بنه‌مای هه‌موو په‌روه‌رده و پێگه‌یاندنێكی منداڵ، له‌سه‌ر چه‌ند ڕێسایه‌كی جێگیر و نه‌گۆڕ دامه‌زراوه، یه‌كێكیان ڕه‌تكردنه‌وه‌ی جیاوازی ڕه‌گه‌زی و هه‌ڵاوێردكردنی كوڕ و كچانه له یه‌كتر. جه‌وهه‌ری په‌روه‌رده، واتا دروستكردن و بیناكردنی مرۆڤێك، دیدی مرۆڤبوونی له پێشه‌وه‌ی هه‌موو جۆره دیدێكی ڕه‌گه‌زی، ئاینی، سیاسی و ئایدۆلۆجییه‌وه بێت.
له سه‌ره‌تای په‌روه‌رده‌كردنه‌وه منداڵ به‌و شێوه‌یه گۆش كرا و ڕاهێنرا، ئه‌مه ده‌بێته به‌شێك له په‌روه‌رده‌ی ده‌روونی و كه‌سیی ئه‌و منداڵه، له وڵاتانی دیموكراسی و عیلمانیدا بۆچی هیچ جیاوازییه‌ك له نێوان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز له ئاستی ماف و ئه‌رك و ته‌نانه‌ت ئازادی و سه‌ربه‌ستیشدا تا ئاستێكی زۆر نییه؟ چونكه له سه‌ره‌تاوه خێزان وه‌ها په‌روه‌رده‌یان ده‌كات كه به هیچ شێوه‌یه‌ك شه‌رم له ڕه‌گه‌ز و ژنبوونی خۆیان نه‌كه‌ن و وه‌ك مرۆڤ بیر بكه‌نه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن، ته‌نانه‌ت ژن له ڕۆژئاوا هه‌ندێك كار ده‌كه‌ن، له ڕووی توانای جه‌سته‌یی و ماسولكه‌ییه‌وه هاوشێوه‌ی كاركردنی پیاوانه و له‌وانه‌یه قورستریش بێت، بۆیه هه‌ر په‌روه‌رده‌كردنێك ئامانجی یه‌كه‌می كاڵكردنه‌وه و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و جیاوازییه ڕه‌گه‌زی و جێنده‌رییه نه‌بێت، بێگومان مانای وایه بڕوای به په‌روه‌رده‌كردنی هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز وه‌ك یه‌كتر نییه. كه‌واته ستراتیجیی په‌روه‌رده به پله‌ی یه‌كه‌م، كار له‌سه‌ر ئه‌و به‌ها و پره‌نسیپه كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆییانه ده‌كات كه ده‌بنه به‌شێك له شوناسی جێگیری مرۆڤ له ژیاندا و جۆرێك له شوناسی مرۆیی پێ ده‌ده‌ن.
هه‌ڵبه‌ته پرۆسه‌ی په‌روه‌رده، پرۆسه‌یه‌كی فره‌ڕه‌هه‌نده و له یه‌كه‌م ئۆرگانه‌وه كه خێزانه ده‌ست پێ ده‌كات، به ناوه‌نده‌كانی خوێندندا ڕه‌ت ده‌بێت تا به كۆتا ده‌گات، قۆناغێكه مرۆڤ هه‌ست ده‌كات له ڕووی هزری و جه‌سته‌یی و ده‌روونییه‌وه پێگه‌یشتووه، له زانستی سایكۆلۆجی و كۆمه‌ڵناسیدا، ئه‌و قۆناغه مه‌ودای نێوان بیسته‌كانی سه‌ره‌تای ژیانی مرۆڤ ده‌گرێته‌وه، بۆیه به ته‌نیا هیچ كام له‌و ئۆرگانانه‌ی كۆمه‌ڵگه، ناتوانن مرۆڤێكی هوشیار، به‌رپرسیار، تێگه‌یشتوو كه هه‌ڵگڕی به‌ها و ئاكاری مرۆییانه بێت، پێ بگه‌یه‌نن و دروست بكه‌ن، ئه‌گه‌ر هه‌رسێكیان ته‌واوكه‌ری یه‌كتری نه‌بن و له پێوه‌ندییه‌كی ئۆرگانیكیدا نه‌بن.
