دەستەواژەی "خۆسەپاندن" لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە لایەنێک دەگوترێت کە تەنیا ڕێچکە و ڕچەی خۆی بەلاوە ڕەوا و دروستە و هەموو هێزەکانی تر یان دەبێت پێڕەوکار و ملکەچی ئەو بن یا دەکەونە بەر زەبر و پلان و پیلانە توندئاژۆکانی. بەداخەوە بمانەوێ و نەمانەوێت دەرکەوتەی ئەم دەستەواژەیە لە پانتایی چالاکی و خەباتی سیاسیی ئێمەدا هەبووە و کاریگەریی نەرێنی و خوێناویی لەسەر بزووتنەوەی کوردی دروست کردووە. جاری وا هەبووە ئەم خۆسەپاندنە لە فۆرمی ململانێی هێز و زۆرانبازیدا بۆ سەرکەوتنی هێزێک بەسەر ئەویتردا بووە و جاری وایش هەبووە خۆسەپاندنەکە شێوازێکی تەواو ڕەهاگەرانە و ئابسلوتلیزمانەی هەبووە و هێزێک ویستوویەتی هەموو هێزەکانی دیکە بەش و باڵێک بن لەو.
پێدەچیت ئەگەری حاڵەتی یەکەم بە ململانێیەکی ناچاریی و بەشێک لە سروشتی چالاکیی ناو کایەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بزانین، هەڵەمان نەکردبێت. واتە ململانێی دوو یان چەند هێز بە شێوەیەکی سەربازی یان مەدەنی و یان... بۆ فەرزکردنی دەسەڵاتی خۆیان بەسەر ئەوانیتردا. حاڵەتی دووەم حیکایەتێکی دیکەیە، لەمەیاندا هێزێک دەبینین لە پاڵ هێزەکانی تردا کە مەبەستی ململانێ یان کێبەڕکێ تەنانەت لە ڕۆچنەی سەربازی و مەدەنی و ... نییە بۆ باڵانسی هێز، بەڵکوو خواستی سەرەکیی سەپاندنی خۆیەتی بە هەموو هێز و لەوپەڕی زەبروزەنگدا و تاقە تاکتیکی یا باشترە بڵێین، ستراتیجیشی "سڕینەوەیە".
واتە جیاوازیی جەوهەریی حاڵەتی دووەم کە لەوەی یەکەم بە تەواوەتی جیای دەکاتەوە و ڕووخسارێکی ناسروشتی و ترسناک و بەدەویی دەداتێ، ئەو خواستی "سڕینەوەیە"یە کە ئارەزووی پاکتاوکردنی هەر هێز و "ئەویتر"ێکی هەیە و "خۆ" بە میحوەر و پێوەری هەموو ئەرز و ئەمری واقیع دادەنێت، ئەمە کرۆکی "خۆسەپاندن"ـە. بەداخەوە حاڵەتی دووەم لەو هێزانەی خواستی تۆتالیتارانەیان هەیە، زەق و دیارە و ئێمە لە مێژووی هاوچەرخماندا و تا ئێستەیش بەر ئەم دەرکەوتە کەوتووین، ئەگەرچی ناتوانین بڵێین هێزێک ئەم خواست و مەیلی "خۆسەپاندن"ی تێدایە، مەرج نییە لە سیاق و لەناو گەشەیەکی ئۆرگانی و لۆجیکیی مێژوودا بەم مەعریفە سامناکە گەیشتبێت، بەڵکوو دەتوانین بڵێین کۆمەڵێک فاکتەری کاریگەر سازێنەری ئەم خواستەن و ئەو هێزە لە بنەمادا بەهۆی ئەم فاکتەرانەوە سووکانی ئیرادە و بکەرێتیی لەق و لاواز دەبێت و تۆ دەڵێی بە شێوەی ناهوشیار جێبەجێکار و پێڕەوکاری هێزگەلی ڕەش و تاریکن کە لە مێژووی ناوچەکەدا هەبوون.
