سینه‌ما وه‌ک یەكێك له ژانره گرینگ و کاریگه‌ره‌کان، پێگه‌یه‌کی پته‌وی له دروستکردنی خه‌ون و وێنا کولتووری و نێونه‌ته‌وه‌یی و نێوان کولتووره‌کان مسۆگەر كردووە. به شێوەیەك ئه‌م پێگه به‌هێز و پڕچه‌که و هاوکات ده‌سکه‌وت و لێکه‌وته ئه‌رێنییه‌کانی، هاوكات دەكرێ چه‌ند قات زیاتر له‌سه‌ر خه‌سار و کاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌کانیشی بدوێین.
سینه‌ما چه‌نده وه‌ک ژانرێکی هونه‌ریی ده‌توانێت وێناساز و هه‌ڵپێکه‌ری خه‌ونه هاوبه‌شه‌کانی نێوان کولتووره‌کان به ئاڕاسته‌یه‌کی شارستانی و مرۆیی بێت، هێندەیش ده‌توانێت ڕۆڵێکی تێکده‌رانه له وێناسازیی و ئاڕاسته‌کردنی ڕای گشتیی نه‌ته‌وه و کولتووره‌کان دژ به یه‌ک و ته‌نانه‌ت لێکهه‌ڵوه‌شاندنەوەی شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگەیه‌کدا هه‌بێت و خۆی سیستمێکی کو‌لتووریی و وشیاریی به‌هێزی نییه كە سینه‌ما خه‌ون و وێناسازیی به‌رهه‌مهێنه‌ر و ده‌رهێنه‌رانی سینه‌مایی ده‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگەیه‌کی دیاریکراو، ئاڕاسته بکات.
نموونه‌ی ئه‌م جۆره وێناسازییه قه‌ڵب و ناڕه‌سه‌نه، ئه‌و شته‌یه که له سینه‌مای ئێران‌دا (چ له سه‌رده‌می پاشایه‌تی و چ له سه‌رده‌می کۆماری ئیسلامی)، بۆ کورد یان نه‌ته‌وه نافارسه‌کان كێشراوە. له هه‌موو سینه‌مای ئێران‌دا تا ئێستەیش کورد له باشترین حاڵه‌تیدا خێڵه‌کی دواکه‌وتووی به‌ڕێزن! هه‌ڵگری نۆستالۆجیایه‌کی کۆنی ڕه‌سه‌نە بۆ ڕابردووه دوور و لێڵه‌کانن، له خراپترین حاڵه‌تیشیدا ده‌سته و تاقمێکی یاخیی و چه‌ته‌ی چه‌کدارن، دژی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێرانن و له ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانه‌وه ئاڕاسته ده‌کرێن و هه‌میشه ده‌ستێکی ئیسرائیل یان ئەمەریکایان له پشته!
یه‌کێک له کێشه گه‌وره‌کانی ئێمه‌ی کورد له ئاستی خه‌باتی کولتووری، سیاسی و ڕۆشنبیریماندا له ئێران، هه‌ر ئه‌م وێنا درۆین و قه‌ڵبه‌یه که له زه‌ین و ده‌روونی ملیۆنان ئێرانی و ته‌نانه‌ت هه‌ندێ کوردیش‌دا، به شێوه‌یه‌کی ناهوشیار جێگیر کراوه. ڕاستییەكەی ئه‌گه‌ر ژانرێکی وه‌ک ئه‌ده‌ب (ڕۆمان، شیعر و...)ی کوردی نه‌بوایەن، ڕه‌نگه ئه‌م وێنا قه‌ڵبه‌ی سینه‌مای فه‌رمی و نافه‌رمیی ئێران ده‌یان ساڵه له کوردی ده‌خاته ڕوو و ده‌رخواردی زه‌ینی ناهوشیار و بیرکۆڵی ئێرانییه‌کان و هه‌ندێ کوردی بێ ئاگای ده‌دات، هه‌ر له‌و پله و پێگه سامناک و دژه‌کورد و کوردشێوێنه‌دا بمایه‌ته‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا و له‌گه‌ڵ سه‌رکه‌تنه ئه‌ده‌بییه‌کانی کورد له ئێران و جیهاندا، هێشتا زۆری ماوه ئه‌م وێنا زۆڵ و ناڕه‌سه‌نه‌ی له کورد كێشراوە لەلایه‌ن سینه‌مای ئێرانییه‌وه، شه‌ق و له‌ق بکرێت، چونکه تا ئه‌م چرکه‌ساته پرۆژه‌ی وێناسازیی هه‌ڵه و به‌راوه‌ژووی کورد، هه‌ر ئیش ده‌کات و هیچ سینه‌ماکار و ده‌رهێنه‌رێک نییه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م هاوکێشه‌یه ئیش بکات، لانیکه‌م من تا ئێسته نه‌مبینیوه!
خۆی ئه‌م هاوکێشه هونه‌ری-سیاسییه‌ی کورد ده‌کات به ده‌سمایه‌ی گێڕانه‌وه بۆ خزمه‌تکردن به خۆی، واته به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دۆخی سه‌رده‌ست/ژێرده‌ست یان داگیرکا‌ر/داگیرکراو، ده‌لاله‌ت له‌وه ده‌کات كە هه‌م سینه‌مای ناکوردی و هه‌م سینه‌مای کوردیش، له‌گه‌ڵ دۆخێک‌دا ده‌سته‌ویه‌خه‌ن نه‌ک له‌گه‌ڵ کورد وه‌ک مرۆڤ!