لێره‌دا ده‌بێ ئێمه په‌روه‌رده له فێركردن جیا بكه‌ینه‌وه، به‌و مانایه‌ی په‌روه‌رده پرۆسه‌یه‌كه له ڕووی جه‌وهه‌رییه‌وه له پێشه‌وه‌ی فێربوونه‌وه دێت و ده‌بێ منداڵ له سه‌ره‌تادا په‌روه‌رده بكرێت، دواتر ئاماده بكرێت بۆ فێربوون. قۆناغه‌كانی فێربوون له ڕووی كرداری و زه‌وینه‌ی واقیعییه‌وه له ناوه‌نده‌كانی خوێندنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، به‌مه‌یش ئێمه له به‌رده‌م دوو چه‌مكداین، ئه‌وانیش په‌روه‌رده و فێركردنن.
له‌وه‌ی یه‌كه‌میاندا خێزان ڕۆڵی سه‌ره‌كی و بنه‌ڕه‌تی له په‌روه‌رده‌كردنی منداڵ و گۆشكردنی به پره‌نسیپ و به‌ها باڵاكانی ژیاندا ده‌بینێت و قورسایی له ئه‌ستۆی خێزانه، چونكه مه‌رج نییه ئه‌و منداڵه ده‌رفه‌تی چوونه قوتابخانه‌ی بۆ بڕه‌خسێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی له ڕابردوودا و ڕه‌نگه ئێسته‌یش له ژیانی قه‌ره‌ج و ڕه‌وه‌ند و كۆچه‌رییه‌كان ده‌بینرا، به‌هۆی ژیانكردن له زه‌وینه و شوێنی جیاوازه‌وه نه‌یانتوانیوه منداڵه‌كانیان ببه‌نه به‌ر خوێندن و فێری نووسین و خوێنده‌وارییان بكه‌ن، به‌ڵام لێره‌دا له نائاماده‌یی فێربوونیش وه‌ك كردارێكی هزری و زانستی، ئه‌وا ده‌بێت په‌روه‌رده‌كردن هه‌بێت و خێزان به ڕۆڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌ییانه‌ی خۆی له ئاست ژیانی ئه‌و منداڵانه‌دا بێت، به‌ڵام كاتێك هه‌ردوو چه‌مكی په‌روه‌رده و فێركردن ئاوێته‌ی یه‌ك ده‌بن، ئه‌وا په‌روه‌رده‌كردن مه‌ودایه‌كی تری جیاواز وه‌رده‌گرێت.
ڕێساكانی پێوه‌ستن به‌و بنه‌ما و ستاندرانه‌ی وه‌ك میتۆد له هه‌موو په‌روه‌رده‌یه‌كی هاوچه‌رخدا ده‌بێ بوونیان هه‌بێت، لێره‌وه هه‌م ئه‌ركی په‌روه‌رده‌كردن له ناوه‌نده‌كانی خوێندن به‌راورد به خێزان ئاڵۆزتر و به‌رپرسیاریانه‌تر ده‌بێت، هه‌میش كه‌سێتیی منداڵ كه دواڕۆژی ژیانی له‌سه‌ر بنیات ده‌نرێت، ده‌بێ به جۆرێك ئاماده و په‌روه‌رده و پێ بگه‌یه‌نرێت، له داهاتوودا بتوانێت وه‌ك مرۆڤێكی نۆرماڵ، ته‌ندروست و كراوه ڕه‌فتار بكات.
ئه‌گه‌ر په‌روه‌رده له ڕووبه‌ره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌یدا پانتاییه‌كی گشتی قسه‌لێكراو بێت و ته‌نیا پێوه‌ندیی به خێزانه‌وه هه‌بێت، ئه‌وا له ناوه‌نده‌كانی خوێندن، په‌روه‌رده به پسپۆڕی و زانستی و تایبه‌تمه‌ندییه‌وه ده‌كرێت، بۆیه هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌یه بنه‌ماكانی په‌روه‌رده‌كردن له نێوان ئه‌و دوو ئۆرگانه‌دا وه‌ك یه‌ك ببینین.
