سێ رووداوی پێوەست بە هەرێم و عێراق

AM:11:52:14/04/2025 ‌
یەكەم/ سەردانی سودانی بۆ هەولێر

رۆژی شەموو، سەرۆک وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، سەردانێکی لەناکاو و کتوپڕ بوو، بەڵام لە کاتێکی هەستیار و پێویستدا. سوودانی سەردانی سەرۆک وەزیرانی کوردستانی کرد و باسیان لە چەند پرسێکی گرنگ، لەوانە: هاوئاهەنگی و هاوکاریی دوولایەنە و زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا، كرد. 

هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی بەشێکە لە عێراقی فیدڕاڵ، هاوکات یاریکەرێکی سەرەکی پڕۆسەی سیاسی و سیستمی سیاسیشە لە عێراقدا. ئەم تایبەتمەندییە وایکردووە زۆرینەی لایەن و پارت و کارەکتەرە سیاسییەکانی تری عێراق، بیر لە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەنەوە، بە تایبەتیش لە کات و سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا. 

لەلایەکی ترەوە، گەڕانەوە بۆ دەستوور و یاساکان لە کاتی بوونی ململانێ و ناکۆکی سیاسی و دبلۆماسیدا، هەنگاوێکی گرنگی پڕۆسەی سیاسی و چارەسەریی کێشەکانە، وەک محەمەد شیاع سوودانی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، ئاماژەی پێ کرد. چونکە عێراقی نوێ یان عێراقی دوای بەعس، لەسەر سێ پایەی سەرەکی بنیات نراوەتەوە و ئەوانیش "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان"ن. هەرسێ رەگەزەکە رۆحی دەوڵەتێکی مەدەنی و دوور لە ململانێی ئیتنیکی و ئاینی و مەزەوی پێکدێنن.

ئەگەرچی عێراق کێشەی زۆرە و بەشێکی پێوەستە بە پابەندنەبوون بە دەستوور و نەگەڕانەوە بۆ گرێبەستی کۆمەڵایەتی و یاسا و رێساکان. زۆرینەیشی پێوەستە بە نەبوونی کولتووری سیاسی و نەبوونی دامەزراوەی بەهێز و نیشتمانی و گرنگینەدان و بنیاتنەنانی هاووڵاتی و گەڕانەوە بۆ عەقڵیەتی ناوەندگەرایی و خۆزاڵکردن. 

گەڕانەوە بۆ هەولێر و گفتوگۆ لەبارەی هاوئاهەنگی و هاوکاریی لەلایەن هەر کارەکتەرێکی عێراقییەوە، ئاماژەیەکی گرنگە بۆ سەنگی هەرێم و رۆڵی لە راگرتنی پایەکانی دەوڵەتی عێراقی و پڕۆسەی سیاسیدا. 

دووەم/ کۆڕبەندی دبلۆماسی ئەنتاڵیا

کۆڕبەندی دبلۆماسی ئەنتاڵیا بۆ چوارەمین جار لە شاری ئەنتاڵیای کۆماری تورکیا بەڕێوەچوو، کۆڕبەندەکە لە دوای هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە ساڵانە بە مەبەستی کۆکردنەوەی بڕیاربەدەست و داڕێژەرانی سیاسەت و سیاسەتوان و دروستکەرانی بڕیار لە زۆربەی وڵاتانی هەرێمی و ناوچەکە و جیهانیش، ڕێك دەخرێ بۆ گفتوگۆ لەبارەی ڕووداو و پرسە گەرمەکانی ناوچەکە. 
ئەمساڵ رووداوەکانی سوریا و ڕووخانی ئەسەد و هاتنی هێزێکی سیاسی ئیسلامی بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع، گەرمترین رووداوی ناوچەکەیە و دینامیکیەتی هێز و ناسنامەی هێزەکان و ململانێی هێزە هەرێمییەکانیشی دەستکاری کردووە. 

