ترەمپ و عێراق

AM:11:06:09/04/2025 ‌
یەكەم/ عێراق و رێکارە گومرگیەکان 

ترەمپ بەوە ناسراوە کە بە خێرایی بڕیار دەدات و وڵاتانی نەیار دەکاتە ئامانج، بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ناویشیاندا عێراق، بەهۆی ئەوەی هێشتا بەغدا خاوەن سەروەری تەواو نییە و لەژێر هەژموونی کۆماری ئیسلامی ئێراندایە كە یەکێکە لە نەیارەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

دواین بڕیار و پێشهاتی دۆناڵد ترەمپ و ئەمەریکا، گرتنەبەری چەند رێکارێکی گومرگییە لەسەر کاڵای وڵاتانی جیهان بە ڕێژەی جیاواز، هەر لە چین و رووسیاوە تا دەگاتە یەکێتی ئەوڕوپا و وڵاتانی لاوەكی وەك عێراق و چەندانی تر. ئامانجی تڕەمپ وەک خۆی ئاماژەی پێ کردووە، بریتییە لە ئازادکردنی ئابووری وڵاتەکەی و بووژانەوەی ئەمەریکا و کەمکردنەوەی کاڵای هاوردە، بە تایبەت کاڵاکانی کەرتی پیشەسازیی و بازرگانی. 

عێراق ساڵانە قەبارەی هەناردەی لەگەڵ ئەمەریکا حەوت ملیار دۆلارە، ئەگەرچی ئەم ریکارە گومرگییە نەوتی عێراق ناگرێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بە شێوەیەکی ڕێژەیی کاریگەریی لەسەر دۆخی ئابووری و دارایی عێراق دەبێت، چونكە لە بنەڕەتدا خۆی وڵاتێکی بەرخۆرە و ئابوورییەکەی تاکڕەهەندە و زیاتر پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت و کەرتەکانی تری ئابووری ناچالاکن، بە تایبەت کەرتی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و گەشتیاری، بەمەیش سیستمێکی ئابووری لەرزۆک و داتەپیو و لاوازی هەیە و بەرگەی کەمترین گوشار و سزای ئابووری نێودەوڵەتی ناگرێت. 

سیستمە ئابوورییەکەی عێراق بە Rentier State ناسراوە و تەنیا کاڵا هاوردە دەکات و کەمتر هەناردەی هەیە، چونکە پێشوەختە بەرهەمهێنەر نییە، ئەمەیش گەورەترین خاڵی لاوازی حکومڕانیی دەوڵەتی عێراقی ئێستەیە، لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت، ئابوورییەکەی لاوازتر دەبێت و درێژە دەکێشێت بۆ ململانێی سیاسی و ناسەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتی و تەنانەت پێکدادانی چەکداری، بە تایبەت عێراق خۆی کێڵگەیەکی لەبارە بۆ ئەم ململانێیە. 

دووەم/ گوشارەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی 

دوای رووداوەکانی حەوتی ئۆکتۆبەر و جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل و رووخانی رژێمەکەی ئەسەد و پاشەکشەی پڕۆژەی هیلالی شیعی و هەژموونی ئێران لە ناوچەکەدا، حکوومەتی عێراق گوشارێکی زۆری لەسەرە بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، ئەمەریکا دەیەوێت ئێران بە تەواوەتی پاڵ بنێت بۆ ناوەوەی خۆی و پێوەندی لەگەڵ هێزە بریکارەکانی بپچڕێنێت و تێک بدات. 

ئێستە ئێران، لە سوریا، لبنان و فەلەستین، پانتاییەکی زۆری لە دەست داوە، بەشێکی زۆری سەرکردەکانی "بەرەی مقاوەمە" بە ئامانج گیراون و لەلایەن ئیسرائیلەوە لەناو براون، ئێستەیش حوسییەکانی یەمەن و سەرکردەکانی رۆژانە لەژێر بۆردمانی سوپای ئەمەریکادان و بە ئامانج دەگیرێن، ئەوەی ماوە حەشدی شەعبییە لە عێراق، ئەمەریکا سەرەتا دەیەوێت بە ڕێگەی نەرم و دبلۆماسی هەڵیوەشێنێتەوە و دواتر بە قۆناغ و پلەبەندی لاواز و بێ رۆڵ و ناکاریگەر و بێ نرخیان بکات. 

