ده‌ستپێك:
له‌م هه‌لومه‌رجه‌ی ئێسته‌دا پرسی پێكهێنانی حكوومه‌ت، زۆرترین قسه‌وباسی له‌سه‌ر ده‌كرێت، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه، ئه‌مه دوای تێپه‌ڕبوونی چوار مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستاندا، به‌ڵام تا ئێسته كابینه‌ی ده‌یه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكنه‌هێنراوه، لێره‌دا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م ڕێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان له‌سه‌ر پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا.
خستنه‌ڕوو:
پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ده‌رئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستانه كه ڕۆژی 10ی ئۆكتۆبه‌ری 2024 به‌ڕێوه چوو، تێیدا چه‌ندان پارتی سیاسی و پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی به‌شدار بوون، براوه‌كان به‌پێی ڕێژه‌ی ده‌نگ كورسییان له په‌رله‌مانی كوردستان مسۆگه‌ر كرد.
ئێسته له قۆناغی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێداین، پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ پێویستییه‌كی گرنگی حوكمڕانییه و پێوه‌ندیی به ژیانی سیاسی و ئابووریی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه، به‌ڵام چه‌ندان ئاڵنگاری بوونه‌ته به‌ربه‌ست له به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه لێره‌دا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر هه‌ندێكیان:
1-ململانێی ناوخۆیی: به‌رده‌وامیی ناكۆكییه‌كانی نێوان پارته سیاسییه‌كان له هه‌لومه‌رجێكدایه، كاریگه‌ریی هه‌بووه له‌سه‌ر دابه‌شكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بۆ دوو به‌ره و ئه‌وه‌یش بووه‌ته هۆی لێكترازانی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌رێمه‌كه‌دا.
2-نه‌بوونی كۆده‌نگی: له هه‌رێمی كوردستان چه‌ند ساڵێكه له پرسه سیاسی و نیشتمانییه‌كاندا، هیچ ڕۆحێكی كۆده‌نگی و یه‌كگرتوویی نییه بۆ پرسه چاره‌نووسازه‌كان .
3-په‌راوێزخستنی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كان: لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سی و تایبه‌ته‌كانی خۆیان له‌به‌رچاو ده‌گرن، به‌رژه‌وه‌ندییه باڵاكانی نیشتمان وه‌لا ده‌نێن، بۆیه سازش ناكه‌ن بۆ براوه تا بگه‌ن به ڕێككه‌وتنی كۆتایی، ئه‌مه‌یش هێنده‌ی تر قه‌یرانی سیاسی له هه‌رێمی كوردستان دروست ئاڵۆز ده‌كات.
4-پێڕه‌ونه‌كردنی (تیۆری ڕێژه‌یی): له پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمدا لایه‌نه سیاسییه‌كان ئامانجییانه هه‌موو ئامانج و خواسته‌كانی خۆیان له پرۆسه‌كه‌دا به‌دی بێنن، كه‌واته پارته سیاسییه‌كان كار له‌سه‌ر هێزی قورسایی خۆیان به‌پێی ئه‌م تیۆره ناكه‌ن، به‌ڵكو هه‌موو لایه‌نه‌كان پێیان وایه براوه‌ن، ده‌یانه‌وێت هه‌موو پۆست و خواسته‌كان بۆ ئه‌وان بێت، ته‌نانه‌ت وه‌ك له میدیاوه ده‌رده‌كه‌وێت لایه‌ن هه‌یه هه‌ر كورسیشی نییه و داوای پۆستی گه‌وره ده‌كات.
5-ده‌ستێوه‌ردانه ده‌ره‌كییه‌كان: له كاتی پێكهێنانی كابینه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، زۆرجار وڵاتانی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی كاریگه‌رییان ده‌بێت، ئه‌مه له‌پێناو له به‌رچاوگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، بۆیه به جۆرێك ئه‌مه‌یش كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی هه‌بووه له‌سه‌ر یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه سیاسی و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڵام ده‌ستوه‌ردان تایبه‌ت نییه به هه‌رێمی كوردستانه‌وه، بگره له وڵاته به‌هێزه‌كانیشدا هه‌یه و وڵاتی تر ده‌ستی تێده‌خه‌ن، نموونه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانی ڕووسیا له هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریكا له خولی یه‌كه‌می سه‌رۆك تره‌مپدا، هه‌روه‌ها له هه‌ڵبژاردنی ڕابردووی ئه‌ڵمانیا باس له ده‌ستوه‌ردانی ئه‌مه‌ریكایی ده‌كرا.
سیناریۆكانی ئاینده:
یه‌كه‌م: پێكهێنانی حكوومه‌تێكی بنكه‌فراوان: مه‌به‌ست له‌مه به‌شداریی هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كانه له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تدا به سه‌رۆكایه‌تیی كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵام ئه‌م ئه‌گه‌ره كه‌مێك ئه‌سته‌مه، ئه‌ویش هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له لایه‌نه سیاسییه‌كان ناچنه په‌رله‌مانی كوردستان كه دیاترینیان (یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری)ن.
دووه‌م: پێكهێنانی حكوومه‌تی دووانه (دوو لایه‌نی پارتی و یه‌كێتی): له‌گه‌ڵ یه‌كگرتنی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان له نێوان پارتی (39) كورسی و یه‌كێت ی(٢٣) كورسی، كۆی ژماره‌ی كورسیه‌كان ده‌گاته (62) كورسی، به‌م ڕێژه‌یه ده‌توانن حكوومه‌ت پێك بێنن، به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌مه‌یشدا پێكهێنانی حكوومه‌تی دوو لایه‌نه ئه‌سته‌مه به‌بێ به‌شداریی لایه‌ن و پێكهاته‌كانی تری ناو په‌رله‌مانی كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رێمه‌كه ڕووبه‌ڕووی گرفت ده‌بێته‌وه، ڕه‌نگه به یه‌كگرتنی لایه‌نه به‌شدار نه‌بووه‌كان ببنه (ئۆپۆزسیۆنێكی به‌هێز ) له په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌مه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندی لایه‌نه به‌شداره‌كاندا نییه.
سێیه‌م: پێكهێنانی حكوومه‌ت له نێوان (پارتی، یه‌كێتی و پێكهاته‌كان): به یه‌كگرتنی ئه‌م سێ لایه‌نه، په‌رله‌مان كاندیدی لایه‌نی یه‌كه‌م ڕاده‌سپێرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌م ئه‌گه‌ره به‌هێزترینه.
چواره‌م: ئه‌گه‌ری ناسه‌قامگیری و قه‌یرانی سیاسی: ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه به‌شێكی زۆری پارته سیاسییه‌كان نه‌گه‌نه هیچ ڕێكه‌وتنێك، به‌مه‌یش پشێوی و ناسه‌قامگیری سیاسی دێته پێشه‌وه بۆ ماوه‌ی چه‌ند مانگێگ، له‌به‌رئه‌وه‌ی پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێم ده‌زانن هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی عێراق له پێشه، وه‌ك جۆرێك له بانگه‌شه بیانووه‌كانیان زیاتر ده‌كه‌ن بۆ پێكنه‌هاتن له‌باره‌ی حكوومه‌تی نوێ.
به‌ڵام هه‌رچه‌نده ئه‌گه‌ره‌كان قورس و سه‌خت بن، له سیاسه‌تدا هیچ شتێك ئه‌سته‌م نییه.