مه مه‌عریفه‌یه كه چونكه كێشه و قه‌یران هه‌یه، كه‌واته تۆ خۆت دابڕی و له قوله‌ی قافه‌وه له‌گه‌ڵ مێژووی خه‌بات و قوربانیدانی خه‌ڵك قسه بكه‌ی؟
بێگومان به‌شێك له‌و ده‌ربڕینه گوزارشت له‌و نیازه ده‌كات كه نابێت ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی له باشوور هه‌ن ئێمه هه‌مانبێت. ئه‌مه ئاساییه، به‌ڵام ڕووی ده‌مم له‌وانه‌یه كه تا ئێسته وێنایه‌كی ڕوونیان بۆ باڵه‌خانه‌یه‌كی شاره‌وانی له پارچه‌كانی ترس كوردستاندا نییه و وا له‌سه‌ر باشوور دێنه گۆ. من هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر باشووری كوردستان و ئه‌و پارچه نیوه‌ئازادكراوه نه‌بوایه، به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌رێكی زۆر هه‌بوو ئێوه‌یش ئێسته هه‌ر ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌تان نه‌بێ باسی كورد و دۆزه‌كه‌ی بكه‌ن.
ئه‌گه‌ر باشوور نه‌بوایه، ئه‌م هه‌موو هێزه كوردییه‌ی پارچه‌كانی تر چی‌یان ده‌كرد؟ ده‌چوونه‌وه ئه‌شكه‌وته‌كان و له سه‌ده‌ی 21دا له ژێر درۆن و چه‌كی پێشكه‌وتوودا كوردایه‌تییان ده‌كرد؟ ئه‌مانه توانج نین له ئامانجه پیرۆزه‌كانی كوردایه‌تی، به‌ڵكو تانه‌ن له‌و تێڕوانینه خۆگیفكه‌ره‌وه‌ی پێی وایه ئه‌و بڕواته جێی به‌ڕێوه‌به‌ری ئیداره‌یه‌ك، ئه‌وا به شه‌وێك هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات!
باشوور له‌م ساڵانه‌ی ڕزگاربوونیدا به هه‌موو قه‌یران و كه‌موكوڕییه‌كانیشیه‌وه، توانی خاوه‌ن ماڵێكی شكۆدار و پیرۆزی كوردان بێ بۆ هه‌موو كوردانی پارچه‌كانی تر، توانی زمانی كوردی به فه‌رمی بكات، ئه‌گه‌ر باشوور نه‌بوایه و حكوومه‌تی كوردی نه‌بێ، ده‌زگای "وشه" كه‌ی هه‌بوو تا من و ده‌یان نووسه‌ری پارچه‌كانی تری كوردستان تێیدا بنووسین و فێر بین و ڕۆشنگه‌ریی بكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر باشوور نه‌بوایه ئاڵای كوردستان له كوێ ده‌بوو ئێسته و سه‌تان پرسیاری هاوشێوه‌ی تر.
كورت و كرمانجی، ئێمه یه‌ك دنیا ڕه‌خنه‌مان له باشوور و حوكمڕانیی كوردی گرتووه و به‌رده‌وامیش ده‌بین، ئه‌وانیش قبووڵیان كردووه، به‌ڵام با تۆزێكیش پێزانینمان بۆ خه‌ڵك و حكوومه‌ته‌كه‌ی هه‌بێ كه به هه‌موو ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌كانی سه‌ریانه‌وه، كوردی پارچه‌كانی تریان له‌بیر نه‌كردووه و به وه‌خت و ناوه‌خت به‌سه‌ریان كردوونه‌ته‌وه. بۆیه قسه‌كردن له‌وه‌ی كه ئه‌زموونی باشووری كوردستان دووباره نه‌كه‌ینه‌وه، له فۆرمی تێپه‌ڕاندنی كه‌موكوڕییه‌كاندا ڕه‌خنه‌گرانه و باشه، به‌ڵام له فۆرمی وه‌هم و خۆبه‌زلبینینی بێ بنه‌مادا، باسێكی فشۆڵ و گاڵته‌جاڕانه‌یه و شیاوی ئه‌وه نییه هه‌ر گوێی بدرێتێ.