ده‌شێ ئه‌مه ڕوونتر بكه‌ینه‌وه، بۆ نموونه: ئه‌گه‌ر باوكێكی نه‌خوێنده‌وار له سۆنگه‌ی دواكه‌وتوویی، نه‌بوونی زه‌وینه‌ی په‌روه‌رده و زۆری ڕێژه‌ی منداڵ، ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌بێت وه‌ك پێویست منداڵه‌كانی په‌روه‌رده بكات، ئه‌وا به فڕێدانی ئه‌و منداڵه بۆ ناو ژیان، خۆڕسكانه هه‌ستێكی خۆگونجاندن لای منداڵه‌كه دروست ده‌بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی زۆرجار له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا ده‌گوترێت (به‌ڕه‌ی خۆت له ئاو ده‌ربێنه). واتا هه‌رچۆنێك بێت، ده‌بێ تۆ خۆت به‌رپرسیارێتی خۆت وه‌ك منداڵ، گه‌نج و لاو هه‌ڵبگریت. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌مه گه‌وره‌ترین سته‌مه له ژیانی منداڵ ده‌كرێت.
لێره‌دا فڕێدانه ناو ژیان هه‌یه، به‌ڵام ژیانكردن له‌ناو ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی‌دا كه هه‌ندێكیان گورگن، بۆ براكه‌یان نییه. لێره‌دا به خێوكردن هه‌یه، به‌ڵام په‌روه‌رده‌كردن نییه، ئه‌مه‌یش هیچ جوامێری و به‌خشش و شكۆمه‌ندییه‌كی تێدا نییه، چونكه ئاژه‌ڵه‌كانیش بێچووی خۆیان به جوانترین و دابینكردنی باشترین پێداویستی بۆ مانه‌وه له ژیاندا به خێو ده‌كه‌ن.
له دۆخێكی وادا مرۆڤ له‌ناو ئاڵۆزییه‌كانی ژیاندا، له‌ناو ئه‌و هه‌موو پێوه‌ندییه تێكڕژاو و به‌ركه‌وتنه جیاوازانه به ژینگه، خێزان، كۆمه‌ڵگه، ده‌شێ كه‌سیه‌تییه‌كی بۆ دروست بێت كه جۆرێك له خۆگونجاندنی تێدا بێت، به‌و مانایه‌ی وه‌ك له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له ڕوانگه میلییه‌كه‌وه هه‌میشه ده‌گوترێت: له كوێ پسا، له‌وێ گرێی بده‌وه.
ئه‌م بینینه بۆ ژیانكردن له‌ناو كایه‌ی په‌روه‌رده‌ی خێزانی‌دا ئه‌گه‌رچی هه‌ڵه‌یه، به‌ڵام چونكه زاده‌ی ئه‌و بۆشاییه په‌روه‌رده‌یه‌یه كه باسمان كرد، هاوكات زاده‌ی ده‌ستبه‌ردان له منداڵ و فڕێدانیه‌تی بۆ ناو جه‌نجاڵیی ژیان، ده‌شێ تا ئاستێك گونجاو بێت و مرۆڤ خۆی بگونجێنێت له‌گه‌ڵ هه‌موو دۆخه‌كاندا، به‌ڵام كاتێك منداڵ دێته ناو پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردنه‌وه، به شێوازێكی هاوچه‌رخ كه خۆی له ناوه‌نده‌كانی خوێندندا ده‌بینێته‌وه، نه‌ك هه‌ر نابێ شتێك هه‌بێت به ناوی خۆگونجاندنی مرۆڤه‌كان، به‌ڵكو ئه‌ركی په‌روه‌رده و فێركردن ئه‌وه‌یه، دژ به‌و جۆره مانه‌وه‌یه‌ی مرۆڤ له ژیاندا بوه‌ستێت.
بێگومان خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ هه‌موو دۆخێك و له‌ناو هه‌ر كایه‌یه‌كدا هه‌بێت، ئه‌وا نابێ له‌ناو په‌روه‌رده‌دا هه‌بێت. ئه‌ركی په‌روه‌رده و فێركردن له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ئه‌وه نییه كاره‌كته‌رێكی خۆگونجێنمان بۆ دروست بكات، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌ركی په‌روه‌رده و فێركردن ئه‌وه‌یه، مرۆڤێكی خاوه‌ن بڕیار، هه‌ستكرد و به به‌رپرسیارێتی، هه‌ڵگری چه‌ندان مۆراڵ و ئاكاری مرۆییانه و نیشتمانی دروست بكات.
