ئایا نۆرەی کۆماری ئیسلامیش هاتووە؟

AM:11:20:17/03/2025 ‌
هەندێک لە شارەزا و چاودێرانی سیاسی پێیان وایە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشووی ئێران، بەشێک لەو پرۆژەیە بوو کە دەیویست ئەو تەنگژە و بنبەستەی ڕژێمەکەی تێکەوتووە، تێپەڕێنێت. واتە ڕەئیسی تیرۆر کراوە، هەندێ ورینگەورینگ لێرەولەوێ لەسەر ئەم بابەتە بیسترا و تەنانەت باسیان لە هاوکاریی هێزی سەربازی و هەواڵگری ڕووسیایش کرد، بەڵام باسەکە زوو کپ کرایەوە و لەناو دنیایەک کێشەی تری کۆماری ئیسلامی ئێراندا ون بوو. 

سەرەتا وا وێنا دەکرا، سڕینەوەی ڕەئیسی بەهۆی ئەو لێدان و هەڵوێستە توندئاژۆ و ڕادیکاڵانە بوو کە تەنانەت عەلی خامنەیی لە جێی خۆی نەدەزانی و لە دیپلۆماسیی و سیاسەتدا قەیرانسازی دەبینی. ئەمە لە حاڵێکدا بوو ڕەئسی لە هەڵبژاردانێکدا سەرخرا و "کرا" بە سەرۆک کۆمار، بە شێوەیەکی ورد و ناسک دیزاین کرابوو، هەم ڕکابەرەکانی ئەوە نەبوون پێشی بکەون و هەمیش هەموو داودەزگاکانی سەربە سوپای پاسداران و نزیک لە ڕێبەری ئێران لە پشتی بوون! بۆیە بە سەرۆک کۆماركردنی ڕەئیسی بە دیزاینکراوترین هەڵبژاردنی کۆماری ئیسلامی ناو دەبرێت لە هەموو مێژووی هاتنەسەر کاری ئەو ڕژێمەدا کە بە تەواوەتی بە دڵ و خواستی عەلی خامنەیی بووە. 

هەر پاش ئەو ڕووداوە و بە زووترین کات، پزیشکیانیان هێنایە سەر تەختی سەرۆکایەتیی! گەرمەی ڕووداوەکانی پێش پزیشکیان کۆماری ئیسلامیی خستبووە حاڵەتێکی "چوونە کۆما"وە، هەم لە ڕووی دۆخی ناوخۆییەوە و هەمیش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، جگە لە ڕووسیا و چین (بە شێوەی هەلپەرستانە و بەپێی بەرژەوەندی خۆیان) بۆ نەمابوویەوە، لە بنبەست و گۆشەگیرکردنێکی تەواودا بوو. 

پزیشکیان کە هات جیاواز دەرکەوت، بە کوردییەکی پاراو دەدوا و بەرگرییەکی شانازیتەوەرانەیشی لە تورکبوونی خۆی دەکرد و هاواری گۆڕانکاری و دەرچوون لە ڕێڕەوی سیاسەتی پێشووی لە ناوەوە و دەرەوە دەکرد. نەریتی سیاسەتی فەرمی و دیپلۆماسیی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چوار دەیەی تەمەنیدا وا بووە کە دەوڵەت وەک داودەزگایەکی جێبەجێکار و سیاسی (هەڵبەت لەگەڵ دوو جەمسەرەکەی دیکەی حوکمڕانیی، واتە هێزی دادوەری و هێزی یاسادانان) بە ڕواڵەت سەربەخۆ یان نیوەسەربەخۆ خۆی نواندووە، بەڵام ڕاستییەکەی ئێستە نەک بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە، بەڵکوو خۆیشیان نایشارنەوە کە هەموو ئەو سێ جومگەیە بە تەواوەتی لەژێر کۆنترۆڵی یەک کەسدان، ئەویش ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. 

ڕاستییەکەی بەشی زۆری خەڵکی ئێران ئاگاداری ئەو یاسایانە نین کە پێوەستن بە ویلایەتی فەقێوە و ئەو مافانەی بە خامنەیی دراون، بەپێی یاسا دەسەڵاتەکانی ئەو بێ سنوورن و نەک لە ئاستی سیاسیدا، بەڵکوو لە ئاستی گشتیشدا ویلایەتی فەقێ خاوەنی گیان و ماڵ و نامووسی خەڵکە! خاوەنی تەپۆڵکە و چیا و گژوگیا و زێڕە دۆزراو و نەدۆزراوەکانی وڵاتە! دەیان و سەتان لایەنی نهێنی و ئاشکرای دیکەیش! 

