بەهمەن خانی مامم کە "با" لەگەڵ خۆی بردی

AM:10:55:08/04/2025 ‌
ئەو سەردێڕەی سەرەوە وەک دیارە لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی بەختیار عەلی واتە "جەمشید خانی مامم کە هەمیشە با لەگەڵ خۆی دەیبا" وەرگیراوە. بەرهەمەکە گێڕانەوەیەکی سیمبولییە لەناو کۆمەڵێک ڕووداودا کە بەسەر کەسایەتییەکدا دێت، وا لەناو جەنگەی ڕووداوەکاندایە، بەبێ ئەوەی هۆی دروستی بژاردەکانی خۆی بزانێت و لە قۆناغەکانی دواتردا دەست دەداتە چەند بژاردەیەک، كەچی هەمووی بە کارەسات دەشکێتەوە. دیارە ئەم قۆناغەی ژیانی جەمشید خان، ئەگەرچی سەرەتایەکە هەڵگری جۆرێک هوشیاری و چاوکردنەوەیە، بەڵام چونکە هێشتا بەرچاولێڵ و تازەکارە، گەرداوی ڕووداوەکان بەرەو چارەنووسی شووم دەیبەن. 

خوێنەر بە ئاسانی دەتوانێ جەمشید وەک یەکێک لە نموونە دیارەکانی کارەکتەری مێژوویی کورد ببینێ کە زۆرترین کارەسات و هاوکات کۆمێدیای لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە، ئەگەرچی ناکرێت و نابێ ئەم گێڕانەوەیە بەسەر هەموو مێژووی خۆماندا ساغ بکەینەوە، بەڵام ناشتوانین لاریمان لەوە هەبێت كە وەک بەشێک لە کۆی مێژووی کورد یان لایەنێک لە لایەنە ئاڵۆز و بریندارەکانی مێژووی کوردستان، چاوی لێ بکەین. ئەوەی دەکرا لەم کورتە ڕۆمانەدا جەمشید لە گەرووی کارەساتەکان دوور بخاتەوە، ئەقڵێک بوو هەڵگری تۆزێک پارێز و لەسەرخۆیی بێ، هوشیارییەک دوور لە هەڵپە و خۆپەرستی، بیتوانیایە دەلاقەیەک بەرەو پێشبینی و بینینی ڕووداوەکان بە ڕوویدا بکاتەوە، بەداخەوە ئەمە گرێپووچکەی جەمشید بوو كە بەهۆی ئەو بۆشاییەوە لەناو مێژوویەک لە کۆمێدیا و تراجیدیادا، گێژ دەخوات. 

ئەگەر بەرهەمی ئەدەبی نەک تەنیا بە نواندنەوەی واقیع، بەڵکوو بە هوشیارکردنەوەی ئێمە لەسەر واقیع بۆ دەربازبوون لە دووبارەبوونەوەی مێژوو و کردەوەکانمان بخوێنینەوە، ئەوا دەبێت لە خوێندنەوەیەکی سایکۆلۆجیانەدا، وانە لە جەمشید و هەڵپە و خۆپەرستییەکانی بگرین و ڕووداوەکانی ناو کوردستان هوشیارتر و ددان بەخۆداگرتووترمان بکات. جەمشید سەردەمێک دەبێت بە ئامرازی ناچاریی سوپای پاسداران و لەشکری بەعس و دواتر بۆ ماوەیەک پارتی کرێکارانی کوردستانە و دواجار بە دەست چارەنووسی نادیارەوە کە لێرەدا "با"یە، سەر لە دنیای دەرەوە دەردێنێ، پاش ئازادی کوردستان لە ساڵی 1991 دێتەوە، بەڵام ئەمجارەیش هەر سەرکەوتوو نابێ.