گرینگیی ئه‌م جیاوازیدانانه له نێوان دۆخی کورد و کورد وه‌ک نه‌ته‌وه و شوناسێکی مرۆیی و... له‌وه‌دایه دۆخ ته‌نیا ده‌شێت یه‌ک یان چه‌ند ڕه‌هه‌ندی دیاریکراو و قه‌یراناویی تۆ بگێڕێته‌وه و شیاوی نواندنی بکات، به‌ڵام "کورد"بوون تا ئاستێکی نادیار به‌رین و به‌ربڵاوه و پانتاییه‌ک له مرۆڤبوون و ئه‌زموونی مرۆیی ده‌گرێته‌وه که به‌هۆی "دۆخ"ه‌وه یان په‌رده‌پۆش ده‌کرێت یا سه‌رکوت و ئینکار ده‌کرێت! پێم وایه ئه‌مه هاوکێشه‌یه‌کی سیاسی-وجوودییه، نه‌ک ته‌نیا سینه‌ماکارانی کورد، به‌ڵکوو هه‌موو هونه‌رمه‌ندانی کورد له بواره جیاجیاکاندا به شێوه‌یه‌ک له شێوه‌کان له‌گه‌ڵیدا ده‌سته‌ویه‌خه‌ن و له ململانێدان لەگەڵی.
ئه‌گه‌رچی ساڵانێک باس له هه‌بوون یان نه‌بوونی سینه‌مای کوردی ده‌کرا و زۆر قسه و باس و وته‌ی ڕۆشنبیرانه به‌رهه‌م هات، به‌ڵام واقیعی ده‌رکه‌وتنی کورد چ وه‌ک کیان و شوناسێکی سیاسی و کولتووری، چ وه‌ک گێڕه‌ره‌وەی پانتایی بوون و چالاکیی مرۆیی (کوردی)، ده‌ریخست ئه‌گه‌ر سینه‌مایه‌کی پێشینه‌دار و به ته‌واویی کوردیشمان نه‌بووبێت، ئه‌وا ده‌یان فیلمی سه‌رکه‌وتوومان پێشکه‌شی جیهان کردووه که لانیکه‌م توانیویانه دۆخی ئێمه وه‌ک کورد بنوێنن.
ڕه‌نگه ئه‌مه له ئاستی پراکتیکی و سیاسه‌تی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیدا له قه‌واره‌ی فه‌رمی و سیستمی سیاسیی ده‌وڵه‌ته‌کاندا کاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆ و ئانوساتی نه‌بێت، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه له ئاستی ڕای گشتیی جیهانی و هه‌رێمیدا، لانیکه‌م ئه‌و وێنا قه‌ڵب و درۆینانه‌ی ئه‌جێندای سیاسی و ناجوامێرانه‌یان هه‌یه، کاڵ ده‌کاته‌وه و ڕه‌نگه ورده ورده و له درێژایی كاتدا پووچه‌ڵیان کاته‌وه.
ڕه‌نگه پاش یەڵماز گۆنای وه‌ک سینه‌ماکارێکی مه‌زن و گه‌وره‌ی کورد که خه‌ڵاتی گرینگی سینه‌مایی وه‌رگرتووه، ناوی به‌همه‌نی قوبادی زیاتر له هه‌ر ناوێکی تر بیسترابێت و بێگومان له پاڵ ئه‌م دوو ناوه‌دا ده‌یان و سه‌تان ناوی تر هەن به‌رهه‌می شیاو و به‌رزیان پێشکه‌ش کردووه و ده‌بێت تۆزێک پشوومان درێژ بێت تا ئه‌مانیش پێگه و پله‌ی شایسته‌ی خۆیان وه‌ردەگرن.
ئه‌گه‌ر له سینه‌مای یەڵماز گۆنایدا فیلمی "یۆڵ" یان "ڕێگا" بهێنینه‌وه یادی خۆمان و له سینه‌مای قوبادیشدا "ساتێک بۆ مه‌ستیی ئه‌سپه‌کان"، ڕه‌نگه به‌و ئه‌نجامه بگه‌ین كە ئه‌و ڕه‌هه‌ند و توخم و ماکانه‌ی له ڕووی فۆرم و ناوه‌رۆکه‌وه یەڵماز به‌رهه‌می هێناون، قووڵتر و فره‌ڕه‌هه‌ندترن، سینه‌مای گۆنای ڕۆچوونه به قووڵایی دۆخی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی و باوه‌ڕداریی کورددا له فه‌زایه‌کی سیاسیی پڕ له سه‌رکوت و خنکاندندا.
هه‌رچی سینه‌مای قوبادییه وه‌ک نموونه (ساتێک بۆ مەستی ئەسپەكان)، ئه‌و دۆخه تاڵ و تراجیده ئابووری و کوله‌مه‌رگییه‌ی کورده که تا ئێسته‌یش، واته چه‌ند ده‌یه دوای ئه‌و فیلمه، کێشه‌که له قه‌یراناویترین و نامرۆڤانه‌ترین دۆخی خۆیدا له ژێر سیاسه‌ته ئه‌منییه‌کانی کۆماری ئیسلامی‌دا ماوه‌ته‌وه و ڕۆژانه کۆڵبه‌ر و ئه‌سپ و باره‌کانیان و... به وێنه‌ی خوێناوی و ڕاونان و کاره‌ستەوە ده‌بینین، به‌ڵام هه‌ردووکی ئه‌م ڕوانگانه بۆ نواندن و گوزارشت له کورد، چ وه‌ک دۆخ (سیاسی، ئابووری و...) چ وه‌ک شوناس (نه‌ته‌وه‌یی، مرۆیی و...)، پێویستن.