پەروەردە و خۆگونجاندن

AM:10:47:26/03/2025 ‌
هەر کاتێک باسی پەروەردە دەکرێت، مەبەستمان پرۆژەیەکی چەند ڕەهەندییە کە لە سێ جومگەی خێزان، کۆمەڵگە و سیستمی خوێندن (فێرکاری)دا خۆی دەبینێتەوە. ئەگەرچی پەروەردە وەک سیستم دەرهاوێشتەی جیهان و سەردەمی مۆدێڕنەیە و لە خوێندنگە و زانکۆکاندا جێبەجێ کرا، بەڵام هیچ کات بەو مانایە نەبووە کاتێک قوتابی یا خوێندکارێک چووە قوتابخانە یا زانکۆ، دەبێت لە بنەما و دیسیپلینی پەروەردەیی بێبەش بووە. بەڵکوو پێشتر لە لایەن خێزانەوە و دواتر کۆمەڵگەوە کۆمەڵێک بەها و بنەمای بۆ پێناسە کراوە یان باشتر وایە بڵێین، لەناو ئەم دوو پێکهاتە پێکەوە گرێدراوەدا کەسایەتی و مێشکی زاخاو دراوە. 

ئەگەر لە ڕوانگە فرۆیدییەکەوە چاوی لێ بکەین، دەتوانین بڵێین لە پلەی یەکەم خێزان و دواتر کۆمەڵگە و پاشان سیستمی پەروەردە لە پێگەیاندنی کەسایەتییەکاندا ڕۆڵیان هەیە. کەواتە بەو پێیە بێت، خێزان ڕۆڵی بنیاتنەر دەگێڕێت لە پرۆسەی پەروەردەدا، چونکە کۆمەڵگا لە شێوازێکی تردا هەر خێزانێکی گەورەترە و بەهاکانی ناو خێزان بە شێوەیەکی ڕێژەیی پێڕەو دەکات. 

بە سەرنجدان لەم بابەتە، ڕۆڵی جەمسەری سێیەم كە سیستمی پەروەردە ئاڵۆزتر و قورستر دەبێت، ئەگەر ئەو دوو جەمسەرەکەی تر جۆرێک هاونەوایی و هاودەنگییان لە پرۆسەی پەروەردەدا نەبێت. دیارە ئەمە بەو مانایە نییە جەمسەرێک لەگەڵ ئەوانی دیکەدا پێشوەختە ڕێک بکەون، بەڵکوو بەو مانایەیە کە جۆرێک هاوسەنگیی ڕێژەیی هەبێت کاتێک کەسێک لە خێزان هاتە ناو کۆمەڵگە، ئەگەر شتی نوێ و تازەی بینی، بە پێچەوانەی ئەو شتەی لەناو خێزاندا بۆی پێناسە کراوە، نەشڵەژێت، هەروەتر بە نیسبەت قوتابخانە و زانکۆیشەوە هەر ئەم تایبەتمەندییە جۆرێک گەرەنتیکاری پێشکەوتن و گەشەی تاک دەبێت. 
خاڵێکی جەوهەریی لێرەدا دەشێت وەک دەزوویەک بەناو سێ مورووی خێزان، کۆمەڵگە و قوتابخانەدا بڕوات و پێکەوە شێوازێکی جوان و گونجاو لە کەسایەتیی دروست بکەن "گونجاوی" یان بڵێین وزەی خۆگونجاندنی تاک (مناڵ، مێرمناڵ و گەنج)ن، لەگەڵ ڕووداو و دیاردەی نوێ. 

چەند ساڵێک پێش ئێستە ڕێکخراوی یونسکۆ تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێش و جیاوازی بۆ "خوێنەواری" دیاری کرد، ئەویش ئەوەبوو، هەر کەسێک توانای گۆڕانکاریی لە خۆیدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی و بەردەوام هەبێت، ئەو کەسە بە خوێنەوار هەژمار دەکرێت. دیارە مەبەست ئەوە نییە هەر ئەم تایبەتمەندییە بە تەنیا پێکهێنەری کەسایەتیی خوێنەوارە، بەڵکوو دەڵێت ئەم تایبەتمەندییە ئەگەر جەوهەریترین و گرنگترینیان نەبێت، ئەوا یەکێکە لە گرنگتیرن و جەوهەرترین. 