ئەم پاڵەوانەی ناو ئەم کورتە ڕۆمانە، دەکرێت پاڵەوانێکی چەشنیی بێت کە گوزارشت لە زۆر تاکی ناو کۆمەڵگەی ئێمە بکات، بە تایبەت ئەو تاکانەی بەهەر هۆیەک لێهاتوون و لە ڕۆمانەکەدا وەک تایبەتمەندییەکی بانسروشتیی نوێنراوە: جەمشید هەمیشە "با" دەیبا! 
"با" ئەو هێزە نادیارەیە کە دێت و ئیرادەمان دەخاتە پەراوێزەوە و چارەنووسمان دەئاژوێ. "با"ی جەمشیدخان، بای ناسەردەمیبوونە، بای دێرگەیشتنە ناو مێژووە، بای ناهوشیارییە و دواجار بای هوشیارییەکی نوقسانی درەنگوەختە! هەرچی ڕۆمانەکەیە بە کورتی و کوردی پێمان دەڵێت، ئێمە بەم بایە گەمارۆ دراوین، دەتوانین بە وانەوەرگرتن لە جەمشید، کارەسات و کۆمێدیا بەرپەرچ بدەینەوە و دەشتوانین بەبێ ئەوەی ورد بینەوە لە سەربوردە و ڕەوتی ڕووداوەکان، خۆمان بگلێنینە ناو ئەم گەردی تووشەوە و لێگەڕێین بمانئاژوێت!

بەداخەوە بمانەوێ و نەمانەوێت بەشێک لە کارەکتەرەکانی ناو دنیای ئێمە، هێشتا دۆخێکی ناجێگیریان لە ڕووی شوناسی نەتەوەیی و تەنانەت تاکەکەسیشەوە هەیە و هێشتا بە دەم "با"ی جەمشیدەوە لێرەوە بۆ ئەوێ و لەوێوە بۆ نادیار دەبرێن! 
لێرەدا باس لەسەر کەسایەتییەک دەکەم کە دەکرا خزمەتێکی باش بە کیان و بوونی کوردیی بکات، دەکرا لەو خۆبەزلزانی و هەڵەشەییە واز بێنێت و تۆزێک بە خۆیدا بچێتەوە و وەک کوردێکی سەردەم، خاوەنی عەقڵێکێ خۆڕەخنەكەر، ڕێژەگەرێتی لە بیرکردنەوە، تێڕوانینی ڕوونی سیاسی و حیکمەتێکی ژیرانەی لە کرداردا هەبێت، وەک زۆربەی هونەرمەندانی جیهان و تەنانەت ئێرانیش! ئەم کەسایەتییە هونەرییە کاک "بەهمەن قوبادی"یە. 

بێگومان من هێشتا هەر وەک کوردێکی سۆزدار بۆ نەتەوەكەم چاوی لێ دەکەم و لەسەر کەسایەتیی قسە ناکەم، بەڵام پێم وایە هەم لە ئاوێنەی هەڵوێستەکانییەوە و هەمیش لە سۆنگەی فیلمەکانییەوە، دەتوانین ئەوە بخوێنینەوە کە ئەم هونەرمەندەمان پێناسەیەکی ڕوون و پتەوی لە کوردستان نییە و وردە وردە خەریکە دەکەوێتە ناو ئەو گێڕانەوانەی کە داگیرکەران پێشتر و دەیان ساڵە بەسەر ئێمەیاندا سەپاندووە. 