بەداخەوە دیاردەی خۆسەپاندن کۆمەڵێک دیاردەی دزێوی تریش لەگەڵ خۆیدا دێنێت و هێناوێتی. لەوانە، ئەوەی ئێمە لە ئاستی ڕۆژانە و وتاری سیاسیماندا بە "خۆخۆری" ناوی دەبەین، ئەمە بەڕادەی خۆی خەسار و زیانی گەیاندووەتە بزووتنەوەی ڕزگاریی کورد و تەنانەت کۆمەڵگە و زەینی گشتی. ئەم خواستی خۆسەپاندنە، بە تایبەتی لە کاتە هەستیار و چارەنووسسازەکاندا گورزی خۆی دەوەشێنێت و بە ئاسانی لەلایەن داگیرکەر یا هەر هێزێکی "ناخود"ییەوە بەکار دەهێنرێت بۆ ئەوەی هاوکێشەکە لە بەرەوەندیی خۆی ڕێک بخات.
ئەگەر چاوێک بەسەر مێژووی سەرهەڵدان و چالاکیی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بخشێنین و تا ئەم قۆناغە کە پەیامی سەرۆکەکەی ڕادەستکردنی چەک و هەڵوەشاندنەوەی حزبەکەیە، ئەم هێزە بە زیاترین ڕێژە گوزارشتی لە خۆسەپاندن و سڕینەوەی ئەویتر کردووە. بێگومان و سەرەتا دەبێت بڵێم، هەر هەوڵ و ماندووبوونێکی ڕۆڵەکانی کورد لە سەرەتای ئەم شۆڕشەوە تا ئێستە، جێی ڕێز و پێزانینی هەر هێز و کەسێکی کوردپەروەر و نیشتماندۆستە، بەڵام کاتێک هوشیاری و تێگەیشتن هات، دەبێت ئێمە و ئەوانیش لە هەڵە و مەترسییەکان ئاگەدار بینەوە و سڵیان لێ بکەینەوە. بۆیە ئەمە دەڵێم تا ڕاشکاو بم لەگەڵ گوتارێکدا کە جگە لە گێڕانەوە و تێگەیشتنی خۆی لە ڕووداوەکان، هیچ لایەن و گێڕانەوەیەکی دیکە بە ڕەوا نازانێت و لە تۆڕێکی گەورە و بەرینی میدیاییدا هەوڵی شکاندن و سووککردنی دەدات.
وەک هەموومان شایەت بووین، نەورۆزی ئەمساڵ ڕابوونێکی تەواو جیاواز و شۆڕشگێڕانە و شوناسمەندانە و جیاواز لە هەموو نەورۆزەکانی پێشووی کوردستان و تەنانەت وڵاتانی دەرودراوسێ تێپەڕی، نەورۆزی ئەمساڵ پەیامی هەستانەوە و لە دایکبوونەوەی کوردبوو، هەر لە ئاکرێ و قامیشلۆوە تا ئامەد و کرماشان و ئیلام و ورمێ. ئەمە تەنیا باسی کوردستان و ناوخۆی وڵات.
لە دەرەوەی وڵاتیش کۆبوونەوەکانی نەورۆز بێوێنە بوون، بە تایبەتی لە کۆڵن و ڤانکۆڤەر، بەڵام بەداخەوە بەپێی گێڕانەوەکان و بەو پێیەی ئەو پارتە هێز و سەرمایەیەکی زۆری لە ئاڵمانیا هەیە، بە درێژایی ئەم ساڵانە هەوڵی زۆری دا دەستێوەردان لە ڕێوڕەسمی نەورۆزدا بكات و لە هەندێک حاڵەتدا کار گەیشتبووە چەقۆوەشاندن. ئەمە دەرکەوتەی ئەو خۆسەپاندن و سڕینەوەی ئەیترەیە کە ئەم هێزە بە درێژایی چەندان دەیە پێی گۆش کراوە، سەرباری بانگەوازی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی حزبەكە، بەڵام هەر لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوامن و ویستوویانە نەورۆزی ئەمساڵ کە بە دانپێدانانی کورد و دژەکورد و یار و نەیار، مەزنترین نەورۆزی جیهان بووە، بە حزبی بكەن، بەڵام بەختەوەرانە خواستی نیشتمانی و هوشیاریی کوردانە، هیچ دەرفەتی بۆ وەها هەوڵگەلێک ناهێڵێتەوە و ئەم پرۆژانە وردە وردە بەرەو شکست و نەبوون دەچن.
دەبێت ئەم هێزە و ئەندامە مەدەنی و نامەدەنییەکانی، ئیتر واز لە گوتاری ڕق و ڕەتكردنەوە بێنن، واز بێنن با کورد یەک بگرێت و بیر لە داهاتووی وڵاتێک بە ناوی کوردستان بکاتەوە!