ئەگەر تا ئێستە و بە سەرنجدان لە دێڕەکانی سەرەوە، تێبینیتان کردبێت ئەو توانای گۆڕانکارییەی یونسکۆ باسی دەکات، هەمان "خۆگونجاندن"ـە کە لە بنەوای پەروەردەی خێزاندا باسم کرد و دەتوانێ شۆڕ بێتەوە بۆ ناو کۆمەڵ و لەویێشەوە بۆ ناو قوتابخانە و زانکۆ. 
بێگومان وەک تیشکم خستە سەر، ئەم سێ جەمسەرە لە پێوەندییەکی بەردەوامی سێگۆشیەییدان و بەختەوەرانە ئەم پێوەندییە خۆی دەتوانێ لاسەنگی و خواروخێچییەکانی یەکتر ڕاست بکاتەوە، یان لانیکەم درز و بۆشاییەکانی یەکدی دیاری بکەن و چالێنج دروست بکەن، ئەمە هەمان شتە کە پێی دەڵێن وزەی ئەرێنی. بەڵام هاوکات ئەم وزە ئەرێنییە دەبێت لەلایەن هێزێکی یەکلاکەرەوەوە کە لە کۆی ئەم سێ جەمسەرە پێک دێت، بە بارێکی باشدا بشکێتەوە، ئەینا پرۆسەکە پێچەوانە دەشکێتەوە. 

ئەگەر وەک نموونە باسی پەروەردەی خێزانیی داخراو لە هەمبەر پەروەردەی خێزانی کراوەدا بکەین، کاتێک لەناو کۆمەڵگەیەکدا کە مێژوویەک لە گوتاری توندئاژۆی ئاینی هەیە و سەرەڕای هەموو ئەو تریبۆنانەی ئەم توندئاژۆییەیان کاڵ کردووەتەوە، بەڵام هەر ڕەوتێکی شاراوە و زۆرجار ئاشکرا هەیە، ڕەوایی بەم تونددئاژۆییە دەدات. لە دڵی ئەم گوتارەوە پێناسەی چەمکەکان و وشەکانی "کراوە" و "داخراو" دەکرێن و یەکەمیان بە بەرەڵایی و دواجار لادان و عەلمانییەت و دووەمیش بە ئەخلاق و ئیمانداری و ڕێکوپێکی پێناسە دەکرێن. 

بێگومان ئەمە ڕووکەشبینی و تاکڕەهەندییەکی ترسناکە، مێژوو شایەتیمان بۆ دەدات، هیچ کۆمەڵگەیەک بێئەخلاق نەبووە و هیچ مرۆڤێکیش چ ژن و چ پیاو، حەزی لە بەرەڵایی نەکردووە، بەڵکوو ئەوەی هەیە گۆڕانکارییە بەسەر بەهاکان و خۆگونجاندنی مرۆڤە لەگەل کەشی نوێ و هاوکات پێناسەی نوێیەتی لە ئەخلاق بە پاراستنی کەرامەت و پێگەی مرۆڤبوونی خۆیشییەوە.

کاتێک پەروەردەی خێزان لە وەها گوتارێکدا کورت بکرێتەوە و نەختێک ڕێژەگەرێتیی دەرخواردی منداڵ نەدرێت، ئەوا یەکەمین کاردانەوەی مناڵ لە پاش بینینی شتێکی نائاسایی، توندوتیژیی کرداری یان تێکچوونی دەروونییە، ئەوکات خێزان بەرپرسیارێتیی دەخاتە گەردنی بێبەختی و نەگبەتی و قەدەر و لەو بابەتانە. بۆیە دەبێت بزانین ئەگەر خێزان ئەم فۆرمە توندئاژۆیە بکات بە بنەوای پەروەردە، ئەوا ڕێگەی پێگەیشتن و تێگەیشتنی مناڵەکەی لە داهاتوودا تووشی هەوراز و نشێو دەکات و بەداخەوە وەک بینیویشمانە، زۆرجار بەرەو خەرەند گلاوە. 

ڕێگەچارەی ئەم پرۆسە ئاڵۆزە، سەرەڕای کاراترکردنی سیستمی پەروەردە، ڕۆشنگەریی ناو خێزانیشە، بەپێی سەرچاوە و مەعریفەی سەردەم و هەروەتر دەمکوتکردنی زانستی و کۆمەڵایەتیی ئەو مەلا توندئاژۆیانەی ئیسلامی سیاسیی پەرە پێ دەدەن و لە دووتوێی ئەو گوتارەدا خەڵک و جەماوەر دژی بەهاکانی سەردەم و مێژووی دانیشتووانی جیۆگرافیاکە هان دەدەن. 

ئەو ڕووداوە دڵڕەقە دڕندانەیەی ئەم ماوەیە دەیانبینین، بەدەر لە هەر لایەندارییەک، لە وەها سەرچاوەیەکەوە هەڵدەقوڵێن.