ئەمساڵ سەرۆکی زیاتر لە 50 وڵات و چەندان وەزیری دەرەوە و دبلۆماتكار بەشدارییان تێدا کرد و هەرێمی کوردستانیش ئەکتەرێکی ئامادە و بەشداریی کۆڕبەندەکە بوو، لە ڕێگەی سەرۆکی هەرێمەوە. دیارە ئەمجۆرە کۆڕبەندە گرنگی و مانای خۆی هەیە، بە تایبەت لەو قۆناغە و بۆ هەرێمێکی وەک کوردستان کە هێشتا بەشێکە لە عێراق و تورکیایش بە ئاسانی هێزێکی لەم شێوەیە بۆ کۆڕبەندێکی لەمشێوەیە داوەت ناکات، ئەگەر بە چاوێکی ستراتیجیی لێی نەڕوانێت و مامەڵەی لەگەڵدا نەکات. 

لەم قۆناغەدا هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ئەم جۆرە رووداوە دبلۆماسییانەوە، دەتوانێت باشتر پێناسەی پێگەی یاسایی و سیاسی خۆی بکات و ناسنامەی دبلۆماسی خۆی دابڕێژێتەوە، بە تایبەت لە رووداوە سیاسی و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە و ئەو قۆناغە تازەیەی سیاسەت و حکومڕانی و بڕیاردان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا. 

سێیەم/ دانوستانی ئەمەریکا و ئێران و کاریگەریی لەسەر عێراق 

دوای گوشارەکانی سەرۆك تڕەمپ بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران و ناچاركردنی بە دانوستان و گفتوگۆ، لەبارەی وەستاندنی پڕۆژە ئەتۆمییەکەیەوە، هەردوو لایەنی ئەمەریکی و ئێرانی لە مەسقەتی پایتەختی عومان کۆبوونەوە و بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ گفتوگۆیان کرد. 
پێشتر تڕەمپ دوو بژاردەی خستبووە بەردەم ئێران، یان کۆبوونەوە و گفتوگۆ یا جەنگ. دیارە هەردوو بژاردەکە کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی لەسەر عێراق و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی دەبێت، بە تایبەت ئێستە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا پڕۆژەیاسایەک ئامادەیە بۆ نینۆککردنی هەژموون و باڵادەستیی ئێران لە عێراق و کۆتاێنان بە رۆڵی گرووپە چەکدارەکانی سەربە ئێران، ئەوانەی لەلایەن ئەو وڵاتەوە پاڵپشتی دارایی و لۆجیستی دەکرێن و وەک بەربەست لە بەردەم هێزە ئەمەریکی و بیانییەکان بەکار دەهێنرێن. 

ئەمەریکا بەهەموو هێز و توانایەکییەوە هەوڵ دەدات ئێران وەک هێزێکی هەرێمی و خاوەن هەژموون و بڕیار و جیۆپۆلەتیك، کۆتایی پێ بێنێت و بچووکی بکاتەوە، بە دیاریکراویش لە دوای کەوتنی ئەسەد و لە دەستدانی سوریا و لبنان و غەزە، ئامانجی ئەمەریکا ئەوەیە ئێران لە عێراق و یەمەنیش بێ جووڵە و سنوردار و بێ بایەخ بکات. 

لە قۆڵی یەمەنەوە، ئەمەریکا هێزی رەقی بەکارهێناوە و لە ڕێگەی هێرشە مووشەکییەکانییەوە حوسی و بارەگاکانیان تۆپباران دەکات و رۆژانە بە ئامانجیان دەگرێت. لە بەری عێراقەوە هێشتا پەنای بۆ هێزی رەق نەبردووە و هێشتا لە چوارچێوەی گوشار و هێزی نەرم و چاوسوورکردنەوە و ئاگادارکردنەوەدایە، بەڵام رێککەوتن و دانوستان لەبارەی چەکی ئەتۆمی ئێران، بە ڕێژەیەکی زۆر کاریگەریی لەسەر عێراق و سیاسەت و حکومڕانی و رۆڵە کلاسیکییەکەی ئێران دەبێت، بە پێچەوانەیشەوە، لە ئەگەری رێکنەکەوتن، ئەمەریکا بەهێزی رەق و بژاردەی جەنگ دەتوانێت گرووپە چەکدارەکانی عێراق هاوشێوەی حوسی و یەمەن بپێكێت و رۆڵی ئێران کۆتایی پێ بێنێ یان سنورداری بکات.