سەرباری ئەمە، ئەو تێڕوانینێکی کۆن یان نوێی بۆ کورد پێ نییە و ئەوەی لە فیلمەیلی وەک "ساتێک بۆ مەستیی ئەسپەکان، کێسەڵەکانیش دەفڕن و نیوەی مانگ" نیشان دراون، کوردێکی ژێر چەپۆکی داماو و بریندار و بێ هونەر بووە، ڕەنگە ئەم وێنایە بەدەر نەبێت لە ڕاستی و بەهۆی دۆخی سیاسی و جیۆپۆڵەتیک و دڕندەیی داگیرکەرانمانەوە، پشکێکی گەورە لە ژێردەستەیی و داماوی و برینداریمان بەرکەوتبێ و بەم هۆیەوە لە هۆنەر و هۆنینەوە بۆ ماوەیەک کەوتبین، بەڵام کەس هەیە بتوانێ بڵێ کوردستان تەنیا ئەو وێنانەیە کە ئەو پێشانی دەرەوەی داوە و بە ناوی سینەمای ئێرانیشەوە زیاتر زەقی کردوونەتەوە؟ واتە توخم و ماکی فیلمەکان ئازار و برینەکانی ئێمەی کوردن، بەڵام مۆرک و ناسنامەکە زیاتر بە لای ئێرانیزم و پێوەرە بەردەنگتەوەر و گیشەپەسندەکانی ڕۆژئاوای هیومانیستیدا دەشکێتەوە! 

هەڵوێستەکانی ئەم ڕٶژانەی قوبادی، لەسەر بێ بنەمابوونی دروشم و پۆشاک و... بەدەر نییە لە ڕەخنەگرتنێکی دڵسۆزانە، بەڵام بەتاڵە لە تێڕوانینی ژیرانە و ئاوەزمەند لە دۆخی واقیعیی خەباتی سیاسی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی کورد. ئەو بەهەڵە وادەزانێ دەرهێنەرێکی ناودار دەتوانێت بۆچوونە نوقسان و نیوەچڵەکانی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا بسەپێنێ! دیارە خۆی دەزانێ کە ناتوانێ و بانگەشەی ئەوەیشی نەکردووە، بەڵام زایەڵەی قسە و فیگەری هەڵوێستەکانی وەک ئەو لایڤچیانەیە کە وا دەزانن لە هەمووان باشتر کۆی هاوکێشەکانیان لێوە دیارە، بەڵام کێشەکە لێرەدایە ئەو لایڤچییانە زۆربەیان (نەک هەموو) کەسانێکن دەعیەیەکی ئەوتۆیان نییە و بە زۆریش بۆ بەزم و خۆشی لایڤ دەکەنەوە و هەموو قسەیەک فڕی دەدەن، بەڵام کاک بەهمەن وەها ئێمە بانگهێشتی ئەو سەرنجانەی خۆی دەکات، کەئەنەهوو ئێمە ئێرانیزم و پانتورکیزم و... ناناسین و ئەو باشتر لە هەموومان شارەزایە! ئەگەر پۆشاک و دروشم و بە گشتی ئەو ڕۆتینانە بێ کاریگەریی و بێ بنەمان، بۆچی لە فیلمەکانیدا زیاتر ڕاکێشەریی و نواندنکارییەکانی لەسەر هەڵچنراوە؟ 

دوو ساڵ پێش ئێستە ئەم هونەرمەندەمان هێرشی کردە سەر عەرەبەکانی خوزستان و بە پێ پەتی و ... شوبهاندن و بەرگریی لە ئێرانیزم کرد، دیارە ئێمەیش دەزانین کولتووری عەرەب چییە و چۆن بوون لە مێژوودا، بەڵام بۆ هونەرمەندێک لە لایڤێکدا ئاوها بڵێین و ئێرانیزم بە ئەلتەرناتیڤ بزانی، ئەوە کەتنێکی گەورەیە و خۆیشی دوایی تێگەیشت چ کەتنێک بووە، بۆیە ڤیدیۆکەی سڕییەوە و ڕوونکردنەوەیەکی پاساوئامێزی دا! 

کورتەی قسەکەی من ئەمەیە، ئەم هونەرمەندە باشتر وایە لە گەمارۆی گوتاری ڕۆژئاوایی بریقەدار و دیسکۆرسی ئێرانشاریی نووکەکار، بێتە دەرەوە و کوردستانیانە ڕەخنە لە کورد و کوردستان بگرێت، نەک ئێرانیانە یان بیانیانە، پێویستە قوبادی و زۆری تریش، وانە لە چارەنووسی جەمشید و "با" وەربگرن.