ئەم هەموو مافەش زەوینە ئایدۆلۆجی و ئاینییەکە خولقاندوونی، کەواتە دەتوانین بڵێین جۆرێک لە دیکتاتۆری دروست بووە، جیاوازە لە هەموو دیکتاتۆرەکانی دنیا! ئەوە باسێکی ترە و من لە دەرفەتی دیکەدا دێمەوە سەری، بەڵام لێرەدا و بەم پێشەکییە، ویستم لەسەر ئەوە بوەستم کە ئێستە پاکێج و پرۆژەیەکی وردەکارانەی بەربڵاو بۆ کۆی ناوچەکە لە گەڕدایە و بەشێکی سەرەتایشی جێبەجێ کراوە، ئایا کۆماری ئیسلامی ئەمجارە دەتوانێت بەو ئەزموونە پڕ و پاراوەی لە دانوستانەکانی پشت پەردە و تێچوودانی زۆر لەسەر حسێبی خەڵکەکەی بوون و کیانی خۆی بپارێزێت؟ ئایا بە پێچەوانەی ئەوەی خامنەیی و پزیشکیان هەریەک بە جۆرێک هێرش دەکەنە سەر دانوستان و گفتوگۆ، نامەکەی ترەمپ دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران پێداچوونەوە بە هەڵسوکەوتەکانیدا بکاتەوە؟ 

سەرەتا دەبێت بڵێین ئەم نامەیەی ترەمپ ئەگەر دواجار بە جۆرە ڕێکەوتنێکی سیاسیی بشکێتەوە، ئەوا نەک تەمەنی کۆماری ئیسلامیی زیاتر دەکات، بەڵکوو پشوویەکی تری دەداتێ تا دووبارە بپەرژێتە سەر ناوخۆی وڵات و دیسانەوە سەرکوت و لێدان و دەسدرێژی و کوشتن و لە سێدارەدان خەستتر بكاتەوە. 

ترەمپ بە شوێن جۆرێک ڕێکەوتن و ئارامکردنەوەیەکی سیاسیی کاتییەوەیە لە ناوچەکەدا، تا ئێرە کە پرۆکسییەکانی ئێران ڕاماڵراوە و ئێستەیش بە خەستی سووریا و عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە چاودێری  دەکرێن، بۆ ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی دڵخۆشکەرە، ئەگەرچی ئیسرائیلی دوای حەوتی ئۆکتۆبەر ئیتر ئەو ئیسرائیلە نییە گوێ بخەوێنێت لە هیچ جموجووڵێکی ناوچەکە. 
بۆتی نامەکەی ترەمپ هەڵگری پێشنیار و هەڕەشەیە و پێدەچێت ئێران ڕێگایەکی نەبێت جگە لەوەی بە شێوەیەک ڕێک بکەوێت و ئەم هاشوهووشەی سەر شاشە و ناو میدیاکانیش بە یاریی میدیایی لە قەڵەم بدەین، ئەگەرچی زۆر نا، بەڵام لە مێژووی کۆماردا نموونەی هەبووە کە ڕێبەری باڵا و سەرۆک کۆمار ڕادیۆ یان نیوە ڕادیۆیەک تۆمار بکەن! 

لە ئەگەری ڕێکنەکەوتندا بە دڵنیاییەوە ترەمپ نەک میکانیزمی "زۆرترین گوشار" جێبەجێ دەکات، بەڵکوو ئەگەر زۆرە هاوکاریی ئیسرائیل بکات لە لێدانی بنکە و وێستگە ئەتۆمییەکانی ئێران کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا چەند هێرشێکی کردووە، ئەگەرچی ئێران تا ئێستە بە ڕوونی دانی بەوەدا نەناوە کە ئەمە ڕووی داوە. 

لە پاڵ ئەم یاریی و ڕێکەوتنانەدا دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی خەڵک لە لێواری داڕمان و داڕووخاندایە، هەڵاوسان ئەوەندە بەرزە، پیوەرەکەی بووە بە ڕۆژ و هەندێجار کاتژمێر! بێسەروبەری لە ئیدارەدانی وڵات لە ڕووی یاسایی، و چاودێرییەوە بەسەر بازاڕ و دەیان بۆشایی تریش، دۆخەکەی زیاتر بەرەو شڵەقان بردووە. 

کۆی ئەم دۆخە لای هەندێک لە چاودێران ئەو ئەگەرەیان دروست کردووە کە درەنگ یان زوو تەقینەوەیەکی دیکەی کۆمەڵایەتی و ڕابوونێکی جەماوەری تر بێتە ئاراوە، کەسێک لە ئێران نەژیی، قووڵایی باری قورسی ژیان و ئابووریی و کەوتن تێناگات، ئێستە ئێران و داهاتووەکەی لە نێوان ڕیکەوتنێکی نیوەچل و سست و دۆخێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی لە لێواری ڕووخاندایە، بەڵکوو ئەوە ڕوو بدات کە سێبەری ڕژێمێکی نەگریسمان لەسەر بڕەوێتەوە!