بۆ ئەم مەبەستە، پڕۆژەیاسایەک لە کۆنگرێسی ئەمەریکا ئامادە کراوە بۆ رزگارکردنی عێراق لە هەژموونی ئێران و گەڕاندنەوەی سەروەری و سیاسەت و حکومڕانی بۆ عێراقییەکان. دیارە هەموو ئەو هەوڵانەی ئەمەریکا بۆ دەربازکردنی عێراقە لە وڵاتێکی کارتێکراوە و بۆ وڵاتێکی کارتێکەر و رزگارکردنیەتی لەژێر باڵادەستی سەربازی و سیاسی ئێران، بە تایبەت دوای پەراوێخستنی سوننە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوو و دروستبوونی ناهاوسەنگی مەزەوی. 

سێیەم/ ترەمپ و ئێران و عێراق 

گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوریا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق دەبێت. هاتنەوەی تڕەمپ بۆ دەسەڵات، بەهەمانشێوە کاریگەریی لەسەر عێراق دەبێت، بە تایبەت کاتێک تڕەمپ دەیەوێت بەهەر رێگە و نرخ و شێوازێک بێت، کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستەبژێرە سیاسییەکەی ناچار بکات بۆ دانوستان و بە زۆرەملێ دەستبەرداری پڕۆژە ئەتۆمییەکەیان بن.
لە ماوەی رابردوودا تڕەمپ بە ئاشکرا سیاسەتی زۆرترین گوشاری Ultra-Pressure بۆ سەر ئێران راگەیاندووە و دوو بژاردەی خستووەتە بەرباس، یان دانوستان و پێکهاتن، یاخۆ جەنگ و تێسرەواندن. دیارە ئێران لە ڕووی تیۆرییەوە رای گەیاندووە کە ئامادەیە بۆ جەنگ، ئەگەر هێرشی بکرێتە سەر و خامنەییش وەک رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمشێوە دانوستانە بە زۆر و ناچارییەی رەت کردووەتەوە. 

ئەم تەنگژە و ململانێ نوێ و بانگەشەی جەنگە، بە ڕێگەی عێراق و ماڵی عێراقدا تێدەپەڕێت، چونکە ئێستە ئێران بەهەموو شێوە و جۆرێک کار لەسەر ئەوە دەکات لە عێراق پاشەکشە نەکات و عێراق وەک پانتایی لە دەست نەدات و بەهەر نرخێک بێت تێیدا بمێنێتەوە و بەرگریی بکات و لە هەموو کاتێک زیاتر لە دۆخی بەرگریدایە، چونکە بە باشی دەزانێت لە دەستدانی عێراق وەک دوا ئەڵقەی زنجیرەی پڕۆژە هەرێمییەکەی، لە دەستدانی پێگە و جیۆپۆڵەتیک و جیۆسیاسی ئێرانە کە لە دوای 2003 و رووخانی بەعسەوە بەدەستی هێناوە، تەنانەت لە ڕێگەی عێراقەوە کشاوە و هەژموونە جیۆسیاسییەکەی خۆی درێژ کردبووەوە بۆ سەر کەناری دەریای سپی ناوەڕاست لە ڕێگەی سوریا و لبنانەوە. 

ئەمڕۆ ئێران ئەم کەناراوانەی لە دەست داوە و زیان بە ناسنامە و پێگە و باڵادەستی گەیشتووە، بەڵام نایەوێت عێراق وەک دوا پوولی دۆمینە لە دەست بدات ئەگەرچی تڕەمپ و ئەمەریکا خەریکی کۆتاییهێنانن بە رۆڵی ئێران لە عێراق، بەشێوەیەکی یەکجارەکی.