په‌روه‌رده نابێ مرۆڤ له‌سه‌ر ئه‌و ڕێسایه ڕابهێنێت كه خۆیان بگونجێنن، چونكه پره‌نسپی مرۆیی و نیشتمانیی گه‌وره و پیرۆز له په‌روه‌رده‌دا هه‌ن كه نابێ مرۆڤ له ژێر هیچ دۆخێك‌دا ده‌ستبه‌رداریان بێت، بگره پێویسته له ژیان و كه‌سیه‌تیدا هه‌بن. هه‌ڵه ئه‌وه‌یه په‌روه‌رده مرۆڤێكمان بۆ پێ بگه‌یه‌نێت له نێوان كوردایه‌تی و ئایندا خۆی بگونجێنێت، له نێوان خیانه‌ت و خاكپه‌رستیدا خۆی بگونجێنێت، له نێوان داگیركه‌ر و تێكۆشه‌ردا، چه‌وسێنه‌ر و چه‌وساوه‌دا، جه‌لاد و قوربانیدا، ئازادی و دیلێتیدا، سه‌ربه‌ستی و ژێرده‌ستیدا، له نێوان نه‌ریتی سوننه‌تی و مۆدێرنی كۆمه‌ڵگه‌دا، سه‌یركه‌ر بێت.
ئه‌ركی په‌روه‌رده ئه‌وه‌یه، مرۆڤێكی ڕاشكاو، بوێر و خاوه‌ن بڕیار دروست بكات، بتوانێت له هه‌لومه‌رجه سه‌خت و دژواره‌كاندا، بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه بدات، خاوه‌ن هه‌ڵوێست بێت، هه‌ڵگری پرسی گه‌وره‌ی مرۆیی و نیشتمانییانه بێت. نابێ به جۆرێك ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ منداڵ و بگره مرۆڤه‌كانیش بكه‌ین كه له نێوان ئازادی و ژێرده‌ستیدا، له نێوان ترسنۆكی و بوێریدا، هه‌ڵوێست و بێده‌نگیدا، خۆی بگونجێنێت و بێت و بچێت.
ئه‌م جۆره ڕوانینه بۆ په‌روه‌رده، كه‌سایه‌تییه‌كی ڕارا، بێ بڕیار و هه‌ڵوێست، ترسنۆك و دوالیزمی دروست ده‌كات، وه‌ك گوتمان له كوێ پسا له‌وێ گرێی ده‌داته‌وه. ئامانجی په‌روه‌رده ئه‌وه نییه مرۆڤێكی خۆگونجێن پێ بگه‌یه‌نێت، تا حه‌ربائاسا خۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو دۆخێك بگونجێنێت، به‌ڵكو ئامانجه‌كه ئه‌وه‌یه مرۆڤێكی بوێر و ڕاشكاو خاوه‌ن بڕیار و هه‌ڵوێستی یه‌كلاكه‌ره‌وه دروست بكات، بۆ ئه‌وه‌ی كاتێ ده‌كه‌وێته به‌رده‌م واقیع و بژارده‌یه‌كی سه‌خت، دوودڵ نه‌بێت و توانای بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت، چونكه بنه‌مای هه‌موو په‌روه‌رده‌كردنێك، پێگه‌یاندنی كه‌سایه‌تییه‌كی هوشیار، بیركراوه، مۆدێرن و بوێر، ئازاد و ڕاشكاوه، نه‌ك مرۆڤێكی دوالیزمی و خۆگونجێن كه با له كوێ بێت، له‌وێ شه‌ن بكات.
ئه‌م جۆره مرۆڤانه هه‌میشه ده‌بنه سه‌رچاوه‌ی دروستبوونی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێده‌نگ، ترسنۆك، نا ئازاد و ناسه‌ربه‌ست، له هیچ كات و سه‌رده‌م و بارودۆخێكدا، ناتوانن خاوه‌ن بڕیار و هه‌ڵوێستی تاكانه‌ی خۆیان بن.